تۆڵە بەسەبرە ئەممان بەزەبرە، تٶڵەکردنەوەیەکی هێمنانە

Friday, 12/12/2014, 12:00

1955 بینراوە


دوای ٧ مانگ لەکۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و لێکنزیکی کێرڤی دەنگەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆتا هەڵوێستی چاوەڕواننەکراوی ئیسلامییەکان (لیستی خزمەت) دواتریش دەستپێکردنی گەڕی دانوسانەکانی گۆڕان و یەکێتی لەسەر پرسی پارێزگای سلێمانی دەرئەنجام ڕێکەتنی ١٢/٩ی نێوان گۆڕان و یەکێتی لێ لەدایک بوو.
ڕێککەوتنێک تاڕاددەیەک نیگەرانی گۆڕان و گۆڕانییەکانی لێکەوتەوە لەلایەک و دڵخۆشی یەکێتیی و یەکێتییەکانی لێکەوتەوە، بەدێوێکی تریشدا گٶڕان و لایەنگرانیان دڵیان بەوە خۆش بوو کە لە%٤٠ پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەکەوێتە دەست گۆڕان و نیگەرانی خودی سەرکردەکانی یەکێتیش لەوە بوو کە نزیکەی لە %٦٠ی پۆستەکان لەدەستدەات بە پێکهێنانی ئەم حکومەتە خۆجێییە.
ئیسلامییەکانیش لەبەر ناکۆکییەکانی خۆیان و یەکنەبونی هەڵویستەکانیان لەسەر یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە دواجار نەیانتوانی کارتی فشاری یاسایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئینجا لەژێر هەر فشارێکدا بوبێت، بە وتەی خۆیان نەکەوتنە هیچ بەرەیەکەوە، بەردەوام پەرۆشی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی-یان بوو! ، بەڵام هەڵوێستەکەیان بەناڕاستەوخۆ خزمەتێک بوو بۆ لیستی سەوز و ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی گۆڕان، ئەم هەڵوێستەشیان جگە لەلاوازکردنی پێگەیان ناڕەزایی بەشێکی زۆری کادرانی خوارەوەی ئەو حزبانەی لێکەوتەوە تا کار گەیشتە ئەوەی ناڕەزایی توندی کادیرانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت لەناو یەکگرتوی ئیسلامی، چونکە ئەم هەڵوێستەیان لەگەڵ گوتارو پرەنسیپی حیزبی و بانگەشەکانیاندا نەدەگونجا، لەم یاریکردنەدا ئیسلامییەکان سەنگی خۆیان وا سوک کردبوو کەچەند جارێک وتیان دەنگەکانی ئێمە پرسی پارێزگاری سلێمانی یەکلایی ناکاتەوە.
لەم سەروبەندەدا حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک یەکلاییکرانەوە، یەکێتی لەو پۆستانەی کەبەبەشی خۆی دەزانی بێبەشکرا تا ئێرە دوو لایەنە هاوپەیمانەکەی ئێستای ناو پارێزگای سلێمانی خۆیان بە غەدر لێکراو دەزانی یەکێکیان لەسلێمانی و ئەوی تریان لە هەولێر.
ڕۆژ ڕۆژی ئیسلامییەکان بوو بۆ ئەوەی لەم بۆشاییەدا سیاسەت بکەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەنگدەرانیان بەڵام نەیانکرد !
ئەم هەڵوێستەی ئیسلامییەکان بایەخ و سەنگ و قورسایی ئیسلامییەکانی لای خەڵک و لایەنگرانیان و دوو هاوپەیمانەکەی ئێستای ناو پارێزگای سلێمانی زیادنەکرد، چونکە ئیستحقاقێک کەپێشتر ئیسلامییەکان لەدەست خۆیاندا بوو دیاری بکەن ئێستا لەبەردەستی ئەم دوو هاوپەیمانە نوێیەدا لەئاست چاوەڕوانیەکانی ئەواندا نابێت، ئیسلامییەکانیش نابێت ئەو قسەی خۆیان بیر بچێت کەدەیان وت (ئێمە تەنها ئامانجمان ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتییە).
ڕێککەوتنی ١٢/٩ کەچەند شەو و ڕۆژێک سیاسییەکانی گۆڕان و یەکێتی ڕەشنوسیان کرد بەبێ لایەنەکانی دیکە، جگە لەوەی کەڕێککەوتنێکی نوسراوی سەرکاخەزە چەند ئاماژەیەکی ڕون و ئاشکرای تێدایە بۆ پارتی و ئیسلامییەکان، بەتێپەڕبونی کات و بەهێواشی تٶڵەکردنەوەیەکی ئاشکراو ڕون هەستپێدەکرێت لەلایەن گۆڕان بەرامبەر ئیسلامییەکان لەپای هەڵوێستەکانی ڕابردویان، هەروەها تۆڵەکردنەوەی یەکێتییە لەپارتی بەوەی کە (بەچ لۆجیکێک هەولێرو دهۆک هی خۆت و سلێمانی هی هەمووان).
بۆیە لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی پێشویان هاوپەیمانە کاتییەکەی ئیسلامییەکان و هاوپەیمانە کاتییەکەی پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەدابەشکردنی پۆستەکان وەک پێویست فریایان نەکەوتن و بۆڵەی ئیسلامییەکان دەستی پێکرد.
- پرسیار ئەوەیە ئیسلامییەکان دوای چی و لەپێناو چیدا هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا بەجێدەهێڵن و نیگەرانن، کەلەڕابردودا نەیان توانی خاڵێک بخەنە سەر پیتەکان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە