ڕوونكردنەوەیەك لەڕاگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى حكومەتى هەرێمى كوردستان ە وە

Tuesday, 19/05/2009, 12:00

1246 بینراوە


لەدوو ڕۆژى ڕابردوودا ماڵپەڕەكەتان هەواڵێكى بڵاو كردووتەوە لەسەرزارى بەناو فەرمانبەرێكى وەزارەت و تێدا چەندین درۆو بوختانى بۆ وەزیرى تەندروستى هەڵبەستووەو باس لەو گرێبەستە دەكات كەلەگەڵ كۆمپانیاى سیمنس مۆركراوە بۆ كڕینى چەند ئامێرێكى تیشك و چەند ئامێرێكى دیكە , هەروادەڵێت گریبَەستەكە نایاساییەو یەك لایەنە كراوە , هەروادەڵێت ئێستا وەزیرى تەندروستى لەسەردەعوەتى كۆمپانیاى سیمنس لەئەڵمانیایە بۆ وەرگرتنى بەشە پارەكەى و چەندین درۆو بوختانى تر .

ئێمە وەك ڕاگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى بەپێویستى دەزانیین ئەم روونكردنەوەیە بدەین و ڕاستییەكان بخەینە ڕوو بۆئەوەى ئەو ناحەزو داخ لەدڵانە خۆر نەكەنە چاوى خەڵك و پرسیارێكیش لە ئێوە ى بەڕێز بكەین كەوا ,

1_ ئەم بەناو فەرمانبەرە كام قاچاخچى ئەم وڵاتەیەو كام ژەهرفرۆشى بێویژدانى ئەم هەرێمەیە كە ساڵانێكى زۆر یارییان بە ژیان و تەندروستى ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیووە دەكرد و هەموو خەڵكى كوردستان و حكومەتیش تاڕادەیەك كەوتبووە ژێر ڕەحمەتى ئەم قاچاخچى و بێویژدانانە .

2_ كاتى ئەوە بەسەرچوو هەندێ لەكۆمپانیاكانى هێنانى دەرمان و ئامێرى پزیشكى بەكەیفى خۆیان یارى بكەن و چۆنیان بوێ واگوزەربكەن و ملیۆنەهادۆلار قازانج بكەن و چ ئامێرى خراپ و دەرمانى خراپ هەیە لەوڵاتان بیهێننە هەرێمى كوردستان .

3_ وەزارەتى تەندروستى و حكومەتى هەرێم لەجیاتى ئەوەى بكەوێتە ژێر ڕەحمەتى ئەو قاچاچاخچیانە , خۆى بەهاوكارى لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك وەزارەتى دارایى و نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیران و بەپێى لیژنەو بەپێى یاسا هەڵدەستى بەكڕینى ئامێرى پزیشكى لە كۆمپانیا ڕەسەنەكانى وەك سیمنس و تریگەرو چەندینى تر ئەوەش چەند سوودێكى هەیە لەوانە ئامێرەكان ڕستەو خۆ لەكۆمپانیاى ڕەسەن بەنرخێكى هەرزانتردەكڕدرێت و خۆیان دەیگەێننە هەرێمى كوردستان و خۆشیان دەیبەستن و بۆچەند ساڵێكیش ئیدامەو سیانە لەسەرخۆیان دەبێت , هەروەها پارەیەكى زۆریش بۆ حكومەتى هەرێمى كوردستان دەگەڕێتەوە .

4_ سەبارەت بە دیكۆمێنتانەى بڵاو كراوەتەوە ئەوە شتێكى شاراوە نییە و ڕەزامەندى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى حكومەتى هەرێمى كوردستانى لەسەرە ئەوەش ئەوپەڕى شەفافییەت و نیاز پاكى وەزارەتى تەندروستى حكومەتى هەرێم دەسەلمێنێ بۆكڕینى دەرمان و ئامێرى پزیشكى لەكۆمپانیا ڕەسەنەكان .

5_ ئێمە پێمان وانییە كەسیش لە ئێمە شارەزاتر بێت و خۆمان و میلەتەكەشمان ناخەینە بەردەستى چەند قاچاخچییەكى نەشارەزاو نەخوێندەوار ئامێرى پزیشكیمان بۆبكڕن , ئەوە سەردەمێك بوو و گوزەشت .

6_ بەشى یاسایى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران دواى تاوتوێكردن ڕەزامەندى لەسەرئەو گریبە ستە داوە و هەربۆدڵنیایى ناحەزانیش ڕۆژى 5/5/2009 وەزارەتى تەندروستى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەئامادەبوونى لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم گرێبەستەى بۆكڕینى ئامێرەكان لەگەڵ كۆمپانیاى سیمنس مۆركردوو لەكەناڵەكانى ڕاگەیاندنیش بڵاو كرایەوە .

7_ هەفتەى ڕابردوو لەسەربانگهێشتى هەرێمى هامبۆرگ ى ئەڵمانیا وەفدێكى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەرەو ئەو وڵاتە بەرێكەوت بەپێكهاتوون لە وەزیرى بازرگانى و وەزیرى تەندروستى و فەرمانگەى پەیوەندییەكانى دەرەوەى حكومەتى هەرێم و سەرۆكى ژورى بازرگانى هەولێر , مەبەستەكەش بۆئیمزاكردنى یاداشتنامەى لێك تێگەیشتن لەنیوان هەرێمى كوردستان و هەرێمى هامبۆرگ , هەروا چەندین خاڵى ترى گرنگى ئەو سەفەرەى وەفدى هەرێمى كوردستان كە ئامێرو كەرەستەى نەخۆشخانەیەكى تایبەت بەخۆڕایى دەدرێتە هەرێمى كوردستان و گفتوگۆ دەكرێت لەسەر دروستكردنى نەخۆشخانەیەكى ژنان و منداڵان لەهەرێمى كوردستان و ڕاهێنانى كادرانى هەرێم بۆ كوالێى كۆنترۆڵ و هاوكاریكردنى هەرێمى كوردستان لەدانانى سستمى دڵنیایى تەندروستى و چەند پرسێكى دیكەى گرنگ .

8_ ئەو درۆو بووختانانەى بۆ وەزیرى تەندروسى هەڵبەستراوە كە لەسەردەعوەتى كۆمپانیاى سیمنس لەوڵاتى ئەڵمانیایە ئەوا ئێمە لەو خاڵەى سەرەوە بۆمان روونكردنەوەو زەقى ئەو درۆشاخدارانەمان خستە ڕوو .
9_ دیارە ئەوە یەكەم درۆو بووختان نییە بۆ وەزیرى تەندروستى هەڵدەبەسترێ و دوا درۆو بوختانیش نابێت , چونكە زۆر لەو قاچاخچى و داخ لە دڵانەى ساڵانێكى زۆربوو بەكەیفى خۆیان كلكیان بادەداو یارییان بە ژیان و تەندروستى خەڵكى دەكرد و چ ئامێرو كەرەستەى تەندروستى خراپ هەیە دەیانهێنایە ئەم كوردستانە ئەمڕۆ كلكیان بڕاوەو جەرگیان داغكراوە , ئەو هاشوهوشەى دەشیكەن بستێك بڕ ناكات .

هاوپێچ وێنەیەك لە دەعوەتنامەكەى هەرێمى هامبۆرگ كە فەرمانگەى پەیوەندییەكانى دەرەوەى حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ ئەندامانى وەفدەكەى ناردووە .
راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى
19/5/2009 .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە