بزووتنەوەی گۆڕانیش سنووری بۆ ئازادیی و رەخنەی گۆڕانخوازەکان دیاری کرد

Sunday, 11/12/2011, 12:00

1321 بینراوە





 بزووتنەوەی گۆڕان / ژووری رەوەندی کوردی لە دەرەوەی کوردستان، لە ٢١ خاڵی سەرنجڕاکێشدا رێنمایی ئەنجومەن و بازنەکانی خۆی دەکات، لە یەکێک لەو خاڵانەدا بە ئاشکرا دەڵێت، کە هەرچی رەخنە و سەرنج و قسەیەکیان هەیە، دەبێت بۆ سەرووی خۆیان بنێرن و نابێت بە ئاشکرا لە سایت و شوێنەکانی تر بڵاوی بکەنەوە، هەروەکو یەکێک لە گۆڕانخوازەکان بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە لە ناوەرۆکی ئەو رێنماییەدا هەڕەشەی مشتی ناوهەمانەکە لە گۆڕانخوازان دەکرێت.
کوردستانپۆست لەگەڵ چەند کەسێکدا قسەی لەسەر ناوەرۆکی ئەو نووسراوەیە کرد، زۆربەیان پێیان وایە ناوەرۆکی ئەو رێنماییە، هیچ جیاوازییەکی لەوانەی پارتیی و یەکێتیی نییە، ئەمە رێنمایی نییە، بەڵکو فەرمان و هەڕەشەی پێشوەختە، بە تایبەتیی کاتێک دەڵێت: نابێت  سایت و ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان بکەنە سەکۆی گلەیی و گازندە و ڕەخنەکان. یەکێک لە گۆرانخوازەکان، بە کوردستانپۆستی راگەیاند، ئەم رێنماییە، هەڕەشەکانی سەردەمی رژێمی بەعسمان وەبیرهێنێتەوە، کە هەناسەیان لێبڕیبووین، ئیستاش بە خوێندنەوەی ئەو خاڵانە هەست بە تەنگەنەفەسیی و نائومێدیی دەکرێت، کە بزووتنەوەیەک خۆی بە جەماوەری دەزانێت، کەچی نەک لە ژووری تاریکدا، بەڵکو بە رووناکی و لەو ئازادیی و دیموکراتییەی لە ئەوروپادا هەیە، ئەمان دێن بەو شێوەیە و بەو عەقلەوە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن.

ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو رێنماییەیە، کە دەست کوردستانپۆست کەوتووە:

***********************************************************



ڕێنمایی بۆ ئەنجومەن و بازنەکانی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە

١/ هەموو پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنجومەن و ئەنجومەنی بازنەکان و بزوتنەوەی گۆڕان، لە ڕێگای ژووری ڕەوەندی کوردییەوە دەبێت.

٢/ ئەو ئەنجومەن و بازنانەی تا ئێستا ئیمەیلی تایبەت بەخۆیان لە سەر دۆمێنی [email protected] نییە. پێویستە کۆبونەوەی گشتی ئەنجومەنەکەیان ئەنجام بدەن و ناو، ئیمەیل، ژمارەی تەلەفونی دەستەی نوێ بنێرن بۆ ژووری ڕەوەندی کوردی و بەفەرمی داوای ئیمەیل و پاسوۆردی تایبەت بەخۆیان بکەن.

٣/ لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان، پێویستە بەم شێوازە بێت کە لەم نامەیەدا بۆتان نێردراوە. ناوی بزوتنەوەی گۆڕان تەرجەمە ناکرێت، بە کوردی یان هەر زمانێکی دیکە. پێشناوی ((بزوتنەوە)) کە تەرجەمە دەکرێت وەک لە لۆگۆکەدا هاتووە. نابێت لەپاڵ لۆگۆکەدا هیچ هێمایەکی دیکە دابنرێت.

٤/ پاشکۆی دەستوری بزوتنەوەی گۆران وەکو بنەمای کارکردنی ئەنجومەنەکان بۆ خۆڕێکخستن سوودی لێوەردەگیرێت، بەتایبەتمەندی وڵاتانی جیاواز.

٥/ ئەنجومەنی گشتی وڵاتان ساڵانە کۆنفرانسی خۆیان دەبەستن و بەهەڵبژاردن دەستەی نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەنجومەنە تازەکە دەست بەکار دەبێت. هاوکار و هەماهەنگ دەبن لەگەڵ ژووری ڕەوەندی کوردیدا.

٦/ پەیامی لیستی ٥٧ لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٧/٣/٢٠١٠ وەکو دوو بابەتی سەرەکی پێویستە بکرێتە تەوەری گفتوگۆی نێو گۆڕانخوازان، بە ئامانجی تێگەیشتن و دروستکردنی دیالۆگی فراوان لە نیوان گۆڕانخوازاندا.

٧ / لە حاڵەتی گۆڕانکاری لە دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەندا، پێوستە ئەنجومەنی نوێ ناو، ژمارەی تەلەفون، ئیمەیل و ئەرکی هەریەک لەو گۆڕانخوازانە بۆ ژووری ڕەوەندی کوردی بنێرێت.

٨ / پێویستە ئەنجومەنەکان داتابەیسێک لە گۆڕانخوازانی سنوری ئەنجومەنەکەیان دروست بکەن و بینێرن بۆ ژووری ڕەوەندی کوردی. بۆ نمونە لەشارەکەدا چەند: ئەکادیمی، پسپۆر، زمانزان، تەکنیککار، سیاسی، پەرلەمانتار، چالاکوانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی... هتد هەیە.
بۆ ئەوەی ئێمە لە کوردستان بتوانیین لە ڕێگای کەناڵی knn و مێدیاکانی کۆمپانیای ووشەوە تواناو دید و سەرنجی ئەوان بگەیەنینە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەمەبەستی گۆڕانکاری و چاکسازی بنەڕەتی لە وڵاتەکەماندا.

٩ / هەر ئەنجومەنێک سەرنج و دیدو تێبینی و ڕەخنەی خۆی دەربارەی (پرۆژەی دەستوری بزوتنەوەی گۆران)هەیە دەتوانیت بینیرێت بۆ ژووری ڕەوەندی کوردی یان بۆ ئیمەیلی [email protected] .

١٠ / هەموو ئەنجومەن و ئەنجومەنی بازنە و گۆڕانخوازێک، دەتوانن بەڕێگای (تەلەفۆن، ئیمەیل، سەردان) ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە ژووری ڕەوەندی کوردییەوە، لە حاڵەتی کێشە و گرفتدا. ژووری ڕەوەندی کوردی دوور لە بیرۆکراسیەت و بەشوەیەکی موئەسەساتی هاوکاریان دەکات.

١١ / خۆڕێکخستن بەمانای لێکتێگەیشتن و کاردابەشکردن و ئامانجی دیار و ئاشکران و ڕوون. ئەنجومەنی شارەکان دەتوانن بزوتنەوەی گۆران پڕچەک بکەن بە زانیاری، پرۆژە، میتودی نوێ لە ڕێگای تەرجەمە و وۆرکشۆپ و گۆڕینەوەی تەجرەبەی وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو.

١٢ / ژووری ڕەوەندی کوردی ئامۆژگاری هەموو گۆڕانخوازان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپی و کیشوەرەکانی دیکەدا دەکات، کە ببنە ئەندام لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و ئاکادیمی و فەرهەنگییەکانی وڵاتانی نیشتەجێدا. بە مەبەستی دروستکردنی تۆڕی بەرفراوانی پەیوەندی سیاسی، فەرهەوگی، ئەکادیمی،بازرگانی لە هەموو ئاستێکدا کە خزمەت بە ڕەوشی گۆڕان و چاکسازی بنەڕەتی بکات لە کوردستاندا.

١٣ / هەموو زانیاری وڕێنمایی و نامەیەکی لە ژووری ڕەوەندی کوردییەوە ئاراستەی گۆرانخوازانی دەرەوە دەکرێت، پێوستە ئەنجومەنەکان (فۆروۆردی بکەن) بۆ ئیمەیل ئادرێسی گۆڕانخوازانی سنوری ئەنجومەنەکان. هەر کەس و گروپ و لایەنێک بێبەش بکرێت لەو زانیاریانە، پێوستە ئەنجومەنەکان لە هۆکاری پەراوێزخستنی ئەو لایەن و گروپ و کەسانە، ژووری ڕەوەندی کوردی ئاگادار بکەوەوە.

١٤ / هەموو گۆڕانخواز و ئەنجومەن و ئەنجومەنی شارەکان، هەر ڕەخنە و پێشنیار و سەرنج و دیدێکیان هەیە دەربارەی سیاسەت و نەهجی بزوتنەوەی گۆڕان، پێویستە لە رێگای ئیمەیلی ژووری ڕەوەندی کوردییەوە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی لی ئاگادار بکەنەوە. نەک سایت و ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان بکەنە سەکۆی گلەیی و گازندە و ڕەخنەکانیان.

١٥ / سایتی سبەی و تەلەڤیزیۆنی KNN دوو دەزگای مێدیایی کۆمپانیای ووشەن. کۆمپانیای ووشە پێش لیستی ٥٧ و بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە. ئەم کۆمپانیایە سەربەخۆیی خۆی هەیە و زۆربەی کادرەکانی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕانن. بزوتنەوەی گۆران نەخشەی سیاسەت و کاری میدیایی ئەوان داناڕێژێ. بزوتنەوەی گۆران کۆمەکی ئیکۆنۆمی کۆمپانیاکە دەکات بە مەبەستی دروستکردنی بنەماکانی ڕەخنەی عەقلانی و سیاسی و ئاگایی و هۆشیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. واتا چالاکی حیزبی و سیاسی ئەنجومەنەکان پێوستە لە پێشدا بنێردرێت بۆ ژوورەکە و لەڕێگای ژوورەکەوە ئاراستەی تیڤی و سیاتەکە دەکرێت ..... ئیدی بڵاودەکرێتەوە یان نا پەیوەندی بە ئەتمۆسفاری سیاسی و بابەتی نێردراوەوە هەیە نەک هیچ شتێکی دیکە...

١٦ / گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری سیاسی لە کوردستانی باشووردا، موڵکی هەموو هاوڵاتیەکی دڵسۆز و بەرپرسیار و بەئاگایە... ئێمە بە رۆگری ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت نیین..!! مێژووی ئێمە لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ وە دەستپێژەکات. بزوتنەوەی گۆڕان ئەو چەترەیە کە هەمومانی بە هەموو ڕەنگ و شێواز و سیاماکانەوە کۆکردۆتەوە و ئامانجمان گۆڕینی کۆمەڵگاکەمانە لە دۆخێکی چەقبەستوی گەندەڵییەوە بۆ دۆخێکی ئاواڵەی شەفاف و دیمۆکرات. بۆیە هەر کەس لایەن و دەستەیەک بەدوور لەو پرەنسیپانە هەڵسوکەوت بکات، جێگای بایەخ نییە...!

١٧ / هەموو چەند کوردێک لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا و کەنەداو ئوسترالیا لە ئەنجومەندا بن یان نەبن، دەتوانن گروپی پشتیوان دروست بکەن. گروپی پشتیوان بەپێی پرۆژەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێت. دید و سەرنج و نوێنەرایەتیان لە کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبونەوە گشتییەکانی بزوتنەوەی گۆراندا بەرجەستە دەکرێت.

١٨ / ئەرکی ئەنجومەنەکان دۆزینەوەی تاکی کارا و کارشناسی کوردستانییە لەوڵاتانی جۆراوجۆردا بۆ بزوتنەوەی گۆران.

١٩ / ئەنجومەنی شارەکان ئەنجومەنی گۆڕانخوازی شارەکەی خۆیانن. هیچ ئەنجومەنێک مافی ئەوەی نییە دەستوەرداتە کاروباری ئەنجومەنێکی ترەوە. ئەنجومەنی گشتی وڵاتان لە کۆی ئەنجومەنی شارو ئەنجومەنی بازنەی غارەکان پێک دێت. هەر کێشەیەکیش لەو بوارەدا دروست ببێت، دەبێت ژووری ڕەوەندی کوردی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
٢٠ / پەیوەندییە دبلۆماسییەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتی ژووری دیبلۆماسی بزوتنەوەی گۆرانە. ئەنجومەنەکان دەتوانن لەبەر ڕۆشنایی پرۆژەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕاندا مامەڵە لەتەک پەیوەندییە سیاسییەکانی دیکەدا بکەن و لەحاڵەتی ناڕۆشنیدا پەیوەندی بکەن بە ژووری ڕەوەندی کوردییەوە.

٢١ / پێویستە ئەنجومەنەکان خۆیان بپارێزن لە دەرکردنی بەیاننامە . بەیاننامە دەرکردن نەرێتێکی کۆنی حیزبە تەقلیدیەکانە. ژووری ڕۆژنامەوانی و وتەبیژی فەرمی بزوتنەوەکە لەکاتی تەنگەشە و دۆخەئاڵۆزەکاندا یان هەردۆخێکی نائاسایدا ، ڕونکردوەوە و لیدوانی فەرمی بە مێدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان دەدەن.

ریز و سڵاوی
ژووری ڕەوەنی کوردی / بزوتنەوەی گۆڕان




**********************************************************
بۆ خوێندنەوەی هەمان رێنمایی بە پی دی ئێف، کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە