هاوبیر"دڵەغەزەب"ی شەهید لەبیر ناکەین

Tuesday, 22/04/2014, 12:00

2140 بینراوە


مەیدانی شەڕ گوندی" ئالان و حاسڵ"ی دەشتی شارەزوور، نێزیک بە هەوار و زێدی حەزرەتی "نالی". کات چەند ساڵی بەرلەوەی "هەڵەبجە"ژارباران بکرێ.. رۆژ و ساڵیش ١٩/٤/١٩٨١ یە. ئا لەم دەڤەرەدا سەرلەبەیانییەکی زوو، دوو مەفرەزەیەکی پارتی کۆمەنیستی عێراق لە بۆسەدا دەبێت،لەناکاو بەهێزێکی گەورەی جاش و جەیش، گەمارۆ دەدرێن و شەڕ و تەقە لە هەموو لایەکەوە گەرم دەبێ.
هەروەک بڵێ ئاگر لە پوشەڵان بەربووبێ، هەواڵی گەمارۆدان و شەڕەکە بە زوویی بڵاوبۆوە. مەفرەزەیەکی پارتی سۆسیالیستی کورد/ پاسۆک بەسەرپەرشتی (مولازم شوان)،و مەفرەزەیەکی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسک)، بە سەرپەرشتی (کاکە حەمەی حاجی مەحمود)،کە پێکەوە لەو ناوەدا لە گەشتدا بوون، دەمودەست بۆ بەهاناوەچوونی ئەم هێزە گەمارۆدراوە، خۆیان دەگەیەننە جێی مەبەست و ئاگری رک و تۆڵە بەسەر لەشکری داگیرکەر و خۆفرۆشاندا دەبارێنن.
ئەو چرکەساتە، هاوبیر (دڵشاد ئەحمەد ئینزیبات مۆریاسی)، بەهاری (١٨) ساڵەی تەمەنی بوو. هێشتا بەتەواوی مووی دەموچاوی خەتی نەدابوو. دەمێک نەبوو لە ترسی کەڵبە و چنگی خوێناوی دامودەزگاکانی رژێمی داگیرکەر، ریزەکانی رێکخستنی نێو شاری سلێمانی جێهێڵابوو و رووەو شاخ و پێشمەرگایەتی بەرەو کاروانی خەبات، ملی ڕێی کاروانە سەختەکەی گرتبووە بەر. گرمەی تانک و تۆپ و شریخەی دەسترێژی شەڕ، لە ٨ بەیانییەوە تا دوانیوەڕۆیەکی درەنگ درێژەی کێشا. لەم میانەدا چەندجارێ کۆپتەرە کاروانکوژ و فرۆکە مەرگچێنەکانی بەعس بەهانای هێزە بەزیوەکەیانەوە هاتن و ئاسمانی دەڤەرەکەیان تاریک کرد.
هاوبیر دڵشاد، هێشتا سەرگەرمی دەستوپەنجە گەرمکردن بوو لەگەڵ تفەنگەکەیدا و ئاواتی گەورەی بوو ئاڕاستەی دڵی دوژمنانی گەلەکەی بکات. بە وورەی بەرز و گیانی تازە پێشمەرگەیەکەوە، هەڵمەتی دەبرد و قارەمانێتی دەنواند و گەرەکی بوو بیسەلمێنێ دلێر و خۆڕاگرە. دەیویست رەوایی بە بیر و رێباز و مافی رەوای نەتەوەکەی ببەخشێ. هەمانکات پێکڕا لەتەک هاوبیرەکانی دیکەیدا،سووربوون لەسەر ئەوەی ،کە بیروباوەڕی جودا،نابێ بێتە لەمپەر لەبەردەم شەڕی دژی داگیرکەر و بێگانە و دوژمندا و پاسۆک بەم فەلسەفە و گیانەوە هاتۆتە مەیدانی خەباتەوە.
بێکەسی نەمر لە شیعری "قەومی کورد..."دا ، دەفەرمووێ:
ئەو کەسەی گیانی لە رێگەی نیشتمانا بەخت ئەکا.....پێی مەڵێن مردوو،شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە ،لە مردن قەتعی یەن باکی نییە.......پەندی پێشینانە،راستە"بەرخی نێر بۆ سەربڕین"
ئەم لاوە خوێن جۆشخواردووە، باش دەیزانی لەم چرکەساتەدا، کەوا ئەو لەنێو ئاگری شەڕێکی نابەرامبەردایە، هاوتەمەنەکانی لە شار، بەڕێی قوتابخانە و چوون بۆ زانکۆ و گوزەرانی ژیانەوەن،کوڕانی خوداپێداویش هێشتا وەنەوزی خەویانە، لێ ئەم برسی و تینوو، لەبەردەم مەرگدا گیانبازی دەکات. پێویستە شەڕی جاش و جەیش و ئامێرەکانیان لەسەر زەوی بکات و لە ئاسمانیشدا، بە گژ فرۆکەدا بچێتەوە. رێکەوت وابوو، هاوبیر دڵشاد، زیاتر لە هەر پێشمەرگەیەکی دیکە، بەرەنگاریی فرۆکەکانی رووبەروو بۆوە. ئەمە لە کاتێکدا هاوبیر دڵە غەزەب، خۆی بۆ شەڕی دەستەوئێخە ئامادەکرد بوو، لێ لە بەختی کەچی ئەو زیانی پاسۆک و شەهادەتی کوردەواریدا، فرۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی. هەموو ئاسمانی شارەزوو دەکەنە یەک پەڵە ئاگر و مەرگباران. دوای تۆماری سەرکەوتنێکی گەورە و نەخشاندنی مێژوویەکی تژی لەسەروەریی، لەناکاو، گوللەیەکی شەستیریی فرۆکە دڵە گەزەب ، دەیپێکێ وئەو هاوبیرە دڵسۆزە، سەربەرزانە دەچێتە ریزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.

لەم شەڕەدا،کە بەداستانی "ئالان و حاسڵ"ناوی دەرکردووە،(لیوا خالد اڤهر العبود)،بەدیل لەتەک چەندین سەربازو پلەداری دیکەدا دەگیرێن و، فرۆکەوانێکیش بریندار دەکرێ و بە سەدان لە جەیش و جاش لە بریندار و کوژراو لە مەیدانەکەدا دەکەون و زیانێکی بێشومار بە دوژمن دەگات و تا ناو مۆڵگاکانی شارۆچکەی عەربەت راویان دەنێنەوە.
هاوبیر دڵشاد، لە ٣/١١/١٩٦٣، لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی، لە باوەشی بنەماڵەیەکی هەژاری کوردپەروەر، چاو بە دنیا هەڵدەهێنێ. خوێندنی تا سێی ناوەندی هەر لەوێ تەواو دەکات. لە ١/٧/١٩٧٩ دا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پاسۆکەوە دەکات و لە ١٦/٣/١٩٨٠ دا، شەرەفی پێشمەرگایەتی پاسۆک بەدەست دێنێ.
لەناوشار، لەتەک شانە جیاجیاکانی پاسۆکدا، لەتەک هاوبیر،(کەریم سابوونکەرانی) ناسراو بە (مالە) و (حەمەقەمبووری سابونکەرانی و کامیلی شێخ عارف) دا. چالاکییەکانی درێژە پێدەدات. پاش ئەوەی لەتەک هاوبیران حەمە قەمبور و کامیلی شێخ عارفدا، لە کێشانی، نەخشەی کوشتنی (ملازم موحسن)ی تاوانباردا ئاشکرا دەبن. ئەو دوو هاوبیرە دەستگیر دەکرێن و دواتر لە موسڵ لە سێدارە دەدرێن و، دڵە غەزەب، بە ناچاری، واز لە قوتابخانە دێنێ و بەرەو بارەگاکانی پاسۆک شار جێدێڵێ.
جێی ئاماژەیە،هاوبیر دڵشاد، لەنێو شار گەلەک هاوکاریی رێکخستنەکانی کۆمەڵە و لایەکانی دیکەیشی لە هەستی پاکی کوردانەی خۆیەوە کردووە.
شەهید دڵشاد، لەبەر لێهاتوویی و جەزرەبەیی هەر زوو لەنێو هاوبیراندا بە (دڵە غەزەب)ناوبانگ دەردەکات. هاوبیرێکی رۆحسووکی گوێڕایەڵی کردە و لەسەرخۆ بوو، خۆشەویستی نێو هاوبیرەکانی بوو، دڵسۆزی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی بوو.
وەبیرهێنانەوەی ئەم پۆلە شەهیدەی پاسۆک،جگە لەوەی دەچێتە خانەی قەرزدانەوەیەکی مۆڕاڵی و بەس،هەمان کات چونکە ئەوسا و ئێستاش، پاسۆک، دەزگای راگەیاندنی وەک رادیۆ و تیڤی نییە، گەلەک کەس لە قارەمانێتی و دڵسۆزی هاوبیرانی پاسۆک بێ ئاگا دەبوون و هەن. بەسەرکردنەوەی ئەو رۆژگارانە و ناوهێنانی ئەم بەچکە شێرانەی کوردایەتی، کە ئاڵای کوردستان بەدەست بوون و بەرەو (کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ) ، سەنگەری خەبات و تێکۆشانیان هەڵبژارد بوو، بۆتە فەرمانێکی هەمیشە بەرز ڕاگرتوو لەسەر شانمان.
سڵاو لە گیانی پاکی هاوبیر دڵە غەزەب، کە لە ١٨ ساڵیدا،بەنرخترین سەرمایەی خۆی(ژیان)ی، کردە قوربانی رێی ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە