خوێندنەوەیەک بۆ ئەیلول، ئایا ئەیلول شۆڕش بوو؟

Monday, 14/09/2015, 12:00

6220 بینراوە


قسەیەکی لێنین هه‌یه‌ کە بە ئەسکەندەری برای ووتوە:
(ئەم برایەی من ناتوانێت ببێتە لاوێکی شۆڕشگێڕ، چونکە هیچ شۆڕشگێڕێک ناتوانێت ئەو هەموو کاتەی خۆی بە سەیرکردنی کرمەوە بەسەر بەرێت). مەلامستەفای شۆڕشگێڕیش هەمیشە کاتی خۆی به‌ داتاشینی دارجگەرەوه‌ خه‌ریک کردبوو.
لە یاداشتەکانی کەریمی حیسامیدا دەڵێ ئەو دەمەی لە لای سەرکردایەتی پارتی بووم له‌ حاجی هۆمەران، بۆ ماوەی سێ ڕۆژان نە کتێب، نەڕۆژنامە، نەڕادوێم بەچاو نەبینی، ئەوان هەمیشە خەریکی دامە کردن بوون، بڕوانە کەریمی حیسامی بەرگی چوارەمی بیرەورییه‌کانی! ئەی چۆنە ئیستا بۆ یادی ٥١ساڵەی ئەیلول ئەم هەموو درۆر و دەلەسەیە بەناوی ئەم پیاوەوە هەڵدەبەستن؟
لەو هەموو ووتار و قسەکردنەدا لەسەر ئەیلول، کەسمان ناتوانین دوو ڕستەی بەسودی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و پیاوه‌کانی پارتی بدۆزینه‌وه‌، هەمووی قسەی پوچ و بێناوەڕۆکن.
داخۆ ئەو گەنجە تاس و لوسانەی بە جامانەی سور و سمبێڵی تاشراوەوە ووتاری بێناوەڕۆک دەخوێنەوە و خۆیان گیف دەکەنەوە، دەیانەوێت چیمان بەگوێدا بدەن و بەرهەمی ٥١ساڵ بەناو شۆڕشمان چۆن بۆ شرۆڤە بکەن؟ لەکاتێکدا بەدرێژایی شۆڕش و دوای شۆڕش و ئیستاشی لەگەڵدا بێت نەمان توانیوە لەگوندەکانی کوردستاندا خەڵکی فێربکەن کە لەماڵەکەی خۆیدا خاوەنی ئاودەستخانەبن، جگەلە شتگەلی تر.
لە کوبادا دوای ساڵێک لەو چیایە توانیان دەست بکەنە دروستکردنی چەکی سوک و فیشەک و نارنجۆکی خۆماڵی، بەڵام هەر کەریمی حیسامی بۆمان دەگێڕێتەوە، کە لە مانگ گیرانێکدا لەگەرمەی شۆڕشی ئەیلولدا سەدان هەزار فیشەکیان بەئاسمانەوە ناوە و هێمنی موکریانی لە داخدا ووتویه‌تی (ئەرێ گەلێک هەیە لە شۆڕشدا بێت، ئاوا تفاقی خۆی بەهەدەر بدات لەپێناو خرافاتدا)؟.
با بزانین لە فەرهەنگی سیاسیدا شۆڕش مانای چییە؟ داخۆ ئەیلول توانیوێتی لەشۆڕش بچێت ؟ شۆڕش گۆڕانێکی قوڵی بنەڕەتی و بونیات نەرانەیە، سوڕانێکی گەورەو بچینەییە لەژیانی کۆڵگادا. شۆڕش لەزانستی کۆمەڵ شوناسیدا بریتی یە لەلەناو بردنی ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی کۆن و ڕزیوو دانانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتوو لەجێگەیدا.
خۆ ناکرێ ئێمە شۆڕشەکانی جیهان لەچەشنی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا یان دانمارک و ئەمەریکاو ئۆکتۆبەر، بەراورد بکەین بە ئەیلول، چونکە لەواندا، بۆ نموونە شۆڕشی فەڕەنسا مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕێ و تائیستا کاردانەوەی لەسەر سیستەمی جیهانی هەیە. لێ ئەیلول گوناحەو ناکرێ بەراوردیش بکرێت بە ڕاپەڕینی کۆمەڵێ جوتیار دژی ئاغای گوندێکیش، چونکە گەر بڕوانینە شانۆگەری (تەنەکە) ی یەشار کەمال کە ڕوداوەکە لەگوندێکدا ڕووی داوە زۆر لە شۆڕشی ئەیلول پەیامی ئینسانی ترو بەپێز تری لەهەناویدا هەڵگرتوە.
گەرچی پارتی خۆی کردۆتە خودانی ئەو بەناو شۆڕشە بەڵام لەڕاستیدا ئەوە تەنها قسەیەکی بەتاڵە و ناچێتە ناو گیرفانی کەسەوە، لەکاتێکدا لە مێژووی هیچ بزافێکدا ڕووی نەداوە سەرکردایەتی پارتێک لەبەر چاوی جەماوەرەکەی بڵێت، من سەرکردەنیم من سەربازی داگیرکەرم، کاتێکیش لەڕێگەی داگیرکەرانەوە پێی بڵێن مەیدان چۆڵ بکە، بێ خوداحافیزی و ماڵئاوای لەگەل، یان قسەکردنێک بۆ مێژوو، خۆی و پارەی مۆڵی شۆڕش بدات بەکۆڵیدا و تێی بته‌قێنێت، چاره‌نووسی گه‌لێک بداته‌ ده‌ست دوژمن، بۆ نادیار و بۆ باوەشی ووڵاتێک کە پلانی لەناو بردنی بزافەکەی هەبووە و دەستی یەکەم بوە تێیدا.
لەکاتێکدا ئێمە لەکەسایەتیە جیهانییه‌کان و سەرکردەو شۆڕشەکانی جیهان دەڕوانین و مێژوویان دەخوێنینەوە، هەست بە شەرمکردن دەکەی. ئێمە وەک گەلێک ئەم هەموو قوربانییەمان داوە و کەچی تائیستا بەخۆری سەرفرازی نەگەیشتووین، لەوێشدا تەنها سەرانی کورد و پارتی تاوان باری یەکەم نین، ئەوەتانێ کۆمەڵێک بەناو ڕووناک بیرو کەسانی تر دێن و لەسەر ئەیلول قسە گەلێک دەکەن، کە جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ نمونە کەسێکی وەک کەمال ڕەئوفی ڕۆژنامەی هاووڵاتی دەڵێت (پارتی خاوەنی دەریایەک خوێنی ڕژاوە) ئەم قسەیە جگە لە هەڵەی سیاسی، کە گەلێک خاوەنی خوێنی ڕژاوە نەک پارتێک، وەک چۆن لە مێژووی شۆڕشی جیهانیدا گەلی جەزائیری بەخاوەنی یەک ملیۆن شەهید ناسراوە، ئەم قسەیەی کەمال ڕەئوف، یان ترسە یاخود ماستاوکردنە بۆ دەستکەوتی زیاتر. پارتییه‌کان لە یادی ئەیلولدا زۆر شتگەلی سەیریان ئەنجام دا، هەر لەهەڕەشەکانی سەرۆکە کەیانەوە، تا هەڕەشەکانی مەسروری کوڕی لەسلێمانی کەووتی هیچ هێزێک نییە سلێمانی لەپارتی دابڕێت، ئەم قسەیە جگە لە داماوی هیچی تر نییە، پاشان لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی چەند تورەکەیەکیان بەناوی دەزگای بارزانییه‌وە بەسەر خەڵکدا دابەش کرد، گوایە لەخەمی قوتابانیدان، کەچی کاتێ مەلامستەفا ڕوو لە ماوەت دەکات قوتابیەکی منداڵ دەچێت بۆ لای کوڕچکەیەکی گوندی، مەلامستەفا پێی دەڵێ چی دەکەیت، ئەویش دەڵێ لە قوتابخانەم، دەڵێ مەچۆ وەک جەلۆت بێ ئه‌خلاق و هین دەبیت. ئەم چیرۆکە ڕاستە و دروستکراو نییە.
بەر لەماوەیەک دەزگای خێرخوازی مەلامستەفا دەستیان کرد به‌ سەرانە سەندن لەچەند بازرگانێکی هەولێری، پرسیار لەوەدایە داخۆ پارتییه‌کان بونەتە (ڕۆبین هود)؟
پارە لەدەوڵەمەندەکان بەزۆر وەردەگرن، دوایی بەسەر هەژارەکاندا دابه‌شی دەکەن.
مێژووی هەموو میللەتان لە قۆناغی ناسکدا لە دوو ئەگەر زیاتر تێناپەڕێنێ، بەدەست سەرکردایەتییه‌کەیەوە، یان شەڕ دژی داگیرکەران تا ئازادیی، یاخود تێداچون، دووهەمیان تەسلیم بوون بەئیرادەی داگیرکەران، پاڵەوانەکانی ئەیلول دیارە مەبەستمان سەرکردایەتی ئەیلولە ئەگەری دووهەمی هەمیشە بە بنەما گرتوە، هەمیشە وویستویه‌تی کورد ووتەنی نەشیش بسوتێت نەکەباب، ئەوان کەسانێک بوون هەمیشە لەترساندا لە بەردەم داگیرکەراندا چۆکیان داداوە و نزای پارانەوەیان گەیشتۆتە ئاسمانەکان.
لەلای هەموومان ڕوون ئاشکرایە کەسێک لە دەروازەی سیاسەتی دابێت دەزانێت، مێژوو شەرمی لەکەس نییە و مێژووش بە زۆرو پارە و ستایش نەک نانوسرێتەوە، بەڵکو گاڵتە جاڕییە بەناوی مردوانەوە ئەفسانە دروست بکەیت، ئەیلول نەک شۆڕش نەبووە، بەڵکو جەنگەڵستانی ئاژاوە بووە، کە چەند دەرەبەگێکی کورد بۆ ئەوەی دژی یاسای ڕیفۆرمی گشتوکاڵی بوەستنەوە پەلاماری دەزگاکانی ڕژێمیان داوە و لە سنوری سلێمانی دەستی پێکردوە، چاکە چەند دێڕە هۆنراوەیەکی قانعی شاعیر وەبیر خوێنەران بهێنینەوە کە دەفەرموێت:
بەند بەبەند قانونی ئیسڵاحی زەراعی دێتە پێش
فەخرە بۆ من، بۆ جەنابت ئایەتی تەڵقینتە
باخی هێندە مەحکوم و قایم نەبووی تا من نەتگەمێ
دەستی ئیستعمارە هێزی کۆمەک و پەرژینتە
هەر لەو سه‌رده‌مه‌دا، خودانی بارزان وەک لە کتێبی بارزان و ڕەچەڵەکی بارزاندا هەیە دەڵێ شێخ ئەحمەدی بارزان بە بەردەوامی ٢٠٠ دینارەکەی بەغداد هەر پێدەگەیشت و هیچ لە گوزەرانی نەگۆڕابوو.
سەمەرەی ئەم یادکردنەوەیە لەوەدایە، کە کەسێکی وەک کەمال کەرکوکی بێشەرمانە دەڵێ نسکۆ، واتە ئاشبەتاڵیش لەبەرژەوەندی میللەتدا کراوە، ئەمە قسەیەکە لە پوچیدا تەنها جێگەی پێکەنینە، دەنا هیچ بزافێکی کوردی بەدرێژای مێژووی خوێناوی هەر چوار بەشە داگیرکراوەکەی کوردستان بەقەدەر پارتی کرێکارانی کوردستان بە دوژمنان و خۆفرۆشانی باشور و هێزە نێونەتەوەیەکان دەورە نەدراوە، کەچی ئەوان ڕۆژ بەڕۆژ لەخۆری ئازادیی نزیک دەبنەوە، به‌ڵام سەرکردایەتی ئەیلول به‌ فه‌رمانی داگیرکه‌رێک میللەتێکی جێ هێشت و بۆ چوار ساڵ ژیان لەخەستەخانەکاندا مێژوویەکی ناشرین و ڕەشی تۆمارکرد.
لەم وێنەیە بڕوانن، ئێمە لەناو چ دنیایەکی پۆخڵدا دەژین و دنیا چەندە کوێرە لەئاست ئەم بێ ئەخلاقییەی دەوڵەتی تورکدا ئەمە چ دیمەنێکە کەم سەردەمەدا تورکە فاشیستەکان پەخشی دەکەن و مەسعود بارزانیش پرسە نامە بۆ سەربازە تورکەکان دەنێرێت و گلەیی لە پارتی کرێکاران دەکان و تاڵەبانی و بارزانی دەڵێ سەردەمی چەک بەسەر چووە.

لە هەموو مێژووی بەناو شۆڕشی ئەیلولدا بنەماڵەی بارزانی خوێن لە لوتی کەسێکیان نەهاتووە و نەمان بیستوە، ئەوەی گیانیشی کردە قوربانی که‌سیان سه‌ر به‌ خێڵی هەزار پیاوه‌ جامانه‌ سووره‌کان نه‌بوون، ئه‌گه‌ر لێشیان کوژرابێت هه‌مووی به‌ رێکه‌وت بووه‌، نه‌ک له‌ به‌ری شه‌ڕدا ده‌سته‌وئێخه‌ی دوژمن وه‌ستابنه‌وه‌!.
ئەیلول شۆڕش نەبووە، بەڵکو ئەیلول وای کرد دۆزی کوردی لەو بەشه‌دا ئاڵۆزتر بووه‌، ئەوەتانێ لەسایەی ئەم دەسەڵاتەوە هەزاران کیلۆمەتری نیشتمان وازی لێهێنراوە و خراوه‌ته‌ ناو قومارێکی دۆڕاوەوە، بۆیە جارێک لەجاران مەسعود لە یەکێک لەنوکتەکانیدا ووتی ئاشبەتاڵمان بۆیە کرد بۆ خاتری کەرکوک بوو، کە ئەیلولمان واز لێهێنا، ئەوەی ئیستاش دەیبینن ڕێکەوت هێناوێتی و جێگەی شانازی نییە، چونکە لەماوەی حاکمێتی ئەم ٢١ساڵەدا بەقەدەر گیانفیدای بۆ شۆڕشێک خەڵک بەس لەسەر شەقامەکان گیانیان بەخشیووە، جگە لەخۆراکی بەسەر چوو، خراپی ژینگە و دەرزی و دەرمانی خراپ و بوونه‌ به‌ ژێر سه‌یاره‌ و وه‌رگه‌ڕانه‌وه‌، ئیستاش وا فڕاندنیشی هاتۆتە سەر، ئەمانە هەمووی لە منداڵدانی ئەیلولەوە هاتونەتە دەرێ، جگە لەئەیلول خۆی کە ته‌ژییە لەتاوان، کەس ئازایەتی نییە بینوسێتەوە، دەڵێ خوێندەوار لەو میللەتەدا نییە، ئەوانەی قسەیەکیشیان کردوە ئیستا وەک کیسەڵ سەری خۆیان بردۆتەوە ناو قاوغی لەشیان نمونەکانی وەک مەحمود عوسمان و نەوشیروان مستەفا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە