پارتى بۆ سەردەشتى رۆژنامەنوسى كرد بە تێرۆرست؟!

Thursday, 16/09/2010, 12:00

1779 بینراوە


پاش زیاتر لە 6 مانگ فرتوفێڵ وخۆدزینەوە لە ئاشكراكردنى بكوژانى " رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان" بەدەستى جەلادەكانى حیزب و بنەماڵە ، لەسیناریۆیەكى گەم ژانەدا كە پاراستن بۆلیژنەى بەناو لێكۆلینەوەكەى رێكخستوە، شەهید سەردەشتى رۆژنامەنوسیان بە تێرۆریست ناساند و لەبرى دروستكردنى سیناریویەكى كەمتر گوماناوى ،دەزگاى پاراستن كە خۆى بە دەزگایەكى سیخورو شارەزائەزانێت لە داتاشینى سیناریو و تۆمەتهەڵبەستن، ئەمجارەش روى رەش و تاوانكاریانەى بۆ تەواوى خەڵكى كوردستان و تەواوى رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ئاشكرابوو لە دروست كردنى سیناریویەكى ساویلكانە و تێوەگلانى بە تێرۆركردنى رۆژنامەنوس و خوێندكارى لاو سەردەشت عوسمان.
ویست و رەهەندەكانى و دەزگا دادوەرى و سیخوریەكانى پارتى لە تاوانباركردنى شەهیدى قەڵەم سەردەشت زۆرن ،ئەوان بە هێنانە سەرشاشەى كەسێك كە دورونزیك پەیوەندى بە كەیسى تێرۆرى سەردەشتەوەنیە ،جارێكیتر سەلماندیان كە هەرخۆیان بكوژو رفێنەرى سەردەشتن و لەسەر ئەو نوسین و رەخنانە تێرۆریانكرد كە لەبارەى بنەماڵە و خانەوادەى بارزانیەوە نوسیونى،بەڵام پارتى بۆ كاڵكردنەوەى گومان و ونكردنى بكوژانى سەردەشت بەدەستى جەلادەكانى دەزگاى پاراستن پاش 6 مانگ سیناریویەكى قێزەون و پرلەتاوانى بۆ كەیسى تێرۆرى سەردەشت دارشتوو، لە راپۆرتێكى پر لە درۆ و هەڵبەستراودا دەستى تێرۆرى خۆیانى ئاشكراكرد. ئاخر بە كامە مەنتیق خۆێندكارێكى وریا و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسێكى رەخەگرى وەك سەردەشت ئامادەیە كاربكات لەگەڵ گروپێكى تێرۆریستى ئیسلامى؟؟؟ بۆچ مەبەستێك؟ بۆ كامە ئامانج و لە پێناوى چیدا؟ لەكاتێكدا هەم سەردەشت و هەم خانەوادەكەى هەڵگرى بیرى چەپن و ساڵەهایە لە بزوتنەوى چەپدا خەباتى ئینسانى خۆیان درێژەپێئەدەن، ئەم تاوانباركردنەى پارتى جگەلەوەى كە مەترسیەكى گەورەیە بۆسەر ژیانى خانەوادەكەى، تاوانێكى قێزەونە بەرامبەركەسایەتى مەعنەوى كاكە سەردەشت و لەكەداركردنى مێژوى كەسایەتى و ناو ناوبانگى خۆى و خێزانەكەى، پارتى لە رێگەى داتاشینى سیناریویەكى وەهاوە ئەیەوێت هەم لە كەسایەتى مەعنەوى شەهید سەردەشت بدات كە تەواوى هاورێ خوێندكارو مامۆستاو خەڵكى كوردستان ئەزانن كە خاوەن چ كەسایەت و كار و بیركردنەوەیەك بووە، وەهەم ئەیەوێت تاوانبارانى سەردەشت بەجۆرێك ونبكات كە ئاسان كار بۆ دۆزینەوەو قسەلەسەركردنى نەكرێت،وە سەپاندنى ئەم تاوانە بەسەر گروپێكى ئیسلامى تێرۆریستیدا كە ویست و تواناى كوشتنى هەزارە ئینسانیان هەیە، وە رابوردویەكیان هەیە لە كارى تێرۆریستیدا ئاسانە،بەڵام بەپێچەوانەى سیتاریوكەى پارتیەوە تێرۆركردنى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان كارى گروپێكى تێرۆریستى وەك (ئەنسار ئیسلام) نیە،بەدەلیلى ئەوەى كە سەردەشت پێشتر بەهۆى بڵاوكردنەوى رەخنەو نوسینەكانیەوە لەسەر خێزانى بارزانى هەرەشەى لێكراوە وە سەردەشت چەندجار تەواوى دەزگا ئەمنیەكانى پارتى لێ ئاگاداركروەتەوە، ئەمەجگە لەوەى كە كەسایەتیەكى وەك سەردەشت ئەوەندە بۆ گروپێكى وەك ئەنسار ئیسلام گرنگ نەبوە لەوكاتەدا تا هەوڵى رفاندن و كوشتنى بدەن، لەبرى سەردەشت سەدان كەسایەتى حیزبى و خێڵەكى تر لە هەولێردا هەیە كە بۆ ئەوان جێگەى بایەخبێت و بشیانەوێت هەم بارى ئاسایشى هەولێرى پێ تێكبدەن وە هەم نێوانى پارتى و حیزبەكانى تر تێكبدەن،وە بێبنەماى سیناریوكەى پارتى لەوەدایە دەرفەتى ئەوەیان بۆ پرسیار و بیركردەوەى خەڵك نەهێشتوەتوە تا خەڵك گومانى ئەوەبكە كە رەنگە ئەمە كارى ئەوگروپە تێرۆریستیەكەبێت بۆ تێكدانى بارى ئەمنى كوردستان، لەبرى ئەمە هەرخۆیان وەڵامێكى ساویلكانەو درۆیەكى شاخداریان فێرى كاكى فیتەر (هشام محمود اسماعیل) كردوە تا رۆژنامەنوس شەهید سەردەشت بەوە تاوانباربكات كە پەیوەندى بە گروپێكى تێرۆریستى ئیسلامیەوە هەبوە و بەهۆى جێبەجێ نەكردنى فەرمانەكانى تێرۆریان كروە؟!! ئامانجێكى ترى پارتى بۆ بەتێرۆریست ناساندنى سەردەشت، رێگرتنە لەو پەیكەرە برونزیەى كە وەك سیمبولى ئازادى قەڵەم لەلایەن" كەمپینى پرۆژەى پەیكەرى ئازادى بۆ سەردەشت عوسمان" بە كۆمەكى خەڵكى ئازادیخواز لەدەرەوەو ناوەوەى كوردستان دروست كراوە، چونكە پارتى پێى وایە كە تەنها سیمبولەكانى خۆى شایان بە هەڵواسینى وێنە و پەیكەرن، جگە لەوەى كە دانانى پەیكەرى برونزى شەهیدى قەڵەم سەردەشت عوسمان لەبەردەم كۆلێجەكەى ئەبێتە چقلى چاوى پارتى و بنەماڵكەى كە لەسەر ئازادى بیرورا تێرۆریانكرد.


وە ئامانجێكى دیكەى پارتى لەداتاشینى سیناریویەكى وەها ،رێگەخۆشكردنە بۆ تێرۆركردنى خەڵكانێكى ئازادیخواز و رەخنەگر و چەپ و لیبراڵ لەرێگەى تاانباركردنى گروپە تێرۆریستیە ئیسلامیەكانەوە ،ئەم فێڵ و تاكتیكە نوێیەى پارتى مەترسیەكى فرەگەورەیە بۆ ژیانى هەركەسێكى ئەم هەرێمە كە لەدەرەوەى بیرى حیزبى و خێڵەكى ئەوان بیربكاتەوە و بیەوێت لە پێناو ئازادى و عەداڵەت و كەرامەتى ئینسانەكان و خۆشگوزەرانیدا رەخنەبگرێت و بیەوێت درێژە بەجەنگى پێنوسەكان بدات و هێڵە سورەكانى ئەوان ببەزێنێت.بۆیە ئەبێت هەموو كەسێكى مرۆڤدۆست لەهەركارو پیشەیەك و لایەنێك بەگشتى و نوسەران و رۆژنامەنوسان بەتایبەتى، وە تەواوى خەڵكى كوردستان لەدەرەوەو ناوەوە بەهەماهەنگ لەگەڵ رێكخراوە مەدەنى و مرۆڤدۆستەكانى ئەوروپاو ئەمریكا هەڵوێستى بەپەلە بنوێنن لەبەرامبەر ئەم تاوان و چەواشەكارییەدا، كە ئێمە هەرلەسەرەتاوە ئەمانزانى كە پارتى و لیژنەى لێكۆلینەوەكەى سەرقاڵى دیزەبەدەرخۆنەكردنى كەیسەكەن.لاى هەموان ئاشكرایەكە هەرەشە و دەمكوتكردن و تاوانباركردنى رۆژنامەنوس و نوسەر و چالاكوانى سیاسى و مەدەنى لەلایەن یەكێتى و بەتایبەت پارتیەوە شتێكى تازەنیە،كەلتورى داتاشین و لغاوكردنى كەسانى رەخنەگر و نا پارتى هەرلەسەردەمى شاخەوە تا ئێستا درێژەى هەیەو یەكێك بوە لە چەكە ترسناك و گەمە ئاشكراكانى ئەوان بەرامبەر بە خەڵكى بێتاوان و بێپشت و پەنا.سەردەمێك بوو بە تاوانى تابورى 5 و بەعسى بون و یەكێتى بونى و ئیسلامى بون و بەكرێگیراوى بێگانە و دەست لەپشتى ئێران و توركیاو تەنانەت پەكەكە بون و كۆمۆنیس بون،كەبەپێچەوانەى ئەوەوە خیانەت و دەستێكەڵكردن بۆ خۆیان و پارتەكانیان ئافەرین و كوردایەتى و ئازایەتى بوە،كەچى تەنها بۆ رەوایدا بە دژایەتى و گرتن و كوشتن و دەمكوتكردنى خەڵك لە زۆربەى خۆپێشاندانەكاندا و لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا نوسەر و رۆژنامەنوس تەنانەت خوێندكارى خوێندنگە و زانكۆكانیان پێ تۆمەتبارەكردن و بەعس ئاسا بێبەشیان ئەكردن لەخوێندن و بەتۆمەتى نارەوا توشى لێدان و سەركوت بونەتەوە.بۆیە ئەم گەمەى كە پارتى و دەزگا سیخورى و دادوەرە خۆفرۆشەكانیان لەكەیسى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا كردیان، نەیەكەمینجارە وە نەبەوزوانە كۆتایپێدێت، بەڵكو ئەنجامێكى وەها زۆر چاوەروانكراوبوو، ئاخر چى چاوەروان ئەكرێت لە دەسەلاتێك تا بكوژانى سەردەشت ئاشكرا بكات لەكاتێكدا خۆى هەستاوەبە تێرۆركردنى؟؟!! بۆیە ئەبێت كەسانى سەربەخۆ لە رۆژنامەنوس و رێكخراوە مەدەنیەكان لەگەڵ پارێزەرانى مافى مرۆڤ لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات بەچاودێرى نەتەوەیەكگرتوەكان سەرلەنوى بەدواداچون بۆ كەیسى تێرۆركردنى سەردەشتى رۆژنامەنوس بكەنەوە،تا بكوژانى ئازادی ریسواوبكرێن و سزاى مێژوى و یاساى و ئەخلاقى خۆیان وەرگرن و چیتر لەژێر ناوى دیموكراتیەت و ئازادیدا ،ئازادى و ئازادیخوازان بەرۆژى روناك تێرۆر نەكەن.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە