ڕاستى نێو زیندانیەكانى دەسەڵاتى پارتى - بەشى حەوتەم

Sunday, 20/03/2011, 12:00

1654 بینراوە



گرتن و سیناریۆ دروست كردن لەلایەن ئاسایش و پاراستن

زیندانیەكى دۆزەخى پارتى :
لەسەرەتاى ساڵى (2000)ەوە تاكو ساڵى (2008) دەزگائەمنیەكانى پاراستنى پارتى لەشارى هەولێر حەملەیەكى زۆر گەورەیان ئەنجامدا چەندەهاكەسیان دەستگیر كرد بەناوى پارستنى هەولێر و بەهانەى تیرۆر.ئەم كارەشیان بەدەرنەبوو لەگرتنى منداڵ و ژن و پێرەمێرد،بۆنمونە لەناوشارى هەولێر خێزانێكیان بەكاملى دەستگیر كرد بەبێ هەبونى بەڵگەو بەبێ بڕیارى دادگا تەنانەت زاواكەشیان گرتن دوواى چەندین مانگ لە ژوورەوە ئینجا ژن و منداڵەكانیان ئازاد كرد،بەڵام دوواى پێنج ساڵ ئینجا پیاوەكانیان ئازاد كرد،بێ ئەوەى داواى لێبوردنیشیان لێبكەن بەهۆى ئەوەى چەند ساڵیكە لەزیندانیان كردونەو ئەشكەنجەو ئازاریان دانە.
لەسەدا نەوەدو پێنجى ئەو كەسانەى كە دەستگیر دەكران بەبێ بەڵگەى یاسایى و بەبێ بڕیارى دادوەر دەستگیر دەكران.یەك ڕاپۆرت بەس بو بۆگرتنى چەندین كەس زۆر كەس كێشەى لەگەڵ جیرانەكەى دەبو ئەوا هەڵدەستا بەنوسینى ڕاپۆرتێك لەسەركەسى دووەم و واى بۆ تێدەكوشى كەبەهیچ شێوەیەك ڕزگار كردنى نەبێ،بەشێكى ئەو ڕوداوانە ئەوەندە سەیرە لەوانەیە زۆر كەس باوەڕ نەكات،بەڵام لەحكومەتەكەى بارزانى هەمو شتێك قابیلى ڕوودانە.بۆنمونە كەسێك گیرابوو وتى من خانوەكەم بچوك بوو هەستام بەنۆژەن كردنەوەى و قاتێكى ترم بۆ زیاد كرد،بەڵام لەلایەن جیرانەكەمەوە ڕیگریم لێكراو وتى نابێ خانوت لەخانوى من بەرز تربێ منیش بۆم ڕوون كردەوە كەخانوەكەم بچوكەو جێمان نابێ،بەڵام ئەو نەیسەلماندو وتى شكاتت لێ دەكەم.بۆیە شكاتى لێكردم،بەڵام ئەوەى سەیر بوو ئەوەبوو كەمن چاوەڕێم دەكرد لەلایەن شارەوانیەوە بانگ بكرێم كەچى لەئاسایش و بەشى دژە تیرۆر بانگ كرام دوواى سێ ڕۆژ لەبەند كردنم هێشتا نەم دەزانى لەسەر چى گیراوم بەڵام دوواتر پێیان گوتم كەتۆ لەسەر بابەتى تیرۆرى گیراوى و شكایەتت لێكراوە.منیش وتم بێ منەتم من ڕۆژیك زیندەورێكیشم ئەزیەت نەداوە چ جاى كارى تیرۆرستى بەڵام ئەم قسانەم سودى نەبوو بۆیە ساڵێك و هەشت مانگ لەژورەوە بوم ئینجائازاد كرام كەئازاد كرام پاشان زانیم كەجیرانەكەم بەگرتنى داوم و ڕاپۆرتى لەسەر نوسیوم،بۆیە چومە ئاسایش و وتم چۆن منتان لەسەر قسەى جیرانێكم گرتوە كەناڕاستە؟بەڵام پێیان وتم بڕۆ كاكە بڕۆ هەر مەمنونەبە بەرمان داى،توخوا ئەمە لەكردەوەى مافیاكان نەبێ لەچیتر دەچێ؟؟؟نمونەیەكى تر كەسێك گیرابو وتى من دوكانداربوم لەگەرەكیكى شارى هەولێر كەسێك قەرزارم بو لە ڕێكخراوێكى پارتى دەوامى دەكرد لەگەڕەكەكەمان ڕۆژێك هاتەلام بۆ ئەشیا كڕین منیش پێم گوت پارەى تر قەرزارى بۆیە چیتر ئەشیا بەقەرزنافرۆشم،دوواى ئەم قسەیە ئەو منى نە بینیوە،دەزانن بۆ؟چونكە من گیرام...جەنابى چووبوە ڕێكخراوو بەكەیفى خۆى تاوانى بۆم هەڵبەستبو منى كردبوە تیرۆرست كەنەم نەزانى گولەیەكیش بتەقێنم،باوڕكەن دوو ساڵ و چوار مانگ گیرام ئینجا ئازاد كرام...ئەوەیە پارستنى مرڤ لەهەرێمەكەى بارزانى!!!.
لەماوەى ڕابردوو نزیكەى سێ هەزار كەس دەستگیركران بەتەنهالەشارى هەولێرو دەوروو بەرى،ئەمەش ژمارەیەكى گەلێ زۆرە لەچاو ماوەو شوێنەكەى.بێجگەلەوەى بەسەدان كەسیان لەناوچە عەرەب نشینەكان دەگرت و بەتەنهالەسەر گومان و بێ دادگایى كردن و بۆ خۆیان سودیان لێ دەبینى.ئەم ئەركەش هێزى (ing).پێ ى هەڵدەستا كەلەلایەن (سید هەژار)ى پارتى سەرپەرشتى دەكرا و بەڕێوە دەچوو.ئەم هێزە بەسەدان كەسیان دەستگیر كرد بەبیانوى جیا جیا.ئەم دەستگیركراوانەیان دەهێنا هەولێرو تەسلیم بەئاسایشى گشتى و دەزگاى پارستنیان دەكردو.ئەمانیش بەكاریان دەهێنان بۆ خۆیان و عەرزى عەزەڵاتیان پێ دەكرد.بۆنمونە كەتاوانێك ئەنجام دەدرا بكەرەكەیان نەدەدۆزیەوە،ئەوا بەم گیراوە عەرەبانەیان دەگوت إعتراف كەن و بڵێن ئێمە وامان كردوە،پاشان ئێوە ئازاد دەكەین چونكە كەس ئێوە ناناسێ.زۆرێ لەم دەستگیر كراوانە كە كوردو عەرەب بون لەبەر ئەوەى إعترافیان نەدەكرد،ئەوا لەژێر ئەشكەنجەداندا توشى كەم ئەندامى دەهاتن یان بەرگەى ئەم ئەشكەنجەو ئازاردانانەیان نەدەگرت و گیانیان لەدەست دەدا.ئەم هێزە كە هێزى(ing).ى یان پێدەگوت ئەوەندەیان تاوان كردبوو لەناوچەكانى موسڵ پێشتر لەلایەن عزبى بەعس ئاوایان لەگەڵ نەكرابوو.بەڵام ئەوان لەلایەك دزیان لەخەڵكەكە دەكردو لەلایەكە تریش تەلەفزیۆنەكانى پارتى دەچونە ئەو شوێنانەو لەگەڵ كۆمەڵە خەڵكێك قسەیان دەكرد كەپێشتر پارەیان پێ درابو تاوەكو بەشان و باڵیان دا هەربڵێن،بەندكراوێكى عەرەب لەئاسیش گیرابو وتى هێزەكانى كوردى لەناو موسڵ سەیارەیان نەهێشت لەناو موسڵ،چونكە ئەگەر كەسێك سەیارەكەى خۆى پێنەدابونایە ئەوا دەیانگرت و ڕەوانەى ئاسایشى گشتیان دەكردو هەزارو یەك تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستى.بۆیەلە ڕێگاى سەرەكى مەخمور پیاوە ناپیاوەكانى سەید هەژار،بەرلەوەى داخیلى ناوشارى هەولێربیت لەلاى نەوت فرۆشەكان پێشەنگایەكى سەیرەیان كردبۆوە تەنها بۆئەو سەیارانەى كەلە موسڵ دەیان دزین.ئەو پێشمەرگانە كارى ئەوەندە بێ ڕەوشتیان ئەنجام دەدا كەپیاو پێ ى عەیبە باسى كات.
هێزەكانى (ing) ى كۆمەڵە عەرەبێكیان لەساڵى (2004)ەوە گرتوەو ڕادەستى دەزگاى پارستنیان كردوون.تائیستا بەریان نەداون و دادگایش نەكراون و ئێستا لە دەزگاى پارستنن لەبەندینخانەى نهێنى بەندكراون و تەنیا بۆسیناریۆ كردن دایان ناون.
بۆنمونە ماوەیەك بەرلەئێستا وتیان تیرۆرستێك لەڕێ ى كەركوك هاتۆتە ناو هەولێر و سەد كیلۆ تەقەمنى هەڵگرتوە بەسەیارەكەى بەڵام لە بازگەى هەولێر كەركوك زانراوەو سەیارەكەیان بەر دەست ڕیژى گوللە داوەو شوفێرەكەیان كوشتوە.هەمومان دەزانین مادەى تەقەمەنى لەكاتى بەر كەوتنى ئاگر دەتەقێتەوە.كەچى ئەم سەیارە هیچى لێ نەهاتبو!!! باشە گریمان گولەكان كاریان لەتەقەمنیەكە نەكردبوو نەبۆتە هۆى تەقینەوەى.باشە ئەى بۆ ئەو هەموە گولەیەتان لەسەیارەكە دابوو كەچى شوێنى گولە لەسەیارەكە دا دیار نەبوو؟بەڵام لەشى كابرا خەڵتانى خوێن بو بوو؟؟؟.بۆلابردنى ئەم گومانە.ئەم كەسە عەرەب بو بۆماوەى شەش ساڵ گیرابوو كەس نەهاتبو بۆ سۆراغى،وەتوشى پەنجا دەرد بوو بەرپرسى زیندان گوتوبوى با بەرى دەین بۆخۆى بڕوا.بەڵام بەرپرسێكى پاراستن ئاگادارى كردبونەوە كەپێویستیمان بە بەند كراوێكى عەرەبە.بۆیە هەرلەناو زیندان دەیكوژن و پاشان لەدەرەوەى شارى هەولێر لەناوسەیارەكە داى دەنێن و ئەو سیناریۆیە ئەنجام دەدەن كەبەتەمابون بیكەن،وە شەهید كردنى(سەردەشت عوسمان)یش لاى هەموومان ئاشكرایە كە یەكێك بوو لەوسیناریۆیانەى كەپارستن ئەنجامى دا بەگیراوێكى عەرەب...بۆیە من وەكو زیندانیەك پێتان دەڵێم ئاگادار بن لەهەر ڕووداوێكى وا،ئەمانە تەنها سیناریۆیەو بەس خەڵكى پێ چەواشە دەكەن....


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە