شەترەنجەكەی حزبی زەحمەتكێشان

Friday, 03/04/2009, 12:00

1927 بینراوە


رۆژی شەمەی رابوردوو بەیاننامەكەی كاك قادر عەزیز سكرتێری حزبی زەحەتكێشانو كۆمیتەی سەركرادیەتی ئەو حزبە، ناوەندی سیاسیو ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستانی بە شێوەیەك سەرقاڵكرد كە وەختەبوو جێگەی كێشمەكێشی لیستی داخراوو كراوەوە زنجیرە درامای دەستلەكاركێشانەوەو لیستی سەربەخۆو لێدوانە ئاگرینەكانی ئەم دواییەی ژیانی ئەنتیكەی حزبایەتی بگرێتەوە.

بەیاننامەی ژمارە (یەك)ی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی بە هەڵپەساردنی سكرتێری حزبەكەیان بە "بێ ئامادەبوونی خۆی"و هەڵپەی داگیركردنی بارەگاوكەناڵی ڕاگەیاندن و مەكتەبەكان، دیمەنێكمان لە دیموكراسیەتی نێۆخۆی حزبی كوردیو پەروەردەی حزبیمان پیشان دەدەن كە تیایدا ئەندامانی حیزبەكان دەستیان لەسەر پەلەپیتكەی چەكەكانیانەو لەئانو ساتدا فكری كودەتاییان شوێن بە كۆنگرەو رێوشێوێنی دیموكراسی لەق دەكات .

بەڵام هەموو ئەمانە بۆچی روِیاندا ؟ ئایا فشارو پیلانێكی چاوەڕوانكراو و بە "دەسیسەی ئێرەوەو ئەوێ" بوو وەك لە بەیاننمامەكەی حزبی زەحمەتكێشان قادر عزیز ئاماژەى پێدراوە، یان نەبونی شەفافیەتی داراییو بەرتەسكردنەوەی پرەنسیپی سەركردایەتی بە كۆمەڵ؟ ، گوێنەدان بە بڕیارەكانی كۆنگرەیە وەك حزبی زەحمەتكێشان بالی كۆمیتەی ناوەندی رایگەیاندوە؟ ئایا ئەو كادێرانەی حزبی زەحمەتكێشان دەبوو چاوەڕوانی كۆنگرە بكەن تا لەو وێستگە حزبیەدا كێشەكانیان لەگەڵ سكرتێرەكەیان یەكلابكەنەوە؟

گرفتی حزبەكانمان لەم هەرێمەدا لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە كۆنگرەكانیان كە باڵاترین ئۆرگانی حزبە، ناتوانن بە جورئەتەوە گرفتەكان چارەسەر بكەن و دەستبخەنە سەر برینەكان، لە باشترین حاڵەتیاندا ئەو كۆنگرانە بریتی بوون لە موجامەلەی خزمایەتی و زاڵبونی پەیوەندیی رەچەڵەك بەسەر پەیوەندی تەندروستی حزبایەتیو سیاسى و هاوڕێیەتی، تائێستاش ئەو چالاكیانە نەیانتوانیوە بە بەراستی لەبەردەم هەڵەو لادانو نەرجیسیەتو نەخۆشی خۆدەرخستنو تاكڕەوی و هەندێكجاریش مەیلی دیكتاتۆرانەی سكرتێرو ئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی حزبەكان بوەستنەوە, ئەگەر ئەمە روشبدا ئەوا نەوەی نوێ بە بە دەستەگەریو فیتی دەرەكی گوناهبار دەكرێت، ئەی چار چییە؟.

ئەوەی لە بەیاننامەو لێدوانە جۆراوجۆرەكانى یەكشەمەی ڕابوردوی حزبی زەحمەتكێشاندا بەرچاومان كەوت، بەتەنها بەرەى سەركردایتی ومەكتەبی سیاسی و لایەنگرانى سكرتێری حزبەكە بوون، ئەوەی كە پەراوێزخراویش بوو ئامادەیی بەرچاوى نەبوو، بنكەی حزبی بوو.

وەلێ تا هەنوكە ئەندامانی حزبی كوردستانی تەنها لە ڕێگەی كۆنگرەوە بەشداری سیاسەتی حزبیان پێدەكرێت، لە سیاسەتی ڕۆژانەی ئەو حزبانەدا بەشدارناكرێنو مەكتەبی سیاسیو سكرتێری حزبەكان بڕیارە گرنگو چارەنوسازەكان یەكلایدەكەنەوە ، نەك كۆبونەوەی فراوانو راپرسی، گروپە دەستلەكاركێشاوەكەی حزبی زەحمەتكێشانیش كەوتنە هەمان هەڵەوە، یاری شەترەنجییان لە بری راپرسیو گەڕانەوە بۆ ڕاوبۆچونی ئەندامان هەڵبژارد.

كورد دەڵێت با بێ و بۆران هەر لە خەرمانەكە كەم دەبێتەوە. ئەم ڕوداوە تراژیدى و كودەتا ئامێزانەش لە سەر بزوتنەوەی چەپی دیموكراسیخواز دەكەوێت، لە ژیانى تەندروستى سیاسیدا بستێك نامانبەنە پێشەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە