مه‌لای بێ عه‌مه‌ل له 31ی ئابی 2009
Monday, 07/09/2009, 12:00
1716 بینراوە
له‌سایته ده‌ست گێڕه‌که‌ی مه‌لای بێ عه‌مه‌ل(چاو‌دێر)دا ئه‌بوو له‌م ڕۆژه‌دا لانی که‌م مه‌لای بێعه‌مه‌ل وه‌ك وته بێژی یه‌کێتی ئاماژه‌یه‌کی به کاره‌ساتی 31ی ئابی 1996 بدایه که یه‌کێتیه‌که‌ی ئه‌و ده‌م ڕاستێتی، جا به‌باش وه‌یان به‌خراپ گرنگ نیه، به‌ڵکه ئه‌میش وه‌ك نه‌عامه ئاسا له‌م ڕۆژه‌دا هیچ نه‌یوێرا شانی خۆی ئارداوی بکاو شتێ بڵێ ، له‌کاتێکدا یه‌کێتی لایه‌نی غه‌در لێکراو بوو وه‌ئه‌بوو قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر بکردایه، که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌ره‌تای ووتاره‌که‌ی (ئابووری ژێر خان و ئابووری گیرفان)دا باس له‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فونیه له‌گه‌ڵ نێچیری به‌جه‌سته‌و به‌عه‌قل موراهیق سه‌باره‌ت به ئاڵۆزی وگرانی یه‌كگرتنه‌وه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك به‌کارێکی قورس مه‌زه‌نده کراو، له‌ڕاده به‌ده‌ر گرنگ ئه‌کا. مه‌لای بێعه‌مه‌ل که‌خۆی به‌یه‌کێ له داڕێژه‌ران و نووسینه‌وه‌ی په‌یمانێتی به‌ناو ستراتیژی نێوان یه‌کێتی وپارتی ، وه‌یان ڕاستر له‌نێوان (جه‌لال و مه‌سعود) ناو دێنێ، له‌کاتی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه و له‌و ئاسته به‌رزه‌دا هیچ کێشه‌یه‌ك نه‌بوه‌و هه‌موو شتێ به‌ڕێك و پێکی به‌ڕێوه چوه، که‌چی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك که نه‌خاوه‌ن وه‌زاره‌ته‌کان و نه بریکاره‌کانیان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئاغاکانیان نه‌یان توانیوه واژوو له‌سه‌ر هیچ ڕێکه‌وتنێك بکه‌ن، به‌کارێکی په‌رجوویی ئه‌زانێ،، سه‌یره گه‌وره دزه‌کان ڕێئه‌که‌ون ، که‌چی وورده‌ڵه‌کان وانین؟ ڕه‌نگه لای مه‌لای بێعه‌مه‌ل گه‌لێ ئاسته‌م بێ باس له کاره‌ساتی ئابڕووبه‌رانه‌ی پارتی بکرێ له‌م کاته‌دا،که به‌بۆچوونی ئه‌م زاته ڕه‌نگه هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه کاری ناهه‌موارو لابه‌لایی لێبکه‌وێته‌وه، که‌له ڕاستیدا پێچه‌وانه‌که‌ی ته‌واو ڕاسته، له‌به‌رئه‌وه‌ی یاد کردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژو کاره‌ساته ئه‌وه‌نده‌ی به که‌ڵك و قازانجی کورد ته‌واو ئه‌بێ وئه‌بێته هۆی ده‌ست خستنه سه‌ر هۆکاره‌کانی و هه‌وڵدان بۆ لێكدانه‌وه‌و شرۆڤه‌کردنی سیاسی ساغڵه‌م ، که مه‌به‌ست زیاتر لێێ دووباره نه‌بوونه‌وه‌یه‌تی بۆ جارێکی تر کارێکی گه‌لێ پێوست و هه‌نووکه‌ییه، بڕوانه مێژوو، له‌کاتێکدا چه‌ندین ڕووداوی وه‌ك 31ی ئاب و شه‌ڕی ناوخۆ له‌گه‌لێ شوێندا ڕویداوه، وه هه‌موو دۆکیومێنت کراون و باس کردنیش لێوه‌ی قه‌ده‌غه‌و یاساغ نه‌کراوه، شه‌ڕی ناوخۆی ئامریکا له‌نێوان (south & north) به‌چه‌ندین په‌رتووك وفیلمی هۆلیوودو دۆکیومێنتی گرنگ باسی لێوه کراوه‌و که‌سیش شه‌رم له‌و ڕابردوه ناکا له ووروژاندنی، که‌چی بۆ کاره‌ساتێکی وه‌ك 31ی ئاب پێش هه‌موو که‌سێ وته‌بێژه‌که‌یان خۆی لێئه‌کا به‌که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت ودێت له‌و لاوه له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بووترێ شتێکی ووتوه، خۆی له‌بابه‌تێك ئه‌دوێ که‌فڕی به‌سه‌ریه‌وه نیه. مه‌لای بێعه‌مه‌ل هه‌موو کاتێ ویستویه‌تی خۆی له‌هه‌موو بوارێک‌دا تاقی بکاته‌وه‌و ده‌ری بخا که‌چه‌ند چه‌له‌نه‌گ و به‌توانایه، که‌چی ئه‌م بێ حکمه‌ته واز له‌و ئه‌تواره قۆڕه ناهێنێ و وانه له‌ڕابردوو وه‌رناگرێ که چی دی هه‌ڵه‌و چه‌وت به ڕاستی تێنه‌گاو ژێر که‌وتن به سه‌رکه‌وتن لێك نه‌داته‌وه.
هه‌ر له‌کاتی دروست کردنی ئاشه‌که‌یه‌وه تا ئه‌م ڕۆژه مه‌لای بێعه‌مه‌ل ده‌ستی دابێته هه‌ر پرۆژه‌و کارێك ئه‌وا سه‌رکه‌وتو نه‌بوه، که‌چی هه‌ر فێر نابێ و وائه‌زانێ که‌س له‌م ووریا تر‌و زیره‌ك تر نیه. خولیای مه‌لای بێعه‌مه‌ل بۆ کار‌و باری وه‌رزش و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌ناو ئۆڵۆمپی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان وئه‌و کاته‌ی له‌به‌ری قه‌ره‌داغ بوو، به‌تایبه‌تی له دێی(جافه‌ران) ئه‌و کاته‌ی مه‌ڵبه‌ند چه‌ند تێپێکی وه‌رزشی هه‌بوو، وه‌ك تیپی باله‌و تۆپ تۆپێن، به‌تایبه‌تی هه‌ندێ جار له‌شاره‌وه جاره‌و بار هه‌ر بۆ خۆشی ئه‌هاتن بۆ ئێره‌و چه‌ند یاریه‌کیان ئه‌کرد، ئه‌م زاته ناموباره‌که له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکدا بوایه ، توشی دۆڕاندن و نوشستی ئه‌کردن، که‌چی سه‌رباری ئه‌وه‌ش خه‌تاکه‌ی ئه‌خسته سه‌ر براده‌ران وه‌یان ئه‌یوت ساحه‌که‌ی خواره وه‌یان تۆپه‌که‌ی وه‌ك لیمۆی بڵ وایه. بۆیه لاتان سه‌یر نه‌بێ ئه‌م لیژه‌نه‌یه‌ی ئه‌م سه‌رۆکایه‌تی ئه‌کا ، له‌زه‌ره‌ر زیاتر هیچی تریان نه‌چنیوه‌ته‌وه، ئێستا خه‌ریکی ئه‌وه‌یه به‌یارمه‌تی چه‌ند وه‌رزشه‌وانێکی شاره‌که ناوی چه‌ند شوێنێکی وه‌رزشی وهۆڵ بکه‌ن به‌ناوی ئه‌مه‌وه ، هه‌روه‌ك چۆن یارگای هه‌ولێریان به‌ناوی یاریگای فرنسوا هه‌ریریوه نا.
مه‌لا هه‌ر له ڕۆژی دروست بوونی ده‌زگای ووشه‌وه بۆ مه‌به‌ستی ڕۆشنبیرکردنی ڕه‌وشی سیاسی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ، کێچ که‌وته که‌وڵی و له‌سه‌ره‌تادا ئه‌ویست خۆی بکا به قوله‌ی قاف و کاك نه‌وشیروانیش به‌مێرووله، که‌چی له‌مه‌شدا کورتی هێنا و هه‌ستا به‌دورست کردنی سایتێکی ده‌ستگێڕی پوش برنجی وه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا که‌جگه له‌درۆو بوختان هیچی تری تیا شك نابه‌ی، بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه زیاتر له 4 ملێۆن دۆلاری له ئاغای تاڵه‌بانی وه‌رگرتبو ، به‌ومه‌رجه‌ی بتوانێ گورزی که‌مه‌ر شکێن له سایته نه‌یار بوه‌شێنێ و له‌گرنگیان که‌م بکاته‌وه،وه به‌تایبه‌تی ده‌زگای ووشه، که‌چی وه‌ك ئاشکرایه (چاو‌دێر) جگه له‌وه‌ی ته‌نها کاری ڕیز کردنی درۆکان وچاودێری کردن لێیان هیچی تر نه‌بوو، بۆیه ڕه‌نگه ته‌مه‌نی کورت بێ وهه‌روه‌ك ئه‌و به‌ناو ڕێکخراوانه‌ی که مه‌لای بێعه‌مه‌ل نه‌یتوانی بستێ بیان باته پێشه‌وه. ، هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و نه‌مێنێ.
ساڵی پار سه‌رۆکی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ته‌زویرو به‌رده‌وامی هه‌رێم له‌هه‌وڵێك بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی گوشاری هێزی سوپای عێراق له‌ناوچه داگیر کراوه‌کانی کوردستاندا ، ئه‌م مه‌لای بێعه‌مه‌له‌ی کرد به نێردراوی فه‌رمی خۆیی و تا بتوانێ به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزانه ببێته‌وه، که‌چی ئه‌م جه‌نه‌ڕاڵه بێ ئه‌ستێره‌یه جگه له ناوچه‌کانی (دیاله)و ده‌ورو به‌ری(سه‌عدیه‌و شاره‌بان) هه‌ندێ ناوچه‌ی تری گه‌رمیانیش بێ ته‌قه ته‌سلیم به‌هێزه‌کانی سه‌حوه‌و سوپای عێراق کردن، له‌وانه (جه‌باره‌و قه‌ره‌ته‌په) وچه‌ندین شوێنی تر که‌ڕه‌نگه گه‌ر به‌رده‌وام له‌وێ بوایه خانه‌قین وکفری که‌لاریش خۆمان خۆش ئه‌بوو، ئه‌وسا ئه‌بوو له‌جیاتی هه‌ناری شاره‌بان هه‌ناری قووتمان بخواردایه، که‌چی مه‌لای بێعه‌مه‌ل له‌مشدا ، شکست و ڕه‌خنه‌کانی خۆی له نوسه‌ران و ڕۆشنبیران ئه‌گرت و به‌دوژمنی کوردی وه‌سف ئه‌کردن.
له‌م ڕۆژی 31 ئابی 2009 ،مه‌لای بێعه‌مه‌ل هاتوه وه‌ك ئابووری ناسێ خۆی نمایش ئه‌کا، به‌و هیوایه‌ی له‌مه‌دا پێشی مارکس بداته‌وه، هاتوه باس له باروو دۆخی ئابووری کوردستان ئه‌کاو ئاماژه به‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌دا سه‌باره‌ت به‌خزمه‌ت گوزاریه‌کانی که پێشکه‌شی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌یان کردوه(وه‌ك منه‌تێك)، باس له‌وه ئه‌کا که ئاستی خزمه‌تگوزاری چه‌ند له‌پێشه، به‌بڕوای مه‌لای ئابووری ناس گه‌ر به‌راووردێکی نێوان هه‌ریه‌ك له شارۆچکه‌کانی وه‌ك(هه‌ڵبجه، پێنجوین وکه‌لار) له‌پێش ڕاپه‌ڕین ودوای ڕاپه‌ڕین بکرێ، ئه‌وا به‌داتاو ئامار بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که‌وا حکومه‌تی هه‌رێم چه‌ند پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ئانجام گه‌یاندوه بۆ هاوڵاتیان و ئه‌وشارۆچکانه، ئێمه‌ش پرسیار ئه‌که‌ین ئایا دابین نه‌کردنی کاره‌با، ئاو، ئاوه‌ڕۆهه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی هه‌مواندایه له‌ئه‌ستۆی کێدایه‌و که‌موو کوڕیه‌کانی بۆ کێ ئه‌گه‌ڕێته‌وه؟ گه‌ر خزمه‌تگوزاری هه‌بوایه، نه‌خۆشی سه‌ده‌کانی ڕابردووی وه‌ك (کۆلێرا) له‌شارو شارۆچکه‌کانی کوردستاندا سه‌ری هه‌ڵنه‌ئه‌دایه‌وه، ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نیه که‌له‌ماوه‌ی 18 ساڵی ڕابردوو نه‌ك هه‌ر خزمه‌تگوزاری نه‌کراوه، به‌ڵکه پشت گوێش خراوه. وه‌یان ڕه‌نگه لای مه‌لا ئه‌م مافانه‌ی هاوڵاتی گرنگی نه‌بێ وهه‌موان پشت به خوا ببه‌ستین وکه‌ی مردن ئه‌وا ڕۆژیان ته‌واو بوه‌و ئه‌جه‌لیان هاتوه.
له‌هه‌موی خۆشتر مه‌لای بێئیجازه ئه‌ڵێ ئه‌رکی حکومه‌تی نوێ ، جگه له‌و ئه‌رکانه‌ی که حکومه‌تی پێشوو ته‌واوی نه‌کردون ، ئه‌رکی داهاتووشی له‌سه‌ره، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی حکومه‌تی پێشوو به هه‌ردوو حکومه‌ته‌که‌ی (عومه‌ر و عیماد) کاری خۆیان ته‌واو نه‌کردو که‌سیش له‌گوڵ کاڵتری پێنه‌ووتون؟ ڕێگه‌ی نێوان سلێمانی و دوکان وه‌ك بۆبه‌ری نمونه‌یه‌کی پرۆژه‌ی گشت کابینه‌کانی (کۆسره‌ت، به‌رهه‌م پاشان عومه‌ر و عیماد) ئه‌م پرۆژه‌یه تا ئێستا زیاتر له 17 بودجه‌ی به‌رده‌وامی بۆ ته‌رخان کراوه‌و تا ئیستاش ته‌واو نه‌بووه. هه‌روه‌ها حکومه‌ته داهاتوه‌که‌ی دکتۆری بێ به‌رهه‌م که‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌کا هه‌ر هه‌مان حکومه‌تی پارتی و یه‌کێتی نابن تا له‌داهاتووشدا تووشی هه‌مان هه‌ڵه‌و گێرۆده‌ییمان بکه‌ن؟ ئه‌وه چی له‌مپه‌رو ئاسته‌نگیه له‌ڕێدا بوون تا حکومه‌تی پێشوو نه‌توانێ کاره‌کانی ته‌واو بکا؟
مه‌لای بێعه‌مه‌ل له‌ئێستاوه خه‌ریکی پرۆڤه‌کردنه بۆ ڕۆڵی ئۆپۆزیسێۆن و ئه‌ڵێ پێوسته حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵێ چاره‌سه‌ر بکا، ئه‌بێ شه‌فافانه کار بکاو کۆی سیستمی حکومڕانی بگوڕێ، ئێمه‌ش ئه‌ڵێین تۆ بڵێ ی له‌ناو پارتی و یه‌کێتی که‌سانی وا شاره‌زاو به‌توانا هه‌بن باس له‌گۆڕینی سیستم وده‌موچاوه‌کان بکه‌ن؟ ئه‌زموونی 18 ساڵه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌و ڕاستیه ده‌رئه‌خه‌ن که ئه‌م حکومه‌ته‌ش له‌وانی تر باشتر نابێ و ڕه‌نگه هه‌ر له‌ئێستاوه بودجه‌ی ساڵی 2010 شی فت کردبێ.
مه‌لای بێچاره ئه‌یه‌وێ لیستی گۆڕان ته‌نها به‌لیستێکی ده‌نگه ناڕه‌زاییه‌کان ناوزه‌ند بکاو ئه‌و هه‌موو کێشه‌و قه‌یرانه سیاسیانه‌ی ڕابردوو وه‌ك پرسی ماده‌ی 140 ی به‌سه‌رچوو، سنوور به‌زاندن وتۆپبارانکردنی به‌رده‌وامی هه‌ردوو وڵاتانی تورکیا‌و ئێران بۆ سه‌ر گونده‌کانی کوردستان و، داکۆکی کردن له تاوانبارانی ئه‌نفال و ئازادکردنی فڕۆکه‌وانی هێرشی کیمیایی بارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌وانی تر له‌و هه‌موو تاوانانه‌ی ئاغاکانی له‌بیر خه‌ڵکی بباته‌وه‌و قه‌واره‌ی لیستی گۆڕان بچوك بکاته‌وه، تێنه‌گه‌یشتن ونه‌زانی مه‌لا له‌وه ده‌رئه‌که‌وێ که نازانێ نه‌زانه.
پێشه‌کی ئابووری ژێر خان بریتیه له ئابووری داهات به‌هه‌ر دوو شێوه‌که‌ی (خۆماڵی وده‌رکی) وه‌ك په‌ره‌پێدان به‌که‌رتی کشتوکاڵی و پشت به‌ستن به‌کاڵای به‌رهه‌م هێنراوی ناوخۆ، ڕه‌نگه دروست کردنی ئه‌م جۆره ئابووریه لایه‌نی تریش بگرێته‌وه، هه‌روه‌ك دروستکردنی کارگه‌و سیستمی باج و هه‌نارده‌و هاوورده‌و شتی له‌و جۆره، لێ له‌هه‌موی گرنگ تر ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری ژێرخانت هه‌بێ پێوسته بازاڕت هه‌بێ، بۆ ساغ کردنه‌وه‌ی شمه‌ك، ئه‌شێ هه‌ندێ جار به‌رووبومه خزمه‌تگوزاریه‌کانیتش ببن به‌به‌شێکی گرنگی ئه‌م جۆره ئابووریه ، ئه‌گه‌ر چی حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی که‌مێ له‌داهاتن لێی. مه‌لای ئابووری ناس ئه‌ڵێ خه‌ڵکی ئه‌وه‌نده‌ی بیر له ئابووری گیرفان ئه‌که‌نه‌وه، چی دی بیر له‌ئابووری ژێرخان ناکه‌نه‌وه، به‌مه‌ش مه‌لای تازه تێۆرناسی ئابووری ئه‌یه‌وێ خه‌تاو که‌موکوڕی وهه‌ڵه‌کانی داته‌پانی ژێرخانی ئابووری کوردستان وئاوه‌دان نه‌کردنه‌وه‌ی لادێکان له‌سه‌ر ئه‌ستۆی حکومه‌ت لابباو بیخاته سه‌ر شانی گه‌ل ولادێی قوڕبه‌سه‌ر. ئاخر له‌کوێی زانستی ئابووریدا هه‌یه که (ئابووری گیرفان له ئابووری ژێر خان گرنگ تربێ؟) . چۆن ئابووری گیرفان دروست ئه‌بێ ، تا ئابووری ژێر خان نه‌بێ، له‌کوێ مرۆڤ سه‌رمایه‌ی که‌ڵه‌که کردوه، تا نه‌یتوانی بێ سه‌رمایه‌ی ژێر خانی له‌ژێر چه‌نگدا بوبێ؟ مرۆڤ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه توانیوه‌یه‌تی که‌ڵك له ئابووری ژێر خان وه‌ربگرێ وبیگۆڕێته سه‌ر ئابووری گیرفان، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك مه‌لا باسی لێوه ئه‌کا. بۆیه جێی خۆیه‌تی ئه‌م جاره‌ش له‌م هه‌وڵه تازه‌یه‌ی مه‌لا هه‌ڵوێست وه‌ربگرین و به‌بێ بایه‌خ سه‌یری بکه‌ین ، چونکه ئه‌زانین ئه‌م مه‌لایه ده‌ستی دابێته ئاڵتونیش کردویه‌تی به ته‌نه‌که و شتی بێ نرخ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست