فشە نامەی مافەکانی مرۆڤ

Saturday, 01/02/2014, 12:00

1954 بینراوە


بەڕای من زیاتر ئاکامەکانی تاڵی دوو شەڕی جیهانی بوو بە هۆی ئەوەی کە یاسادانانی نێونەتەوەیی رێچارێک بۆ ژیانی مرۆوەکان بدۆزنەوە، بەو واتایە بە پێی پێناسەی نێونەتەوەیی تاکی مرۆو پێویستە چۆن بژی؟ چۆن بیر بکاتەوە، وبە کام شێوە ژیانی خۆی وبنە ماڵەکەی بپارێزێ. لە ئاستی ناو خۆی وڵاتیش بۆ هەر دامودەزگاو حکومەتێکیش کە خاوەنداریەتی لە دانیشتوانی ئەو جوغڕافیایە دەکا کە پێناسەی سنورو وڵاتی پێدراوە ولە نەتەوەیەکگرتوەکان خاوەن دەنگە ئەندامی ئەو رێکخراوە جیهانیە ورێکارو میکانیزمی بۆ ئەندامەتی دیاری کردووە. جاڕ نامەی مافی مرۆڤ هەتا کام ئاست دەستڕۆیشتوە ؟ ولە رێگای کام یاسای نێونەتەوەیی پشتگیری لێ دەکرێ وخاوەنی چەند رێژە لە هێزو توانایە دەیان پرسی دی کە هەتا ئەو ڕۆ بێ جواب ماونەتەوە. لە رابوردوشدا تەنیا چالاکی ئەو رێکخراوەیە زیاتر بە شێوەیەکی هەواڵنێری یا راگەیاندنی خاڵەکانی ئەو جاڕ نامەیە بووە بۆ مێدیاکانی جیهانی بەرانبەر بەو دەوڵەتانەی کە بەرەو ئاقارێکی دیکتاتۆڕی دەسەڵاتی خۆیان سەپاندووە وبە حوکمی زەبرو سەرکوت بونەتە خاوەنداری هاووڵاتییانی خۆیان.
لە جاڕ نامەی (فشە نامە)مافی مرۆڤدا ئەوەی کە بۆ منی کورد گرینگە بەندەکانی ، ١و٥و٩و١٥و٢٦، کە هەتا رادەیەکی زۆر پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی تاکی کورد وکۆمەڵگای کورد هەیە کە لە نێوان سێ دەسەڵاتی (چوار دەوڵەت) فارس وتورک عەڕەب ، بە بێ ئەوەی پرسی پێ کرابێ دابەش بووە. رواڵەتی ئەرکی سەرەکی ئەو رێکخراوەیە بە بێ جیاوازی چاو لە تاک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکا. لەسەراسەری جیهاندا گەلێک رێکخراوەی مەزن وچوک هەن کە لەسەرئیزنی یاسای نێونەتەوەیی دامەزراون بە ڕەسمی کارو خەباتی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
یەکەم پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو رێکخراوەیە هەتا ئەو سەردەمە چەندە توانیویەتی پرسە چارەنوس سازەکانی کورد چارەسەر بکا؟ چەندە توانیویە کاریگەری بخاتە سەر سیاسەتی گشتی ئەو دەوڵەتانەی کە بە شێوەیەکی کوردنەخوازانە کەسایەتی تاکی کوردوکۆمەڵگای بە پێی ویستو خواستی بەڕیوە دەبەن.یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی کە توانیویە رێبازی ئەو رێکخراوەیە بۆ لای خۆی بچەمێنێتەوە وڵاتانی زلهێزن بەتایبەت ئامریکا.بەو واتایە سیاسەتی هەڵسوڕاندنی ئەو ڕێکخراوەیە تێکەڵاو بووە بە بەرەو پێش بردنی مەزن سیاسەتەکانی کە بونەتە سەرچاوەی ئابوری بۆ ناوەندی دامودەزگای بەڕێوەبردنی جاڕ نامەی مافی مرۆڤ، بەو مانایە لە هەر کۆمەڵگایەک تاکی سەر بە هەر دەوڵەتێکی دیکتاتۆڕ نە ئەو توانایەی هەیە کە دەنگی خۆی بە دونیا رابگەیەنێ ویا ئەو هێزەی هەیە کە بەرەنگاری زوڵم و ستەم بێ بەرانبەر بە دەسەڵاتی سەرکوتکار.(نمونەی زیندوو کەیسی شەهید کاوەیە لای خۆمان) .
لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی خاوەن هێزو ئابوری لە هەر کوێی ئەم دونیایەدا هەست بکەن کە وڵاتێک بەرژەوەندی سیاسی وئابوری ئەوان لە مەترسیداوێ یەکڕاست دەهۆڵ و زوڕنای جاڕ نامەی مافی مرۆوی لي زەق دەکەنەوە وخاڵەکانی ئەو رێکخراوەیەی بۆ دەکەنە ئاتۆیەک بۆ گەیشتنی مەڕامی سیاسیو ئابوری خۆیان. هەر وەکو دەزانین لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئەو زلهێزانەی کە حەقی وتۆیان هەیە بۆ پرسە مەزنەکانی جیهانی بۆ وەلا نانی ئەو دەوڵەتانە ی کە بە دڵی ئەوان ناجوڵێنەوە بۆ هەر رووداوێکی مێژوویی ئەگەر ئەو ٥ دەوڵەتە زلهێزە هەر کامیان بخوازن زۆر بە هاسانی یەکە بە یەکە خاڵەکانی مافی مرۆڤ لە بن پێ بنێن! بەڵگەی سەرەکی بۆ ئەم گوتنەم دامەزراندنی سازمانی / ناتۆیە / کە بە بیانویەکی نابەجێ بۆ پاراستنی وڵاتانی خۆیان هێرش دەبەنە هەر وڵاتێک کە وادەزانن بۆوان جێگای مەترسییە.
پرسی دوو: دەگەڕێتەوەسەر بارودۆخی بەشێکی لە باشوری کوردوستان کە لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە بەڕێوە دەچێ. لە روانگەی جاڕ نامەی مافی مرۆڤ چون ئەو بەشەی کورد دەسەڵاتی هەیە ودامودەزگاکانی هەموو کورد بەڕێوەی دەبا ،گۆیا بەهەشتی سەر زەوییە ومافی مرۆڤ پارێزراوە. بێدەنگی ئەو رێکخراوەیە ودەست کورتی بەرپرسەکانیان ئەو سازمانەی خستۆتە سەر نوکی شمشیری دەوڵە تانی زلهێز کە قازانجی خۆیان لەو دوو بنە ماڵەیەدا پێ دەگا. دەنا لە کوێی ئەو دونیایەدا بینراوە تاوان بارێکی (زار گڵاو) وەکی م، سەنگاوی بە سیارەکان و بادیگاردەکان وتفەنگەوە بچێتە بەر دەم دادوەر!؟
ئەدی ئەو بەندانەی کە لەو رێکخراوەیەدا تۆمار کراوە بۆ لە حاند هەژار کوژەکان وکاوەکوژەکان چیان لە جانتادا نەماوە. جابۆیە من وای بۆ دەچم کە جاڕنامەی مافی مرۆڤ زۆر کەمترە لە فشەنامەی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە ئاست نەتەوەی کورد
بەرانبەر بە دیکتاتۆڕەکانی بیانی ودیکتاتۆڕەکانی خۆماڵی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە