شۆڕشی ژمارەکان،،، شۆڕشی زل کردنی مرۆڤە گچکەکان

Saturday, 25/05/2013, 12:00

1832 بینراوە








بەڕاستی کۆمەڵێ حەقیقەت لە دونیای ئێمەدا هەیە گەر مرۆڤ چاوی لێ لادات ئەوا لە دواڕۆژدا خودی ئەو حەقیقەتانە دەبنە وەرەمێک و هەردوو چاومان کوێر ئەکەن . ئێمە تاکە میلەتێکین کە بەو ڕێژە سەیر و سەمەرەیە درۆو بابەتی ناڕاست دەبێتە حەقیقەت لامان ، نەک هەر حەقیقەتێکی ئاسایش بەڵکە هێندە دەبێتە حەقیقەتێکی گەورە کە وادەکات بچێتە واخ و وێخمانەوە و لێمان نەیەتە دەرەوە . ئەو درۆ (بە هیوام وشەی درۆ وەک بابەتی وەربگیرێت نەک وەک ووشەیەکی بازاڕی) ئەو درۆیەی کە ئێستا خەریکە میلەتی کورد لە ڕووی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئەخلاقی ، وە لەهەمووشیان ترسناکتر هونەری تەفروتونا ئەکات ،، درۆی ژمارە گەورەکانە ،، ئێستا ژمارەکان بوونەتە ئامڕازێ بۆ پێگەیاندنی شۆڕشگێڕی خاڵی ، جا شۆڕشگێڕ لە هەر بوارێکدا بێ گرنگ نیە ، هەر لە سیاسەتەوە بگرە تا دەگاتە هونەر کە دوو دوونیای تەواو لەیەک جودان ، ئێستا ئێمە گەر بمانەوێ ئاستی هونەرمەندێ یان سیاسیەک یان ڕۆشنبیرێ یان لاینێکی سیاسی هەڵسەنگێنین ئەوا دەبێ تەماشای ژمارەکانی بکەین ، ئەوە ژمارەکانیانە کە دەریدەخات ئاستی ئەم مرۆڤانە لە بوارەکەی خۆیاندا چەندە . ژمارەی پارەکان ، ژمارەی ئەندامەکان . ژمارەی بینەرەکان ، ژمارەی کۆیلەکان ، ژمارەی کتێبەکان ...هتد .. ئەمە ئەو ژمارانەن کە ئاڵای شانازی هەندێ لەو کەسانەن کە خەریکە دوونیای ئێمە بەرەو دۆزەخێکی ئەبەدی ئەبەن ..
بەڵام ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە لەم بابەتەدا ژمارەی (لایکەکانە) !... لایکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان .. لایک و بینەری ڤیدۆ و وێنە و وتارەکان .. لایکی تەنانەت نوکتە و قسە بازاڕیەکان. لە هەمووشیان تازە و گەرم و گووڕتر دەرکەوتنی خانمێکی داهێنەر و بلیمەت و ڕێبەر و ڕێچکە شکێن و ئەندازیاری کوردە ، کە بە ژمارەی لایک و بینەرەکانی هەموو ئومەی عەرەبی کردۆتە کونەوەو هیچ کەسێ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نیشتیمانی شان بدات لە شانی!!.ئەویش ئەو بەڕێزەیە کە دەمەوێ لەم بابەتەدا قسەی لەسەر بکەم ، هەم وەک خۆی ، هەمیش وەک وێنایەک لەبۆ خاوەن ژمارەکانی تری دونیای ئێمە . (خاتو پەرواز حسێن) ئەو خانمەیە کە بە قودرەتی ئیلاهی ویستی دەنگی خۆی تاقی بکاتەوەو ئێستا بۆتە ڕەمزی نەتەوەی و کەس ناتوانێ لەسەری بدوێ! گەر لەسەریشی بدوێیت ئەڵێن (فڵتە فڵت ، تۆ چی لە هونەر ئەزانی؟!) دیارە ئەم دێڕە وەڵامی هەوادارەکانی ئەم خانمەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان...باشە کەواتە با من ئێستا بە بەڵگەوە بۆتان بسەلمێنم کە ئەم خانمەو هاوشێوەو هاوخەباتەکانی لەم هەرێمە ماڵوێرانەی ئێمەدا بە غەیری مرۆڤی بچکۆلە و خاڵی هیچی تر نین و ناشبن . هەموومان چاک دەزانین ئەم خانمە بەڕێزە لەڕووی دەنگ و ڕەوان بێژیەوە هەر لەسەرەتاوە بەهەڵەو هەنگەشەلە هاتوە .. ئەوەشی وای کردوە کە بمێنێتەوە تا ئەم ئاستە ژمارەی نامەو ئێسەمێسی میلەتە حەماسی و هەڵچوەکەی ئێمەیە .. ئێمە تا ئێستا فێری ئەوە نەبوین کە هونەر وەک کایەیەکی هونەری تەماشابکەین نەک وەک گەمەیەکی سیاسی ، لێ بەداخەوە ئەویش بوو بە سیاسی بگرە قەومیش! . با ئێستا بزانین دەنگ و سەدای ئەم خانمە لە چ ئاستێکی هونەری کوردیدا خۆی دەبینێتەوەو ، ئایا بەڕاستی وایە کە ئەم بەڕێزە خۆشترین دەنگی بەرنامەکە و شانۆی هونەری کوردیە؟ ئایا بەڕاستی ئەم خانمە بۆتە وێنەیەکی ڕێک و پێکی هونەری کوردی بۆ دونیای دەرەوە؟ ئایا ئەم خانمەی کە ئێستا هەر لایەنێکی سیاسی لەلایەن خۆیەوە ماستاو و مامە حەمەی بۆ دەکەن ، ئایە بەڕاست ئەم (سەرکەوتن) و ئەم هەموو لایک و بینەرە زۆرە بەهۆی تواناو لێهاتویی خۆیەوەیەتی؟.
وەڵام/ بێگومان نەخێر بەهەموو جۆرێک نەخێر .. ژمارەی ئەم هەموو بینەر و لایک و گەورەکردنە .. بە دەرەجەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ خودی کەناڵی م ب س وە دوای ئەوەش خودی بەرنامەکە کە بەرنامەیەکی بەنێوبانگە و هەموو بەشداربوویەک لە لایەن چەندین ملیۆن کەسەوە ئەبینرێت ، ئێستا لەوانەیە بپرسن مادام وایە کەواتە ئەم هەموو بینەرە لەچاو ئەوانیتردا لە خۆڕا ئەم کچەیان لایک نەکردوە و لە خۆڕاش ئەمنە خەڵک تەماشای بەرهەمەکانی نەکردوە.؟؟!..منیش دەڵێم گەر عەرەبیش وەک کورد لەم هەموو هەڵە زمانەوانی و لەم هەموو هەڵە و نەشازەنە تێبگەشتایە (بێگومان بە پێوەری دەنگبێژی گۆرانی کوردی) ئەوا ئێستا نەک هەر ئەمنە لایک و بینەری نەبوو بەڵکە لەدەرەوەی گەمەکەش بوو. خاڵی دوەم کە حەزدەکەم بە بێ پەردە لەسەری بدوێم ئەوەیە بە داخەوە ئێستا لە دونیای ئێمەدا ڕووکەش و جوانی یەکێکە لەو تەمانەی کە شتی خراپ و ناوەڕۆکی پووچی داپۆشیوە ، ئەم خانمەش بۆ میلەتانی عەرەب و کورد و فارس و میلەتانی شەرق جوانە لەڕووی ڕوخسارەوە (چاوی گەورە ، دەموو چاوی پان ، لێوی سوور و لەم بابەت و تایبەت مەندیانە) ، بۆیەش ئەمەش بۆتە پاڵپشتێکی تر بۆ بینەری ئێجگار زۆر و ڕێژەی بێشوماری (لایک) . هۆکارێکیتری ئەم زۆرو بۆریەی لایک و بینەرەکانی ئەم بەڕێزە دەگەڕێتەوە بۆ بینەری کورد ، وەک ئەوەی بە درێژایی تەمەنمان موعجیزەی وەها ڕوینەدابێ ، هەموومان حەماس ئەمانگرێ بەدیار گۆرانیەکانیەوە و ڕۆژانە سەدان جار کلیک لە گۆرانیەکانی دەکەینەوە ئەمەش وادەکات کە ڕێژەی بینەرەکانی ئا بەو چەشنە زیاد بکات.
لێرەدا ئەمەوێ سەرنجی بینەر ڕابکێشم بەلای هەنێ بەڵگەی ڤیدۆیدا کە دەریدەخات بەڕاستی ئێمە خاوەنی دەنگی ڕاستەقینە و بێ وێنەین بەڵام داخەکەم (لایکەکانیان ، بینەرەکانیان) کەمنوو لەبەر ئەوەش لەبیر کراو و پشتگووێ خراون ، لە بەرامبەر ئەو دەنگە جوانانەشدا کۆمەڵێ دەنگ قوت بونەتەوە کە بەهۆی ژمارەی (لایک و بینەرەکانەوە) وا خەریکە دەبنە باڵوێز و پەیامبەر و شاژنی هونەری کوردی و ئەبێ بە زۆریش بێ بیانکەینە ڕەمزی نەتەوەی و کە ئەوان گۆرانیان ووت ئێمەش لەخۆشیاندا وەک گەمژەیەک فرمێسکیان بۆ بڕێژین ، لەبەر چیش؟؟ لەبەر ئەوەی هونەری کوردیان بە دوونیا ناساندووە؟؟؟!!.
دیارە من بۆیە هەر لەسەرەتاوە ڕەخنەم نەگرت ، چونکە چاوەڕێ بووم ووتم لەوانەیە سەرەتابێت و قەلەق و شڵەژاو بێت لەبەر ئەوە هەڵە دەکات ، بەڵام بە پێچەوانەوە تا دێت هەڵەکانی زیاتر دەبێت بەرنامە بە بەرنامە خراپتر دەبێ.. هەربۆیەش قسە لەسەر کارەکانی ئاخیری دەکەم کە دەبوو باشتربێ بەڵام بەداخەوە بەرەو خراپچوون هەڵەی گەورەتر چوە.
بەڵگەی یەکەم و دووەم دەنگی خاتوو پەروازە ، کە ئێستا بە سێ پەیجی گەورەی فەیسبووک خاوەنی زیاد لە نیو ملیۆن لایکە و ژمارەی بینەرەکانی لە سایتی یوتیب بۆ شەش ملیۆن ئەڕوات ،،، تەماشای ئەو تێکشکانە گەورانە بکەن کە لە هۆنراوە و دەنگ بێژیدا بەسەر هونەری گۆرانی کوردیدا دەیهێنێت .
یەکەم بەڵگە گۆرانی فاتیمە دوو چاوی مەستت... هۆنراوەی ئەحمەد هەردی .. ووتن و ئاواز هونەرمەندی نەمر مەردان / فەرموون

http://www.youtube.com/watch?v=qI3IXU1Rq28

بەڵگەی دووەم کۆتا گۆرانیەتی کە هینی هونەرمەنی کۆچکردووی شاری هەولێرە مشکۆ ،، لێرەشدا هەتا بڵێی دەنگێی سادە و ساکار ، نە سحر نە ئەفسوون هیچ شتێکی تێدا بەدیناکرێ .
http://www.youtube.com/watch?v=0a60EfD5Kgo

ئەوە ئەو دوو ئەدایەمان بینی دەبا چەند گۆرانیەک بە دەنگی چەند خاتوونێکی تری کورد ببیستین کە بە بێ پرۆڤە و بەبێ خۆ ئامادەکردن هەر خۆ بەخۆ لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا ئەوترێت ، بەڵام ساڵانێکە داندراوە و لێ تا ئێستا نەیانتوانیوە لە سەدا دەی لایک و کۆمێنتەکانی دەشنێ موراد و پەرواز حوسێن بۆ خۆیان بۆ دەنگیان بەدەست بخەن ،، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخاتەوە جارێکی تر کە بەڵێ ئەوە بەرنامەکە و تەلەڤزیۆنی م ب س ، وە ڕیکلامەکانە کە ئەم هەموو لایک و بینەرەی لەم خاتوونە و هاوشێوەکانی کۆکردۆتەوە نەک دەنگ و هونەرەکەی خۆی .
ڤیدیۆی یەکەم خاتونێکی نەناسراو چەند گۆرانیەکی دیاری کوردی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەڵێتەوە. گوێ بۆ زاڵبوونی قوڕگ و هەست و نەستی بگرن لە کاتی بەرزکردنەوەی تەبەقەکانی دەنگیدا ، لە کاتێکدا پەرواز و هاوشێوەکانی نەک هەر ناگەنە ئەو ئاستە لە دەنگ هەڵبڕین ، بەڵکە لە نیوەی ئەوەشدا تووشی زیکە و مەلەلی کوشندە دەبن ، کە لای هەنێ لە گوێگر و بینەری ئێمە بۆتە ئەوەی کە دەڵێن (بابە مەلەلی چی؟؟ ئەوە یاری بە دەنگی دەکات تۆ نایزانی!!؟؟).. فەرموون
http://www.youtube.com/watch?v=Nd8iuwgn87A

ڤیدیۆی دووهەمیش بە ڕێکەوت لە هەمان بەرنامەدا و لە ئەڵقەیەکی تریدا کچێکی تر میوانە کە لە یەکێ لە گۆرانیەکانیدا هەمان گۆرانی مامۆستا عەلی مەردان دەڵێ کە پەرواز دەیڵێتەوە ، ئەویش گۆرانی فاتیمەیە ..
http://www.youtube.com/watch?v=UVhpI1Vp0K8

ئەشێ ئێستا خوێنەر بڵێ ئاخر خۆی ئەم بەرنامەیە گرنگە و لەم بەرنامەیەدا کەس لە خاتوو پەرواز دەنگ و سەدای خۆشتر نیە و کەس وەک ئەو زاڵ نیە ، ئیتر پێویست ناکا ئەم نمونانەت هێناوەتەوە ئەمانە لە کات و سەردەمی جیاوازدان .. ئەگەر وابێ ئەوا زۆر هەڵە دەکەین گەر پرسیاری لەو چەشنە بکەین ، چونکە هەر لە پرۆگرامەکەدا کەسانی دەنگ خۆشتر و شایستە تری تێدایە(دوور لە هەر ڕەگەز پەرستیەک) کە شایەنی ئەوەن لایک و بینەریان لە پەرواز زیاتر بێت بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسم کرد ئەوان لە پلەکانی دواوەدان و چاوەڕێی کردنە دەرەوەی خۆیان دەکەن.. جارێکیتریش ئەیڵێمەوە مەبەستی سەرەکی من ئەوەیە کە هەرکەسێ ژمارەی زۆربوو مەرج نیە ئیتر بکرێتە مەعبەدێک و هەتا مردن ئیتر نوێژی بۆ بکەین ،، ژمارەکان لەم سەردەمەدا تەنها درۆیەکن و هیچی تر ، درۆیەک بۆ دەوڵەمەند بوون ، درۆیەک بۆ بەنێوبانگ بوون ، درۆیەک بۆ سوڵتە و دەسەڵات ، درۆیەک بۆ لەنێوبردنی هەموو حەقیقەت و جوانیەکان .
ئەو سکەیەی کە دونیای هونەری ئێمەی لەسەر دەڕوات هەمان ئەو سکەیەیە کە بوارەکانی تری پێدا دەڕوات ، ڕٶژ بە ڕۆژ شۆڕشی ژمارەکان حەقیقەتەکان لەنێو ئەبەن ژمارەکان بونەتە هۆکارێ بۆ ئەوەی مەجالێ نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری و دەستگیرۆی گەنجە بەهرەمەند و بەتواناکانمان بکرێت و بهێنرێنە ئەو کایەیەی کە تێیدا سەرکەوتون ، مرۆڤە سەرکەوتوەکان بوونەتە پاشکۆی کۆمەڵێ مرۆڤی بە ژمارە هەڵئاوسا و . ئەمە بۆ سیاساتیش ڕاستە سەرۆک و کوڕانی سەرۆک و کوڕانی کوڕانی کوڕانی سەرۆکیش بە هەر ڕێگەیەک بێ بوونەتە خاوەنی ژمارەی گەورەو قەبە و خۆیانی پێوە بادەدەن .
بمانەوێو نەمانەوێ ئێستا ژمارەکان بوونەتە حەقیقەتێک کە هەموو جوومگەکانی ژیانی ئێمەی داگیر کردوە ، بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە ، ژمارەکان لە ئێستادا تەنها حەقیقەتێکن کە درۆ بن! تەنها درۆیەکیشن کە کار بۆ لەنێوبردنی حەقیقەتی حەقیقی دەکەن! .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە