گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى لە سلێمانى- بەشى پێنجەم

Tuesday, 24/01/2012, 12:00

1806 بینراوە


نەخۆشخانەى دوو هەواكانى سلێمانى
 خزمەتگوزارى تەندروستى  چەند پایەیەكى سەرەكى هەیە:
پایەى یەكەم: نەخۆشخانەیە، واتە ئەو شوێنەى  كە نەخۆش تێیدا دەحەوێتەوە و نەخۆشیەكەى دەستنیشاندەكرێت ئەوسا چارەسەر دەكرێت.
پایەی دووەم: پزیشك و كارمەندى پزیشكى و ئەو ئامێرە پزیشكى و دەرمانانە دەگرێتەوە، كە بە هۆیەوە نەخۆشى دەستنیشان دەكرێت و نەخۆش چاك دەكاتەوە. پایەی سێهەم: خزمەتگوزارى تەندروستى،  نەخۆش و بریندار خۆیەتى، كە نەخۆشخانە و پزیشك و دەرمان و ئامێر، دەكەونە خزمەتیەوە.

 لە سیستەمێكى تەندروستى هاوسەنگدا، ئەم سێ بەشە پێكەوە، ئەركەكانى خۆیان ئەنجام دەدەن، لەو كاتەدا نەخۆش باشترین خزمەتگوزاریى تەندروستى وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر كەم و كورى لە بەشێك لەم پێكهاتانەى خزمەتگوزارى تەندروستیدا دروستبوو، ئەوا بەشەكانى تریش ناتوانن بە باشى ئەركەكانى خۆیان ئەنجام بدەن و خزمەتگوزارى تەندروستى ئیفلیج دەبێت.

 یەك لە كێشە دیارەكانى كەرتى تەندروستى لە پارێزگاى سلێمانی، كەمى و خراپى نەخۆشخانەیە، هەر لە سەردەمى رژێمى سەدامەوە، كەرتى تەندروستى سلێمانى دووچارى كێشەى كەمى و خراپى نەخۆشخانەبۆتەوە، لە سەردەمى رژێمى سەدامدا، نەخۆشخانەى گەوەر،بە ناوى نەخۆشخانەى (سەدام)  بۆ هەموو شارەكانى عێراق كراوەتەوە، بەڵام ئەو نەخۆشخانەیە، لە شارى سلێمانى نەكراوەتەوە، نەكرانەوەى نەخۆشخانەى سەدام لە سلێمانى، بە هۆى كەمتەرخەمى بەرپرسانى ئەو كاتەى تەندروستى شارى سلێمانیەوە بووبێت، یان بە هۆى هەڵوێستى شۆرشگێرى خەڵكى سلێمانییەوە بووبێت و  وەك سزایەكى سیاسى  نەخۆشخانەى بۆ نەكرابێتەوە، ئەنجامەكەى ئەوەیە، كە سلێمانى لە چاو شارەكانى ترى عێراقدا ژمارەى نەخۆشخانە و ژمارەى قەرەوێڵەى نووستنى نەخۆشى كەمترە ، ئەمەش كێشەیەكى گەورەی  كەرتى تەندروستى سلێمانیە، كە گیرۆدەى بووە و تا ئەمرۆ  چارەسەر نەكراوە.

 لە دواى راپەرین و دابەشكردنى بەشە رزگاركراوەكەى كوردستان لە نێوان قەلەمرەوى بنەماڵەى بەرزانى و تاڵەبانیدا، وا بۆ بیست ساڵ دەڕوات پارێزگاى سلێمانى لە ژێر چەپۆكى چڵێس و ململانێى سیاسیى و شەخسى بنەماڵەى تالەبانى و ئیبراهیم ئەحمەد و نەوشیراون مستەفا و بەرهەم ساڵحدا دەناڵێنێ، دەسەڵاتدارانى نوێى كورد، پێشمەگەى دوێنێى  شاخ، بیریان لەوە نەكردەوە ئەگەر سلێمانى لە سەردەمى بەعسدا لە سەر هەڵوێستى كوردایەتى و پشتیوانى پێشمەرگە سزا درابێت و نەخۆشخانەى سەدامى بۆ نەكرابێتەوە، با كوردە شۆرشگێرەكان و پێشمەرگەكانى دوێنێ، كەمێك تۆڵەى ئەو سزایەى بۆ بكەنەوە و نەخۆشخانەیەكى گەورەى بۆ دروست بكەن، پاداشتى كوردایەتى و مەردایەتى و شۆرشگێریەكەى بدەنەوە . ئەو ڤیلایانەى بەرپرسان و دەستەو دائیرەكەى تاڵەبانى لە سیتەك دروستیان كردوون، بەهاى دەیان  نەخۆشخانەى گەورەى وەك نەخۆشخانەى سەدامى تێدا دەبوو. دەسەڵاتدارانى دەڤەرى سلێمانى نەك هەر ئەمەیان نەكرد، لە كۆتایى نەوەدەكاندا، لە رێگەى رێكخراوى (WHO) رژێمى سەدام بریارى دروستكردنى نەخۆشخانەیەكى 400 قەرەوێڵەیى بۆ شارى سلێمانى دەركرد، شوێنى نەخۆشخانەكە خانوە كۆنەكانى نێوان نەخۆشخانەى سلێمانى ئەهلى و فولكەى مامەریشە بوو لە سەر جادەى خانەقا، دەسەڵاتدارانى سلێمانى رازى نەبوون ئەو زەویە بۆ نەخۆشخانە 400 قەرەوێلەەیەكە تەرخان بكەن، لەبەر ئەوەى ئەو زەوییە لە ناوەراستى شاردا بوو، نرخى بەرز بوو، پارەى چاكى دەكرد، ئەو زەویەى كە رژێمى سەدام بۆ دروستكردنى نەخۆشخانە 400 قەرەوێلەییەكەى تەرخان كرد بەرپرسانى یەكێتى فرۆشتیان و بریاریاندا لە دەرەوەى جادەى شەست مەترى زەوى بۆ نەخۆشخانەكە تەرخان بكەن، ئەم بریارەى بەرپرسانى دەڤەرى سلێمانى نارەزایى بەغداى لێكەوتەوە، بۆ ماوەیەك پرۆژەى دروستكردنى نەخۆشخانەى 400 قەرەوێڵەییى دواكەوت و تا ئەمرۆش تەواو نەبووە.

 ئێستا لە شارى سلێمانیدا 4 نەخۆشخانەى  فێركارى هەن، نەخۆشى تێدا چارەسەر دەكرێت و خوێندكارى كۆلێژە پزیشكیەكان و پەیمانگاكانیش تێدا پەروەردە دەكرێن، نەخۆشخانەى فێركاریى نەشتەرگەریى و نەخۆشخانەى ژنان و مناڵبوون، بیناى تایبەتى نەخۆشخانەن، بەڵام نەخۆشخانەى فێركارى  هەناوى و نەخۆشخانەى فێركارى مناڵان، بە تایبەت بۆ نەخۆشخانە دروست نەكراون و بەشى ناوخۆیى زانكۆ بوون، كراون بە نەخۆشخانە. ئەو بینایەى تایبەت بۆ نەخۆشخانە دروست نەكرێت، كەموكورى تێدا دەبێت و بە وەك پێویست نەخۆشى تێدا خزمەت ناكرێت، نەخۆشخانەى نەشتەرگەریى و نەخۆشخانەى ژنان و مناڵبون زۆركۆنن، وەڵامى پێویستى ئەمرۆى نەخۆش و فراوانبوونى  زانستى پزیشكیى و تەكنۆلۆژیاى پزیشكى نادەنەوە. لەبەر نەبوونى نەخۆشخانەى گەورە لە سلێمانى، نەخۆشخانەى نەشتەرگەریى و نەخۆشخانەى ژنان، حەوشە و باخچەى تێدا نەماوە، هەمووى كراوە بە بینا، كەڵەكبوونى بەشە جیاكانى نەخۆشخانە لە رووبەرێكى تەسكدا، بە بێ سەوزایى و باخچە، ژینگەى نەخۆشخانە و دیمەنى نەخۆشخانەكانى تێكداوە، .ئەو نەخۆشخانانەى كە جاران بەشى ناوخۆیى بوون بنەماى ژینگەی تەندروستیان نییە، نەخۆشخانەكانى تر، كە بیناى تایبەتى نەخۆشخانە بوون، هێندە بیناى نوێیان لە شوێنى باخچەكان تێدا دروستكراوە، سیفەتى نەخۆشخانەیان لە كیس داوە. لە حەوشەى نەخۆشخانەى فێركارى  ئەم نەخۆشخانە و بەشە زیادانە دروستكراون، نەخۆشخانەى فریاكەوتن، یانەى پزیشكان، بەشى بوژانەوەى دڵ، بەشى پێشوازى هەناوى.

 برادەرەكەم شارەزایى زۆرى لەسەر  نەخۆشخانەكانى سلێمانى هەیە، بە تایبەت نەخۆشخانەى فێركارى نەشتەرگەریى و نەخۆشخانەى فریاكەتن، لەبەر ئەوەى ماوەیەك لەوێ كارى كردووە، باسى بۆ كردم كە  نەخۆشخانەی نەشتەرگەریى نەخۆشخانەیەكى سێ قاتە 280 قەرەوێلەى هەیە ساڵى 1970 دروستكراوە، سەرەراى ئەوەى باخچە و سەوزایى تێدا نەماوە، لەبەر كۆنى بیانەكە كەموكورى زۆرى لێدەركەوتوە، لە دواى راپەڕینەوە مەسعەدەكەى بۆ ماوەى چەند ساڵێك كارى نەكرد، بە پلیەكانەكاندا نەخۆشیان وەك مردوى ناو دارە مەیت بە سەر شان لە خوارەوە دەگواستەوە بۆ سەروە، ئێستاش ناوبەناو مەسعەدى نەخۆشخانەكە لە كار دەكەوێت، نەخۆش لە ناو نەقاڵەدا، بە سەرشانى كەس و كاریەوە لە قاتى یەكەمەوە بۆ قاتى یەک و دو و سێ، یان لە قاتى سێهەمەوە بۆ قاتى دو و یەك دەگزازرێتەوە، لە كابینەى یەكەمى حكومەتى هەرێمەوە تا كابینەى شەش، كێشەى مەسعەدى نەخۆشخانەى فێركارى نەشتەرگەرى چارەسەرنەكرا.

 برادەرەكەم باسى گەرمكردن و فێنك كرنى هەواى نەخۆشخانەكەى بۆ كردم، وتى: مەسەلێكى كوردى هەیە دەڵێت: بانێكە و دو هەوا، نەخۆشخانەى فێركارى نەشتەرگەریش یەك نەخۆشخانەیە و دوو هەوا، بە هاوین ژوورى نەخۆشخانەکان زۆر زۆر ساردن، بە شێوەیەك كە چەندان نەخۆش ، بێجگە لە نەخۆشیەكەى پێش نەخۆشخانەیان، بە هۆى سەرماى زۆرى ژورەكانەوە، كە بەردەوام 18 هەژدە پلەیە و بەشى ورشەى نەخۆشخانە ناتوانن كۆنتۆڵى بكەن نەخۆش دەكەون، لەبەر ئەوەى پلەى گرمى ستاندەرد لە نەخۆشخانە 25-26 سەدیە، كورد  وتەنى نەخۆشەكان بۆ ریش دەچن سمێلیش دەخەنە بانى، بەڵام لە دەرەوەى ژوورى نەخۆشەكان، لە رێرەوەكانى نەخۆشخانەدا، هەوا بە یەكجارى گەرمە، واتە نەخۆشخانەیەكى دوو هەوایە. لە زستاندا هەواى ژوورەكان هێندە گەرم دەبێت نەخۆشەكان ناچار دەبن پەنجەرەى ژوور بكەنەوە، بەڵام رێرەوى نەخۆشخانەى فێركارى هێندە ساردە، مرۆڤ  ناتوانێت یەك چركە لەو ڕێرەوانەدا بمێنێتەوە. دەردى دوو هەوایى نەخۆشخانەى فێركارى و نەخۆشخانەى فریاكەوتن، دەردێكى كۆنە و تاڵەبانیش پێی چارەسەر ناكرێت.

 ئەگەر سەیرى شەقام و گەراجى نەخۆشخانەى فریاكەوتن و فێركارى بكەیت، هیچ شەقامێكى شارى سلێمانى هێندە بە قەرەبالغى  نابینى، هیچ شەقامێكى شارى سلێمانى و قەزا و ناحیەكانى هێندە تاسە و چاڵ و چۆڵى تێدا نیە، لە ماوەى رابوردودا  بەرپرسێكى پرسگەى نەخۆشخانەى فریاكەوتن، بەرامبەر بە برێك پارە مۆڵەتنامەى بۆ ئۆتۆمۆبێلى كاسب و دوكاندارەكانى دەوربەرى نەخۆشخانەش كردبوو، بۆ ئەوەى وەك پزیشك و كارمەندانى نەخۆشخانە، لە پاركى نەخۆشخانە ئۆتۆمۆبێلەكانیان بوەستێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە