هاوڕێ دارۆ: شاری جوان بۆ قازانج دروست نەکراوە!

Wednesday, 05/03/2014, 12:00

2663 بینراوە





شاری جوان لە سلێمانی کرایەوە. ئەوەی جێی تێڕامان بوو ئەوە بوو (هاوڕێ دارۆ) وەک (CEO) ی (گروپی کۆمپانیاکانی فاروق)، لە ووتەکەیدا بە خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەم پرۆژەیە بۆ قازانج نیە. ئەمە وەک ئەوەی گوایە، ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی خێرخوازی بێت. وە ئەم پرۆژەیە هەلی کار دەرەخسێنێت لە کوردستان، وەک ئەوەی گوایە ئەم پرۆژەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵک دامەزرا بێت. پرۆژەیەکی باڵا بەرزی ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری، تەنها بۆ جوانی شارو خزمەتی خەڵکی، بە ئاسماندا هەڵچووە، بۆ ئەوەی ئێواران ڕووناکیەک بدات بە دڵی عاشقان، شەوان گوێی شار پڕ بکات لە مۆسیقای سەماکەران، مێزی ڕازاوەو خوانی تێرو تەسەل بە میوانە خۆش مەشرەبەکانی پێشکەش بکات. کام میوانانە؟
ئەو میوانانەی بە هەگبە پڕ لە دۆلارەکانیانەوە، ڕوو لە کوردستان دەکەن و هەرشەوەی هەزاران دۆلار لەو شاری جوانەدا خەرج دەکەن کە (هاوڕێ دارۆ) وەک پرۆژەیەکی خێرخوازی پێی ناساندین. تاک و تەرایەکیش نەبێت لە پاسەوانەکان، هەموو کارمەندەکانی تری شاری جوان، لە ووڵاتانی ترەوە هێنراون، بەتایبەت بەڕێوەبەرەکان. بێکارەکانی ئێرەیش با بۆ خۆیان، هەر لە دوورەوە، بە شاری جواندا هەڵڕوانن و ببینن ئەو پرۆژەیە لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتمان و نەتەوەو هاوڵاتیەکانیدا نیە، بەڵکو لە بەرژەوەندی سەرمایەدارو سیاسیە چەپەڵەکانە کە دارۆ خۆی یەکێکیانە.

گەر بڕوانینە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان، دەبینین هەموویان، لە زمانی (CEO) کەیانەوە، تەنانەت لە ئینترنێتداو بۆ بەرچاوی هەموو جیهان، هەموو ئەو داتاو دیاگرامانەیان ئاشکرا کردووە کە ئاستی سەرمایەگوزاری و ڕێژەی قازانج تیایا، نیشان دەدەن. لەم سایتەی خوارەوەدا ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە دەبینن وەک کۆمپانیای نەوت و گاز، کارەبا، ئۆتۆمۆبێل، تێلێکۆمۆنیکەیشن، دەرمانخانە، خواردەمەنی .. تاد.

http://en.wikipedia.org/wiki/List_of_largest_companies_by_revenue

بەڵام هاوڕێ دارۆ، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، پەردەیەکی ئەستوور بەسەر هەر ڕاستیەکدا دەدات کە ئەگەر گەندەڵیەکی لە پشتەوە نەبێت، پێویست بە شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی ئەو حەقیقەتە ناکات کە سەرمایەگوزاری، تەنها لە پێناوی قازانجدایە.
خستنەگەڕی ٢٦٠ ملیۆن دۆلار لە پیناوی چیدا ئەگەر قازانج نەبێت؟ وە کام سەرمایەگوزاری لەم چەشنە، لە جێگایەکی جیهاندا کراوە، بەبێ ئامانج لە قازانج؟
هیچ کۆمپانیایەک، هیچ پرۆژەیەک ناتوانێت ملیۆنان دۆلار بخاتەگەڕ، بەبێ ئەوەی حسابی بۆ تێچوون و گێڕانەوەی سەرمایە بەکارهێنراوەکەی و وەختی پێویست نەکردبێت بۆ ڕاکێشانی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە قازانج. بەبێ هیچ دوودڵیەکیش، ڕێژەی قازانج لەو جێگایانەدا، ٣٥-٤٥%، کەمتر نیە. هەموو کۆمپانیایەکیش، دەبێت بەر لە دەستکردن بە کار، جەدوایەکی ئابووری پێشکەش بکات و تێکڕای پێویستی سەرمایەو دەستیکارو قازانجی ساڵانەی ئەو پرۆژەیە بۆ خۆی ڕوون بکاتەوە تا لە هەموو لایەنەکانی پرۆژەکەو ڕێژەی سەرکەوتنی و توانای سەرمایەگوزاری ئاگادار بێت. بەشێکی ئەم ئەرکەیش، دەکەوێتە ئەستۆی (CEO) خۆی، هەرچەندە لە کوردستان (CEO) ی کۆمپانیایەکی ئەهلی نیە لە حیزبێکەوە دانەنرابێت. بۆیە ئەوەی گرنگە توانای (CEO) کان نیە، بەڵکو ڕازی کردنی دڵی حیزبەکانە. هاوڕێ دارۆیش کە باوکی و دایکیشی (نەرمین عوسمان)، لەسەر سۆشیالی سویدەوە، گەیشتنە سەر کورسی وەزارەتەکانی کوردستان وەک خاوەن ئیمتیازەکانی یەکێتی، خۆیشی لەسەر حسابی هەمان ئیمتیاز ئەو جێگایەی پێ بەخشراوە نەک توانای شەخسی خۆی. هەر لێرەیشەوە ئەوە دەبینین، هەموو ئەو خێزانە حیزبیانەی لە دەرەوەی ووڵات هیچ نین کەسانێکی فاشل نەبێت، لە گەڕانەوەیاندا بۆ کوردستان، خۆیان دەبنە خاوەنی پلەوپایەکی سیاسی و مناڵەکانیشیان جێگایەکیان بۆ دیاری دەکرێت لە کۆمپانیاکاندا. وە ئیتر بەلێشاو پارە بەسەریاندا دەبارێت و هیچیشیان لێ داوا ناکرێت، درۆودەلەسەچنین و پەردەپۆش کردنی ڕاستیەکان نەبێت.
(هاوڕێ دارۆ) کە لە هەمان کاتدا شەریکەبەشی کۆمپانیای گۆراننێتە، بە چەندان شێوە، لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانەدا هاوپشکە. هیچیشی لە ئەستۆ نیە گوێ ڕایەڵی و ڕازی کردنی سەرکردەکان و شاردنەوەو داپۆشینی حەقیقەت نەبێت. بۆیە زۆر ئاساییە ببیستین: پرۆژەیەکی ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری، تەنها بۆ ڕازاندنەوەی شارە.
ئەمە پیشەی هەموو یەکێتیەکانە لە هەموو ئاستێکدا. ئەو گێلۆکانە، هەروەک شینەشاهۆ، سەریان دەکەن بەبن باخەڵیانداو وا دەزانن کەس چاوی لێیان نیە. وە لەکاتێکا کە یەکێتی، لەژێر زەبری خەباتی جەماوەریدا بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی دەچێت، ناچارە بە درۆی شاخدار، ڕەفتارو کردارو دزی و ئیختلاسەکان داپۆشێت. بەڵام بەبارو زروفێکدا تێدەپەڕین، چیتر نە یەکێتی و نە پارتی، نە پەرلەمان و نەحکومەت و نە میادیاکان، ناتوانن خەڵکی لە ڕاستیەکان چاوبەست بکەن. دەردی هەژاری وەک تاعون بڵاودەبێتەوەو خەڵکی، بەگوڕو هیزێکی ترەوە، دەگێڕێتەوە بۆ سەرشەقامەکان.
با چاوەڕێی هەڵکشانی شەپۆلی داهاتووی خەبات بین، ئەو شەپۆلەی تەختی عەرش دێنێتە لەرزین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە