دەوڵەت و دژەكەى، شۆڕش و بەرهەڵستیەكانى

Wednesday, 14/03/2012, 12:00

1515 بینراوە



                                                                             
 

ڕەنگە،شێوەو،تۆبۆگرافیاى هەوراز یان پێدەشتەكانى كوردستان،بەر لە چوار سەد ساڵ پێش ئیًَستا،دیمەنێكى تر بووبێت،بەڵكو زەمەن دایڕنیوەو گەشتووە بەم زەمەنە،یان شێوەو بارى جەستەیی مرۆڤەكان لەهەر دەساڵ جارێكدا فەرقێكى زۆرى هەیە،لە رووى كارو وەگەڕخستن و ئامرازەكانى بەڕێوەبردنیشەوە،كات و ژینگە هەمان حوكمیان هەیە.كەواتە كۆى شتەكان لەكەوندا،دوویابەتى سەرەكى ئاڕاستەیان ئەكات،یەكەم:سروشت،دووەم: زەمەن.ئەوەى كە ئینسانەكان ناتوانن زاڵبن،بەسەریدا،زەمەن بۆیان ئەخاتە لایەك،واتە زەمەن سارێژى گرفتەكان ئەكات و،هەموو ڕووداوو تەڵەزگەكان تیایدا فۆرمەڵە ئەبن.بەجۆرێك یان خۆى،خۆى لەناوئەبات،یان چارەسەربۆخۆى ئەدۆزێتەوە.
لەسروشتدا،هەموو چەمك و بەكارهێنانەكان،دوالیزمەیەكیان هەیە،بەو مانایەى،مادام تاَل هەبوو،شرینیش هات..كارهەبوو،بێكاریش هات.كرێكارهەبوو،بۆرژوایەك هات،هەروەك ستەملێكراوو ستەمكاریش پەرەى سەند.بۆیە پرسی دەوڵەتبوون و هەڵگیرسانى شۆڕشیش،هەمان ڕێساى بەسەردا ئەچەسپێت.چونكە خواست هەیە بۆ دەوڵەت دژە خواستیش هەیە.چونكە شۆرش ئەگەرێكى بەهێزە،بەرهەڵستیكارانیشى هەن،بێگومان هەریەكەیان بە بیانووى جیاجیاوە دێنە پێش كامێراكان.
دژە دەوڵەت چییە..؟ئایا ئەوانەى لەگەڵ دروستبونى دەوڵەتێكى سەربەخۆى كوردى نین،پێچەوانەى گشت خواست و ئامانجەكانى گەل دەوستنەوە..؟.ئایا كاتى تەتەڵەكردن و بیركردنەوەیە یان بڕیاردان؟.تۆ بڵێی بازدانێكى گەورە بمانخاتە نێو كانى و ئاوەكەوە یان پەڕینەوەبێت بۆ بەختەوەرى..؟ ئاخۆ دەوڵەتى كوردى دەوڵەتێكى ڕەفاه ئەبێت یان كیانێكى پۆلیسى و بابەتێك بۆ فریودانى تاكى كورد...؟.تۆبڵێی شۆڕش و دەوڵەت بیبەنەوە یان یاریكەرەكانى بوارى سیاسەت."كارل ماركس" لەباسى شكستى ڕاپەرین و بزوتنەوەكانى ساڵانى (1848) ى فرنساو ئەڵمان،ئەڵێت:" ئەوەى شكستى خوارد شۆڕش نەبوو،ئەم شكستانە،شكستى پاشماوە زیادەكانى نەریتى پێش شۆڕش بوون،شكستى كاریزماو وەهم و بەرنامەبوو،كەپارتە شۆڕشگێڕەكان دایاننابوو.".ئەمانخاتە بەر هەقیقەتێك كە شۆڕش وێراى زیان و كارەساتە دڵتەزێنەكانى،لەسەرووى مەرگەساتیشەوە،دواجار ئامانجەكەى خۆى ئەپێكێت،كە لەدۆخێكەوە ئەگۆڕێت بۆ دۆخێكى تر،سیستەمێك بە سیستەم و ئیدارەدانێكى تر ئەگۆڕێت.بڕوانە گشت شۆِرشە پڕماناكانى جیهان،لەئینگلیزەوە بۆ فەرەنسا و ئەمریكا،تا ئەگاتە بلۆكى رۆژهەلات لە ڕووسیا (ئۆكتۆبەر 1917) و عێراق (تەمموزى 1958) و لە ئێران (1979). ڕاپەرینى (1991) لەباشورى كوردستان.بەبەهارى عەرەبیشەوە.هەموویان گۆڕانى كەش و بارى سیاسی و یاسایی و ئابورى و كۆمەڵایەتی گەورە بەدواى خۆیاندا دێنن.ڕەنگە هەندێك شت وەك خۆیان بمێننەوە،بەهۆى جیاوازى ئایدۆلۆژیاكان و ئاینەوە.بەڵام لەكۆدا هەیكەلەكە ئەگۆڕێت.لەستەمەوە بۆ دادپەروەرى.لە برسێتیەوە بۆ بەرجەستەكردنى نان،لە سەركوتكردنەوە بۆ ئازادى،لە ئۆتۆكراتیەوە بۆ دیموكراسى،لە بنەماڵەو خێڵەوە بۆ چینیكى شارەزاو تەكنۆكرات.ئەى كە شۆڕش واباشە بۆ نەیكەین..؟.
"كارل پۆپەر" (1902-1994) بابەتێكى گرنگ لاقە ئەكات،لەبارەى دیموكراسیەتەوە،لایوایە،گەورەترین فێڵ ئەوەیە خەڵك وا تێبگەیەنین كە دیموكراسیەت بریتییە لەحوكمى خەڵك،(بەقسەى قۆڕ وەسفى ئەكات).چونكە لە هیچ شوێنێك خەڵك حوكم ناكەن،ئەگەر خەڵكیش حوكم بكەن،دیسان فەلسەفەى دیموكراسیەت بەتاڵ ئەبێتەوە،زۆرینەیەك كەمینەیەك ئەچەوسێنێتەوە،لەبەرئەوەى دیموكراسیەت بریتییە: لە حوكمى زۆرینەیەك كە ڕێز لەمافەكانى كەمینیەك بگرێت.تۆ تەماشا بكە لە "سوریا" شیعەو عەلەویەكان لەكەم كەمترن،بەڵام زۆرى زۆرەكان ئەچەوسێننەوە،لە زۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و هەرێمى كوردستانیشدا،بەناوى دەنگدان و دیموكراسیەتەوە،كەمینەیەك ستەم بەرامبەر زۆرینەى گەل ئەكات،واتا خۆى ئەگەر زۆریش خیانەت لەكەم بكات،ماناى ئەو دیموكراسیەتە هیچ ئەبێت كە ئەمڕۆ لەجیهاندا بە باشترین جۆرى بەرێوەبردن باس ئەكرێت.نەك كەمێك داهات و سامانى وڵاتێك هەڕاج بكەن،لەكوتەكەوە هەتا ئەگاتە (بى كەى سى و ناقیلەى ئەشخاس) دژى بخەنە كار.سانسۆرى گشت پنتەكانى ژیانیش بكەن،دواتریش بەترس لە سەر ئاسایشى نەتەوەیی كەپتى دۆخەكە بكەن،لەواقیعدا "ئەمنى قەومى" لە بونى سەروەرى و سیستەمێكى سیاسیەوە سەرچاوە ئەگرێت،تا بمانپارێزێت لە لەناوچوون،بەڵام سیستەمى سیاسی لەكوردستان بۆگەنى كردووە،لەسەرووى ئەوەشەوە گەورەترین هەڕەشە لە دەوڵەتى مادەوە بۆ (17)ى شوبات،لەسەر كوردو ئایندە،بریتی بوون لەخودى دەسەڵاتدارانى كورد،ئەگەرچى هەندێك گیانى خۆشیان لەو كاروانەدا بەختكرد...دیسانەوە ئەى بۆ شۆڕش نەكەین..؟.(ها..!! بۆ نەیكەین.). زۆربەى كات شۆڕشەكانیش گەورەترین ئازارو تراژیدیایان لەمێژووى ئینسانەكاندا تۆماركردووە،فۆكۆ لایوایە لەدواى شۆڕشیش زۆربەى پەیوەندییەكان وەك خۆیان ئەمێننەوە،؟؟ ترسى ئەوەمان ئەخاتە بەر ئەوەى كەدێت باشتر نییە،بەڵام گلەیمان لەفۆكۆ هەیە كەبەیەكجار ئازارو نارەحەتیەكانى ژێردەستى ناعەدالەتى و نادامودەزگایی ڕەچاونەكردووە.وەلێ زۆریش ئەترسم ئایندەى ئێمەش وەك ئایندەى میسرى دواى موبارەك و تونسى دواى زەین بێت،ئەگەرچى دەوڵەتمان نییە و زەمینەمان جیاوازە،بەڵام دڵنیام لەوەى سوریاى دواى ئەسەد لە عێراقى دواى سەدام باشتر نابێت،وەلێ ئەى كورد لە نێوان بەرداشەكاندا چ بكات،..؟.
لەڕاستیدا،ئەگەر وەك "ئەفلاتۆن" بەخەیاڵ دەوڵەتێك لە چەند چینێك دروست بكەین،نوبەلاو خانەخوێ و پیاوە عەسكەرى و ئاینیەكان لاى سەرەوە بگرن،ئەمەیان شتێكى ترە.ئەوەى لێرە پێی ئەوترێت "دژە دەوڵەت" بە كردار و بەئامانج دژى دەوڵەتى كوردى نییە،بەڵكو خواستى دروست نەكردنى دەوڵەتى كوردییە،بەبێ ئەدمۆسفیرێك،یان بێ ئەوەى كۆمەڵگەیەكى تەنانەت نیمچە مەدەنیش بوونى هەبێت،پێویستە ڕێگرى لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتێك بكرێت،كەماف و ئەركەكانى تاكى تیا دیار نییە.لەكوردستان "3" پاڵاوگەى نەوتى ڕێگە پێدراو هەیە،كەس نازانێت داهاتەكەى لەكام بانكى دەولیدایە،لەبەرامبەردا (100) پاڵاوگەى تر هەیە بە بێ مۆڵەت نەوت بارئەكەن،لەهەر شوێنێك چاڵە نەوتێك هەبوو لەوێ بەرژەوەندى بنەماڵە یاخود مەكتەب سیاسیەك هەیە.ئەم دەوڵەتەى باسی ئەكرێت دامركاندنەوەى ڕقى لەبن نەهاتووى شەقامێكە كەساڵەهایە مافە و ئازادییەكانى زەوت ئەكرێت،لەولاشەوە لایانوایە ئەگەر ئەوان نەبن هەموو میللەت بەرگەى نیو كاتژمێر ناگرێت.ئەگەر تاكى كوردى ئامادەگى نەبێت بۆ دروستبونى دەوڵەتێك،ڕانەگەیاندنى باشترێكە،ڕەنگە لەڕووى سیاسیەوە لاوازییەكانى دەوڵەتى ئیتیحادى لەبەغدا دەرفەتێكى باش بێت،لەڕووى ئابورییەوە داهاتى نەوتى كوردستان پاڵنەرێك بێت،وە بۆخۆى پرسی دەوڵەت لە باشورى كوردستان ببێت بە دیفاكتۆیەك،بەهۆى دۆخى ئێران و توركیاو لێكەوتەكانى بەهارى عەرەبیەوە.بەڵام ئەگەر هەموو دونیا پاڵنەرى دروست بوونى دەوڵەتێك بێت،نا ئامادەگى خەڵكى ئەمە ئەشارێتەوە،بۆنمونە:پێویست بوو تەنها كەرتى كشتوكاڵ و ژیانى لادێ بەروبوم و خواستەكانى ڕۆژانەى ئێستاى دابین بكردبایە،بەڵام ئەم بوارەیان لەباربرد،بۆیە واپێویستە كورد بیر لەگەنم و پەتاتەو تەماتەو خەیارى كوردی بكاتەوە،نەك دەوڵەتى كوردى.لە پیشەسازى دا دەسەڵاتى كوردى ئەیتوانى هەرنەبێت كار لەسەر سەنعەتێكى سووك بكاتەوە،هەموو ئەو وڵاتانەى پیشەسازى قورسیان هەیە وەك "دروستكردنى فڕۆكەو كارگەى گەورەى ئۆتۆمبیل و چەكى ئەتۆم" پشت بەداهاتێكى زۆر ئەبەستن كەهى وڵاتەكەى خۆیانە،ئەدى چ مەعقولە بەم هەموو داهاتەوە بچوكترین كارى پیشەسازى لەكوردستان نەبێت،تا لەڕێگەیەوە هەلى كاریش بڕەخسێنێت.
بۆیە بەرهەڵستیكارانى،شۆڕش لەدواجاردا ئەبنە ئەو كەسانەى كە خواستى دەوڵەت ئارامى لێبڕیوون،كە دەوڵەتى كوردییان گەیاندۆتە سەر جوگرافیاى سفرەو خوانەكانیش تا باسی لێوەبكرێت،نەبادا لەكاتى تێرخواردنى هاونیشتمانیەكدا خواستى شۆڕش بگاتە ئاستى پراكتیزەكردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە