دەستدرێژیە 6كەسەكەى هەولێر بۆ سەر كچە16ساڵیەكە سیناریۆ بوو؟

Saturday, 11/01/2014, 12:00

1497 بینراوە






ئەوەى لەم هەرێمە دەگوزەرێ مرۆڤ لەئاقاریدا دەستەوسان دەبێ و نازانێ چ گوزارشتێك بۆ شتەكان بكات نەخاسمە جام بشكێ بەڵام نەزرینگێ بنەمایەكى گرینكە تا ڕووى ڕاستەقینەى ڕووداوەكان نەشێوێندرێ و بەلاڕێ نەبردرێت.

ئەوەى لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەهەولێر ڕوویدا هەموو مرۆڤێكى خودان ویژدانى هەژاند تا ئەو ئاستەى بۆ وتاری ڕۆژی هەینى مزگەوتەكان بەشێكى زۆری مامۆستایانى ئاینى لەسەر ئەم بابەتە بوەستن.

خەڵك دادەمێنێ و دەتاسێ كاتێك گوێبیستى ئەم چیڕۆكە خەماویە دەبێ و وروژان و گەورەكردنى بەردەوامى میدیاكانیش هێندەى دیكەى هەیمەنە و ئەو ڕابردووە پڕ سەروەرییەى دیرۆكى هەولێری ناشیرین كرد بەوەى كاتێ باس لەشاری هۆلاكۆبەزێن دەكرا، دەوترا: هەولێر شاری میواندۆست و غەوارەیە، شاری داڵدەدانى لێقەوماوانە و باوەش بۆ هەموو ئەوانە دەكاتەوە كە تووشی دەربەدەری و ناسۆری و ناخۆشیەكانى ژیان دێن.

وەلێ ئەفسووس ماوەیەكە لێرە و لەوێ خەڵكانێك هەن بەهەوای هەوەس ئەو ڕووداوە نەخوازراوە چاوەڕوان نەكراوە بە سیناریۆ دەزانن گوایە ئەوانەى ئەو كچە تەمەن16ساڵیە سوریەیان ڕفاندووە سێ برا بوون، لەناویاندا یەكێكیان دوو ژنى هەیە، پاش ئەوەى ئەو كچە لە سۆپەر ماڕكێتێكى گەڕەكى كوردستان دێتە دەرەوە، ئەوان بۆ شوێنێكى نادیاری دەرەوەى شاری دەبەن، دەیبەنە نێو خانوویەك، لەلایەكەوە كچە بەتەلەفۆن كەس و كاری ئاگادار دەكاتەوە، لەلایەكى دیكەوە ئەوسێ برایەش بەتەلەفۆن بانگى سێ برادەری دیكەى خۆیان دەكەن تاوەكو ئەوانیش لەو دەستدرێژیە سێكسیە بەشداربن، لێرەدا ئەو خەڵكە وەكو ئەوەى ببێتە بنێشتە خۆشەى سەر زاریان بێ پەروا باس لەچەند پرسیارێكى بێ وەڵام دەكەن، بەوەى چۆن دەرفەتیان بەو كچە دا ئەو تەلەفۆنە بكات؟ گریمان ئەوە تەلەفۆنى كرد، ئەى چۆن توانى و زانى ناونیشانى ئەو شوێنە بدات كە ڕەنگە لە ژیانیدا نەبینیبێت و نە دوور و نزیك بۆی چووبێ؟ كەواتە حیكمەت چیە لەكاتێكدا بەشەش كەس لاقە و دەستدرێژی بكەنە سەر كچێك، كەچی ئەنجامى پشكنینەكان ئەوەمان پێ ڕابگەیەنێ كە ئەو كچە پەردەى كچێنى لەدەست نەداوە، لەوەشدا دەستى پەنجە بۆ حكومەت ڕابكێشن گوایە دەیەوێ لەدروستكردنى ئەو سیناریۆیەدا پەیامێك بە كوردەكانى سووریا بدات كە خزمەتكردن تەواوبوو، دەبێ لەمەودوا باروبنەتان تێكنێن و بۆ زێدى باب و باپیرانتان بگەڕێنەوە، ئێوە بوونەتە بار بەسەر حكومەت و دابینكردنى ژیان و گوزەرانیان لەم هەل و مەرجەدا ئەستەم و دژوارە و بڕە بودجەیەكى باشی گەرەكە.

خەڵكى ئێمە بۆ دروستكردنى سیناریۆی لابەلا ئازایە، گوللەنان بەتاریكیەوە گوناهێكە دەرهەق بەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى حكومەت دەكرێ لەكاتێكدا ئەو ڕووداوە كەم تا زۆر پەیوەندی بەسیاسەتى حكومەتەوە نیە و حیكمەت لەوەدا چیە ئەگەر وابزانین بە كارێكى لەو چەشنە ئاوارەكان سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەگەڕێنەوە.

من بەش بەحاڵی خۆم خوێندەنەوەم بۆ ئەو ڕووداوە:

یەكەم: گەرمكردنى بازاڕەكانى میدیا بەو جۆرە هەواڵانە بەهەڕەشە دەزانم بۆ سەر ئەمنى قەومى، لەوەشدا دەكرێ بابەتەكە بوروژێندرێ بەڵام ئەوهای گەورە نەكەن كە بۆ سومعەى هەرێمەكان لەدەرەوە ڕەنگدانەوەى خراپی هەبێت، مەبەستم لەو قسانە ئەوە نیە چاو لەو بابەتانە بپۆشرێ كە حاڵەتەكە ئەگەر بۆ ئێرە شتێكى تازەبێ ئەوە بۆ دەرەوە شتى وا ناوە ناوە ڕوو دەدات و ڕێكاری ئاسایی لەبەرانبەر دەگیرێ، ئەگەرچی ناكرێ ئێمە خۆمان بە موسڵمان و بەمرۆڤ دەزانین لەئاست ڕووداوێكى لەو چەشنە بێ دەنگی هەڵبژێرین.

دووەم: پێوێستە ڕێكخراوەكانى تایبەت بە توند و تیژی دژ بەژنان و ئافرەتان و خوشكان و..هتد، ڕۆڵیان لەو كەیسەدا هەبێت كە ئەوانەى بەم كارە هەستاون بەسزای عادیلانەى خۆیان بگەیەنن تا ببنە پەند بۆ هەموو ئەوانەى بیانەوێ كاری قێزەونى لەو جۆرە دووبارە بكاتەوە.

سێ یەم: ڕاگەیاندنەكان نەیانتوانیوە وردەكاریەكان بەجوانى ڕووماڵ بكەن كە هەقیقەتى ڕووداوەكە چۆنە و چۆن نیە و سیناریۆكان لەكوێی ئەو قسانەدایە كە ئێستا لێرە و لەوێ بووەتە بنێشتە خۆشەى سەر زاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ڕوونكردنەوەیەكى كەم بترازێ بەرچاوڕوونیان نەداوە تا ڕووى ڕاستەقینە و هەموو ئەو تەم و مژانەى قسە و قسەلۆكەكان بڕەوێنێتەوە كە لێرە و لەوێ خەڵكانێك بەهەوای هەوەس بازاڕی خۆیانی پێ گەرم دەكەن.

چوارەم: ئەوانەى ئەو ڕووداوە بە سیناریۆ دەزانن، هەر قسەیەكى بیكەن درۆیەكى شاخدارە و بابەتێكى هەستیاری وەك دەربەدەری و ئاوارەیی كوردەكانى سوریا زۆر لەوە گەورەترە بێین بەرتەسكى بكەینەوە لەچوارچێوەى سەرگوزشتەیەك كە لەلایەن چەند كەسێكى بێڕەوشت و لادەر پیادە دەكرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە