نەوت و خوێن: دۆکترینێکی ئەمریکی بۆخوێندنەوەی دنیا!

Sunday, 27/01/2013, 12:00

2243 بینراوە








سەرەتا: فەلسەفەی دۆکترینی ئەمریکی

فەلسەفەی دۆکترین ئەوەیە کە ئەمریکا ولاتیكی ئیمپریالیزمی زلهێزە. ئیستا ٩٠٠ بنکەی جەنگیی و هێزی سەربازیی لە ١٣٠ ولاتدا هەیە.
 بروانە:

http://www.politifact.com


هەر چوار سال جارێک هەلبژاردن دەکرێ. ناکرێ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکی تازە هەوڵ بدات لەم هەموو کەینو بەینە تێبگات و لە سفرەوە دەست پێبکات چۆن مامەلە لەگەل دنیادا دەکات و دەسەڵاتی گلۆبالی ئەمریکا بەکاربهێنێت. دەبێ هەندێ باوەرو پرینسیپی بەهێزو پتەوو نەگۆڕیان هەبن وەک عەقیدەی دینی نەگۆڕ کە هەم بەرژەوەندییە هەرە جەوهەرییەکان و هەم رێبازی بەکارهینانی ‌هێزی سەربازیی و پاکانەی بەرپاکردنی جەنگ بۆ سیاسییەکان و خەلکی ئەمریکاش دیاری بکات ولێی لانەدەن. ئەو باوەرە یان باوەڕانە کە هێزی عەقیدەی دینییان هەیە پێی دەوتڕێ دۆکترین.
بە گشتی لە دوای شەری جیهانی دووەمەوە دۆکترینی ئەمریکی سابیتەو بریتییە لە پاراستن و کۆنترۆلی ئەمریکا بە سەر نەوتی خەلیج و ئەوسا سەرچاوە نەوتییەکانی دنیادا. کارپیکردنی پراتیکیش بەم دۆکترینە بریتی بوو لە مۆرکردنی پەیمانی مێژوویی ستراتیجی نێوان سەرۆکی ئەمریکی رۆزفلت و مەلیکی سەعودی عەبدولعەزیز لە سالی ١٩٤٥ دا بۆ [نەوت لە جیاتی پاراستن] واتە:پاراستن و ‌هێشتنەوەو بەهێزکردنی رژێمی بنەماڵەیی دینۆکراتی وەهابی سعودیەو دەولەتۆکەکانی خەلیج لە جیاتی کۆنترۆلکردنی نەوتی خەلیج لەلایەن ئەمریکاوە. تا لە دۆکترینی ئەمریکی و چۆنێتی بەکارهێنانی تێنەگەیت، ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست لە رووداوەکانی دنیای جەنگ و سیاسەت تێبگەیت.
لە بەر ئەوەی خوێندەواری کورد بەداخەوە تەمبەڵ بووە، یان راستتر بێزار بووە، لە زۆریی و بێهودەیی نووسین و وتار بە تایبەتی لە بەربەرستانی باشووردا، و شتی فیکریی و جددی یان درێژ ناخوێنێتەوە، بۆ ئاسانکردنی ئەم بابەتە گرنگە، کە هیوادارم بە وردی بیخوێننەوە بلاویشی بکەنەوە، بە شێوەی پرسیارو وەلام دەینووسم.
١دۆکترین چییە؟

Doctrine بنەڕەگی وشەی دۆکترین

با لە وشەکە خۆیەوە دەستپێبکەین: ئەسلەکەی لاتینییە. رەگی وشەکە: دۆکت ە بە مانای فیرکردن، هەمان بنەچەی وشەکانی دکتۆر و دکتۆرایە. وشە لاتینییە تەواوەکە [دۆکترینا]یە بە مانای فیرکارییەکان [تەعلیمات] بە تایبەتی فێرکاری ئایینی. کەوایە مانای ئەسلی وشەکە بریتییە لە: فێرکاری، شتێ کە فێرمان بکات، شتێ کە فێربکرێ. مادام ئەم فیرکارییە لە سەرەتادا بۆ دین بەکار دەهات، فێرکارییەکان بریتی بوون لە باوەڕو پرینسیپە دینییەکان، عەقیدە.
٢. وەک زاراوە چ دەگەیەنێت؟
مانای زاراوەیی بریتییە لە: پرینسیپێک، باوەڕێکی سەرەتایی بنچینەیی، یان سیاسەتێکی چەسپاو، کە حکومەتێک یان دینێک وەک باوەڕێک کە هەمیشەیی یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە سەری بڕۆن و بەکاری بێنن لێی لانەدەن. پێشتر زیاتر بۆ باوەڕەکانی کەنیسەی کاتۆلیکی بەکارهاتووە، دوایی بەکارهێنانی زاراوەکە فراوانتر بووە و بۆ مەبەستی سیاسیی و سەربازیش بەکار هاتووە.
دۆکترینی سیاسی: بریتییە لەو باوەڕە سیاسییە پتەوو بەهێزەی کە حکومەتێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سیاسەتی خۆی بە تایبەتی سیاسەتی دەرەوەی لە سەر بنیات دەنێ.
دۆکترینی سەربازیی: بریتییە لەو باوەرو بۆچوونە سەربازییە پتەوو بەهێزەی کە حکومەتێک بە پێی ئەو باوەڕە دۆست و دوژمن ستراتیج سەربازیی و شێوازەکانی بەکارهێنانی هێز لە ئاستی جیهانییدا دیاری دەکات.
٣. گرنگی زانین و تێگەیشتنی دۆکترین چییە؟
وەک لە پێناسەکەدا دەردەکەوێ گرنگەکەی ئەوەیە کە تا دۆکترینەکەو ماناکان و ئەنجامەکان و دامێنەکانی نەزانین ناتوانین هۆکارو ئاقارو ئامانج و ئەنجامەکانی رووداوەکانی دنیا تێبگەین. واتە زۆر بە ئاسانی ساوێلکانە مـێژوو ەک قەزاو قەدەر و رووداوی پێشبینینەکراوو لە ناکاو تێدەگەین و دەشێ نەک هەر ببینە قوربانی بەلکو خٶشمان ببینە ئەداتی بە قوربانیدان و لە ناوبردنی خۆمان.
٤. چۆن؟ شتی وا هەبووە؟ هەیە؟
بەلێ: دابەشکردنی ولاتەکەمان، نەبوونمان بە دەوڵەت و فەشەلی کۆماری مەهابادو ئاشبەتاڵی بارزانی و ئەنفال و دروستکردنەوەی عێراق بە کردو چارەسەرنەکردنی کێشەی کەرکو ک و بەردەوامی کێشەی نەتەوەیی لە عێراق و ناوچەکەدا ئەنجامی ئەم جەهالەتە فیکری و سیاسییە بوو. ئێستاش دەشێ ئەنفال بە شێوەی تر لە سوریاو رۆژاواو تەنانەت باشووریش دووبارەبێتەوە گەر زۆر سیاسییانەو حەکیمانە و نەتەوەیی یانە رەفتار نەکەین و دەرفەتەکان بەکارنەهێنین و لە هەڕەشەکان دوورنەکەوینەوە.
میژووی جیهان بە تایبەتی دوای شەڕی جیهانی یەکەم بە پێی دۆکترین دروستکراوە ، مادام غەربی سەرمایەداری دەسەلاتی زال و باو بووە ئەوە بە زانینی دۆکترینی سیاسیی و سەربازی رۆژاوا بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا کە تاکەزلهێزی زالی رۆژاوایە لە دوای شەری جیهانی دووەمەوە، دەتوانین بە روونی بزانین چۆن دۆکترینی سیاسی و سەربازیی ئەمریکاو هەڵبژاردنی هاوپەیمانەکانی نەخشەدانەرو بریاردەرو بگۆرو ببرو بکوژ و دیاریکەر ی رووداوەکانی جیهان بووە.
٥. ئەی بۆ ئێستا چۆن لێکدانەوەی رووداوەکان دەکات؟
جاری خۆت بیر لە وەلامی ئەم پرسیارانە بکەوە:
بۆ ئەمریکاو غەرب نەک هەر باسی بەهاری عەرەبی لە سعودیەو ئەمارات و بەحرەین ناکەن کە زۆربەی شیعەیە بەلکو هاوکاری ئەو دەوڵەتانەش دژی هەر جوولانەوەیەک دەکەن؟
ئەوەی لە لییبیا رویدا بۆچی روویدا؟ ئایا لیبیا لە سعودیە ستەمگەرتر بوو؟
ئەوەی لە مالی و سۆمال و ئەفگانستان روو دەدات بۆچی؟
كی [تالیبان ] ی ئەفغانستان وپاکستان ی دروستکردو بۆچی؟
ئایا بەراستی بۆ لە ناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژی و رزگارکردنی خەلکی عێراق و هێنانی دیاری دیمۆکراسی هاتن عێراقیان داگیر کرد و سەددامیان رووخاند؟
ئەی بۆ ئەوەیان لە سوریا نەکرد کە بەشار ئەسەدیش هەمان رژێم و تاوانە؟
بۆچی لەگەڵ ئەوەی تورکیاش حیزبی ئیسلامی حوکمی دەکات، ئەمریکا ئەو دەورە گەورەیەی داوەتێ؟
بۆچی گەلی سوریا تووشی ئەو کارەساتەی جینۆسایدکردنی خۆی بەدەستی خۆی بووە؟
لای ئێمەش، بۆ بارزانی لە پڕێکدا داڵغەی دەولەت لێیداو بوو بە مریدی ئەردۆگان وپارێزەری هاشمی و دوژمنی مالکی؟
بۆچی ئەمریکا رێگای ئەو هەموو گەندەڵیی و ستەمگەرییەی لە کورستان داوبلکو ئاسانکاری بۆکردو هانی دا؟
بۆچی تورکیا بۆتە کەڵەگای سوریا و بە ئارەزووی خۆی لەشکرو چەک و بکوژ دەنێرێ و کەس دەنگ ناکات؟
بە بێ تێگەیشتنی دۆکترینی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا ناتوانی وەلامی ئەم پرسیارانە بە دروستیی بدەیتەوە.
٥. ئەو دۆکترینە سیاسیی و سەربازییەی ئەمریکا لە چییەوە سەری هەلداوە؟
ئەمە پرسیارێکی گرنگە، چونکە لەوانەیە بەستنەوەی مانا مێژووییەکەی وشەکە بە باوەڕی دینی ، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە دروست بکات کە دۆکترینەکە لە باوەڕی دینی یا لە ئایدیۆلۆجیای ئیمپریالیستی و بیر و ئایدیای زەینی رووت [ئەبستراکت] ەوە هاتووە. نا دۆکترین لە پرۆسەی گەشەسەندنی سەرمایەداری و تەکنۆلۆجیای جەنگەوە سەری هەلداوە.
بۆ ئەوەی نەچینە ناو وردەکاریی و درێژەباسی مێژوویی یەوە، تەنیا جەخت لە سەر ئەوە دەکەم: کە شارستانی رۆژاوا بریتییە لە پێکهاتەی میژوویی سێ رەگەز: جەنگ، تەکنۆلۆجی، و شارستانیی سەرمایەداری.[مەبەستم لەمە: سەرمایە +بەرهەمهێنان + سسیتم وکۆمەلگای سەرمایەدارییە].
پێشەسازیی و تەکنۆلۆجی غەرب لە ئەنجامی جەنگ و غەزەواتە جەنگییەکانەوە دروست بوو، ئەم تەکنۆلۆجیایەش توانای داگیرکردنی ولاتان و بەدەستهێنانی سەرچاوەی سامان و ‌هێزی کارو خرکڕدنەوەی سەرمایەی دایە. بۆیە لەوەتی دروستبوونی سەرمایەدارییەوە ئەم سێ شتە وەک سێگٶشەیەک پێکەوەن، یەکیان نەمێنێ ئەوانی تر پەکیان دەکەوێت. بۆیە پاراستنی ئەم سێگٶشەیە بە هەرنرخێک بێت ئامانجی سیاسەتی رۆژاوایە. ئەو تەکنۆلۆجیای سەتەلایت وکۆمپیوتەرو ئینتەرنێت کە ئێستا بۆتە دیاردەو رەوشێکی جیهانی لە شەستەکانەوە لە مەیدانی جەنگ و سەربازیدا بوون و دەورو کاریگەرییان هەبووە.
٦. ئەمە چ پێوەندی بە دۆکترین یان دەرکەوتنی دۆکترینەوە هەیە؟
پێوەندییەکە جەوهەرییە. دۆکترینە کە یانی باوەڕو پرینسیپە پتەوەکانی پاراستنی سەرمایەداری و مانەوەی شارستانیی و هەژموونەکەیەتی بە هەر نرخێک بێت. جەخت لە سەر زاراوەی [بە هەر نرخێک بێت] دەکەم.
٧. دەتوانی ئەمە زیاتر روون کەیتەوە؟
ولاتانی غەربی بە گشتی گەرچی سەڕچاوەی گرنگی هێزی تەکنۆلۆجی و بەردەوامکردنی گەشەکردنی ئابووریی و سەقامگیری کۆمەلایەتییان کە وزەیە: نەوت، گاز، یۆرانیۆم، خۆیان بە گشتی نیانە [دیارە هەندێ ولات ئێستا بەکەمیی هەیانە]. بۆیە دەرکەوتنی مێژووی دۆکترینی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکاو غەرب پێوەندی بە بەدیهێنان و پاراستن و کۆنترۆلی سەرچاوەکانی وزەوە هەیە. بە تایبەتی بە شێوەی مێژوویی نەوت. بە بێ نەوت و وزەی تر، ئەو مەکینە زەبەلاحەی ‌هیزی تەکنۆلۆجیی و پێشەسازیی و جەنگییەی غەرب لە هەر کاتێکدا لەم سەد سالەی رابردووداو بە ئێستاشەوە، پەکی دەکەوت و دەهاتەوە سەر سفر.
من قەت ئەوەم لە بیرناچێتەوە کە لە سالی ٢٠٠٠دژی زیادکردنی نرخی بەنزین ، بۆ نارەزایی دەربڕین هەموو شوفێری لۆرییەکان لە بەریتانیا بە لۆرییەکانیان دەوری پالاوگەکانی نەوتیان گرت و رێگەیان نەدا بەنزین ببردرێت بۆ بەنزینخانەکان و دەزگاکان. بۆ ماوەی دوو حەفتە لەندەن وەک گوندێکی لێهات کەم سەیارەت دەدی هاتوچۆ بکات و تەنانەت هەندێ جاددەش بە شەو تاریک بوون. ئەمە لە ئەنجامی زیادکردنی نرخ نەوت و مانگرتنی و توورەیی لۆریی. لێخوڕان روویدا، ئەی گەر سەرچاوەکان هەر ببردڕین یان رێگای هاتنی نەوت لە خەلیجەوە هەرەشەی لێ بکرێت، یان نرخ چەند قات گران بێت، چ دەبێ؟ قیامەت. گلۆپی شەقامەکان، کارکردنی کۆمپیوتەرەکان، مەکینەی کارخانەکان، بەکورتی دڵی ژیان لە غەربدا پەکی دەکەوێت. شارستانیی و دەسەڵاتەکەی دێتەوە سەر سفر خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی ژیان و یەکترخواردن لە بەر هەژاریی و بێکاریی.

بۆ زانیاری دەربارەی ئەم رووداوە بروانە:
http://en.wikipedia.org/wiki/Fuel_protests_in_the_United_Kingdom

٨. کەواتە دەرکەوتنی مێژوویی دۆکترینەکە پێوەندی بە نەوتەوە هەیە؟ دەتوانی دەستنیشانی ئەمە بکەیت؟
بەلێ. زۆر بە رابردوودا شۆڕ نابینەوە. تەنیا چەند ئێستگەیەکی مێژوویی گرنگ و بڕیاردەر دەستنیشان دەکەم کە ئەو پێوەندییەی نێوان جەنگ و تەکنۆلۆجی و هەژموونی سەرمایەداری لە دەرکەوتنی دۆکترینی سیاسیی و سەربازی ئەمریکا روون دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێشەکی دەبێ بزانین جیۆپۆلیتیک چییە؟
شوینێک یان ولاتێک کە لە رووی بوونی نەوت و سامانی سروشت گرنگ بێت یان وەک رێبازی دەستپێگەیشتن و دەستبەسەراگرتن و گوازتنەوەی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانەوە لە رووی سەربازییەوە گرنگ بیت: پێی دەوترێ [جیۆپپلیتیک] واتە جوگرافیای ئەو ولاتە دەبێتە جوگرافیایەکی سیاسی واتە دەبێتە جێی چاوتێبڕین و بەربەرەکانی هێزە جیهانییە نەوتخوازەکان یان ئیمپریالیستەکان، زۆر جار بەبێ ئەوەی خەلکی ئەو ولاتە هەر ئاگاداریش بن هەتا جەنگ بەردەرکیان پێدەگرێ و ولاتیان دەبێتە مەیدانی خوێن و کوشتار یان دابەشکردن و کۆلۆنیالییکردن وەک دابەشکردنی کوردستانی ئێمە دوای سەری جیهانی یەکەم و و شەڕی عیراق و ئێران و شەری کوەیت ورووخاندنی سەددام، راستی جیۆپۆلیتیک یانی پێوەندی دانەبڕاوی نەوت و خوێن.
ب. وتمان پێوەندی جەوهەریی لە نێوان جەنگ و تەکنۆلۆجی و وزەدا هەیە. جیۆپۆلیتیکی ولاتانی نەوتدار و ڕێبازە کانی دەستبەسەرداگرتن و گوازتنەوەی نەوت لەو لەحزە مێژویی یەوە بە روونی دروست بوو کە لە سالی ١٩١٢ دا بەریتانیا کەشتییە جەنگییەکانی لە کەشتی خەڵووزکار [واتە بە وزەی خەڵووز لێ بخوڕدرێن] گۆڕی بەو کەشتییانەی کە بە نەوت کاریان دەکرد. لەو ساتەوە نەوت بوو بە ‌هیزو وزەی سەرەکی تەکنۆلۆجی جەنگ ، دوای ئەوە بۆ تەیارەو دەبابەو کارخانەی جەنگی و هەموو پێشەسازییەک و خزمەتگوزارییەک هتد بەکار هات.
ج. بەریتانیا نەوتی خوارووی رۆژاوای ئێرانی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم خۆمالی کرد واتە کردییە ملکی نەتەوەیی خۆی. لەو کاتەوە گرنگی خەلیج وەک سەرچاوەی هەرە گەورەی بەرکەوتەی [ئیجتیاتی] نەوت ئاشکرا بوو. ئەمریکا وەک ناوچەیەکی ستراتیجی [جیۆپۆلیتیکی] خۆی سەیری بەرکەوتەی نەوتی خەلیجی دەکرد کە نابێ بکەوێتە بەردەستی ناحەزان و مونافیسەکانی ئەمریکا.
لەمەوە پاراستن و هێشتنەوەی نەوتی خەلیج لە ژێر دەستی ئەمریکاو هاوپەیمانە غەربییەکانی بوو بە پرینسیپێکی سەرەکی دۆکترینی سیاسیی ئەمریکی.
٩. ئەم پرینسیپەی دۆکترینی سیاسی ئەمریکی چۆن خۆی دەرخست؟ ئایا لە هیچ بەلگەنامەو رووداویكی مێژووییدا بەرجەستە بووە؟
بەلێ: دەتوانم بە وێنەش نیشانت بدەم. پاراستنی نەوتی خەلیج و هێشتنەوەی لە ژێر دەستی ئەمریکا و[ ئالی سەعودیش] ئەنجامی ئەو پرینسیپە سیاسییەیە کە بوو بە سیاسەتێکی هەمیشەیی نەگۆڕی ئەمریکا. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە بوو کە لە سالی ١٩٤٥ دا سەرۆککۆماری ئەمریکی فرانکلین دی. رۆزفێلت لەگەڵ مەلیکی سعودیە مەلیک عەبدولعەزیز پەیمانیکی سیاسسیان مۆر کرد: نەوت لە جیاتی پاراستن. واتە سعودیە نەوتەکەی بخاتە ژێر سیاسەتی بەرژەوەندی ئەمریکاوە لە جیاتی ئەوە ئەمریکاش هە تاهەتایە! گەر بتوانێت! رژێمی بنەمالەیی سعودیە بپارێزێت. ئەمەش وێنەی رۆزفلت و مەلیک عەبولعەزیزە لە ناو کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی دوای مۆرکردنی ئەم رێکەوتنە دۆکترینییە [واتە لە ستراتیجی گرنگتر و نزیک لە عەقیدەی دینیی]. کەواتە ئێستا دەزانی بۆچی سعودیە هەر سەعودیە یەو بەهاری سیاسی رووی تێناکات!!
.١ . کەواتە پرینسیپێکی تری زامنکردنی نەوتی خەلیج پەیداکردن یان دروستکردنی دەولەتی سەربە ئەمریکا بوون کە تەنانەت بۆ مانەوەشیان پێویستییان بە ئەمریکا بێت و نەوت و سامانە سروشتییەکانیان بخەنە ژێر دەسەلاتی ئەمریکا؟
دەمخۆش؛ تەواو دروستە، ئەمریکا ناتوانێ خۆی ببێتە حاکمی ولاتان، مەحکومی خۆی دەون، ئەوانەی بە فەرمانی ئەو بەڕێوەدەچن و ولاتەکەیان بۆ مانەوەی خۆیان دەفرۆشن. بەلام لەم پرینسیپە سیاسییەوە [نەوت بۆ خۆمان بێت] پرینسیپێکی سەربازیش یان زیاتر دروست بوو، پاراستنی رژیمەکانی سەر بە ئەمریکا و سەرچاوە نەوتییەکان و ڕیگاکانی گواستنەوەی دەریایی نەوت ئەمەش بە هۆی دامەزراندنی بنکەی سەربازیی و جەنگیی ئەمریکی یەوە لێرەوە قاعیدەی عەسکەری ئەمریکی لە دەحران دامەزراو هیزی دەریایی عەسکەری ئەمریکی دامەزرا کە بنکەکەی لە بەحرەین بوو. بەلام هێشتا ئەمریکا بە تەنیا نەیدەتوانی ئاساێش وسەقامگیری خەلیج بپارێزێت، بەریتانیای هاوپەیمانی ئەمەی بۆ دەکرد هەتا سالی ١٩٧٢ کە لە بەحرەین کشایەوە.
١١. کەواتە ئەمریکا پێویستی بە دەوڵەتی تر بوون لە رۆژهەلاتی نێوەندا کە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، كێ بوون؟
وەک دەوڵەتی خەلیجی بەهێز ئێران. یان وردتر بڵیین: شای ئێران. راستی لیرەوە دەچینە سەر گەڵاڵە بوونی تەواوی دۆکترینی سیاسیی ئەمریکی دوای نەمانی رژیمی شا کە دەتوانین ناوی بنیین: دۆکترینی نەوت و خوێن. بەلام لێرەدا پێویستیمان بە ئاوردانەوەیەکی مێژووییی هەیە تا بۆمان روون بێتەوە چٶن دۆکترین و دەسەلاتەکان، پاوەرەکان، هەر یەکن و مێژووش لەو چوارچێوەدا خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
١٢. مەبەستت ئەوەیە دۆکترینی [نەوتی خەلیج هی خۆمانە ]و پاراستنی رژێمەکانی سەر بە ئەمریکا، رووداوی مێژوویی دووبارەبۆوەن؟
بەلێ: پاراستنی دەولەتانی نادیمۆکراتی سەر بە ئەمریکاو لێدان و فەوتاندنی ئەو هێزانەی کە دژی ئەمریکاو غەرب بوون گەرچی بە دیمۆکراتیش هەلبژێردرا بن بە ناوی تێرۆریزمەوە. دەتوانی ئەمەش بە پرینسیپ یان بنەمایەکی دیکەی دۆکترینی سیاسی ئەمریکی دابنێین [دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە مونافەسەی ئیمپریالیستیش لە نیوان دەولەتە سەرمایەدارییەکاندا هەر هەبووە، بۆیە شەری جیهانی یەکەم و دووەم روویان دا. بەلام کە باسی خەلیج دەکەین ئەم مونافەسەیە لە نێوان ئەمریکاو بەریتانیا دابوو لەسەر نەوتی ئێران وخەلیج.]
١٣. کەوایە چیرۆکی رژێمگٶڕین و تێرۆریزمیش کۆنە؟ تکایە نموونە؟
باسی ئێران و شای ئێران مان دەکرد. دوای شەری جیهانی دووەم، بزوتنەوەی بەرەی نێشتمانیی لە ئێران بە سەرکردایەتی د. موسەددەق وەک گەورەترین هێز دەرکەوت و وەک بەرنامەی هەلبژاردن بەڵێنی خۆمالیکردنی نەوت و چاکسازی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووریی دا و لە هەلبژاردندا سەرکەوت و لە ساڵی ١٩٥١ د. موسەددەق بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا. لە پێشدا ئەمریکا بۆ مونافەسەی بەریتانیا گوێی نەدایە دوایی کە بەلێنەکەی بەدیهێناوپەرلەمانی ئێران نەوتی خۆماڵیی کرد، حکومەتەکانی غەرب ئەویان بە کۆمۆنیست و دوژمنی دیمۆکراسی و ئازادیی لە قەلەمداو لە سەروتارێکی ئەوسای رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دا موسەددەق بە [تێرۆریست] بەلێ تێرۆریست بە هەمان مانای ئێستا، وەسف کراوە.
١٤. واتە ئەمەش لەوکاتەوە واتە تۆمەت و بوختان بۆکردن و بە تیرۆریست دانان بەشێکی ئەو دۆکترینەیە. ئەی چییان بەرامبەری کرد؟
بەڵێ دەتوانین بڵیین لایەنیكی ئایدیۆلۆجی و پڕوپاگەندەیی ئەو دۆکترینەیە.
وەک ئێستا، سزای ئابوورییان خستە سەر ئێران، کڕینی نەوتی ئێرانیان وەستان. هەموو هەناردەیەکی ئێرانیان قەدەغەکرد، رەوشی ئابووری ئێران خراپ بوو، ئاژاوە بلاوبۆوە، د. موسەددەق حوکمەکەی لەرزۆک بوو. ئەوسا بەریتانیاو ئەمریکا پلانێکی کودەتایان داناو موسەددەقیان روخاند و زیندانیان کرد. دەستەیەکی کۆنەپەرستیان لە ژێر فەرمانی شای ئێراندا بۆ حوکم گێڕایەوە. دوای ئەوە کۆنتراکتێک لەگەڵ ئەمریکا بەسترا کە سەدی چلی نەوت ئێران درا بە ئەمریکا، سەدی شەستی بۆ ئینگلیزو هٶلەندا مایەوە. ئەمە یەکەم هەنگاوی سیاسی ئەمریکی بوو لە ئێراندا و دوای ئەوە لە لایەکەوە مونافەسەی گەورە لە سەر نەوتی ئێران لە نێوان شەریکە ئەمریکی و ئینگلیزییەکان دروست بوو، لە لایەکی ترەوە سۆڤیەت وەک هێزیكی جیهانی دەرکەوت و شای ئێران بۆ پاراستنی شوێنی خۆی کەڵکی لەم دوو قوتبییە بینی تا کۆنتراکتی بەرهەمهێنانی غاز لەگەل یەکێتی سۆڤیەت ئیمزا بکات، لە لایەکی ترێشەوە ئێران پێشکەوتنێکی پێشەسازیی بە خۆیەوە بینی کە بەدڵی رۆژاوا نەبوو، چووە ناو ئۆپیکیشەوەو وابەستە بوو بە نرخی نەوتی دیاریکراوی ئۆپەک و خەریکبوو هەنگاوی سەربەخۆییانەی دەنا. من خۆم کاتی ئاشبەتالی بارزانی لە ئێران بووم، گوێم لە وتارێکی شا بوو کە وتی تا سالی ٢٠٠٠ ئێران دەبێتە پێنجەم دەولەتی گەورە لە جیهاندا. بە کورتی لە نێوان مونافەسەی جیهانی لەسەر نەوت و جیۆپۆلیتیکی ئێران، [سەردەسەلاتی بەسەر خەلیجدا] رەوشێک درووست بوو کە رووداوەکانی ١٩٧٨ و دەرکەوتنی خومەینی لە رێگای راگەیاندینی غەربییەوە بە تایبەتی بی.بی.سی و ناردنەوەی بە تەیارەی فەرەنسی بۆ تاران و بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرا ن- ی لێکەوتەوە.
١٥. دوای ئەمە چ روویدا؟ چ بەسەر دۆکترینەکەی سیاسەتی ئەمریکیدا هات؟
دوای ئەمە کارەسات و تراژیدیاکان بۆ ئێران و عێراق و کورد و و کوێت و رۆژهەلاتی ناوەراست بە شێوەیەکی داراماتیکی بەدوایەکدا هاتن بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆکترینی نەوت و خوێن ی ئەمریکی بە ناوی [دۆکترینی کارتەر] بە رەسمی لە لایەن جێمی کارتەر ەوە گەلالە کرا و بریاری لە سەر درا. لە بەشی دووەم و کۆتایی ئەم باسەدا باسی ئەو دۆکترینە و پەرەسەندەکانی [ دۆکترینی رژێم گٶڕین] و [دۆکترینی تازە]ی ئەمریکا و سیاسەتی نەوت و خوێنی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوەراست و کوردستاندا و پێوەندییان بە رووداوەکانی ئێستا وە دەکەم.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە