كوردستان بردیەوە، بەس بۆ سیاسیەكان دەدۆڕێن.؟!!

Sunday, 10/06/2012, 12:00

1365 بینراوە





كورد ماوەى چەندان ساڵە لە دۆخێك دەگەڕێت بۆ ئەوەى بتوانێت هەناسەیەكى سەركەوتن و دوركەوتنەوە لەژێردەستەى برەخسێنێ، هۆكارەكانى ئەو ژێر چنگ كەوتنەوە بەشێكى گەورەى لەئەستۆى خەڵكانێكى دەرهاویشتەى كۆمەڵگا كوردیەكە بووە، بەوەى لەپێناو دەست خستنى هەندێك لایەنى مادى بوونەتە ڕێگر و دواتر هاوكارێكى دوژمنەكانى كورد بۆ لەت بوون و لەناوبردن و كوشتن و قەتڵ و عامكردنى كورد بەڕێگەى ئەو هاوزمان و هاونیشتمانیە خیانەتكارانەوە، هەر لەمیرنشینەكانەوە بگرە خەریكى تەقاندنەوەى بارەگاكانى خۆیان بوون تاكو شۆڕشى شێح مەحمود و دواتر هاوكارى ڕژێمى بەعس و تورك و ئێران و هەندێكى وڵاتى ڕۆژئاوا و ناوەڕاست، كە ئەمانە بەشێكى گەورە بوون لەو زیانانەى تا هەنوكە دابەشكراوە بەسەر هەر تاكێكى هەر چوار پارچەكەى كوردستان.

لێ ئەوەى گرنگە ئاماژەى بۆ بكرێت ئەوەیە بۆچى كورد ئەمانە وەك دیمەنێكى مێژوى لەبەرچاو ناگرێت و كارى لەسەر بكات، بۆ ئەوەى دیسان لەسوڕانەوەى ژیان و مێژوماندا نەگەینەوە ئەو خاڵانەى بونەتە زیان بۆ كورد و خاكەكەى، دواتر ئەو جاشانەى كورد كە خەباتكارى دوژمنانن چۆن دەتوانن كار لەگەڵ خەڵكانێك بكەن ئامادەبوون بۆ لەناوبردنى كورد بدەست و هاوكارى ئەوان لەكاتێكدا بێ جیاوازى تەماشى حەدەسەكان كراوە، لەلایەكى ترەوە بەشێك لەزیان و خیانەتەكان كە ڕووبەڕووى كود كراوەتەوە سیاسیەكان بوون، كە خەڵكێكى زۆریان تێدایە تا هەنوكە بەردەوامە و ئەخلاقى مرۆڤایەتى و وێژدانێكى مردوى ڕێگەى پێ دەدات و ئامادەیە، هەموو ئەم وڵاتە بفرۆشێت و بیكاتە یەك دۆلارو بینێتە ئەو گیرفانەى هەمیشە پڕكراوە بەپورى خیانەت لەنەتەوەو هاونیشتمانیەكان.

لەڕوانینێكى سیاسیەوە بۆ ئەوانەى خۆیان بەخاوەن و سەركردایەتى كردنى كورد كردوە، دەكرێت هەندێك پرسیار بكەین، ئاخۆ ئەم پیاوە سیاسیانە لەگۆڕەپانەكەدا بەچ ئامانجێك دێنە پێشەوەو قەد بیریان لەسەركەوتن كردۆتەوە؟یان بەیەكسان بوون ڕازى بوون بۆ پاراستنى كەرامەتى تاكى كورد؟یاخود هەمیشە بەو نیازەوە لەگۆڕەپانەكەدا بوون كە سەركەوتن بۆ دوژمنەكانى كوردبێت لەپێناو مانەوەو دەستكەوتى بەرژەوەندى خۆیان وەك نوخبەیەكى نەخۆشى بێ سەقافەوە لەیاریەكاندا بەشدار بوون، دەكرێت بپرسین ئەرێ ئەوە راستە دەڵێن هەمیشە یارى كردن بردنەوەو دۆڕانى تێدایە؟ ئەمە گومانى ناوێت بەڵێ، بەڵام ئەوەى جێگەى تێڕامانە ئەم پیاوە سیاسیانەى كورد هەمیشە و بەردەوام تەنها دۆڕاندنیان بۆ كورد دەستەبەر كردوە لەم كارو یاریە سیاسیەى لەسەر ئاستى ناوخۆو دەرەوەش دەیخوڵقێنن، بۆیە دەكرێت بڵێین گرفتەكە عەقڵى سیاسیەكانە لەو ئاستەدا تەنها بەرژەوەندى خودى پێوەر بێت، نەك بەرژەوەندى گشتى میللەت، یاخود ئەمان دەبێت هەمیشە لەخزمەت و لەژێر هەیمەنەى یاریزانە سیاسیەكانى وڵاتانى دەوروبەربن و ئەمان تەنها وەسیلەبن بۆ گەیشتن بەئامانجەكانى ئەوان نەك خۆیان و كوردستان.

ئەوەى جێگەى سەرنج و مایەى گەشبینیە ئاست و تواناى بوارى وەرزشى و بەتایبەت هەڵبژاردەى كوردستانە لەو ئاستەدا توانى ئەو لەگۆرەپانەكاندا تەمسیلى كورد بكات لەبوارەكەدا، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچى تائێستا سیاسەكانمان نەتوانیویانەو نە دەشتوانن خۆیان لەو كۆیلایەتیە رزگار بكەن كە بونەتە هۆكارى بەدەستهێنانى ئامانجەكانى هیزى دەرەوەكى، لەدەرەوەو ناوەوە كوردستان؟بۆیە بەم وێنەو كارانەى ئێستا و پێشوتریشیانەوە تروسكاى ئومێدێك بەدى ناكرێت بۆ سەندنەوەى مافەكانى كورد بەتایبەت لاى دراوسێكانى وەك ئێران و توركیایە، كە ئەمە لەكاتێكدایە یاریزانانى كورد بەسەركەوتنى(2-1) گۆڵ سەركەوتن و لەسەنگەرەكانیان هاتنە دەرەوەو دڵنیایەم دڵى زۆربەى ئێوەى سیاسى و خەڵكى رۆشنبیر و هەمو چینو توێژەكانیان خۆش كرد، ئەى بۆ ئێوە نابنە سەنگەرى بەرگرى لە خاك ومیللەتى خۆتان و بەرژەوەندیەكانی ئەم وڵاتە بكەن؟ لەبرى ئەو هەموو نارەزایانەى ئێستا هەموان تەماشاكەرى ئێوەبن لەكارەكان و جەماوەرێكى لەو شێوەیە بۆ كوردستان و سیاسەتەكەتان بەر جەستە بكەن، نەك ئەوەى ئێستا دیسان بێنەوە ئەم دەستكەوتە وەرزشیە بخەنەوە بەردیدەى خەڵكى كوردستان و دەرەوە كە بەسەركەوتنى حزبى خۆتانى ئەژما بكەن، بۆیە دەكرێت بڵێین واز لەم كلتورى بیركردنەوە تەسكە حزبیە تان بهێنن، بۆ ئەوەى خەڵكى بەبێ فشارو هەرەشەو كڕین بهێننە سەرجادەو شەقامەكان، هەروەك لەوەى دەبینرا لەپاش یاریەكەو ئەو حەماسیەتەى هەبوو بۆ یاریزان و هەڵبژاردەكە، لەبەر ئەوە دەڵێم خۆشتان زۆربەتان ئامادەى یاریەكەبون و بینیتان خەڵكى چەندە نەتەوەى و راستگۆیە لەگەڵ ماندوبونێك كە بەرژەوەندى هەموان و میللەتى كوردى تێدابێت، بۆیە دەكرێت پەندێك لەم جۆرە كارانە وەربگرن یان هەركارێكى تر كە جەماوەرى كوردستان چەندە پەرۆشى خاك و ناساندنى نەتەوەكەیەتى، ئێوەش دەكرێت لەتونێلێكى نوێوە دەست پاك بكەنەوەو بێنەوە ناو جەماوەر بۆ ئەوەى ماف و ئیمتیازاتى كوردستان بۆ خەڵك و خۆیان بێت، وەك لەوەى بۆ نوخبەى سیاسى و شەریككردنى دەرەوەبێت، بەو ئومیدەتان دەبەخشین، بەڵام چاوەڕوانى لەم كارە ڕەنگە گەلێك قورس بێت بۆتان.!!!!!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە