ملە سورە هێمایەك بۆ خیانەت ، 14-4 ڕۆژێك بۆ ڕسوایی تاوانكاران

Sunday, 12/04/2009, 12:00

1932 بینراوە


سبەی بڕیار وایە پۆلێك لە ئەندامانی چاودێری كوردۆساید -چاك و دۆستانی لە گەرمیان لە دەستپێشخەرییەكدا سەردانی گوندی ملە سورە بكەن .
ئەو گوندەی 21 ساڵ لە ڕۆژگارێكی وەك ئەو ڕۆژە ، دوا ژوانی دەیان هەزار گوندنشینی گەرمیانی بوو لە گەڵ ژیان ، لەو چركە ساتەوە بە فەرمانی تاوانكارانی وەك فەتاح بەگی جاف ، لە لمی بیابانەكان شاردرانەوە، بڕیار وایە دووسبەی لە گەرمیان بنێژرێنەوە .
ئەو مرۆڤانەی سبەینێ ئەو گەشتە دەكەن، ئەوانە نین ناویان لە لیستی داوەتنامەكانی وزارەتی بەناو شەهیدان و ئەنفالكراوان بێت ، ئەوانەش نین لەم شار بۆ ئەوشار ، لەم فەرمانگا بۆ ئەو فەرمانگا ، لەم تەلەفزیۆن بۆ ئەو تەلەفزیۆن دەگوازرێنەوە كراون بە دەم سپی ئەنفال، ئەنفال بۆیان بۆتە نیعمەت و بازرگانی ، ئەم مرۆڤە بەرزانە ئەوانەش نین سازش بكەن و بە وشە درۆكانیان پاكانە بۆ هەڵەكان بكەن و نەوێرن ڕاستییەكان باس بكەن و مل لە ئاست تاوانكاران دابخەن .
ئەمانە ئەو مرۆڤە بوێرانەن، دوور لە ڕەسمیاتی بازرگانانی ئەنفال و جینۆساید، بە ڕێشە درێژ و جلە دڕاوەكانیان و بە وشە سادەكان سەر زاریانەوە، بە سادەیی و دوور لە فرت و فێڵی بازرگانانی ئەنفال، هەمیشە كارەكان خۆیان دەكەن و بوێرانە پەنجە دەخەنە سەر ڕاستییەكان ، چونكە ئەوان خاوەنی ئەنفالن و ئێش و ئازارەكانی لە دڵ و دەروونی ئەواندایە .
گەرمیانییەكان ، ئێمە هەمیشە سوتەمەنی دەست ستەمكاران بووین، تكاتان لێدەكەم ڕێگە مەدەن هەڤاڵانی مامۆستا نایف و سەركردەكانی فەتاح جاف و هاوسەنگەرانی حەمە خانی حاجی دارا و هاوحزبییەكانی تەحسین شاوەیس و مەلا عوزێر و سەدان تاوانكاری دی لە مەراسیمەكەتان ئامادە بن و فرمێسكی درۆ بهۆننەوە بۆ ئێسك و پروسكەكان كەسوكارەكانمان ، ناشتنی قوربانیان بكەنە ناشتنی باوەڕ كردن بە درۆ و وشەی بریقەداری بازرگانانی ئەنفال .
ڕۆژی ئەوە هاتووە لاپەڕەی ئەو ڕۆژگارانە هەڵبدەینەوە پڕ بە دەم دوا حیسابات لەگەڵ تاوانكاران و هاوكارانیان بكەین، ئەوانەی 21 ساڵ لەمەوپێش كەسوكارمانیان دایە دەم حەزیای ئەنفالەوە . دەزانن ئەوانەی 14-4 بە خاك دەسپێردرێن ، كام قوربانین ، هەمان ئەوانەن 21 ساڵ لە ڕۆژگارێكی وەك ئەمڕۆ فەتاح بەگ، خاوەند دیوەخانە 3 ج ەكەی ئێستا " جاش، جاف، جەلالی " تەسلیمی بەعسیانی كردەوە؟ ، بۆیە نە لەوان و لە لەمان و لە لەوانی تر نابێت ببورین!.
سڵاو لە یاداوەریی قوربانیانی گوندی ملە سورە.
درود و ڕێز بۆ ئەو ئازیزانەی لە 14-4 دا، بە گەرمیانەكەیان شاد دەبنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە