عومەر فەتاح و حەسیرمەیانەکەی حسک

Saturday, 22/06/2013, 12:00

2705 بینراوە



هاوڕێیەکی پێشمەرگەم بۆی گێڕامەوە وووتی: ساڵی ١٩٨٢ مەفرەزەیەک پێشمەرگەبووین لە جادەی دوکانیان لای دارەکەی حسک بەدەبە و سۆندەیەکەوە وەستابووین تا داوای بەنزین لەو سەیارانە بکەین کە بەو جادەیەدا هاتوچۆیان دەکرد ، ووتی: نۆرەی سەیارەیەک بوو ئێمەش زۆر بەڕێزەوە پێمان ووت: گەر ئەرک نییە بەڵکو یارمەتیمان بدەیت و دەبەیەک بەنزینمان بدەیتێ ، قسەکەمان لەدەمدا تەواوو نەبووبوو بە شێوازێکی زۆر ناشرین کاکی شۆفێر نەڕاندی بەسەرماندا و ووتی: ئێوە دەزانن من کێم ، من عومەر فەتاحم چۆن زات دەکەن من بوەستێنن و داوای بەنزینم لێدەکەن.
ئەوکاتە عومەر فەتاح لە دائیرەی ئەشغالی سلێمانی لە گەڕەکی کانێسکان موهەندیسی ڕێگاوبان دەبێت. پێشمەرگەکەش پێی ووتبوو: کاکی برا گرنگ نییە بزانین جەنابت کێیت؟ ئێمە تەنها داوای بەنزینیت لێدەکەین خۆ دەفتەر نفووست بۆ دەرناهێنین. هەر ئەوەندەمان زانی بە توڕەییەوە لە سەیارەکەی دابەزی و پێی ووتین ئێوە پێشمەرگە نین دزن ، وەڵاهی دەبێت نامەیەک بۆ مام جەلال بنووسم و پێی بڵێم ئەوانەی تۆ ناوت لێناون پێشمەرگە هەر هەموویان چەتەن! ووتی ئێمەش نەمانکردە نامەردی بە سۆندەی بەنزین و قۆناغە تفەنگ حەسیرمەیانێکی باشمان کرد، لەجیاتی یەک دەبە دوو دەبە بەنزینیشمان لێسەند.


ئەوەی ئەم بەسەرهاتەی بیرخستمەوە ئەو هەواڵەی کوردسانی نوێ بوو کە لە ڕۆژی ١٩-٦-٢٠١٣ دا بڵاوکرابۆوە لە مەراسیمی بەخشینی مەدالیای ڕێزلێنان لەو پێشمەرگە دێرینانەی لە ساڵەکانی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ دا پێشمەرگایەتیان کردووە ، ئاخر سەیرە کەسێک لەو ساڵە سەختانەدا پێشمەرگە بووبێت کەچی سنگ و بەرۆکی خۆی بخاتە بەردەم کەسێکی وەک عومەر فەتاح تا مەدالیا بکات بە سنگیەوە ، بەڕاستی ئەمە کەمکردنەوەی نرخی خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگەیە بەدەستی خۆی . ووتەکەی هاوڕێ نووری هاوڕێم لەجێگەی خۆیدا بوو کە پێی ووتم : پارە و سەیارەو ڤێلا بەندەخوێنی بەشەرواڵەوە نەهێشتووە.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە