ئایا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بە راستی ئۆپۆزسیۆنن؟

Tuesday, 05/10/2010, 12:00

1194 بینراوە


تێڕوانین و تێفکرین و قسەکردن دەربارەى ئۆپۆزسیۆنبوونی یەکگرتووی ئیسلامی و گۆڕان و کۆمەڵ لەئێستاى کەشوهەواى سیاسی و کۆمەلاَِیەتی کوردستاندا چەندین شیکارى و پرسیار هەڵدەگرێت بەوەى کە ئایا ئەو سێ لایەنە بە حەقیقی حزبێک یان رێکخراوێک یاخود بزووتنەوەیەکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنن بە مانا ستاندەری و گشتییەکەى ئۆپۆزسیۆن؟.
رەنگە زۆر کەس لەکەسانی رۆشنبیرو خوێنەرو رۆژنامەنوس لەچەند ساڵەى رابوردووى کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی تێگەشتبێت و باش بزانن کە تاوەکوو پێش سەرهەڵدانی بزووتنەوەى گۆڕان تەنها وەکوو وشەى ئۆپۆزسیۆنیش نەیانتوانیبوو خۆیان نمایش بکەن، لێ دەبینین لەدواى سەرهەڵدانی گۆڕانیش هاتوون بە هەمان شێوەی گۆڕان تەنها بە دروشم و قسەکردن و لەمینبەرى راگەیاندندا ئۆپۆزسینێتی خۆیان نمایش دەکەن، ئایا تەنها بە قسەکردن و راگەیاندن ئۆپۆزسیۆن دێتە دی؟!.
تەنها قسەکردن دەربارەى یەکگرتوو لەدهۆک بەسە بۆ ئەوەى رووى راستی ئۆپۆزسۆنبوونی ئەو حزبە دەربخەین، چونکە چەندین ساڵە لەدواى پارتی تەنها حزبە قورسایی جەماوەرى هەبووەو هەیە لەو شارەدا، کەچی چەندین ساڵە نەیتوانیوە تەنها خۆپیشاندانێکیش رێکبخات، ئەگەر دەڵێن پارتی هێرش دەهێنێت و دامانکوژن، ئەوە هیچ پاساوێک نییە، چونکە لەهەموو دونیادا وایەو لەمێژەوە وابووە گەر بتەوێت گۆڕانێک دروست بکەیت و ژیانی خەڵک لەدیکتاتۆرییەت و پادشایەتی ئیستیبدادی رزگار بکەیت ئەوا پێویستی بە تەزحیەو گیانبەختکردن هەبووەو هەیە، بەندە زۆرجار وتوومە خۆ لەشاخ و ژیانی پێشمەرگایەتی لەدژی ستەمی بەعس و حکومەتەکانی دی هەزاران کەسمان کردووە بە تەزحیەو گیانی خۆیان بەخت کردووە، با ئێستاش لەسەر شەقامەکان چەند کەسێک ببێت بە تەزحیەو گیانی خۆی بەخت بکات بە منیشەوە، چونکە ستەم هەر ستەمە دیکتاتۆر هەر دیکتاتۆرە گەر کورد بێت یان عەرەب، باوک بێت یاخود دراوسێکەت.
ئەوەى تائێستا جیگەى نیگەرانی بەندەیە ئۆپۆزسیۆن بە ماناو کردەوە جیهانی و ئۆروپی و رۆژئاواییەکەى لەکوردستان نەبووەو بوونی نییەو لەغیابدایە، پێم سەیرە بزوتنەوەى گۆڕان بە 25 کورسی پەرلەمان و نزیکەى 500 هەزار دەنگدەر ناتوانن و نەیانتوانیوە بۆ جارێکیش لەهیچ شارێکی کوردستان خەڵک بهێننە سەر شەقامەکان و بە فیعلی ناڕەزایی دەرببڕن، ئا ئەمەیە بووەتە هۆکارى حساب بۆ نەکردنیان لەلایەن یەکێتی و پارتی و دەسەڵات و حکومەتەوە، چونکە حکومەتی هاوبەشی ئەو دوو حزبەو حودی حزبەکانیان لایان روونبووەتەوە کە حزب و لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان ناتوانن بۆ جارێکیش شەقام بجوڵێنن و خەڵک راپێچی سەر شەقامەکان بکەن.
تەنانەت نەیاتوانیوە لەو هەموو مینبەرى راگەیاندنەکانیانەوە بە بینراوو بیستراوو نوسراوەوە تۆزقاڵێک خەڵک هۆشیار بکەنەوە کە ئۆپۆزسیۆن واتا شەقام، شەقامیش واتا خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و کارى مەدەنی و بێدەنگنەبوون.
ئۆپۆزسیۆن یەکسانە بە خۆپیشاندان و جوڵاندن و هێنانی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان، نەک دروشم و بازرگانیکردن بە وشەو فێڵکردن و خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک.
ساڵەح موتڵەگی کۆنە بەعسی و کەسایەتی دیارى نێو لیستی عیراقییە لەماوەى پێوودا لەدیدارێکیدا وتی لەعیراقدا ئۆپۆزسیۆنبوون واتا خۆکوشتن، مەبەستی ئەوە بوو لەوڵاتێکی نایاسایی و بێسەروبەرو حکومەتێکی تۆتالیتێرو سەربازی ئۆپۆزسیۆنبوون مەحاڵەو هەر حزب و رێکخراوو لایەنێک بتوانێت ئەو کارە بکات خۆی دەکوژێت، ئەو وتەیە رێک بۆ کوردستان و حکومەتەکەى دەگونجێت و لەجێی خۆیدایە، بۆیە پرسیار ئەوەیە گەر ئەو سێ لایەنەى کوردستان لەحکومەتێکی ئاواو کوردستانێکی بێسەروبەردا ئۆپۆزسیۆونبوونیان هەڵبژاردو خۆیان بەکوشتدا، ئەدی بۆچی نایانەوێت تەزحیە بدەن و درێژە بەو کوژراوییەى خۆیان بدەن و هەستنەوە سەر پێ؟!.
دڵنیابن هەتاوەکوو ئۆپۆزسیۆن بەو وێنەو شێوەیە نەیەتە بوون و دروست نەبێت، هەرگیز وڵات و هەرێمەکەمان هەنگاوێک ناچێتە پێشەوە، چونکە لاى هەموومان روونە دوو حزبی کۆنترۆڵچی دەسەڵات و کۆنکرێتی پارەو پول و سامان و سەربازو پۆلیس و و پەروەردەو نەخۆشخانەو دەزگاى ئەمنی و سیخوڕى و زانیاری و ستەمکارو چەوسێنەرو نادڵسۆزی میللەت و نامۆبوو بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و دیموکراسییەت و ئازادی دەستیان گرتووە بەسەرمانداو ئیرادەو ژیان و ئازادی و مافی هەمووانیان داگیرکردووە، ئیدی چۆن چاوەڕوانی بەرەوپێشەوە چوون بێن هەى حزی و بزوتنەوە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان.
ئێمە لامان روونبووەتەوە کە ئێوەى بەناو ئۆپۆزسیۆن هەڵپە هەڵپی زیادکردنی دەنگەکانتانن نەک دڵسۆزبوونمان، چونکە ئەوەی ئێوە دەیکەن تنەها قسەکردنەو بەس، خۆ سەدان گەنج و رۆشنبیر لەملاو ئەولا لەئێوە زیاتر قسە دەکەن و چالاکترن، بەڵام دەبێت ئەداو سیاسەت و ستراتیژی ئۆپۆزسیون جیاواز بێت، لێ زیرەکی و لێهاتووی هەندێ پەرلەمانتاراتان حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بە مەرجێک هەموو رۆژێک تەپڵ لێدانەکانیان بەردەوام بێت، نەک تەنها لەشایی هەڵبژاردنەکاندا.
رۆژانێک خەونمان بەوەوە دەبینی کە ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت و ببێتە رێکخەرى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان وەک چۆن لەئۆروپاو رۆژئاوا ئەمەیە کارى ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەوەى هەر خۆپیشاندانێک کرا بە دوو کاتژمێر بڵاوەى پێنەکرێت، چونکە لە19 ساڵى رابوردوودا لەهەر کوێیەکی ئەم کوردستانە خۆپیشاندانێک کرابێت یەکێتی و پارتی بە تۆقاندن و تەقەکردن و کوشتن و گرتن و ترساندن بە کاتژمێرێک بڵاوەیان پێکردووەو خەڵکیان ناخ ترساوی کردووە، بۆیە زەرورەتی ئەو شێوە ئۆپۆزسیۆنەیە لەئێستا بەدوا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە