گەمەشەترەنجیەكەی دەسەڵات تەواو بووە و ئێستا كاتی كش ماتە

Friday, 24/06/2011, 12:00

1366 بینراوە


ساڵانێكە كوردستانم لەنێو بارداشی دوو حیزبدا دەهاڕڕێت و بەرهەمەكەی بۆ خۆیانە و كەپەكەكەیشی بۆ میللەت.
ساڵانێكە یەكێتی وپارتی لەم هەرێمەدا خەریكی تەخشان و پەخشانی خاكی كوردستانن و بەچەشنی خانەكانی شەترەنج بەش بەشیان كردووە.
ئەوان بوون تۆوی دوبەرەكیان لەنێوماڵی كوردا چاند و سۆران و بادینانیان جیاكردەوە و ناوچەی سەوز و زەردیان نەخشاند.
لەم گۆڕەپانە شەترەنجیەی كوردستاندا شاجەلال و شامەسعود فەرمان ڕەوان و دەست و پێوەندەكەشیان بەوێنەی داشەكانی شەترەنج پلە پلە كردووە ،یەكێ بە پلەی وەزیر و یەكێ قەڵا و یەك فیل و ئەوی دیكە ئەسپ.
ئەوان خەڵكی كوردستان بەجوندی شەترەنج ئەزانن ولەپێناو سانا ترین حەزی خۆیاندا ئەیان كەنە قوربانی.
شەڕی ناوخۆ و براكوژی دوو نمونەی ئەو گەمە شەترەنجیە بوون كە شا جەلال و شامەسعود لە گۆڕپانی كوردستاندا ئەنجامیانداو بەهەزاران گەنجی دڵ پڕلەهیوایان جوانە مەرگ كرد و هەزاران دایكیان جەرگ سوتاندو سەدان ژنیان بێوەژن كرد و بەدەیان منداڵیان هەتیو كرد ، كاتێكیش كار هاتە سەركش مەلیك هەردولا گەمەكەیان وەستاند ووتیان ئەوەی ڕویدا تەنها شانۆگەریەك بووە و لەسەر شانۆی كوردستان نمایشمان كردووە .
خەڵكی كوردستان ، گەنجان ، هاوڕێیانی قەڵەم ،ئیدی بەسە ئەم گەمە شەترەنجیەی شاجەلال و شامەسعود ،با ئیتر جوندیەكان بەخواستی ئەوان هەنگاو بەرەو پێشەوە نەنێت ،با ئیتر ئەسپەكان لەبری بەرەو گۆڕەپانی جەنگ سمكۆڵان بكەن ئەبێت بەرەو دواوە جوتە لە لمۆزی شاكانیان بدەن ،با ئیتر فیلەكان لەهێلە خواروخێچەكانی ئەوان لابدەن و بەهێڵە ڕاستەكا ندا گوزەر بكەن ،بائیتر قەڵاكان لێك بترازێن و بەسەر خۆیان و خانەوادەكانیاندا دابڕمێن .
ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هەموومان بە یەك دەنگ بەگوێی شاجەلال و شامەسعودا بقیژێنین و بڵێین گەمە شەترەنجیەكەتان تەواو بووە و ئێستا كاتی كش ماتتانە.



نوسینی : سوارە سلێمانی
ئیمەیڵ :[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە