بەڵێ بۆڕەتكردنەوەى دەستوورى پەرلەمانى ماوە بەسەرچووى یەكێتى و پارتى !!

Tuesday, 30/06/2009, 12:00

2098 بینراوە


((باهەمووان بەنەخێر دەنگ بدەین بەدەستوور تاببێتە چقڵێك بۆ چاوى پارتى و یەكێتى ...،، چوار حزبەكەش سەلماندیان كەبەڵێ وەك كەرى ناو جۆگە وان))...
ئەو پڕۆژە دەستوورەى لە 22 ى 8 ى 2006 ئامادەكرابوو لیژنەى پێداچوونەوە لە 22 ى 6 ى 2009 دابەشى ئەكات بەسەر ئەندامانى پەرلەمان و دوایى چەند سەعاتێك بەزۆرینەى دەنگ پەسەند ئەكرێت ، وەك هەموو لایەك ئەزانن گرنگترین دەسكەوت و دیارى بۆ میللەت و بۆ نەوەى نوێ و نەوەكانى داهاتوو دەستوورە بەڵام لێرەشدا پارتى و یەكێتى لەدواساتەكانى تەمەنى نائومێد بوونیان و كۆتایى هاتنى دەسەڵاتى دیكتاتۆریانەیان لەناو پەرلەمان ، پەلامارى دەستووریان داو پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو بەزۆر دەستوورێكى كرچ و كاڵى ناتەواوى حزبی پەسندكرد ، هەر گرێدانى سنوورى هەرێمى كوردستان بەسە بۆ ڕیسوابوونى ئەو پەرلەمانە كەتێپەڕاندنى دەستوور لەم كاتەدا غەیرى مەرامى گڵاوى پارتى و یەكێتى نەبێت هیچ ڕۆشنایەكى ترى بۆ ئەو میللەتە تێدا بەدى ناكرێ . دەستوورێك ئەندامانى پەرلەمانەكەى ئاگادارى ڕەشنووسى كۆتایى نەبن ، دەستوورێك ڕێگەنەدرێ تاوتوێیى بەند بەبەندى بكرێ و گفتوگۆى لەسەر بكرێ ئەبێ چ دەستوورێك بێ ؟ ...
ئێمە لەگروپى چیایى كوردستانپۆستەوە وێڕایى ئەوەى بەنیگەرانى زۆرەوە ئەڕوانینە ئەم دەستوورە حزبیە زۆر بەتووندیش ڕەتى ئەكەینەوە و داوائەكەین لەسەرجەم كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان و بەتایبەتیش دكتۆر و پزیشك و یاریدەدەرى پزیشك و پەرستار و تێكرایى ستاف و كارمەند و پسپۆڕانى ترى سلكى تەندروستى كەئەم دەستوورە ڕەت بكەنەوە و ئیدانەى پەسندكردنى بكەن لەلایەن پەرلەمانى ماوە بەسەرچووەوە ، وە هەمووان بەنەخێر دەنگى بۆ بدەن و هەرتاكە و لەئاست خۆیەوە لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتە مێژوویەیەیى لەسەر شانیەتى بۆ خەڵك و جەماوەرى ڕوون بكەنەوە و هانى جەماوەر بدەن بەڕەت كردنەوەى ، چونكە دەستوورێكە بەئاشكرا سیستەمى حوكمڕانى مافیائاسا لەكوردستان بەرەو سەرۆكایەتى ئەبات و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم بەشێوەیەك پاوان ئەكا هەرتاكێك خاوەن ویژدان و شەهامەت و كوردایەتى و قوربانیدان بێ ڕەتى ئەكاتەوە كەسەرۆكى هەرێم ئەو هەموو دەسەلاتەى هەبێت و بەئاشكرا ئەیكەن بەفەرمانڕِەواو و فیرعەونى یەكەم بەسەر هەموو دەسەڵاتە یاسایى و شەرعیەكانى ترەوە ، لەكاتێكدا هەر خودى ئەو پەرلەمانە ماوە بەسەر چووە حزبیە بوو دژى مالكى وەستانەوە كەداواى ئەكرد عێراق لەسیستەمى پەرلەمانیەوە بكرێت بەسەرۆكایەتى ، وە پەسند كردنى ئەم دەستوورەى مەكتەبى سیاسى یەكێتى و پارتى لەكاتێكدایە كەمادەى 140 ى تایبەت بەگەڕاندنەوەى ناوچى جێ ناكۆكەكان بۆ سەر هەرێمى كوردستان جێ بەجێ نەكراوە و لەحاڵەتى ئەنجامدانى ڕاپرسى لەسەر ئەم دەستوورە بێ بەش ئەبن لێیى كەئەمە دیسانەوە پێمان ئەڵێ ئەوان گرنگ مەرامە حزبیەكانى خۆیانە بێتەدى نەوەك بەرژەوەندیە باڵاكانى كورد و ئەو میللەتە ماڵ وێرانە بەدەست پارتى و یەكێتى و هەردوو بنەماڵەوە .
جگەلەوەى دەستوورێك پەسندكراوە لەلایەن پەرلەمانێكى ئێكسپایەرەوە ، دەستوورێك پەسندكراوە جیایە لەو ڕەشنووسەى كەپێشتر خرابووە بەردەم ڕێكخراوەكان و هەندێك دەزگاى ڕاگەیاندنەوە تەنانەت تا ڕۆژى 21 ى 6 ى 2009 سایتى پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو هەر دەستوورە كۆنەكەى لەسەر شاشە بوو ، لەهیچ یاسا و ووڵات و هەرێمێكدا نەبووە تۆ دەستوور بۆ بەرژەوەندى خۆت دەستكارى بكەیت ، ئەوەتە لەماددە 64 دا ماوەى ویلایەتى سەرۆكى هەرێًم بە چوار ساڵ دیارى كراوە بڕگەیەكیان بەئارەزووى خۆیان بۆ زیاد كردوە كەئەڵێ .. سەرۆكى هەرێم ئەتوانێ بۆ دوو خول خۆى هەڵبژێرێتەوە لەڕۆژى كارپێ كردن بەم دەستوورە كارى پێ ئەكرێ ... واتا ئەو چوار ساڵەى ڕۆیوە سفر ئەبێتەوە ، سەرۆك لەتاقى كردنەوە و تڕایى بووە بۆیەش نەیتوانیوە بە سیفەتى سەرۆكى هەرێم سەردانى یەك قەزا و ناحیەیى هەرێمى كوردستان بكات ، حاشا و هەزار حاشا لەلادێ و گوندەكانمان كەبەمەش سەلماندیانەوە بەڵێ دەستوورێكى كۆنەپەرستانەى دیكتاتۆریانەى تاسەر ئێسقان حزبى و ئینشایى و بێ ناوەڕۆك و بێ بەرنامەیە ..
ئێمە لێرەدا داخى چەند خاڵێكمانە ...
1 _ چوار حزبەكە سەلماندیان كەبەڵێ وەك كەرى ناو جۆگەوان و گرنگ مەرامە حزبیەكەى خۆیانە بێتەدى ، چونكە لەكۆبوونەوەى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ سەرۆكى لیستەكانى هەڵبژاردن سەلاحەدین بەهادین ناڕەزایى نیشاندابوو كەنابێ هەر پەلە بكرێت لەباسكردنى نەوەك دەستكارى كردنى و جێ بەجێ كردنى ئێمە لێرەوە ئەڵێینە سەلاحەدین بەهادین ئەم مونافقى و دووڕوویەت چەندى بەچەند ؟ .
2 _ ئەڵێین خۆزگە پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو لە ڕاگەیاندن و دروست بوونى دەستەى نەزاهەى هەرێمى كوردستان و دادگایى كردنى بەرپرسان و خەم و ئازارەكانى ئەو میللەتەش ئاوا بەپەلە و گورج و گۆڵ ئەبوون و هاواریان ئەكرد و ئەیانووت لەماوەى 48 سەعاتدا خەمەكانى ئەو میللەتە جێ بەجێ نەكرێ خۆمان ئەكوژین ؟؟.
بۆنموونە لەدانیشتنێكى پەرلەماندا لە مانگى 3 ى ئەمساڵ كۆسرەت ڕەسوڵ ڕاى گەیاند لەگەڵ سەرۆكى هەرێم بەم زووانە و بەپەلە بڕیار لەدروست كردنى دەستەى نەزاهە ئەدەین ؟ نەوەك هەر نەكرا ڕۆژێك نەمان دى ئەو پەرلەمانە زەلیلە ڕوونكردنەوەیەك بدا و بڵێ سەرۆكى هەرێم كوا دەستەى نەزاهە ؟ كوا ئاشكراكردنى سەروەت و سامانى بەرپرسان ؟ كوا بۆ هەر جارێك لاسایى پەرلەمانى عێراقى نەكەینەوە ؟ .
بەپێچەوانەوە ئێمە دڵمان بەوە خۆش بوو كەلەپڕۆژە یاساى دەستەى نەزاهەى عێراق كەلەلایەن لیژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراقیەوە لەقۆناغى گفتوگۆكردن دایە و هێشتا پەسند نەكراوە یەكێك لەبڕگەكانى ئاماژەكردنە بەكردنەوەى نوسینگەى دەستەى نەزاهە لەسەرجەم شارەكانى عێراق بەهەرێمى كوردستانیشەوە كەئەمە هەنگاوێكى دڵخۆشكەرە حكومەتى عێراقى و جەنابى مالكى بێن چاودێرى دیاردەى گەندەڵى هەرێمى كوردستان بكەن ،چونكە ئەوانیش شارەزامان بوون كەبەڵێ پەرلەمانى كوردستان پەرلەمانێكى كارتۆنیە و دەربڕى ڕاى جەماوەر و خەڵكى كوردستان نیە .
هەربۆ بیرخستنەوەى هەموو لایەك چەند مانگێكە نوسینگەى سلێمانى پەرلەمانى كوردستان یاداشتێكیان لەسەر خراپى چەند پڕۆژەیەكى ڕێگاوبان و كەمى ئاوى خواردنەوە و گرانى بازاڕ و چەند كێشەیەكەى تر بەبەڵگەوە ئاڕاستەى پەرلەمان كردووە تالەوێوە ئاڕاستەى حكومەت بكرێت كەچى تائێستاش پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو وەڵامى نەداونەتەوە ، بۆنمونە ڕێگاى تاسڵوجە سلێمانى 21 ملیۆن دۆلارى تێدا بەهەدەر دراوە 3 ساڵیش لەوادەى یاساى خۆى بەسەر چووە ، نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكەى سلێمانى كە ئەویش زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلارى تێدا بەهەدەر دراوە تائێستاش تەواو نەبووە ئەویش زەمەنێكە لەوادەى یاساى خۆى بەسەرچووە .... هتد .
بۆیە ئەڵێین ئەگەر پەرلەمانێك پەرلەمان بوایە كۆبوونەوەى ئەبردە ناو ئەو پڕۆژانەوە كەئەمە دوو پڕۆژەى زۆر سادەى بچووكى ئەم وڵات و هەرێمە كاول بووەن ، ئێمە بەوە شكور نەبووین تاهاتن دەستوورێكیان پەسندكردكە هیچ تاكێكى ئەم كۆمەڵگایە قبوڵى نیە ، 18 ساڵە بێ دەستوورین و زوڵم و چەوسانەوەمان قبوڵ كردوە ناكرێ و نەبووە تۆ بە چل و هەشت دەستورێك بدەى بەمل ئەو میللە تەدا ، هەرگیزاو هەرگیز گرنگى دەستوور ڕێگە بەوەنادات تۆ بێیت دەستوورێكى نادیارى نەخوێندراوەى نەبینراو تێپەڕێنی و كۆمەڵگا بخەیتە بەر ئەمرى واقیع لەهەموو دونیادا دەستوور بۆ میللەتە ، نەبووە دەستوور بۆ حزب و بنەماڵەیەك بێت ، ئەوەى ئەمانە كردویانە ئەچێتە قاڵبى گاڵتەكردن بەعەقڵى یەكەبەیەكەى تاكەكان و سوكایەتى كردن بەئیرادەى گەل و مافى خەڵك و نەوەكانى داهاتووش .
وەك هەموو لایەك ئەزانین دەستوور لەهەل و مەرجى ئاسایدا ئەكرێ نەبووە تۆ دەستوور لەهەل و مەرجى نائاسایدا وەك ئێستا بەزۆر بدەى بەمل ئەو میللەتدا بۆیە حەقى خۆمانە بەدەستوورى پارتى و یەكێتى ناوى بەرین نەوەك بەدستوورى میللەت ، چونكە دەستوور دەبێ دەستوورى هەموو بەرژەوەندیە جیاوازەكانى گەلى كوردستان بێ نەك تەنها بۆ سنوورى فەرمانڕەوایى دوو بنەماڵەى مافیا بێت ، ئەبێ ڕەنگ دانەوەى ئیرادەى میللەت و ناخى كۆمەڵگا و هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكان و هەموو چین و توێژەكان و جەماوەرى كوردستان بێ بەكوردانى دانیشتووى هەندەران و دەرەوەى هەرێمى كوردستانیش نەوەك ڕەنگ دانەوەى سەر و بچم و سیما ناشیرینەكانى مەكتەبى سیاسى دووحزبى بنەماڵەیى بێت .
لەكۆتایدا دووبار ئەیڵێینەوە نەخێر بۆ دەستوورى پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو نەخێر بۆ پەسندكردنى و داوكارین لەهەموو لایەك بەنەخێر دەنگ بۆ ئەم دەستوورە بدەن ..
ڕووسورى و سەربەرزى بۆ ئەندام پەرلەمانە دڵسۆزانەى ئامادەنەبوون بچنە ژێربارى ئەو ئەركە مێژوویەیى و خۆیان شەرمەزارى میللەتە بكەن و ئامادەنەبوون دەنگ بدەن بۆ پەسەندكردنى ... ڕیسوایى و شەرمەزارى بۆ دەستوورى پارتى و یەكێتى و پەرلەمانى ماوە بەسەرچوو .
 
سلێمانى .
29 6 2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە