لە یادی 27 ساڵەى كارەساتى بارزانیەكاندا : كێ بەرپرسی بەردەوامیی نەهامەتیەكانى كوردە ؟

Friday, 30/07/2010, 12:00

867 بینراوە


شوان هەورامی لە گەرمەى جەنگى عێراق ئێراندا و لە دواى شكستى هێزەكانى عێراق لە ناوچەى حاجی هۆمەران ، لە كۆتایی مانگى تەموز تا ناوەراستى ئابی 1983 هێزەكانى گاردى كۆماری و ئەمن و سوپاو نۆكەرانیان زیاتر لە هەشت هەزار مندالأ و پیرو لاوى نێرینەى بارزانییان قۆڵبەست كرد و لە كردەوەیەكى دڕندانەدا هەموویان لە بیابانەكانى باشوورى عێراقدا لە گۆڕی بەكۆمەڵدا زیندەبەچالأ و گوللەباران كرد ، هەتا ئێستاش تەنها چارەنووسی ژمارەیەكى زۆر كەم لە روفاتى ئەو هاوڵاتیانە دیارەو بۆ باوەشی دایكى نیشتمان گەراونەتەوە .
ئێمە لێرەدا مەوداى باسكردنى هەلومەرجی سیاسیی و یاسایی ئەو كاتەى هەڵمەتە دڕندانەكەمان نیەو ئەوە ئێستا لە بەردەستى دادگاى تاوانەكاندایەو چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین ، بەڵام ئەوەى جێی تێڕامانە كارنامەى خودى دادگاى تاوانەكانەو تا چ ئەندازەیەك سیاسەتمەدارانى كورد و عێراق لە هەڵەى دروستكردنى ئەو دادگایەو ئاكامەكانیدا بەشدارن ؟ لێرەدا بە كورتیی چەند خاڵێك ئاماژە پێدەدەم :
1 ئەو دادگایە لە لایەن (پۆل بریمەر) ى حاكمى ئەمەریكایی عێراقەوە دروستكرا ، مەبەست لە دروستكردنیشی لە ناوخۆی عێراقدا ئەوە بوو كە رەهەندى نێودەوڵەتیی تاوانەكانى بەعس كپ بكرێتەوە ، بە تایبەتیی ئەو بەشەى كە پەیوەندیی بە یارمەتیە لۆجێستی و سیاسییەكانى ئەمەریكاوە هەبوو لە چەكداركردن و چاوپۆشیی لە تاوانەكانى سەدام و بە ئاشكرا چاوپێكەوتنى ئەو تاوانبارە لە لایەن بەرپرسانى پابەرزى ئەمەریكاوە ، لەوانە دۆناڵد رامسفێڵدى وەزیری پێشووى بەرگریی ئەمەریكا ، كە دەبوو لە بەردەمى دادگادا بوەستن و دادگایی بكرێن ، بەڵام هەر پێش ئەوە بریمەر بڕیارێكى دەركردبوو كە بۆ هیچ دادگایەكى عێراقیی نەبوو دادگایی هاوڵاتیانى ئەمەریكایی ئەو بكات ، هەروەها ئەم دادگایە بۆ رزگاركردنى هەموو ئەو كۆمپانیاو سیاسەتمەدارو دەوڵەتانەى خۆرئاواش بوو كە لە پڕۆژەى چەكى كۆمەڵكوژیی سەدامدا هاوكارییان پێشكەش كردبوو ، كە دیارە لە دادگایەكى ژێردەستەى داگیركەرو بێدەسەڵاتى عێراقیدا هەموو ئەو رەهەندانە ونكران !!
2 ئەگەر دادگاكە نێودەوڵەتیی بوایە وەكو ئەوەى رواندا و یۆگۆسلاڤیا ئەم دەسكەوتانەى دەبوو :
أ گشت تۆمەتبارە نێودەوڵەتیەكان رادەكێشرانە بەردەمى دادگاو رەهەندى تاوانەكان لە تاوانێكى ناوخۆییەوە دەبوویە تاوانێكى نێودەوڵەتیی .
ب ستەم لێكراویی گەلەكەمان دەبوویە بەڵگەنامەیەكى نێودەوڵەتى و یارمەتیدر دەبوو بۆ ئەوەى كە داواى ئازادى و سەرەخۆیی بكەین ، چونكە دەچەسپا گەلەكەمان چ مامەڵەیەكى دڕندانەى لەگەڵدا كراوە .
ج ئێستا باوەكو ئەو تاوانانەش لەسەر ئاستى عێراقدا بە قڕكردن (جینۆساید) بناسرێن ، بەڵام بەڵگەنامەى ئەو دادگایەى كە داگیركەر دروستى كرد هەرگیز وەكو بەڵگەنامەیەكى نێودەوڵەتیی لە قەڵەم نادرێ و لەسەر ئاستى جیهانیی تانەى لێدەدرێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە دادگاى نێودەوڵەتیی بەڵگەنامەكانى جیهانیی دەبوون و جێگەى تانەلێدان نەبوون .
د - دەبوو گشت ئەو وڵات و كۆمپانیایانەى كە یارمەتیان بەو رژێمە دابوو زیانى زیان لێكەوتوان ببژێرن و قەرەبووەكان رەهەندێكى نێودەوڵەتیی وەرگرێت .
ه دادگاى تاوانەكان تەنها لەسەر ئاستى عێراقدا لە تاوانەكانى كۆڵیەوەو نەیدەتوانى بۆ ڕەهەندە نێودەوڵەتیەكانى تاوانەكان بەدواداچوون بكات ، چونكە لە دەسەڵاتى دادگایەكى عێراقیدا نەبوو ، وەكو تیرۆری كەسایەتیەكان لە دەرەوەى وڵات و تاوانە گەورەكانى جەنگى عێراق ئێران و جەنگى داگیركردنى كوەیت . كە ئەوە بۆ دادگاى نێودەوڵەتیی زۆر ئاسان بوو داواى كەسایەتیە جیهانیەكان بكات و دادگاییان بكات .
و تا رادەیەكى زۆر گونجاو دادوەرانى دادگاى نێودەوڵەتیی دوورن لە تۆمەتباركردنیان وپەیوەست بوونیان بە ئەجێندای وڵاتانەوە ، بەڵام دادگاى تاوانەكانى عێراق بەهۆی دەستێوەردان لە كارەكانیاندا دوو دادوەر یا دەستیان لە كار كێشایەوە یا دەركران ، چونكە بە دڵی سیاسەتمەداران كاریان نەدەكرد و دەیانەویست یاساییانەو دادگەرانە كار بكەن !!
ز جگە لەوانەش بە پێچەوانەى دادگاى نێودەوڵەتیەوە دەستێك لە ناوخۆی عێراقدا نەیهێشت هەموو تاوانەكانى سەدام بە هەبوونى خۆی لە دادگادا بخرێنە بەر باس و لێكۆڵینەوە ، ئەوەش لە لایەك بچووككردنەوەى تاوانەكانى بەعس بوو لە لایەكى تریش گرنگى نەدان بوو بە دۆسیەكانى كورد ، كە بێگومان لە دادگا نێودەوڵەتیەكاندا بەو شێوەیە رەفتار ناكرێت .
3 بەڵام ئاشكرابوو كە ئەو دادگایە بۆ رزگاركردنى تاوانبارانى پارێزكارە نوێیەكانى ئەمەریكابوو لە ریسواییەكانیان بە هۆی بەشداریی راستەوخۆیان لە چەكداركردن و بێدەنگییان لە تاوانەكانى سەدامدا ، چونكە لە جیاتى ئەوان جەنگێكى وێرانكەری هەشت ساڵەى لە دژی ئێران سازكردو ملیۆنەها هاوڵاتی و ملیارەها دۆلار زیانى بە ئابووریی هەردوو وڵات گەیاند ، ئەگەر لە دەرەوەى سنوورەكانى عێراق دادگا دروستكرایە ، هەموو ئەو تاوانانە رەهەندى نێودەوڵەتیی وەردەگرت .
4 ئەوەى جێی سەرنج و تێڕامانە ئەو پرسیارەیە : كە داخوا بۆچی سیاسەتمەدارانى عێراقی و بە تایبەتیی كورد چوونە ژێرباری ئەو بڕیارەى پۆل بریمەرو بەشدارییان كرد لە بچوككردنەوەى تاوانەكانى بەعسدا ؟ ئایا بەو راستیانەى سەرەوەیان نەدەزانیی ؟ كە ئەوە دوورە لە راستیەوە . بەڵام مەخابن ئەوان وەكو زۆر بابەتى تر ئەوەشیان هەر دۆڕاندو دەستیان كرد بە هەلهەلە لێدان بۆ ئەو دادگایەو مەخابن تا رادەیەكیش خەڵكیان بە هەڵەدا برد ، كە گوایە ئەو دادگایە لە بەرژەوەندیی كوردو عێراقیەكاندایە !!
دەبوو سیاسەتمەدارانى كورد بە ئاشكرا داواى دادگایەكى نێودەوڵەتیی بكەن بۆ دادگایی سەرانى بەعس و بە هیچ شێوەیەك رێگەیان نەدایە كێشە رەواكانمان وەكو هەمیشە لە لایەن جیهانخۆرانی خۆرئاواوەو لە پێناوى كۆمپانیاكانى نەوتدا دیزە بە دەرخۆنە بكرێت !!
لە كۆتاییدا دەبێ سەبارەت بەم كارەساتەو گشت نەهامەتیەكانى دواى ئەوەش بڵێم ئێمە هۆكارێكى ترى بەردەوامیی ئەم نەهامەتیانە هەتا ئێستا دەبینین و دەسەڵاتیش لێی بەرپرسیارە ، بڕیاری لێبوردنى گشتیی بۆ نۆكەرانى رژێم هەڵوێستێكى ژیرانەى بەرەى كوردستانیی بوو ، بەڵام مەخابن بە هۆی شەڕی ناوخۆوە ئەو نۆكەرو جاشانە جارێكى تر هاتنەوە ناو كایەكەو ئێستا تواناو دەسەڵاتیان زۆر لە سەردەمى بەعس زیاترەو كوژراوەكانیشیان لە شەڕی پێشمەرگەدا مووچەى خانەنشینییان لە زۆر حاڵەتدا لەو پێشمەرگانە زیاترە كە ئەوان شەهیدیان كردوون . دەبوو ئەوانە مۆڵەتى كارو ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێ بەڵام ئەوەى كە بهێنرێنە ریزى میلیشیاى حیزبەكانى دەسەڵاتەوەو ناویشیان لێبنرێ پێشمەرگەى كوردستان ، ئەوە تاوانێكى گەورەیەو یەكێكى ترە لە نەهامەتیەكانى گەلەكەمان و بەردەوامبوونیان . دیارە لێرەدا مەوداى ئەوەمان نیە باسی رەهەندەكانى گەندەڵیە سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیەكانى دەسەڵات بكەین ، كە ناهێڵێ برینى ئەم تاوانانە سارێژ ببێ و هەمیشە قەتماغەى برینەكان هەڵدەدرێنەوە ، هەر ئەوەشە دیواری بێ متمانەیی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا ئەستوورتر دەكات وبەردەوامیی بە تراژیدیاى تاوانەكان دەبەخشێت !!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە