گفتوگۆیەكى كۆمیدى لەگەڵ سەرۆكى هەرێم

Friday, 03/07/2009, 12:00

1895 بینراوە


ئەمشەو بەر لەوەى كارەبا وەك پیشەى هەمیشەیى خۆى لە وادەى دیاریكراوى خۆى دوا بكەوێت، گەڕێكم بە نێو كەناڵە كوردییەكاندا كرد. لە سەر چاوپێكەوتنى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ مامۆستایاندا هەڵوەستەیەكم كرد و گوێم بۆ ڕادێرا. لە سەرەتادا سەرۆكى هەرێم رۆڵى مامۆستایانى بەرز نرخاند، چونكە لە بانگەشەى هەڵبژاردندا ئیشى پێیانە و دواتر هاتە سەر ناوەرۆكى مەبەستەكەیى و وەك چاوەڕوان دەكرا هاتە سەر باس و خواسى دەستور.
لە بەراییدا باسى ئەوەى كرد كە بۆ ێیاغەى دەستور چەندین خەبیر و كەسانى شارەزا لە ئەمریكا و كەنەدا و وڵاتانى دیكە هێنراون بۆ ئەوەى دەستورێك بۆ كوردستان ێیاغە بكەن!!! ێیاغە؟! بەڕاستى ئەم قسەیە زۆر نوكتە ئامێزە و بە بارتەقاى نوكتە ئامێزیەكەشى خستمیە پێكەنینێكى گریاناوى!! خەبیرى ئەمریكى و كەنەدى لە ئەوپەڕى دنیاوە دێن و دەستورێك بۆ كوردان ێیاغە دەكەن.
جەنابى سەرۆك ئەگەرچى ئەم قسەیە جێگەى گومانە، چونكە ناچێتە عەقڵى كەسەوە كە ئەم خەبیرانە هەستیان بە دەسەڵاتە بەرفراوانەكەى سەرۆكى هەرێم نەكردبێت و بەسەریاندا تێپەڕیبێت كە بەو مافانەى سەرۆكى هەرێم لە دەستوردا دیكتاتۆرێك لەم ناوچەیەدا بنیات دەنێن،لە برى ئەوەى ئەم دەستورە بكەنە ڕێگرێك بۆ نەهێشتنى دیكتاتۆریەت. بەڵام تۆ لەوە گەڕێ خۆ عەرەب دەمێكە گوتویەتى "خەڵكى مەكە شارەزاى دۆڵ و شیوەكانى مەكەن". جەنابى سەرۆك كە باس دێتە سەر مەسەلەى خەبات و كوردایەتى لەگەڵ هاوپەیمانەكانت بەشى كەس ناهێڵنەوە، كەچى بێ ئەوەى میلەت ئاگاى لێ بێت خەبیرى ئەولاولا دەستورى ئەو میلەتەتان بۆ چیاغە دەكەن كە جەنابتان خەباتتان لە پێناویدا كردووە؟؟!!
بەهەرحاڵ لەوە گەڕێ، دواتر باست لەوە كرد كە دەستور هەموو خەڵك بینیویەتى و هیچ بیانویەك نییە بۆ ئەو قسەیە، چونكە دوو ساڵ بەر لە ئێستا خراوەتە بەر دەستى خەڵك. بەر لە هەموو شتێك ئەوەى خراوەتە بەر دەستى خەڵك رەشنوسى دەستور بووە نەك ئەو دەستورەى كە خەبیرە ئەمریكى و كەنەدیەكان ێیاغەیان كردووە، دواتر دەستورەكە لە سایتى پەرلەماندا خرایە ڕوو كە زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمانیش تاكو ئیستا نازانن سپێڵى سایتەكە چۆنە، ئەوە چجاى میلەتێكى ستەمدیدە كە ڕێژەیەكى زۆرى نەخوێندەوارى تێدایە. جەنابى سەرۆك بۆ ئەوەى خەڵى هەموو بزانن دەستور چییە و شارەزا ببن، پێویستە سەدان و هەزاران كۆڕ و سیمینار و بەرنامەى تەلەفیزیۆنى و ۆركشۆپ لە شوێنە جیاوازەكانى كوردستاندا بۆ هەموو خەڵكى بكرێت. وێڕاى ئەوە پێویست بوو بەر لەوەى دەستور بخرێتە ریفراندۆمێكى گشتى، لە نێوەندى زانكۆكان و لە نێو رۆشنبیران و خوێندەواراندا بخرایەتە دەنگدانێكى رەخنەییەوە، چونكە بۆ ئەوەى دەستور بە باشى هەڵبسەنگێندرێت پێویستە بەر لە دەنگدانى گشتى بە فلتەرى خەڵكى خوێندەواردا تێبپەڕێت.
هیچ گومانم لەوەدا نییە كە هەر ئێستا لە نێو بازاڕەكانى كوردیستاندا لە 1000 كرێكار و 2000 جوتیار و 3000 پیرەمێرد پیرەژنى نەخوێندەوار و 10000 ژنە ئەنفالدیدە و سەدان هەزارى دیكەش بپرسیت ناتوانێ دووسێ بەند و مادەى دەستورت وەك خۆى پێ بڵێت و هیچیشیان لەوە ئاگادارنین كە دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم چییە و چەندەش كاریگەرى ترسناكى لە سەر ئاییندەى ئەم میلەتە هەیە، بەڵام لەو میلەتە بەستەزمانە گەڕێ سەرۆكى هەرێم ناهێڵێ مافیان بفەتێت! من گومانم لەوە هەیە كە جەنابى سەرۆكى هەرێم خودى خۆشت ئاگات لە وردودرشتى دەستورەكە هەبێ جگە لە دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم كە بە نسیبى خۆت دەبێ!! چونكە دەستورەكە خەبیرى ئەولاولا ێیاغەى كردووە، خوا فریامان كەوێ!! پێتان سەیر نەبێ كە ئەو گومانەم هەیە، چونكە چەند شەوێك پێشتر كاتێك جەنابى سەرۆك لەگەڵ رۆژنامەنوسان كۆبۆوە ئاگاى لە یاساى رۆژنامەگەرى كوردستان نەبوو و داواى كرد كە پێناسەیەكى كەسى رۆژنامەنوسى بۆ بكەن، لە كاتێكدا خۆى واژۆى یاساى رۆژنامەگەرى كوردستانى كردووە. دواى ئەوەى بە پێى یاساكە پێناسەى كەسى رۆژنامەنوسیان بۆ كرد بە گاڵتەوە فەرموى كەواتە هەموو كەسێك دەتوانێ عیادە دابنێت و بڵێ من دكتۆرم!! پێناسەكە زەردەى خستە سەر لێوى سەرۆك و قسەكەى سەرۆكیش قاقایەكى دوور و درێژى خستە سەر زارى من. جەنابى سەرۆك گەر وات دەزانى بۆ ئەو یاسایەت واژۆ دەكرد خۆ دەتتوانى و دەسەڵاتت هەبوو كە ئەو واژۆیە نەكەى.
با بێمەوە سەر باسەكەى خۆم كە دەستورە. سەرۆك لە درێژەى قسەكانیدا بە پێچەوانەى قسەى چەند شەوێك بەر لە ئێستا كە دەستورى كردە چقڵى چاوى دوژمنان، ئەمشەو گوتى دەستور شورەیەكى قایمە بە دەورى میلەتەكەماندا و لە مەترسى دەمانپارێزێ!!! بە راستى سەیرە من پێموابوو یەكخستنەوەى نێو ماڵى كورد و یەكخستنەوەى هەردوو ئیدارە و بەهێزكردنى ژێرخانى ئابوورى و دروستكردنى سوپایەكى یەكگرتوو و بەهێز بۆ حكومەت نەك حیزب و هەروەها نەهێشتنى گەندەڵى و فراوانكردنى مەوداكانى ئازادى و دیموكراسى لە مەترسى دەمانپارێزێ. باشبوو ئەوەشم زانى كە دەستور شورەیەكى پۆڵایینە و هێزێكى جادوییە بۆ نەهێشتنى مەترسى. بەگوێرەى ئەوەى سەرەوە بەریتانیا هەمیشە لەژێر مەترسیدا ناڵاندویەتى و گەلى بەریتانیاش هەرگیز متمانەیان بە ئاییندەى خۆیان نەبووە و نییە، چونكە تاكو ئیستا بەریتانیا دەستورى نوسراوى نییە. بۆ زانیارى زیاتر تاكو ئیستا هیچ هێزێكى بیانى نەیتوانیوە بەریتانیا بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە.
جەنابى سەرۆك زۆر درێژەى نادەمێ تەنیا ئەوەندە دەڵێم بەو قسانەى كە ماوەیەكە وەك بانگەشەى هەڵبژاردن لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاكاندا دەیكەى و لە تەلەفیزیۆنەكانیشدا بڵاو دەكرێتەوە ، هەست دەكەم خەریكە متمانە و كاریزمایى خۆت دەدۆڕێنى، بۆیە باشترە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكەت بە خەڵكانى خەبیر بسپێریت وەك چۆن ێیاغەى دەستوریشت بە خەبیرانى بیانى سپاردووە، چونكە گەر كارەكە ئاوا بڕوات و ئەو بایە لەو كونەوە بێت خەڵكى هەموو تێدەگەن كە تۆ لە هیچ شتێك شارەزانیت.
تەنها شتێكم ماوە بیڵێم، جەنابى سەرۆك من كە هاوڵاتییەكى ئاساییم و لە رانیە دادەنیشم و ئەم گفتگۆیە لەگەڵ بەڕێزت دەكەم، تەنها لەبەر بێزاریە و هیچى دیكە. بێ كارەبایى خەوى لێ زڕاندووم و مێشولەش ئەولاولام ماچ دەكەن. بەڕێزت و ئەو لیستەى كە بانگەشەى بۆ دەكەى تەنانەت ناتوانن سادەترین مافى ژیانكە كارەبایە لەم هاوینە گەرم و میشولاویەدا بۆ خەڵكى شارەكەمى دابین بكەن، ئەى بە چ روویەكەوە داواى ئەوەمان لێ دەكەن كە دەنگتان پێ بدەین، بۆ زانیاریت هەر ئێستا مێشولەیەكى دیكە لە بن گوێم ویزەى دێت و پێم دەڵێ دەنگ بدە بە لیستى كوردستانى بۆ ئەوەى منیش خۆراكى شەوم دەستكەوێت!!!
نامەوێ ئەوەندە لە بەر چاوم ناشیرن ببن، بۆیە ئەم چوار ساڵەى دادێ دەنگ بە لایەنێكى دیكە دەدەم، با بزانم گەر وەك ئێوە بوون دەڵێم "سەد رەحمەت لە كفن دزى پێشوو"، گەر خواكردى و هەڵبژاردنێكى دیكە كرا وەعد دەنگ بدەمەوە بە ئێوە، ئەگەر لە ئێوەش باشتر بوون نابێ گلەییم لێ بكەى بەخوا دەنگ نادەمەوە بە گەندەڵى و بێ كارەبایى....... هەتا خوا دەڵێ بەس ناحەزى. دڵنیاشم ئێستا خەڵكى ئەم شارە 90% وەك من خەوى زڕاوە دەبێ ئەوان چى بڵێن خوایە؟!!!!

رانیەى بێ كارەبا
1:42 دەقیقەى شەو
28/6/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە