یەكگرتو نازانن پارتى مەنجەنیقی بۆ داخستوون

Tuesday, 06/12/2011, 12:00

1804 بینراوە







ناوچەى بادینان،بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان(پارتى) ناوچەیەكى ستراتیجیە،لە رابوردودا چەندان جار پارتى دوچارى شكست هاتوە،بەڵام لەبەر ئەوەى بادینانى بەدەستەوە بوە،توانیویەتى خۆى بگرێتەوە و هەستێتەوە.پاش شكستى شۆرشى ئەیلول،یەكێتى نیشتمانى كوردستان(یەكێتى) شۆرشى نوێى هەڵگیرساندەوە،ستراتیجى شۆرشى نوێ ئەوەبو كە ناوچەى بادینان بكاتە بنكەى سەرەكى شۆرش،لەبەر ئەوەى ناوچەیەكى ستراتیجیە و ئەو ناوچەیە بە دەستى هەر لایەنێكەوە بێت،حوكمى كوردستان دەكەوێتە دەستى،بۆیە یەكەم مەفرەزەى پێشمەرگەى یەكێتى بە فەرماندەیى ئیبراهیم عەزۆ،لە سنورى زاخۆ پێكهات و دەستى بە خەبات كرد ،پارتیەكان كە بەمەیان زانى، شەقێكیان لەو رێكەوتنە هەڵدا كە لە نێوان مەسعود و جەلالدا لە سوریا بریاریان لەسەردابو،بە فێل مەفرەزەكەى ئیبراهیم عەزۆیان دەعوەت كرد بۆ ئەشكەوتى (پاڤێ)،لە ئەشكەوتەكەدا هەر هەمو پێشمەرگەكانیان شەهید كرد،بە موعجزە یان بە بەرنامەى پارتى، یەك لە پێشمەرگەكان لە مەرگ رزگارى بوبو،ئەو پێشمەرگەیە ناوى (سولاقە) بو، كارەساتى ئەشكەوتى باڤێى بۆ پێشمەرگەكانى یەكێتى گێرایەوە،یەكێتى هەر ئەوەندەى لە دەست هات ناوى مناڵى هەندێك لە بەرپرسەكانى بنێت پاڤێ ئۆ ئەوەى ئەو كارەساتەیان لە بیرنەچێتەوە.
لە حوزەیرانى ساڵى 1978دا جارێكى تر یەكێتى بەختى خۆى تاقیكردەوە،زۆربەى هێزەكانى بە سەرۆكایەتى عەلى عەسكەرى بردە ناوچەى هەكارى بۆ ئەوەى لە سنورى بادینان بنكە و بارەگا دابنێن و لەو ناوچە ستراتیجیەوە پێوەندى خۆیان لەگەڵ كوردەكانى عراق و سوریاو ئێران و توركیا گەشەپێبدەن و پێگەى دوژمنە ستراتیجیەكەیان (پارتى) لاواز بكەن،بەڵام سەركردایەتى پارتى باش ئاگاى لە پلانەكەى یەكێتى بو،خۆى بۆ ئامادەكردو كارەساتى هەكارى بەسەر هێزەكانى یەكێتیدا هێنا،عەلى عەسكەرى و حسەین بابا شێخ و دكتور خالیدى بە دیلى كوشت و هێزەكەى یەكێتى هەڵوەشاندەوە،كارەساتى هەكارى لە مێژوى یەكێتیدا بە ناوبانگە.
ساڵى 1996 جارێكى تر یەكێتى نیشتمانى، بە هاوكارى سوپاى پاسدارانى ئێران و عەشیرەتى هەركى و عەشیرەتى برادۆستى و دۆستەكانى تری، بەختى خۆى تاقیكردەوە،هەڵمەتى دەستبەسەراگرتنى ناوچەیاى بادینانی دەستپێكرد،بەڵام ئەم جارەشیان نەك هەر لە شەرگەكەدا یەكێتى شسكستى هێنا،پارتى پەناى بۆ حكومەتى عراق و سوپاى توركیا برد،31 ئابى 1996 هات بەسەرداو یەكێتى هەولێر ودێگەڵە و هیران و رەواندز و شوێنى ترى لە كیس چو، سەدان پێشمەرگە و كادر و بەرپرسى سیاسى و سەربازى شەهید بون و دەیانیشیان تا ئێستە بێ سەروشوێنن.
بەو شێوەیە بینیمان لە رابوردودا (ى ن ك) سێ جار هەوڵى داوە ناوچەى بادینان كۆنترۆڵ بكات،هەر سێ جار شكستى هێناوە،لە ساڵى 1998 بە دواوە پارتى گەیشتونەتە ئەو بروایە كە یەكێتى وازى لە جێگیركردنى هەژمون و دەسەڵاتى خۆى لە ناوچەى بادیناندا هێناوە.بەڵام پارتى لەو كاتەوە لە دو هێزى سیاسى ترى كوردى ترساوە كە لە ناوچەى بادیناندا جێ پێى پارتى لێژ بكەن،یەك لەو هێزانە پارتى كرێكارانى كوردستان(پ ك ك) بوە،ئەویتریان یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان بوە.
ستراتیجى نەتەوەیى پ ك ك كاریگەرى لە سەر هەمو پارچەكانى كوردستان كردوە،لە باشورى كوردستاندا ئەو كاریگەریە لە ناوچەى بادینان زۆرتر بوە تا ناوچەكانى تر،نزیكى هێزى گەریلاى پ ك ك لە ناوچەى بادینانوە،تێكەڵى عەشیرەتى كوردەكانى باكور و كوردەكانى ناوچەى بادینان، كاریگەرى كوڵتورى باكورى كوردستان لە سەر ناوچەى بادینانى باشورى كوردستان،وایكردوە كە جەماوەرى ناوچەى بادینان زوو باوەش بۆ (پ ك ك) بكاتەوە و مەترسى بۆ سەر پێگەى پارتى دروستبكات،ئەمە وایكرد (پ ك ك)و رێكخراوەكانى باشورى كوردستانى سەر بە (پ ك ك) لە بادینان گەشە بكەن و لەو ناوچەیدا تا رادەیەك پارتى لاواز بكەن،بۆیە لە سەرەتادا یەك لە سیاسەتە زاڵ و نەگۆرەكانى پارتى شەرى بەردەوام و توندو تیژ بوە دژى پ ك ك، بۆ ئەنجامدانى ئەو شەرە، هەرگیز پارتى سڵى لەوە نەكردۆتەوە شانبەشانى سوپاى توركیا دژى گەریلاكانى پ ك ك شەر بكات، لە ئاستى ناوخۆى كۆمەڵگاى كوردستانیشدا، گرتن و كوشتن و لە ناوبردنى بە كۆمەڵى كاد و لایەنگرانى پ ك ك یەك لە سیاسەتە نەگۆڕەكانى پارتى بوە،روداوەكەى 16-5-1997 شارى هەولێر كە تیایدا هێزى سەربازى پارتى 67 كادێرى (پ ك ك)ى دەستگیركرد و تا ئێستەش كەس نازانێت گۆڕەكەیان لە كوێیە،نیشانى دەدات كە پارتى چەند بە هەستیاریەوە لەگەڵ (پ ك ك) هەڵستوكەتی كردوە.پاش دامەزراندنى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان(پ چ د ك) لە ساڵى 2002دا كە نوێترین باڵى (پ ك ك)یە لە باشور،پارتى بۆیدەركەوت پ ك ك واز لە باشور نایەنێت،وە لە هەمان كاتدا یەكگرتوى ئیسلامى لە ناوچەى بادینان گەشە دەكات،پارتى بۆیدەركەوت ناتوانێت لە یەك كاتدا روبەروى ئەم دو هێزى سیاسیە ئایدۆلۆژیە ببێتەوە،بۆیە ناچار بو سیاسەتى خۆى بەرامبەر (پ ك ك) و باڵەكانى باشورى ئەو جوڵانەوەیەبگۆرى،هەمو پێدراوەكان نیشانى دەدەن كە رێكەوتنێكى نهێنى لە نێوان (پ ك ك) و پارتیدا هەبێت بۆ ئەوەى (پ ك ك) وەك جاران دەست نەخاتە ناو كاروبارى باشورى كوردستان وپشتیوانى (پ چ د ك) نەكات هێند هاوكارى (پ چ د ك) نەكات تا ببێتە هێزێكى سیاسى و لە ناوچەى بادیناندا ململانێى پارتى بكات،ئەگەر وا نەبێت بۆچى لە پارچەكانى ترى كوردستاندا رێكخراوەكانى سەر بە (پ ك ك) وا گەشیان كردوە و بونەتە هێزێكى سیاسى،لە رۆژهەڵاتى كوردستان پەژاك،لە رۆژئاواى كوردستان پەیەدە،لە باكورى كوردستان بەدەپە،بەڵام (پ چ د ك)لە باشورى كوردستاندا نەك هەر لە شوێنى خۆیدا ماوەتەوە وگەشەى نەكردوە،لە زۆر روداوى سیاسى باشورى كوردستادا (پ چ د ك) بوەتە هێزێكى سپێرى دەسەلاتى پارتى و یەكێتى.بەو شێوەیە ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بێت (پارتى توانیویەتى لە رێگەى رێكەوتنى سیاسیەوە مەترسى بەهێزبونى (پ ك ك) لە ناوچەى بادینان كەمبكاتەوە و هەمو تواناى خۆى بۆ دژایەتى كردنى یەكگرتو بخاتە كار.
بە بۆچونى هەندێك چاودێرى سیاسى،یەك لە لایەنە سیاسیەكانى ترى باشورى كوردستان كە ئەگەر هەیە لە ناوچەى بادیناندا ببێتە هێز و پێگەى پارتى لاواز بكات،بزوتنەوەى گۆرانە،بەڵام پارتى هەرگیز لە هەژمونى گۆران بۆ سەر ناوچەى بادینان نەترساوە،لەبەر ئەوەى باش دەزانێت پرۆژەكانى یەكێتى بۆ دەست بەسەراگرتنى ناوچەى بادینان هەموى لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە دارێژراوە و ئەنجامى نەبوە،وە نەوشیروان تازە لە یەكێتى جیابۆتەوە و لە یەك كاتدا تواناى شەرى یەكێتى و پارتى نیە،وە ئەگەر مرۆڤ بە وردى چاودێرى سیاسەتەكانى بزوتنەوەى گۆران بكات دەبینێ گۆران لە ژێر دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانى فیدراڵى پارتیدا، بە حوكمى زاتى سلێمانى رازیە.یەك لە سیاسەتە نەگۆرەكانى بزوتنەوەى گۆران لە دروستبونیەوە تا ئەمرۆ، هەوڵدانە بۆ ئەوەى خۆى لە شەرى پارتى بپارێزێت،نەوشیروانیش باش دەزانێت گەوەرتین گەرەنتى بۆ ئەو خۆپاراستنە باسنەكردنى دەسەڵاتى گۆرانە لە بادینان،وە ئەگەر بكرێت لە رێگەى پێوەندى دۆستانەى لەگەڵ پاریتدا بزوتنەوەى گۆران خۆى لە شەرى یەكێـتیش بپارێزێت.دیارە تا رادەیەك گۆران ئەم ئامانجانەى بە دەستهێناوە،بەڵام بەرامبەر بە چى؟،روداوەكان سەلماندیان كە نزیكبونەوەى پارتى و گۆرانیش لەسەر حسابى لاوازكردنى بەرەى ئۆپۆزسیۆنە،وە بە تایبەتى لە سەر حسابى یەكگرتوى ئیسلامیە،دواى روداوەكەى 2-12-2011 زاخۆ و سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان لە ناوچەى بادینان، عەلى باپیرى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى شانبەشانى سەڵاحەدین بەهادینى ئەمیندارى گشتى یەكگرتو لە تەلەفزیۆن دەركەوتن و هاوهەڵوێست بون،بەڵام نەك هەر نەوشیروان مستەفا و كەسانى ترى دەسترۆشتوى بزوتنەوەى گۆران لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین نەهاتنە سەر خەت تا داكۆكى لە یەكگرتوى ئیسلامى بكەن،كەناڵى تەلەفزیۆنى k n n هێندە گرنگى بە روداوەكە نەدا و ئەو لێدوانانەش كە بە ناوى بزوتنەوەى گۆرانەوە بڵاوكراونەتەوە لە سەر روداوەكە،لە رێگەى گەنجەكانى ناو بزوتنەوەى گۆرانەوە بوە،كە پارتى عادز ناكات،شاهۆ سەعید،رێبین هەردى و نەبەز گۆران و بابەكر پشدەرى، هێندە وەك كەسانى رۆشنبیر و هەڵسوراى كۆمەڵگاى مەدەنى ناسراون،وەك خەڵكى سیاسى و بریاربەدەستى بزوتنەوەوى گۆران نەناسراون،نەوشیروان مستەفا و حەمە توفیق رەحیم و قادرى حاجى عەلى عومەرى سەید عەلى بە سیاسەتمەدار و بریار بەدەستى بزوتنەوەكە ناسراون،كە تا ئێستەش دژى پارتى هەڵوێستیان نیشان نەداوە،بۆیە ئەگەرى راست ئەوەیە كە لە كۆبونەوە یەك سەعاتیە نیهَنیەكەى هاوینى ئەمساڵى سلێمانیدا كە لە نێوان نەوشیروان و مەسعود بەرزانیدا بەسترا،لەسەر چەندین بابەت رێككەوتبن،یەك لەو رێككەوتنانە دژایەتیكردنى یەكگرتوى ئیسلامى بێت و ئەو هەڵوێستەى ئێستەى گۆران بێت بەرامبەر بەو دژایەتیە.
یەكرگتوى ئیسلامى كوردستان وەك رێكخراوێكى سیاسى میانرەوى ئیسلامى،لە رێگەى پشتبەستنەوە بە بنەما سیاسیەكانى ئاینى ئیسلام،لە ماوەى 10-15 ساڵى رابوردودا لە ناوچەكانى باشورى كوردستان،بە ناوچەى بادینانیشەوەهاتۆتە مەیدانى خەباتى سیاسى،لەبەر پاشەكشەى ئایدۆلۆژى چەپ و پاشكشەى ئایدۆلۆژیاى نەتەوەیى لە سایەى حوكمرانى پارتى و یەكێتى لە هەرێمى كوردستاندا،لەبەر داتەپینى بەها و پێوەرە ئەخلقیەكان لە سایەى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیدالە كۆمەڵگاى سیاسى هەرێمى كوردستاندا،خەڵكى باشورى كوردستا بە گشتى و خەڵكى ناوچەى بادینان بە تایبەتى بۆ پركردنەوەى ئەو بۆشاییە ئایدۆلۆژى و ئەخلاقیە،لە دەورى یەكرگتو كۆبونەوە، ویستیان لە رێگەى یەكگرتوى ئسیلامى و ئاینى ئیسلامەوە بۆشاییەكان پربكەنەوە،وە لە بەر ئەوەى لە ساڵانى گرانی و شەرى براكوژیدا رێكخراوە خێرخواكانى سەر بە یەكگرتوى ئیسلامى هاوكارى مادى خەڵكى هەژار و لێقەوماو ى كوردستانیان كرد،جارێكى تر خەڵكى كوردستان باوەشى بۆ یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان كردەوە،ناوچەى بادینان یەك لەو ناوچانەى هەرێمى كوردستانە كە یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان باش تیایدا گەشەى كردوە،ئەم گەشەكردنەى یەكگرتو لە بادینانـ ترسێكى گەورەى لە دڵى پارتیدا دروستكردوە، كاتێكیش بەهارى عەرەبى لە سەروى ئەفریقا دەستیپێكرد و ئیسلامیەكانى وڵاتانى میسر و تونس لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بونە فەرمانرەوا، هێزى مەعنەوى یەكگرتو هێندەى تر زیادى كرد و هێزى مەعنەوى پارتى هێندەى تر بەرەو لاوازى رۆیشت،لێدوانەكانى رۆژانى رابوردوى مەسعود بەرزانى كە دەڵێت پیلانێكى گەورە دژى پارتى و كورد بە رێوەیە،لێرەوە سەرچاوە دەگرێت،سەرانى پارتى واى بۆدەچن ئەگەر یەكگرتو لە هەڵبژاردنى پارێزگاكانى دهۆكدا بیباتەوە،ئەو كاتە پارتى ناوچە ستراتیجیەكەى لە كیس دەدات و لە حزبى پلەیەكى فەرمانرەواى هەرێمى كوردستانەوە بۆ حزبى پلە دو سێ پاشەكشە دەكات.
ساڵى 2005 پێش هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عراق،پارتى پەلامارى بارەگاكانى ناوچەى بادینانى یەكگرتوى دا،ئەم پەلامار و كوشتن و بارەگا سوتاندنە بۆ ئەوەبو لایەنگرانى یەكگرتو و خەڵكى دەڤەرى بادینان بترسن و دەنگ بە پاڵێوراوانى یەكگرتو نەدەن.دیارە پارتى بە باشى چاودێرى كار و چالاكى یەكگرتوى ئیسلامى كردوە،واى بۆدەچێت ئەگەر لێبگەرێت یەكگرتو بەو شێوەیە كار بكات،لە هەڵبژاردنەكانى ئایندەدا مەترسى بۆ سەر پێگەى پارتى دروستدەكات،بۆیە بەرنامەیەكى درێژخایەنى لە دژى یەكگرتوى ئیسلامى دارشتوە و لە ماوەى رابوردودا دەستى بە جێبەجێكردنى كردوە،تا شكستێكى گەروە بەسەر یەكگرتوى ئیسلامیدا بهێنێت و ناوچەى بادینان لە ئەگەرى دەستبەسەراگرتنى یەكگرتو بپارێزێت.
رێكەوتنى ستراتیجى نێوان پارتى و یەكیتى كە لە ساڵى 2007 مۆركراوە و تا ئێستە بەندەكانى ئاشكرا نەكراوە،بە دلنیاییەوە یەك لە خاڵەكانى دژایەتیكردنى ئەو دو هێزەیە بەرامبەر بە هێزە ئیسلامیەكانى هەرێمى كوردستان،نزیكبونەوەى پارتى و (پ ك ك) ،پارتى بزوتنەوەى گۆران لە یەكترى،وەك لە راگەیاندنەكانى ئەم رۆژانەدا دەركەوت،نزیكبونەوەیە لە سەربنەماى سنوردانان بۆ دەسترۆیشتویى حزبە ئیسلامیەكان وە بە تایبەتى بۆ یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان،رێكەوتنى پارتى لەگەڵ مانگى سورى ئیماراتى بۆ ئەوەى چیتر هاوكارى مانگى سورى ئیماراتى لە رێگەى رێكخراوەكانى سەر بە یەكگرتوى ئیسلامیەوە نەگاتە هەژارانى هەرێمى كوردستان و ئەو هاوكاریانە لە رێگەى دەزگاى خێرخوازى بەرزانیەوە بگاتە هەژارانى كوردستان،كە یەك لە هەواڵە گرنگەكانى میدیاى هەرێمى كوردستانبو لە كۆتایى مانگى نۆڤەمبەرى رابوردودا،نمونەى پلانى دبلۆماسى و رێكەوتنێكى نێودەوڵەتیە كە پارتى لە رێگەى دام و دەزگاكانى حكومەتى عراق و حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە دژى یەكگرتو ئەنجامى دەدات.
روداوەكانى رۆژانى 2،3،12-2011 زاخۆ و سمێڵ و دهۆك،كە تیایدا چەندان دوكانى مەیفرۆشى و سەنتەرى مەساج و هوتێل سوتێنران،ئنجا هێرشكرایە سەر بارەگاكانى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان و سوتێنران، وە روداوەكانى ئەمجارە خوێنى تیا نەرێژرا،نیشانى دەدات كە هێرشى ئەمجارەى سەر یەكگرتوى ئیسلامى رێكخراوترە و دەرفەت هەیە پارتى ئامانجى خۆى بپێكێت و لەسەریشى نەكەوێت.لە ئێستەدا لەوە زیاتر قسەكردن لە سەر دەرهاویشتەكانى روداوەكانى زاخۆ پەلەكردنە،بەڵام ئەوەى من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە سەركردایەتى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان لە ئاستى ئەو رێخكستە فراوانەى حزبەكەیاندا نین و لە ئاست ئەو پشتیوانیە جەماوەریەى خەڵكى كوردستاندا نین و هێشتا لە سیایەتى پارتى تێنەگەیشتون نازانن لە لایەن پارتیەوە چ مەنجەنیقێكیان بۆ داخراوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە