سەدەی کارەسات ١٤ ڕووداوه‌کانی 1979/ 1984ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Monday, 15/11/2010, 12:00

1935 بینراوە


سەرەتایەکی پێویست:
پاش ڕووخانی ڕژیمی پەهلەوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە هیوای گەیشتن بە ئازادی لا بەرز ببووە، رێکخراوەکانی کورد دەرفەتێکی دیکەی مێژووییان دەست کەوت، بەڵام دیسان تووشی شکستی سیاسی و نیزامی هاتن و خەڵک بۆ ماوەی ٣١ ساڵ تا ئەمڕۆ کەوتە ژێرباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و دەروونی گەلێک ئاڵۆز و دژوارەوە.
ئەوەی کە کورد نەیتوانیوە تا کو ئێستا بە هیوای خۆی بگات لە هێنانە گۆڕێی پرسیار چۆتە دەرێ و بۆتە گرێی فکری و بگرە رەوانی و دەروونی. بیرکردنەوەکان، رێگاچارەکان لە دەور و سەردەمەکاندا شقڵی دوبارەبوونەویان پێوە دیارە، لەم بەینەدا دەستبردن بۆ چەک و خۆبواردن لە چەک وەک دوو بیر و دوو سیاسەت پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ساڵ دیسان تازە دەنوێنێ و لەم ساڵانەدا بە گەرم و گوڕی باسی لێوە دەکرێ.
ئایا گرفتی سەرەکی جوڵانەوەی کورد لە باسی چەک و نە چەکدا گردوکۆ دەبێتەوە؟ یان قوولتر و بەرینتر دەنوێنێ و ئێمە هان دەدا بۆ ئەوەی بە شوێن پرسیار وەڵامەکاندا بگەڕێین. وڵامی پرسیارەکانی جوڵانەوەی کورد لای کێیە؟ ئایا ئەوانەی "سیاسی کورد" بوون و بە حەق یان ناحەق جڵەوی جوڵانەکەیان کەوتە دەست، سیاسی و لێزان و لێوشاوە بۆ کاری سیاسی و بۆ ئەو بەرپرسیارەتییە بوون، کە کەوتە ئەستۆیان؟
داهاتووی ئەمڕۆ و دواڕۆژی جولانەوە و چارەنووسی کورد بە کوێ دەگات؟ ئەوانە و زۆر پرسیاری دیکە دایم لە مێشکی ئینسانی بیرکەرەوەی کورددا دێت و دەچێ. وڵامی پرسیارەکان کێ دەیداتەوە و کێ دەبێ بیداتەوە؟ من ڕۆژی 21/7/1989 له‌ شاری کۆڵن ماڵی 101 شه‌قامی به‌رلین،بۆ ماوەی یەک هەفتە دەیان پرسیارم ڕووبەرووی مامە غەنی بلوریان کردەوە، ئەو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسی یەکەمی حزبی دێموکراتی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، ئەو کە زیاتر لە ٦٠ ساڵ لە تەمەنی لە زیندان و ئاوارەگیدا تێپەڕی، بێ ئەوەی سەرەتایی ترین حەز و خۆزگەکانی بێتە دی، پێش ئەو بە سەدان و هەزارانی دی هەر وەک ئەویان بەسەر هات.
ئایا مێژووی کوردانی سیاسی و جوڵانەوەی کورد هەر دەبێ دووبارە و دووبارە بێتەوە، یان دەبێ کورد لەو جەغزە خۆی دەرباز بکات و مێژووی خۆی و سیاسەتی لایەنەکانی سیاسی تاوتۆ بکات و بە ئامانجێکی ڕوون و سیاسەتی سەردەمیانە مافەکانی مسۆگر بکات.
گفت و گۆی من و مامە غەنی لە سەردەمێکی ئاڵۆزی سیاسی ناونەتەوەیی و ئاڵۆزتر بە نیسبەت کورد دا پێک هات. مامە غەنی ئەو دەم لە هەمان کاتدا کە بەرپرسی یەکەمی پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی توودەی ئێرانیش بوو.
دەقی هەموو گفتوگۆکە بۆ یەکەم جار لە کتێبێکدا بە ناوی "سەدەی کارەسات" ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن "بنکەی ژین"ەوە لە سولەیمانی چاپ و بڵاو کرایەوە. مامە غەنی لەو گفتوگۆیەدا کە زۆر جار ئاڵۆزی تێکەوت و هەر دوو لای گفتوگۆکە هەڵدەچوون، بیروباوەڕی خۆی دەهێنێتە سەر زمان و ئەنگوست بۆ هەڵەکانی خۆشی ڕادەدێرێ، هەرچەند ئەو کات لە سەر زۆرێک لە هەڵەکانی سیاسی خۆی پێ دادەگرێ و ئەستۆی ناگرێ. ئەم گفتوگۆیە لە زۆر لایەنەوە تەواو بە پێچەوانەی ئەو باسانەیە کە لە زمانی مامە غەنیییەوە بە ناوی ئاڵەکۆک نووسراوە و چەند ساڵ دوای ئەو گفتوگۆیە بڵاو کراوەتەوە. ئەوەی جێگای بیرلێکردنەوەیە زۆربەی ئەو کتێبانەی کە بە ناوی بیرەوەری سیاسی لە لایەن کاربەدەستان و کادرەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نووسراون و بڵاوکراونەتەوە چەشنێک لە ئاڵەکۆک نووسین بوون و هەن و مەسڵەحەت پێشی بە درکاندنی ڕاستی ڕووداوە سیاسییەکان گرتووە، هەر بۆیە ئەرکی مێژوونووسان و توێژێنەرانی ئەو بوارە هاسان نییە و کارێکی دژوار لە سەر ڕێ نەوە و بەرەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژە بۆ ساخکردنەوەی مێژووی نووسراو بە دەستی کوردانی حزبی مەسڵەحەت تەڵەب.
مێژوو گێڕانەوەی یەک لایەن نییە و ڕاستییەکان لە لای چەند کەس و چەند لایەن کۆ نەبۆتەوە، باس کردنی هەمە لایەن هەم لە سەر ڕووداوەکان و هەم لە سەر دەورو ڕۆڵی کەسان و حزبەکان پێویستە، من لێرەدا باسەکانی تایبەت بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەور و ڕۆلی حزبی دێموکرات بڵاو دەکەمەوە، مەبەست یەکەم بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاگاداربوون لە بۆچوونەکانی غەنی بلووریان و دۆستانی لە مەڕ خەباتی کورد و دووهەم پەرەپێدانی دیاڵۆگی زیاتر و جیددی و قووڵترە لە نێوان لێزان و پسپۆڕ و شارەزایان و هەموو ئەوانەی بەشداری جوڵانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوون و هەن. ئەم باسە لە ٦ بەشدا بڵاو دەکرێتەوە و ١٤ بەشی پێشتری دەکرێ لە ماڵپەڕی بۆکاندا http://www.bokan.de بخوێندرێتەوە کە مێژووی حزبی دێموکرات لە سەرەتاوە باس کراوە. ئەوەش دەبێ بگوترێ ئەم گفتوگۆیە لە زۆر شوێندا پڕ لە گێرە وکێشە بووە، هەر بۆیە بەشێک لە ڕاستیەکان دەردەخات و کۆمەڵێکیش لە تارماییدا دەهێڵێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە