فاروق رەفیق

پاش بەدوادووچوونی کوردستانپۆست، لەسەر بڕوانەمەی فاروق رەفیق، کە زیاتر لە 20 ساڵە لە کوردستان بە دکتۆر بانگی دەکەن، دوایی دەرکەوت کە فاروق رەفیق دکتۆرای نییە، بە ساختە ئەو (د)ــەی بە خۆیەوە ناوە، بۆیە ئێمەش لە ئەرشیفەکەدا دکتۆرییەکەیمان لێکردەوە.


ڕوونكردنەوەیەك لەخانەى حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەى فەلسەفیەوە بۆ ڕاى گشتى

Tuesday, 10/04/2012, 12:00

1794 بینراوە


لە نێوەندى كلتورى و فەزاى گشتى كوردستاندا خانەى حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەى فەلسەفى وەك دامەزراوەیەكى فیكریى و كلتوریى لە كۆتایى ساڵى (2005) ە وە بێ وەستان و شێلگیرانە و كارایانەو بەربنەماى بەرنامەو ئەجێندایەكى پەروەردەیى و فیكریى درێژخایەن سەرقاڵى كاركردن و نواندنى چالاكى فیكریى و مەعریفییە.
وێڕاى گشت ئەو بەربەست و ئاستەنگانەى كە هاتونەتە ڕێى ئەم دامەزراوەیە، خانەى حیكمەت توانیویەتى بێ وەستان چالاكیەكانى خۆى ئەنجام بدا كەخۆى لەسازدانى كۆرسى فەلسەفى و سازدانى كۆنفرانسى فیكریى و مێزگردو كۆڕو سیمینار لەشارو شارۆچكەكانى كوردستان و چاپكردنى كتێبدا بینیوەتەوە،
لەدواى كۆنفرانسى "حیزب، حكومەت، عەقڵانیەت" لە مانگى (6-2010) ەوە خانەى حیكمەت بەبەردەوامى ڕوبەڕوى مامەڵیەكى ناتەندروست بۆتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى كوردستانەوە، وەك ئەوەى ئەم دامەزراوەیە بەتوندى و بەچڕى ڕوبەڕوى سیاسەتى پەراوێزخستن و ڕێگریكردن و دروستكردنى بەربەست بۆتەوە لەبەردەم ئەنجامدانى كاروچالاكیەكانى خانە ،بۆ نمونە فڕاندنى ئۆتۆمۆبیلى دامەزراوەكە لەلایەن ئاسایشى سلێمانیەوە (كەماوەى ساڵێكە ئەو ئۆتۆمبیلە كەبەشێوەیەكى نایاسایى دەستى بەسەرداگیراوە تائێستا چارەنووسى نازانین)
هەروەها چەندكەسێكى ئەو دامەزراوەیە ڕوبەڕوى تەنگ پێهەڵچنین بونەتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بۆنمونە چەندكەسێك كە لەخانەى حیكمەت كاریان كردوە یادۆستى ئەم دامەزراوەیەبوون لەهیچ شوێنێك دانامەزرێن.
لەسەرەتاى ساڵى (2012) وە خانە وەك جێبەجێكردنى بەرنامەى نوێى كاركردنى سەرقاڵى سازدانى كۆرسێكى فەلسەفى و سازدانى زنجیرەیەك سیمینارە ، لەمڕوەوە تائێستا ڕوبەڕوى كێشەیەكى گەورەبوینەتەوە ئەویش بەمەبەست نەدانى هیچ هۆڵێك بۆ ئەنجامدانى ئەو چالاكیانە، لە شارى سلێمانى پەیوەندیمان بەكۆمەڵێك شوێن و دامەزراوەى كلتورى و هونەرى كردوە بەڵام لەباشترین حاڵەتدا بەبیانووى جۆراو جۆر ئەو لایەنانە ئامادەنەبون ئەو هۆڵ و شوێنانەى كەهیچ چالاكیەكیان تێدا ئەنجام نادەن بدەن پێمان تا چالاكى و بەرنامەكانمانى تێدا ئەنجام بدەین، و لەخراپترین حاڵەتیشدا و زۆر بەڕاشكاوانە پێیان گووتوین لەبەرهۆى سیاسى، یان ڕاستر بڵێین لەترسى دەسەڵات ناتوانن هۆڵێكمان بۆدابین بكەن، چونكە هەندێك لەكەسانى ناو خانە بەناڕازى و نەیارو ناقد لەقەڵەم دەدرێن لەپەیوەندیدا بەدەسەڵاتەوە.

ئێمە تائێستا بە بێدەنگى ویستومانە دەست وپەنجە لەتەك ئەم كێشە گەورەیەدا نەرمبكەین و خۆمان چارەسەرێكى بۆ بدۆزینەوە، بەڵام لە ماوەى دوومانگى ڕابردودا هەموو هەوڵەكانى ئێمە بە بن بەست گەیشتن، كەئیدى كاتى ئەوە هاتوە ئێمە ڕاى گشتى لێ ئاگاداربكەینەوە.
كرۆكى كێشەكەش لەچەندخاڵێكدا خۆى دەبینێتەوە:
1- دەسەڵاتى سیاسى سەرقاڵى سەركوتكردنى ئازادى بەیان و ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى فیكریە ، سەرقاڵى داگیركردن و قۆرخكردنى فەزاى گشتیەو سەرقاڵى ڕێگە گرتنە لەكەسایەتیە فیكرى و ئەكادیمیەكان كەجیاوازبیردەكەنەوەو ڕاوسەرنج و خوێندنەوەى خۆیان هەیە بۆ ئەم هەل و مەرجەسیاسیە.
2- دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان بەلۆژیكى تۆڵەسەندنەوە كاردەكات و لەهەوڵى ئەوەدایە كەتۆڵە لەوكەسانە بكاتەوە كەلەخۆپیشاندانەكانى (17) ى شوبات و ڕۆژانى دواى ساڵى(2011) دا بەشداربوون و ڕاستیان بەدەسەڵات گووت،
بەكۆمەڵێك شێواز، لەوانە هەڕەشەكردن و نان بڕینى ئەوكەسانەو بگرە هاوڕێكانیان و بگرە ئەوشوێنە گشتیانەى كەئەم كەسانەهاتوچۆیان دەكەن، بۆ نمونە هەڕەشەلەچەندڕێستۆرانت و كافتریایەك كراوە، نەدانى هۆڵ بۆ بە ئەنجامدانى هیچ كۆڕوكۆبونەوەیەك، لەهەموشى ترسناكتر چاودێریكرنى ئەوكەسانە لەلایەن هێزەئەمنیەكانەوە.
3- دەسەڵات بەدەنگێكى بەرزو بەڕاشكاوى دەیەوێت بڵێت "ئەم وڵاتە، لەوەڕگاى ئێمەو دەست و پێوەندەكانمانەو بستە خاكێك نیەبۆ ئەوكەسانەى كەجیاواز بیردەكەنەوە، بەتایبەت رەِخنەگرانى كلتورى سیاسى و شێوازى فەرمانڕوایەتیەك كەئێمە (دەستەڵاتداران) ڕۆژانە سورین لە سەر درێژە پێدانى و ئەوكەسە ناڕازى و ڕەخنەگرانە یان دەبێت بێدەنگ بن، یابێدەنگیان دەكەین، یادەبێت ئەم وڵاتە بەجێبهێڵن". بەراِى ئێمە ئەم كێشە یە كە خانەى حیكمەت دەست و پەنجەى لەتەكدا نەرم دەكات كێشەى دامەزراوەیەك نیە بەتەنیا بەڵكو كێشەیەكى گەورەى سیاسیە بۆ ئەم كۆمەڵگایەو گشت دەنگە ئازادیخوازو مەدەنى و عەقڵگەراكانى ئەم كۆمەڵگایە، گەر بێدەنگ بین تەنیا ئەو دەنگە جدیانە كپ ناكرێن و سەركوت ناكرێن بەڵكو ئەم سیاسەتە بەمەرگى هەرخەون بینینێك بەدنیایەكى عادلانە ترو ئازادانەترو مەدەنیانەتر دەشكێتەوە. ستەمكارى هیچ نیە جگە لە بەرهەمى بێدەنگى زۆرینەى خەڵك و جەوهەرەكەشى بریتیە لە بڵاوكردنەوەى ترس و تۆقاندن كە سەرجەم نەیارانى ئەم ڕژێمە فەرمانڕەوایەى كوردستان ڕوو بە ڕووى دەبنەوە.


فاروق ڕەفیق
خانەى حیكمەت بۆ لێكۆڵینەوەى فەلسەفى
10/4/2012

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە