بەڵێنەكەى حكومەت لەسەربودجەى حیزبەكان

Saturday, 26/07/2014, 12:00

1866 بینراوە







دواجار یاساى بودجەى حیزبەكان هەمواركرایەوە و لە پەرلەمانى كوردستان دەنگى لەسەر درا، بەڵام پەرلەمانتاران شتێكیان لەبیرچوو كە پێشتر بەڵێنێك هەبوو بۆ دواى هەمواركردنەوەى یاساكە ئەویش لێدوان و بەڵێنەكانى هەردوو سەرۆكى حكومەتى كابینەكانى شەش و حەوت بوو كە هەمومان لە بیرمانە كەلەسەر بودجەى حیزبەكان دەیان ووت (ئەو بودجەى كە دەدرێت بە حیزبەكان ئەوە وەك (سولفە قەرز) وایە تا كاتى هەمواركردنەوەى پرۆژەیاسای بودجەى حیزبەكان ، ئیتر ئەوكاتە هەرحیزبێك ئەگەر كەمترى وەرگرتبو ئەوە قەرەبوى بۆ دەكرێتەوە ، هەر حیزبێكیش ئەگەر زیادى وەرگرتبو ئەوە زیادەكەى لێى وەردەگیرێتەوە)......
كێ هەیە كە ئاگاى لەمەسەلەى بودجەى حیزبەكان هەبوبێت و ئەو لێدوانەى دەیانجار نەبیستبێت؟؟؟ دەى من هەر ئەوكات ئەوو لێدوانانەم بە دیماگۆجیەت دەزانى باوەڕم وابوو ئەوو لێدوانانە تەنها بۆ كاتكوشتنەو هیچیتر، ئەگینا كێ باوەڕى دەكرد بۆ نمونە كە حیزبێكى كوردستانى كە خاوەنى تەنها یەك كورسى پەرلەمانى بوو وە بودجەكەشى نزیكەى 550 ملێۆن دیناربوو، باشە بەلایەنى كەمەوە تۆ بڵێ بۆ تەنهاچوارساڵ ئایا دەتوانێت ئەوو هەموو قەرزە بداتەوە؟؟؟
حەق وایە سەرەتا داواكارى گشتى و پاشان پەرلەمانى كوردستان و پاش ئەوانیش ئەوو ڕۆژنامەنوس و دەزگا ڕاگەیاندنانەى كە ئاگادارى ئەوو لێدوان و بەڵێنانەبوون و تۆمارى وێنە و دەنگیان لایە لەئاست ئەوو بەڵێنانەدا بێدەنگ نەبن، بەڵام وەك سەرەتا وتم چەند باوەڕم بە بەڵێنى بەرپرسانى ئەوكات هەبوو بۆ جێبەجێكردنى ئەوو بەڵێنە دەى ئەمڕۆش هەر ئەوەندە باوەڕم بەو دەسەڵات و دەزگاو ناوەندانە هەیە كە بەدواداچوون بۆ ئەو بەڵێنانە بكەن، هەربۆیە من بڕوام وایە كە ئەو دەزگایانەش خۆیان بوون بەبەشێك لە گەندەڵى نێو سستەمەكە، باواز لە دەسەڵات و دەزگا و ناوەندە حكومیەكان بهێنیین تۆ بڵێیت ئاخۆ بێدەنگى ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنكار و دەزگاكانیان بۆۆۆ، خۆ بەلاى خۆیەوە ئەوان بەشێك نیین لە حكومەت و خۆیان بەدەسەڵاتى چوارەم و چاودێر دەزانن، ئەى بۆ ئەو بەڵێنە نادەنەوە بە نێوچاوى بەرپرساندا؟؟؟ ئاخر كورتبینى و نا پرۆفیشناڵى و لێنەهاتویى ڕاگەیاندنكاران و دەزگاكانیان لەدوو شتى واوە دەردەكەوێت، كەنازانن بەڵێن و لێدوانە نا بەجێكانى بەرپرسان بیرى بەرپرسان بخەنەوە و ئیحراجیان بكەن!!! كام لە ڕۆژنامەنوسان لەكاتى كۆڕە ڕۆژنامەنوسیەكاندا هەموو لێدوان و بەڵێنەكانى بەرپرسان لاى خۆیان تۆماردەكەن و لەكاتی بێ بەڵێنى و سەرپێچى ئەو بەڵێنانە دەدەنەوە بەنێو چاوانیاندا؟؟؟
هەربۆیە بەندە بۆچونى وایە كە دەزگاكانى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكارانیش بەخۆیان بزانن یان نا ئەوا ئەوانیش بون بە هاوكار و هاوبەشى بەرپرسان لەهەموو كارە نەخوازراوەكانیاندا، واتە بەشێكن لە سستەمەكە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە