پیرۆز بایی لە خەڵاتەکانی کوردستانپۆست دەکەم !

Wednesday, 20/07/2011, 12:00

1782 بینراوە


ژیان بەبێ ئەزمون هیچ نرخێکی نیە ! تێنەگەیشتن لە ئەزمون هیچ مانایەك نابەخشێت ! سود وەرنەگرتنیش لە ئەزمون زیانێکی گەورە بەخودی مرۆڤ و لەوێشەوە بە کۆمەڵگەکەی خۆی دەبەخشێت!
تەنیا ڕێگە چارەسەری دورکەوتنەوەش لە زیانبەخشی هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە ئەزمون، چونکە مرۆڤ لە ڕێی تێگەیشتنی ئەزمونەوەیە دەتوانێت ببێتە دەستنیشانکاری جیاوازیەکانی نێوان زیانگەیاندن و بێزیان ، بەکەڵك و بێکەڵك، جوانی و ناشرینیەکان . لە دەستنیشانکاری جیاوازیەکانیشەوەیە دەگاتە ئاستی ئەوەی کە مرۆڤێکی دروستکار بێت . هەڵبەت ئەوە مرۆڤە دروستکارەکانیشن دەتوانن ئاستی وشیاری خۆیان بپاڵێون ، لەوێوە تێبگەن تا بزانن چی بە کۆمەڵگەکەی خۆیان دەبەخشن و لە هەمان کاتیشدا چی لە کۆمەڵگەکەی خۆیان وەردەگرنەوە.
ئا ئەمەیە گەورەترین گرفتی زۆرینەی زۆری کۆمەڵگەی کوردی ئەمڕۆی ئێمە ! ئەم گرفتەشە وای کردووە کە پانتایی بۆشاییەکی زۆر لە هزری ئەو زۆرینەیەدا داگیر بکات و نەتوانن ئاستی وشیاری خۆیان دیاری بکەن لەو ڕوانگەی تێگەیشتنی ئەزمونەوە خوێندنەوەیان بۆ خۆیان هەبێت و لە خۆیان بپرسن ! ئایا دەتوانن چی ؟ بە کۆمەڵگەکەی خۆیان ببەخشن و چیش لە کۆمەڵگەکەی خۆیان وەربگرنەوە . هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تائێستا تاکی کورد بەکابوسی عەقڵی حزبی ڕادەهێنرێ ، سنوری جیا بونەوە لە نێوان حزب و کۆمەڵگەی خۆی بۆ دەکێشرێت!..
تاکی بە حزبی ڕاهێنراو دەبێت هێندە خۆی بخوێنێتەوە ! ئایا دەتوانێت (چی) ؟ بە حزبەکەی ببەخشێت ..! لە پاداشتی هەر بەخشینێکیش دەبێت بەچاوەڕوانیەوە دەستەوخوان بێت تا لە حزبەکەی (چی) ؟ وەردەگرێتەوە ..! پێویستە تاکی بە حزبی کراو لە سنوری بە حزبی بونەکەی دەرنەچێت ، دەبێت وەك کۆیلەیەك تەنیا جێبەجێکارێکی حزبی بێت و هیچی تر ، ناشتوانێت بۆ خۆی بیر بکاتەوە ...! پرسیار کردنیشی لێ قەدەغە .! هەرچی لەودیو سنورەکەشیەوە دەگوزەرێت بەخودی ئەو کۆمەڵگەیەی کە خۆی تێیدا سەری هەڵداوە بەبێ نرخ تێڕمانینی بۆ بکات . مەرجیشە کۆپی ئەمانە بۆ کۆمەڵگەکەی خۆی بگوێزێتەوە ..! بە کۆمەڵگە بڵێت دەبێت ئێوەش کۆیلەی حزب بن .. ئێوە بۆتان نیە بۆخۆتان بیر بکەنەوە ... بۆتان نیە بپرسن ... ئێوە بێنرخ و بێتوانان ئەوەی حزب پێتان نەبەخشێ ناتوانن بەدەستی بهێنن ،،..! ئا ئەمەیە گەورە ترین شەرمهێنان کە مرۆڤ بەدەستی خۆی بۆ خۆی دەهێنێت، هەمو جوانی و بەها مرۆییەکەی خۆی لەدەست دەدات...!
ئا لێرەشەوەیە دەتوانرێت مرۆڤێکی بە ئەزمون دیاری بکرێت و توانای تێگەیشتن و ئاستی سود وەرگرتنی لە ئەزمون دەستنیشان بکرێت .
مرۆڤی بە ئەزمون هەرگیز ڕوی خۆی لە کۆمەڵگەکەی خۆی وەرناچەرخێنێت ، چونکە ئەوە تەنها خودی کۆمەڵگەیە کە نەمرە و بەهای نەمری با تاکەکانی خۆی دەبەخشێت نەك حزب ! مرۆڤی بە ئەزمون لە شەرمهێنان دوردەکەوێتەوە و ڕەتی کۆیلە بونی خۆی لە سنورە دیاریکراوەکاندا دەکات ..!
مرۆڤی بە ئەزمون ئەو مرۆڤەیە کە بتوانێت خاوەنی پرسیاری خۆی بێت ، لەڕیی پرسیارەوە زیانگەیاندن و بێکەڵك و ناشرینیەکان ڕاگیر بکات..! مرۆڤی بەئەزمون ئەو مرۆڤەیە کە بەحزبەکان بڵێت .. مەرج نیە ئەوەی ئێوە بە خەڵکی نەبەخشن ئیدی کەس ناتوانێت هیچ ببەخشێ کەس ناتوانێت هیچ بەدەست بهێنێ .. نمونەش بۆ ئەمە ئەوەتا کوردستانپۆست حزبیش نیە و ئەمڕۆ دەتوانێت سونبولی کۆمەڵگە دیاری بکات و خەڵاتیش ببەخشێ ..! بۆیە منیش دەمەوێت لەڕێی ئەم نوسینەمەوە دەستخۆشی خۆم لەو خەڵات بەخشینان و ئەرکە گەورەیەی کوردستانپۆست ڕابگەیەنم و پیرۆزبایی لەو دە ئازیزە بکەم ، سوپاسی ئەو ڕۆشنبیرانەش بکەم کە ئەم بیرۆکە نوێیەیان بەخشیە کۆمەڵگەکەی خۆیان بەڕوی حزبە فاشیزمەکانی کوردستاندا وەستانەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە