کورد لە گێژاوى سیاسەتەکانى ئەمەریکا دا

Saturday, 06/06/2009, 12:00

2704 بینراوە


ماوەیێکی درێژە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین رووبەرووی دەستێوەردانی هەمەلایەنەی ئەمەریکا بوەتەوە. لە ستراتیژی و رێبازی سەرەکی ئەمەریکا لەو دەستێوەردانەدا دوو تایبەتمەندی سەرەکی بەدی دەکرێت. یەکەم پێشخستنی لایەنی شیدەت و دەستێوەردانی لەشکەری و مەنتیقی یان دۆست و یان دوژمن. دووەم: لەو قۆناخەدا و بەڵکو بۆ هەمیشەش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆیان بەشێوەیێکی سەرەکی بە بنەما گرتوە و چ کاتێک لەو دەستێوەردانە ئاورێکی لە ویست و داخوازییەکانی گەلانی هەرێمەکە و ماف و بەرژەوەندی گەلان نەداوەتەوە.
دیارە زۆر رەهەندی تریش هەیە بەڵام ئەو هەر دوو تایبەتمەندییە سەرەکییە هێشتویانە کە سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا موداخەلەی هەمو شوێن و هەمو کێشەیێکی کردوە بەڵام ئەمرۆکە هەمو کێشەکانیش بە هەڵواسراوەیی و بێچارەسەری ماونەتەوە. چارەسەری هەر دەروات و دوور دەکەوێتەوە و قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە. لە فەلەستین و لۆبنان، لە ئەفغانستان و پاکستان، لە ئێراق و ئێران و لە کوردستان و لە زۆر شوێنی تری ئەو هەرێمە ئەوەی رووی داوە و ئەو رەوشەی لە ئارادایە ئەو راستییە دەسەلمێنێت. هەر لەو چوارچێوەیە قەیرانی ئابوری جیهانی و زۆرێک بنبەستی تری سیاسی و ئابوری لە هەرکەس زیاتر ئەمەریکای خستۆتە نێو پێداچونەوە و بە خۆداچونەوەیێکی دژوار و هەمەلایەنەوە. ئەو بنبەستانەی سیاسەتی ئەمەریکا لە ئاستی جیهانی و بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوین، ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەی خستوەتە جوڵە و لە ساڵی 2007 ە وە چەندین راپۆرتی بە ناوەرۆکی ستراتیژییەوە بەرزکراونەتەوە کە گوایە پێویستی سیاسەتی ئەمەریکا لە هەرێمەکە بە گۆرانکارییەکی بنەرەتی هەیە. راپۆرتی بەیکر هامیلتۆن و راپۆرتی هێنری و زۆرێک لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ئێران و ئەفغانستان و کورد و ئێراق و فەلەستین و تورکیا و ...تاد.
ئەو راپۆرتانە و ئەو لێکۆڵینەوەیانە لە رووی پێداچوونەوەی ئەمەریکا بە سیاسەت و بنبەستەکانی لە هەرێمەکەدا لەوانەیە سروشتی بێت و لەنێو رای گشتی جیهانیشدا چاوەروانییەکی پۆزتیڤی لە گەڵ خۆی هێنابێت بەڵام لە راستیدا ئەوەی جیێ سەرنجە ئەوەیە کە ئەو راپۆرتانە لە رووی ستراتیژی و تاکتیکییەوە چ کاریگەرییەکی لە گۆرینی سیاسەتی ئەمەریکا دەبێَت؟ چەندە لەو هەردوو خاڵە سەرەکییەی کە بوەتە هۆکاری چەقبەستنی ئەمەریکا لە هەرێمەکە گۆرانکاری بەدی دەکرێت؟ ئایا پێناسەی سیاسەتی نوی َچییە و رۆڵ و ئەرکی لایەنەکان چییە؟ ئایا کێ و چۆن بە قۆربانی چ بەرژەوەندییەک دەکرێت؟ ئایا دروشمە نوێیەکان چین؟
ئەوەندەی دیارە راپورتەکەى بەیکرهامیلتۆن وئێستاکەش راپورتى هێنرى بەرکى لە مەڕچارەسەرى کێشە هەڵواسراوەکان بەتایبەتیش کێًشەى کورد شتێکى نوێ لەخۆى ناگرێت لەساڵانى رابوردوو سەرەراى چاوەڕوانى گەلى کورد ئەمەریکا سیاسەتى پارچەکردنى گەلى کورد بە کوردى باش و کوردى خراپ ، تێروریزەکردنى بزاڤى رزگاریخوازاى گەلى کورد و هەوڵى بەکارهێنانى کورد لەدژى یەکتر و بەتایبەتیش هاوتەریبى تورکیا بەناڕەوایى راگەیاندنى بزاڤى رزگارىخوازى گەلى کورد وەکو دوژمنى ئەمەریکا و تورکیا و ئێراق ؛ هاوپەیمان و شانبەشانى رژیمەکانى هەرێمەکە لە کونسێًپتى چەوساندنەوەى گەلى کورد جێى گرتوە. ئەو سیاسەتە چەندە لە ناسەقامگیرى هەرێمەکە و چەقەبەستى سیاسەتى ئەمەریکا و گوڕینى ڕاى گشتى گەلى کورد لەسەر ئەمەریکا کاریگەرى هەبوە پێویستى بەشیکردنەوەیە.
هەڵبژاردنى ئوباما و ئەو دوروشمانەى کە ماوەێیکە لە مەر ِگورینى سیاسەتى ئەمەریکا لە هەریمەکە دەگوترانەوە و هەتا رادەێیک چاوەڕوانییەکى لەگەڵ خۆى هێنابو ، ئێدى رووى راستەقینەى دەردەکەوێت .
بەر لەهەر شتێک چ هەوڵوێستێکى روون کە چارەسەرى دیموکراتیانەى کێشەى کوردى پێوە دیارە بێت و یا گۆڕانکارییەک لە کونسێپتى دژى کورد نیشان بدات بەرچاو ناکەوێت . پێویستە بڵین پێشبینى هێنرى بەرکى لە مەڕ سیاسەتى کورد لە ناوەڕوکدا لە گەڵ سیاسەتى بوش بۆ پاکتاوکردنى بزاڤى رزگاریخوازى چ جێاوازییەکى نیە .لە سیاسەتى ئەمڕوی ئەمەریکادا جارێکى تر پاکتاوکردنى ئیرادەى ئازادى گەلى کورد بەڵام بەرێبازى نوێ ترو دەوڵەمەندتر ڕەهەندى سەرەکیە.
گەلى کورد لەبەرامبەر کونسێپتى هاوبەشى ئەمەریکا و تورکیا و ئێراق و هەندێ هێزى تر بەرخودانیەکى شکۆدارى بە رێوەبرد و ئەوەىسەلماند کە پاکتاوکردنى گەلى کورد لە رێگاى شیدەتەوە مومکین نابێت . پێداچوونەوەى ئەمەریکا و هێزە هەرێمیەکان لەمەڕ ئەو ڕەوشە و داهێنانى کونسێپتى نۆى جیێ سەرنجە. چاوەڕَوان دەکرا کە ئەو هێزانە هەنگاوێک بۆ دان پێدانانى ماف و ئیرادەىگەلى کورد هەڵگرن . بەڵام راستى ئەوەیە کە لە گەڵ ڕاپورتى هێنرى بەرکى سیاسەتى پاکتاوکردن لە بارى رێباز و ناوەڕوکەوە دەوڵەمەندتر کراوە و چەندین رەهەندى تریشى لێ زیاد کراوە. بەرێبازى نەرم ، خەڵەتاندن ، بێ ئیرادەکردن وهاوکات ئاواکردنى کوردى سیستم وپەرە پێدانى بەکرێگیراوىتی لەگۆڕەپانى سیاسى، کلتورى، و کومەڵایەتى و ئابورى و بەکارهێنانى کورد دژى یەکتر هەوڵى پاکتاوکردنى گەلى کورد دەدرێت . لەوکونسێپتە دا دەڵێن کورد هەیە بەڵام وەکوداگیرکەران دەڵێن و پەسەندى دەکەن ، زمانى کوردى هەیە بەڵام بەو مەرجەى ستایشى سیستم بکات و ببێتە زمانى کەوێک کە دژى نرخ و بەهاى نەتەوەیى بگوترێتەوە ، زمانێک کە دەوڵەتى داگیرکەر قسەى پێ دەکات و بۆ کورد بۆ خوێ قەدەخەیە ، کێشەى کورد لە ناوەڕۆکى سیاسى و نەتەوەیى دوور بخاتەوە و وەکو کێشەێیکى ئابورى و کۆمەڵایەتى پێناسەى بۆ بکات . کێشەى ئابورى و فەقیرى ، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و هەمو دیاردەکانى کومەڵگاى کورد و هەتا زمانى کوردى و هەموو شتێک لەدژى گەلى کورد بەکار بێنێت . ئەو راپۆرتە و کۆنسێپتێک کە لە ژێر کاریگەری ئەو راپۆرتە بەرێوە دەچێت رووی راستییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر نەیتوانی لە چوارچێوەی سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕکردندا گەلی کورد پاکتاو بکات و گەلی کورد بە تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆی ئەو سیاسەتەی پوچەڵ کردەوە؛ ئەمجارەیان بە کۆنسێپتێکی هەمەلایەنە هەبونی گەلی کورد بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆی پێناسەبکات و بە لە ئامێز گرتنی بەشێکی کورد کۆتایی بەو کێشەیە بێنێت. دیارە ئەو پیلانە بۆ گەلی کورد ناسراوەو شانسی سەرکەوتنی زۆر لاوازە.
بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە مەڕ پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا وەکو دروشمی سەرەکی ئەو کۆنسێپتەیە. لێرەدا پرسیار و ناکۆکی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا پێناسەی مافی مرۆڤ بۆ ئەمەریکا چییە؟ ئایا تیرۆری دەوڵەتی تورکیا و سوریا و ئێران کە لە کوردستاندا بەرێوە دەچێت دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو پێناسەیە؟ ئایا بۆمباردومان و تۆپبارانی گەلی کورد لە لایەن رژێمی ئێران و تورکیاوە چۆن دەبینن؟ ئایا شکاندنی دەستی منداڵان لە پێش چاوی رای گشتی جیهانەوە ، ئایا ئەشکەنجەی ژنان و دایکانی کورد، سزای 50 ساڵ و 90 ساڵ زیندان کەبە سەر منداڵانی کورددا دەسەپێنرێت، ئایا پڕکردنی زیندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جەوانان و تێکۆشەرانی کورد، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن رژێمی ئێرانەوە و هەزاران دیاردەی تر، بۆچی بۆ ئەمەریکا ناکەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە؟ بۆچی ئەگەر بەرژەوەندی ئەمەریکا دەست نەدات تیرۆری دەوڵەت لە کوردستاندا ناکەوێتە چوارچێوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ؟ ئێمە وەکو کورد پێویستە ئەو پرسیارە بکەین لە کاتێکدا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا لە ئێراق تاوانبارانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ژینۆسایدی گەلی کورد دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن، بۆچی هەڵوێست و یان کاردانەوەیێکی هاوشێوەی بۆ تیرۆری دەوڵەتی ئێران و تورکیا نابێت؟ ئایا لە کوردستاندا پێویستە تاوانی شەر بکرێت و دواتر فرمێسکی تیمساحی بۆ برێژرێت؟ یان ئەوانەی دوێنێ کراون ژینۆسایدە و تاوانە بەڵام ئەوانەی ئەمرۆ و هەرچی رۆژە دەکرێت چین؟ یان ئایا ئەو کۆردانەی لە رابوردوودا رووبەرووی ژینۆساید بونەتەوە لەوانەی ئەمرۆ باشترن بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا؟
پێویستە بزانرێت سەردەمی دروشمی بریقەدار و خافڵاندن بەسەر چوە. ئەمەشیان هەرئەو دروشم و بانگەشانەی رابوردووە وەکو بەڵێنی دیمۆکراسی و ئازادی و یەکسانی بۆ گەلانی هەرێمەکە کە دوای چەند ساڵ ئیدی لە بیر چونەتەوە. ئەمەریکا و یان هەر هێزێکی تر کە بیر لە پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەنەوە و گوایە لەو پێناوەدا تێدەکۆشن بانگ دەکەین با تۆزێک خاوەن ویژدان بن و ئاورێک لە کوردستان و سیستمی داگیرکاری و شەری سەپێنراو بە سەر گەلی کورددا بدەنەوە چونکەلە ئاستی چەندایەتی و چۆنایەتیدا لە گۆرەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، ئابوری، حقوقی وبەتایبەتیش لە گۆرەپانی شەردا ئاماری تیرۆری دەوڵەت و ئاماری پێشێلکاری مافی تاک و کۆمەڵ، قەدەخە و نکۆڵی کردن، لە هەمو شوێنێک زیاترە. خۆ ئەگەر چاوێک کە ئەو هەمو شتە نەبینێت ئەوا دیارە کە کوێرە. خۆ ئەگەر ستراتیژییەک ئەو رەوشەی گەلی کورد تێدا جێگای نەبێت، دیارە کەگەلی کورد چۆن سەیری دەکات.
به‌شی ته‌واوکار:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7efc0388


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە