کوردستانپۆست چۆن ده‌زگایه‌ک ده‌بێت؟

Monday, 23/08/2010, 12:00

1369 بینراوە


ماوه‌یه‌که‌ بیرۆکه‌ی بونی کوردتسانپۆست به‌ ده‌زگا ده‌بینم له‌ لایه‌ن چه‌ند نوسه‌رێکه‌وه‌ له‌ ناو کوردستانپۆستدا، پێم وابو ڕوناکبیرێکی زۆر پوخته‌ی تێڕوانینه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خه‌رمانه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و به‌ ده‌زگابونی کوردستانپۆست هه‌ڵدێنن، بۆچونه‌که‌شم له‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، که‌ کوردستانپۆست وێڕای که‌م و کوڕیه‌کانی و سه‌رجه‌م ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی لێی ده‌گیرێت، تائێستاش پڕ خوێنه‌رترین ماڵپه‌ری کوردیه‌و زۆرێکیش له‌وانه‌ی له‌ کوردستانپۆستدا ده‌نوسن،له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، هه‌روه‌ها تاکه‌ ماڵپه‌ڕیشه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات سڵی لێده‌کاته‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌کی زۆر، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی بیرو بۆچون و پێشنیاری زۆرتر ده‌کرا لێیان، تاوه‌کو ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند تر بکه‌ن و کوردستانپۆستیش بکرێته‌ سه‌نگه‌رێکی قایمتر له‌ به‌گژداچونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان و به‌رپرسه‌ بێ مۆراڵه‌کانی، به‌ڵام منیش وه‌کو خوێنه‌رێکی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ جارێکی دی وه‌بیر هه‌موانی دێنمه‌وه، پرسی بونی کوردستانپۆست پرسێکی گرنگه‌ و جێی خۆیه‌تی هه‌موان ڕۆڵیان هه‌بێت، تاوه‌کو بکارین له‌ کۆی سه‌رجه‌م بیر و بۆچونه‌کان پوخته‌یه‌کی وا هه‌ڵێنجین هه‌ژی باڵای سایته‌که‌ و خوێنه‌رانی بێت، هه‌رکاتێک باسی کوردستانپۆست بکرێت، کۆمه‌ڵێک سه‌رنج و تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ری ده‌گوترێته‌وه‌ ، کۆی ئه‌و سه‌رنج و تێبینیانه‌ش هه‌ندێ خاڵی هاوبه‌شی تێدایه‌، له‌به‌کارهێنانی زمانی ڕوشا و و زاراوه‌ بێزراوه‌کان و چه‌ند شتێکی تر، هه‌رچه‌نده‌ به‌کارهێنانی ئه‌و شێوازه‌ تاڕاده‌یه‌ک به‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نامۆیه‌، به‌ڵام له‌ناو کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کاندا ئاساییه‌ و بگره‌ ئه‌گه‌ر له‌ په‌ڕه‌ی گۆڤارێک یان ڕۆژنامه‌یه‌کدا باسێک یان بابه‌تێک به‌و زمانه‌ بڵاوبکرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆکار بۆ زۆری خوێنه‌ران و کاریگه‌ری له‌سه‌ریان، له‌ وڵاتی به‌ریتانیا کاتێک تۆنی بلێر هه‌ڵمه‌تێکی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر خۆی و پارته‌که‌ی بو سه‌باره‌ت به‌پرسی گه‌نده‌ڵی، ڕۆژنامه‌کان بۆ به‌دواداچونی ڕۆژنامه‌وانی چوبونه‌ شوێنی خێزانی بلێر و وێنه‌ی ناو ماڵه‌که‌یان گرتبو، به‌ ته‌خته‌ی خه‌وه‌که‌ی و شوێنی خۆ شوشتن و ته‌والێت و به‌شه‌کانی دیکه‌وه‌، مه‌به‌ست له‌و وێنانه‌ و زانیاری له‌سه‌ریان بۆ به‌راوردکردنی جۆری شته‌کان و نرخیان بو وه‌کو به‌ڵگه‌ به‌راوردێک بکه‌ن له‌ خه‌رجی و داهاتی سه‌رۆک وه‌زیران، با خوێنه‌ری کورد ئه‌وه‌ بێنێته‌ به‌رچاوی خۆی، ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌ک یان بڵاوکراوه‌یه‌ک وێنه‌ی شوێن خه‌وه‌که‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی یان هه‌ر به‌رپرسێکی تر بخاته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران چی پێ ده‌ڵێن، خۆ ئه‌گه‌ر کوفر نه‌بێت، ئه‌وا پێشێل کردنی پیرۆزیه‌کانه‌ لایان،‌مه‌به‌ستم لێره‌دا زمانی کوردستانپۆسته‌، که‌ ده‌بێت ئاگاداری ئاستی وشیاری و لایه‌نی سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵگای کوردی بێت، ‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ هه‌مو شێوازه‌کانی زمانی میدیا ئاشنا ببێت، دیارترین نمونه‌ ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ سود وه‌رگرتن له‌ ئاستی هزری و دینی خه‌ڵکی کوردستان، له‌ ڕێی مه‌لا نه‌خوێنده‌واره‌کانه‌وه‌ له‌ وتاری هه‌ینیاندا و له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه‌، هێرش و په‌لامار ده‌که‌نه‌ سه‌ر ڕوناکبیران و میدیای ئازاد، خۆپیشاندان و داواکردنی مافی هاوڵاتیان ده‌که‌نه‌ لادان له‌ شه‌رح و دژایه‌تی ئایینی ئیسلام، له‌ کاتێکدا خۆیان هێنده‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان ته‌پ و تۆزاوی کردوه‌ موسوڵمانانیش نازانن ڕوه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی له‌ کوێیه، ڕۆژیک داوای زه‌وی ده‌که‌ن، ڕۆژێک موچه‌ی زیاد، ڕۆژێک په‌لاماری ئه‌م و ئه‌و...هتد، له‌ کاتێکدا ئه‌رکی که‌سانی تایبه‌ت به‌ ئاین شتی تره‌ تایبه‌ت به‌ئاین نه‌ک په‌ل هاویشتن به‌ملاو به‌ولادا.
به‌ده‌زگابونی کوردستانپۆست و کۆکردنه‌وه‌ی هێزێکی ئازادی ڕوناکبیر تێیدا، ده‌بێته‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کی بۆ به‌ره‌و پێشبردنی و پێداچونه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی کاری کوردستانپۆست، به‌ شێوازێک که‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ ئاستی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ هه‌مو لایه‌نه‌کانه‌وه‌، کوشتن ترۆپکی تاوانه‌، به‌ تایبه‌تیش کوشتنی که‌سێک که‌ بێ ئاگایه‌و ده‌ستی له‌ هیج گوناهێدا نه‌بوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر بکوژه‌که‌ی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کوردستان و به‌رپرسه‌کانی هه‌زاران مرۆڤی بێ تاوانیان له‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه‌دا کوشتوه‌، وێڕای سه‌دان تاوانی دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌یان،ئه‌وه‌ باسی دیوه‌ سیاسیه‌که‌ی هه‌ر ناکه‌م که‌ چه‌ند خیانه‌ت و نیشتیمانفرۆشیان کردوه‌، که‌چی زۆرێک له‌ خه‌ڵک هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ و سه‌دان تاوانی تر باس ناکات، به‌ڵام دو وشه‌ی به‌ جۆرێک به‌کاربهێنی له‌ به‌رامبه‌ریاندا، ده‌میان ده‌که‌نه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ده‌گرن، ئه‌مه‌ وێڕای هێرشی له‌شکری قه‌ڵه‌مفرۆش و کۆیله‌کانی ده‌سه‌ڵات، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئاستی وشیاری کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌ که‌ چه‌ند ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سودی لێوه‌رگرتوه‌، له‌ یۆنان هه‌رزه‌کارێک له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌کوژرێت، سه‌رتاپای وڵات هه‌ڵده‌ستێت و زیانی ملیۆنان یۆرۆ به‌و وڵاته‌ ده‌که‌وێت، ساڵانه‌ له‌و ڕۆژه‌داو بۆ یادی ئه‌و دیسان وڵات ده‌شڵه‌قێته‌وه‌ و زیانه‌کان له‌ هه‌ڵکشاندان، که‌چی ده‌سه‌ڵات وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئاسایی له‌ ڕێگه‌ی پۆلیسی به‌رگری شارستانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات، له‌ کاتێکدا کوشتنی ئه‌و هه‌رزه‌کاره‌ بێ به‌رنامه‌و به‌ ڕێکه‌وت ڕویداوه‌ و پۆلیسیش بکوژی بوه‌، که‌چی له‌ وڵاتی ئێمه‌، گه‌نجێکی ڕۆژنامه‌نوس چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن لایه‌نێکی دیاریکراوه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێت و دواتریش به‌ ئاشکرا و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌ڕفێنرێت و دواتر تیرۆر ده‌کرێت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای به‌دواداچون و لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کرێت له‌ دۆسیه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ و جه‌ماوه‌ریش له‌ ڕێی خۆپیشاندانی هێمنانه‌وه‌ پشتگیری ئه‌و داوایه‌ ده‌کات، به‌ تێکده‌ر و ده‌ستی دوژمنی ده‌چوێنن، دواتریش جاڕی شه‌ڕ ده‌ده‌ن، له‌ دژی ئه‌و هه‌ڵووێسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان، به‌راوردکردنی حاڵه‌ته‌کان و کاردانه‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی ژیان وبه‌رده‌وامی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاستی وشیاری تاکه‌کان و له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات کاراوه‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌و تاکانه‌ بۆخۆی ڕام بکات و له‌ به‌ریه‌ککه‌وتنی ڕوداوه‌کاندا وه‌کو هێزێکی به‌رگریکه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات به‌کاریان بهێنێت، که‌واته‌ ئاستی تێگه‌یشتن هۆکاره‌ بۆئه‌وه‌ی ڕوداوه‌کان و ئاراسته‌یان بگۆڕێت ئه‌گه‌رچی له‌ ناوه‌رۆکیشدا یه‌ک شت بن، ده‌ربڕینیش به‌هه‌مان شێوه‌ جۆر و شێوازی ده‌ربڕینه‌که‌ کاردانه‌وه‌ و کاریگه‌ریه‌کان ده‌گۆڕن، زمانی ده‌ربڕین له‌کوردستانپۆستدا، له‌ هه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌ هاوسه‌نگ نیه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان و جێی خۆیه‌تی له‌ به‌ده‌زگابونی کوردستانپۆستدا ئه‌و خاڵه‌ ڕه‌چاوبکرێت، به‌ده‌زگا بون به تایبه‌تیش له‌ تاراوگه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌رکێکی قورس بخاته‌ سه‌رشانی هه‌ڵسوڕاوانی کوردستانپۆست، به‌و پێیه‌ی ده‌زگایه‌کی ڕۆشنبیری پێویستی زۆری به‌و که‌ره‌ستانه‌ ده‌بێت که‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ستکه‌وتنی زانیاری و گواستنه‌وه‌یان ده‌بێت بۆ خه‌ڵکی کورد له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، به‌گشتی نابێت کوردستانپۆست له‌ به‌ده‌زگابونیدا په‌له‌ بکات و به‌ کرچ و کاڵی بێته‌وه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی، پێویسته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی که‌ ده‌یبڕێت سایته‌که‌ له‌ زۆر ڕوه‌ وه‌ به‌ره‌و پێش ببات له‌ روی ناوه‌رۆکه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ ڕوی ته‌کنیکی و زیادکردنی ژماره‌ی ستافه‌وه‌، له‌ناو ستافه‌کانیشدا نابێت ته‌نها پشت به‌ که‌سانی نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس ببه‌سترێت، چونکه‌ ده‌زگایه‌کی ڕۆشنبیری پێویستی به‌ هه‌مو جۆرێک له‌ که‌سانی ڕوناکبیر و به‌هره‌مه‌ند هه‌یه‌،ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مێنیته‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ که‌ ئایا کوردستانپۆست چۆن ده‌زگایه‌ک ده‌بێت، به‌ ڕای من کوردستانپۆست به‌ر له‌ ده‌زگابونی جێی خۆیه‌تی زۆرترین بیرو بۆ چون له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌رگرێت و گۆشه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌، که‌ خوێنه‌رانیش بتوانن سه‌رنج و پێشنیاره‌کانیان بنێرن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌زگایه‌ به‌ بۆچونی هه‌موان بێته‌ به‌رهه‌م و سه‌رکه‌وتو بێت به‌ دڵنیایی بۆ هه‌موانیش ده‌بێت و خزمه‌تی زیاتر به‌ بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌کات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە