!ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و دەنگە ناشازەکان

Tuesday, 08/01/2013, 12:00

2605 بینراوە




وەکوو هەموومان ئاگادارین کە ساڵانە لە زۆربەی شوێنەکان چی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان چەندەها ئاهەنگی جۆراو جۆر دەرکرێت بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەوە، باشترین هەل بۆ کۆمەڵێک گەنج کە حەزی خۆدەرخستنیان هەیە لە ڕێگای گۆرانی وتنەوە ئەم ئاهانگانەن. ماوەیەکە بە شێوەیەکی گشتی لە ناو کوردا گۆرانی وتن بۆتە دیاردەیەکی باو و خەڵکێکی زۆر خوویان داوەتە گۆرانی وتن تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان خۆش نەبێت ئەوان بە جۆرەها شێواز گۆرانی یەکانی خۆیان ئەدەن بە گوێ ی خەڵکدا. بە هۆی ئەوەی کە ئەکادیمیایەکی بەرپرس نی یە کە خاوەن بەهرەکان لەم بوارەدا دیاری بکات و هاوکارییان بکات، هەر چی هەڵئەسێت ئەسپی خۆی تاو ئەدات و دەبێتە" گۆرانی بێژ"، ئینجا هۆکارەکان هەمەجۆرەن وەکوو حەزی خۆ دەرخستن و پەیوەندی تایبەتی و خزم خزمێنە و بەرژەوەندی تایبەتی وهتد. ئەم پاشا گەردانی یەی کە هەیە لە بواری گۆرانی وتندا وەکوو زۆربەی بوارەکانی کۆمەڵگای کوردی، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە موزیکژەنەکانەوەبە تایبەت بە تواناکان. ئەگەر موزیک ژەنەکان هاوکارو پاڵپشتی ئەو گەنجانە نەبن کە دەنگیان شیاو نی یە بۆ گۆرانی وتن،ئەوا هەر وا بە ئاسانی ئەوانیش دەرناکەون وهەڵ ناتۆقن، بگرە ڕەنگە پەشیمانیش ببنەوە لە گۆرانی وتن. بەڵام موزیکژەنەکان لە بەر بەرژەوەندی تایبەتی و دارایی گوێ لە ڕاستی یەکان دائەخەن و کارەکانیان بە شێوەیەکی بازرگانی بۆ ئەکەن، کە خۆیان باش ئەزانن کە ئەم کارانەیان ناچێتە بواری خزمەت کردن و تەنیا پارە پەیدا کردنێکە و بەس.هۆکارێکی تر مەسەلەی "موجامەلە"یە، کۆمەڵگای ئێمە تا سەر موجاملن لە گەڵ یەک، بۆ نموونە کەسێک گۆرانی یەک ئەڵێت ئەگەر دەنگی ناشاز بێت و خۆش نەبێت، کەسێک نی یە ڕستگۆیانە پێ ی بڵێت کە وا باشترە گۆرانی نەڵێت و لە بوارێکی تردا هەوڵ بدات، بە پێچەوانەوە ئەچن بە شان و باڵیدا هەڵ ئەدەن و زۆر ناڕاستگۆیانە پێ ی ئەڵێن کە دەنگی تا بڵێ ی خۆشە و پێویستە بەردەوام بێت، کە لە ڕاستیشدا بەس وا نی یە.
لە یەکێک لەئاهەنگەکانی ئەم سەری ساڵە لە شاری مانچستەر کە ڕێکخرا بوو لە لایەن ڕێکخراوێکی کوردی یە وە، کە جێگای دەست خۆشی یەو لە جێ ی خۆیدایە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە کە کۆمەڵێک کەس لەم ئاهەنگانەدا گۆرانی ئەڵێن یان موزیک ئەژەنن کە هیچ بەهرەیەکیان تێدا نی یە، کەسێکی نزیک کە لەو شەوە ئاهەنگە بەشدار بوو ووتی کە ٣ کەسی تا بڵێ ی دەنگ ناشاز گۆرانی یان ئەوت لەگەڵ موزیکێکی کاڵ و کرچ. منیش وتم باشە بۆ؟ گوایە کەسی تریان شک نەبردووە یان ئایا کورد دەنگ خۆشی تێدا کەمە؟ کە هەموومان ئەزانین کە کورد دەنگ خۆشی باشی تێدایە.بەڵام لە بەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە کەسە دەنگ خۆشەکان پەراوێز خراون و کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە. من لێرەدا مەبەستم ناو زڕاندی کەس نی یەو زۆر پێمخۆشە کە ئەو ئاهەنگانە بکرێن و کوردانی تاراوگە کۆ ببنەوەو چەند ساتێکی خۆش بە سەر بەرن و دەردو نەهامەتی یەکانی غوربەت لە بیر کەن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێم خۆشە کە کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ڕۆڵی خۆیان ببینن و لە هەمان کاتیشدا سنوورێک بۆ ئەو پاشا گەردانی یە دابنرێت کە لە بواری گۆرانی وتندا هەیە و چیتر ڕێ نەدرێت گوێچکەمان بە دەنگی ناشاز پڕ بکرێت.خەڵکیش پێویستە بێنە دەنگ و هەر شان با نەدەن و هەڵ نەپەڕن بۆ ڕیتمی خێرا بێ گوێ دانە دەنگ و ئاواز و هۆنراوەو هتد.
پەیامی من لێرەدا بۆ ئەو گەنجانەی کە ئارەزووی گۆرانی وتنیان هەیە ئەوەیە کە سەرەتا وا باشترە پرس و ڕایەک بە کەسانی شارەزاو لێهاتوو بکەن لە بواری موزیکدا و لەوە دڵنیا بن کە بەهرەی دەنگ خۆشیان تێدایە ئینجا هەوڵی گۆرانی وتن بدەن، بە ڕای من کارێکی زۆر ئاسانە کە بزانیت دەنگت گونجاوە بۆ گۆرانی یان نا ئەگەر مرۆڤ خۆی لە گێلی نەدات و خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت.تکاشم بۆ موزیک ژەنە بە تواناکان ئەوەیە کەچیتر کاری کاڵ و کرچ ئەنجام نەدەن لە بەرامبەر بڕێک پارەدا یان بۆ مەرامێکی تایبەتی خۆیان، چونکە بە ڕاستی ئەمە جۆرێکە لە شێواندنی هونەری گۆرانی کوردی و بگرە تاوانێکی کلتووری یە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە