بەری مانگ بە بێژەنگ ناگیرێت

Saturday, 08/05/2010, 12:00

1546 بینراوە


گۆڤاری دەنگ بە توندى ئیدانەى تیرۆركردنى خوێندكار و ڕۆژنامەنووس (زەردەشت عوسمان) دەكات و هەر بەو بۆنەیەوە بە پێویستى دەزانین سەرجەم لایەنە سیاسی و ڕۆژنامەوانی و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵى مەدەنى هەڵوێست وەربگرن و داوا لە دەسەڵات بكەن بە زووترین كات هەوڵبدەن بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردن و سزادانى توندى ئەو شەمشەمە كوێرانەى كە چاویان بەم ئازادییەى كوردستاندا هەڵنایات، دەبێت دەسەڵات خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرامبەر بەم كەیسە و لە زووترین كاتدا دڵنیایی بدات بە خەڵكى بەشمەینەتى كوردستان و چیدی ئەوەندەی بەتەنگى بەرژەوەندى كەسی بەرپرسانى حكومى و حیزبییەوە نەبێت و مافی هاوڵاتیبوون بخاتە پێش هەموو مافێكى دیكەوە و لەو چوارچێوەیەدا پێویستە بەر لە ناساندنى هەرێمى كوردستان بە هەرێمێكى سەقامگیر ئەوا هەوڵى بەرقەراركردنى بدات.
شەهیدكردنى (زەردەشت عوسمان) هەواڵ و كارەساتێكى نامۆ نییە بە خەڵكى كوردستان، بەڵكو ئێمەى ڕۆژنامەنووس یەقینین كە هەموو كات نێچیرێكى بێ بەرگرین لە بەردەم ئەو هەڕەشانەى ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
هۆكاری شەهیدكردنەكە هەرچییەك بێت ئەوا نیشانەى پرسیار بۆ دەسەڵاتى ئەم هەرێمە دروست دەكات و ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەى كە كاتێك كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس بە شێوەیەكى نادیار و تەموومژاوى شەهیدكران، خۆ شەهیدكردنى (زەردەشت عوسمان) بە ڕۆژی ڕوون و لە پایتەختى هەرێمى كوردستان دا و لەبەردەم حەرەمى پیرۆزى زانكۆ و بە بەرچاوى دەسەڵاتەوە جگە لە تیرۆری ئاشكراى سیاسی و ئازادى بیرو ڕا هیچی دیكە ناگەیەنێت...
لە كۆتاییدا بەوانە دەڵێین كە عەقڵییەتیان قبوڵی ئاشكراكردنى ڕاستییەكان ناكات(بەری مانگ بە بێژنگ ناگیرێت)...
ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى گۆڤاری دەنگ
7/5/2010
هەولێر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە