تكایە، وەك جەلالى سام ئاغا دەست لەكار بكێشنەوە

Wednesday, 16/05/2012, 12:00

1552 بینراوە




هەموو جار،لەكاتى قسەكردندا كەپێمان ئەڵێن " ڕۆژنامەنووسە،،كەسێكى ڕۆشنبیرە..هتد." ئیتر سەراپا جەستەم ئەلەرزێت،لەبەر دوو هۆیە،یەكەمیان مرۆڤ هەستەكات ئەركەكە زۆر قورسەو لەئاستى ئەو ئیمتیازەدا نیە،دووەم: زۆر گلەتیش هۆیەكەى ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە دنیاى رۆشنبیرى و ڕاگەیاندن و نووسین ئەوەندە بۆگەن بووە،شەرمەزارییە خۆت لەناو ئەو فەزایەدا ببینیەوە،خۆ ڕەنگیشە جارجارە هۆیەكى تری ئەم موچوركەیە بگەڕێتەوە بۆئەوەى كەئەم پیشەو سیفەتانە هى كەسانێكن هەمیشە سەرقاڵى بیركردنەوەو سەرئێشەن،چونكە ئەمڕۆش خەڵك بەدواى لەزەتى ژیان و مادەدا وێڵن،بۆیە ئەبێت یان بەرپرس بیت یان بازرگانێكى بێویژدان تا ئەم پێگە مادیەت هەبێت،بەڵام ئەوان تا ئەو كاتەى لەپۆستدان ئەژین،نوسەرو رۆشنبیران خاوەن هەڵوێستان نامرن و لەناو كۆمەڵگەدا ئەمێننەوە.
لێرەوە،ئەگەر حونجەیەكى دنیاى ڕۆشنبیریشمان كردبێت،ئەوا ڕۆشنبیر هەمیشە كەسێكە ئەخوێنێتەوە،ڕەخنە ئەگرێت،پرسیار و گومان دروست ئەكا لەسەر گشت شتێك كە لەدەورو بەر ڕووئەدات،ماوەیەكە دەست لەكاركێشانەوە زۆربووە لەگشت ئاستەكانەوە،لەسكرتێرى حزبەوە تا ئەگاتە سەرنوسەرى ئەو ڕۆژنامانەشى كەهێدى هێدى خوێنەری كاغەزەكانیان لە دابەزیندایە.حەقى خۆمانە گومان بكەین و پرسیاربكەین..ڕۆژێكیان لە لادێكەى خۆمانەوە تیلێكم بۆ شار كرد و ووتم:دەنگوباسى شار،ناوى شەش كەسى بۆ خوێندمەوە كەدەستیان لەكار كێشاوەتەوە.!!.یەكێك لەبەرئەوەى مووچەى ترى هەیەو پێی ئەژێت،یەكێك بەماڵ و باخ و خانەنشینى یەوە وازى هێناوەو،ئەوى تر لەبەر زیادكردنى نفوسى حزبەكەى و لوت شكاندنى عیلمانیەكان و،یەكێكیش دواى كۆكردنەوەى پارەو پول و ناسنامەى ئەوروپى و بردنى باشترین ئۆتۆمبیلى فەرمانگەو دوو پاسەوان دەستى لەكاركێشاوەتەوە.لەكاتێكدا كوردستاندا بەشێكى زەبەلاحى بوودجە بۆ مووچەو خانەنشینى ئەڕوات.دواییش ئەیەوێ بیكا بەمنەت بەسەرمانەوە تاوەكو وەك ڕەمز و لەخۆبردەیەك تەماشاى بكەین.كەمیش نین ئەو قورمساغانەى كە خانەنشینن و سەرقاڵى قسەى زل و كەسابەتى ترن،هیچ سێبەرێكیان بۆ هەژارو خەڵكى بەشمەینەت نییە.
سەرم سوڕماوە،جەنابى "مام جەلال" لەیەكەمین چاوپێكەوتنى لەڕۆژنامەى هاوڵاتى ئەڵێت:"من خۆم بەبەرپرسیار ئەزانم بەرامبەر بەو گەندەڵیەى كەهەیە و دووپاتیشى ئەكاتەوە كەبۆ خولێكى ترى سكرتێرى خۆى هەڵئەبژێرێتەوە..!!.بەلاًم"جەلالى عومەرى سام ئاغا" ئەكرێت بە یەكەمین شۆڕەسوارى مەیدانى شڵەقاندنى گەندەڵى لەم وڵاتە ناوزەند بكرێت.بەحوكمى زۆر سیفەت،گرنگترینیان حاڵەتێكى دەگمەنە لەكۆمەڵگەى ئێمەدا ئەویش ئەوەیە كە پۆست یەخەى ئەوى گرتووە،ئەو لەماوەى (8) ساڵ كاركردنى وەكو سەرۆكى دیوانى چاودێرى دارایی چەندین جار داواى دەست لەكاركێشانەوەى كردووە،زیاتر لە (2750) ڕاپۆرتى لەسەر گەندەڵى و ئیختلاس و بەهەدەردانى سامان و موڵكى گشتى كۆكردۆتەوە،كۆكردنەوە لە چاودێرى داراییدا بێگومان ئەبێت پلەبەندى و بەقۆناغى جیادا تێپەڕبووبێت،بەشێوەى یاسایی و ئامارو داتاى وورد،چونكە ئەمە فەرمایشت گێرانەوە نییە،بەڵكو دەرهێنانى ملیارو ملیۆنە لە قوڕگى گەندەڵكاران.بۆیە لەكاتى نامەى دەست لەكاركێشانەوەكەیدا،ڕاگەیاندن بەشێوەیەكى گشتى و ڕۆشنبیران پێی كاریگەربوون،ئەوە یەكەمجارە بەرپرسێك دەست لەكارئەكێشێتەوە خەڵك پێی دڵگرانە لەسایەى حوكمڕانى كوردیدا.!!.دوو مەقولەى زۆر گەورە لە نامەى دەست لەكار كێشانەوەى "سام ئاغا"دا هەیە،یەكەمیان ئەڵێت" من هەستەكەم جسمێكى غەریبم".ئەمە ئەكاتە هۆكارى سەرەكى دەستلەكاركێشانەوەكەى كە لەناو دەریایەك لەگەندەڵیدا تاقە كەسێك هەست بە نامۆبوون و غوربەت ئەكات.دووەمیان:بەمام جەلال ئەڵێت" شەرەفمەند نیم بەوەزیفەكەتان". ئەو وەك مێژوویەك توانى دیوانێك لەچاودێرى دروست بكا،بەڵام لەناوچەى زەردا لەماوەى ساڵێكدا بەرپرسی دیوان و سەرۆكایەتیەكەى (400) ملیۆن دینار لووش بدەن.ئەوسا تەقاعودیش بوو.!!.ئاخر ئەمە قووڕ پێوانى ئەوێت.
وەك ئەزانرێت ماوەیەكە دەست لەكاركێشانەوەو دەركردن لەحزب و ناچاركردن زۆربوون،ڕێنوێنیمان وایە لەمەولا ئەگەر دەستتان لەكاركێشایەوە بێمتەتانەو بێباكانە هۆكارەكەى بخەنە ڕوو،ئاخر خەڵكانێك بۆ كۆكردنەوە و خۆپێچانەوەو ڕێكخستنى حیسابى مەسرەفەكانیان وازئەهێنن و خانەنشین ئەبن،بەڵام "جەلالى سام ئاغا" كە بەپلەى وەزیر چووە ماڵەوە بێ بردنەوەى ئۆتۆمبیلى فەرمانگە و شۆفێر،بگرە خانووەكەى خۆشى كرد بەناو وەزارەتى تەندروستیەوە تالەئایندەدا برینى تاكەكانى كۆمەڵگەى تیا تیمار بكرێت.كاتى ئەوە هاتووە شەقام و میدیا ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایی بخەنەوە پێش باس و یەكە بەیەكەى ئەو بەرپرسانەى ناویان لەڕاپۆرتەكاندا هاتووە،بەتایبەتى ئەوانەى سزاكانیان لەدادگا ڕاگیراوە بجوڵێندرێن.جارجارە بۆ فشەكردن یەكێك لەشەرتەكانى كۆنگرەى حزبەكان یان پۆست وەرگرتن ئەوەیە پشتگیرى دیوانى چاودێرى هەبێت،بەڵام چەند ساڵێكە نازانرێت حیكمەت چییە لەوەى هەربەرپرسێك گەندەڵە یان نەویستراوە پۆستەكانیان بەرزئەكرێتەوە..؟!!.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە