رۆژى جیهانى مندالان

Monday, 01/06/2009, 12:00

3294 بینراوە


لە رۆژنامەى هەولێر و لەژمارەى رۆژى 1/6/2009 بابەتێكم بەرچاو كەوت لەژێر سەردێرى دایكێك هیچم نیە تا بیكەمە دیارى بۆ مندالەكانم .. هەروەها .. مندالێك جەژن بۆ من ئەو رۆژەیە پارەم دەست ناكەوێ
ئەوەى راستى بێت ئەو كەسانەى ئەم رۆژنامەیە دەردەكەن بە خاوەن ئیمتیازەوە كە نەوزاد هادی گەندەڵ پارێزگارى هەولێرە , تۆزقالێك شورەییان نیە و لەخۆیان تەریق نابنەوە سەرەراى دزى و گەندەلیان ئەم جۆرە بابەتانەش بڵاو دەكەنەوە كە گوایە ئەمە لووتكەى دیموكراسیەت و ئازادى رادەربرینە ,, زۆر دلگران بووم بەو دوو مانشێتە كەلەرۆژێكى وەك ئەمرۆدا و لەو هەموو سەروەت و سامانەى لە كوردستان هەیە منالانمان بەم شێوەیە ژیان بەسەر بەرن .. لەو بابەتەدا مندالێك باس لە خۆى دەكات و دەڵێ من قوتابیم و كورە گەورەى مالەوەم بابم كارى حەمبالى دەكات و پێویستى بە منە تا بتوانین بژێوى ژیانمان دابین بكەین و دەڵێ دەزام جەژنى مندالان هەیە و قەت دڵم نایەت بە باوكم بلێم دیاریم بۆ بكرە لەبەر ئەوەى دەزانم ئەگەر نەیتوانى بۆم بكرێت خەفەتى پێوە دەخوات ...
بەلێ ناخۆشترین كات ئەوەیە كە باوكێك لە بۆنەیەكى ئەوەهادا نەتوانێ دیاریەك بۆ جگەر گۆشەكەى بكرێت كە خۆشەویسترین كەسە لە ژیانى ئەودا .. لە لایەكى تریشەوە با مندالى مل ئەستورو نا بەرپرسەكان لەو پەرى خۆشگوزەرانیدا ژیان بەسەر بەرن و مندالە تەنانەت 10 -12 سالاكەنایشیان نوێترین مۆدێلى سەیارە لێبخورن و گەمە بە هەست و سۆزى مندالانى ترەوە بكەن و تەنانەت بۆ ژانە سەرێكیش دەیانبەن بۆ دەروەى كوردستان بۆ چارەسەرى .. نازانم تۆ بلێ ى مندالانى ئێمە لە كونە دیوار هاتبنە دەرەوە و هى ئەوانیش لە ئاسمانەوە هاتبن ئەم بابەتە لە كاتێكدا بلاو دەكرێتەوە كە وادەى هەلبژارتن وا بەرەبەرە نزیك دەبێتەوە و مشتو مرى هەلبژارتن تا دێت گەرم تر دەبێتەوە , بەلام منێك و رەنگە بە هەزارانى وەك من كە سەرتاپاى ژیان و گەنجێتیان لە گەل تڤەنگ و ژیانى پێشمەرگایەتیدا بەسەر بردووە و ئێستا ناتوانین تاك ئاواتێكى مندالەكانمان بێنینە دى چۆن دلمان بە هەلبژارتن خۆش بكەین و باوەرمان وەك هەولێرگووتەنى بەو كەچە مرۆڤانە هەبێت كە خۆیان كاندید كردووە , حكومەتێك ئەوە ماوەى 18 سالە نەیتوانیبێت ژیان و گوزەرانى خەلك بە باشى دابین بكات و حزبێك هەروەك سەردەمانى شاخ 3 تا 4 مانگ جارێك مووچەى پ. م بدات و تا ئیستا وەك پێویست ئاوو كارەباو با پێداویستى ترى ژیان بەباشى دابین نەكرابێت ونرخى بازارو كالا و كەل و پەل لەو پەرى گرانى دا بێت , چاوەرێ چ كارێكى باش بكەم لەو حكومەتە كە بۆ ماوەى 18 سال نەیتوانیبێت ژیانێكى ئاسوودە بۆ هاولاتیان دابین بكات , دەبێ 18 سالى تر چاوەری بكەین تا بەلایەنى كەم كارەبامان بۆ دابین دەكەن ..
نیچیرێك دەتوانێت بۆ ئاهەنگى هەناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم بە دەیان و سەدان دەفتەر دۆلار خەرج بكات و با مندالە بێ نازەكانیشمان بەبێ هاتنە دى خەون و ئومێدەكانیان شەوانە سەر ببنێنەوە , هیوادارم گەر عەدالەتێكى خوداوەندى هەبێت تۆلەى ئەو مندالانە لەو كەسانە بكاتەوە كە ئێستاكە بوونەتە كابووسى ئەم گەلە ستەم دیدەیە .. هیوادارم ئەم هەلبژاردنە ببێتە راپەرینێكى ترى جەماوەرى بۆ تێكدانى كۆشك و تەلارى ئەو دزو گەندەلانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە