بەقاڵی سەربەرزو بەرپرسە گەندەڵەکە

Sunday, 07/07/2013, 12:00

2705 بینراوە


لە ژیانمدا وەک ئەم ئێوارەیە خاوەن مۆراڵێکی حەماسی بەرزنەبووم تەنانەت لە کاتی شاخیشدا کاتێک لێدوانی مەحموود سەنگاوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیم بینی لە ماڵپەڕی پیوک میدیای سۆشیال دیموکراتدا کە ووتبووی (هه‌ندێك كه‌س وه‌ك به‌قاڵ وان ده‌گه‌ڕێن بۆ هێلكه‌كڕین). بۆ؟ لەبەر ئەوەی خۆم کوڕی بەقاڵێکی سەربەرزبووم و تا لەشاخدا بووم باوکم نەیهێشت تەسلیم ببمەوە.
هەتا ئێستاش بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە بۆ خەپاندنی ئەندامانیان لەبەرواری ٣-٧-٢٠١٣ بڵاویان کردوە هاڵاوی لێ هەڵدەستێت ، لەبڕگەی هەڤاڵ ودۆستاندا وایان نوسیەوە و من قسە لەسەر ئەم سێ بڕگەیە دەکەم:
لینکی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکرادیەتی یەکێتی نیشتمانی:


یەکەم: دڵنیابن گیانی پاکی شەهیدان ئاوێتەی هەڵوێستی خەباتی دیموکراسی و خزمەتی خەڵکتانە.
- گیانی پاکی شەهیدانی چی و چۆن دڵنیابێت؟ کە زۆرینەی شەهیدان کوڕی بەقاڵ ، کوڕی حەماڵ ، کوڕی کرێکار ، کوڕی جووتیار بووە کەچی مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە باوکیان دەکات ، کامە خزمەتی خەڵک هەتا ئێستاش خەڵک بۆ پەیداکردنی قووتی ژیانی خۆی لەبەرگەرمای پێست برژێنی هاوین و سەرمای زستانی پێست ووشکەرەوەدا بە هەزار حاڵ دەرەقەتی دابین کردنی ژەمێکی خێزانەکەی دێت و خێزانی شەهید هەیە تا ئێستاش سواڵ لە دراوسێکانی دەکات.
دووەهەم: دڵنیابن پێشمەرگەو کەمئەندامانی سەنگەر، چاوەڕێی درێژەپێدانی خەباتتانە.
- درێژەپێدانی خەباتی چی و داوای کامە خەبات لە خەڵک دەکەن، لەو خەڵکانەی لە ١٧ی شوباتدا جگەر گۆشە تەمەن بەهاریەکانتان شەهیدکرد، کامە پێشمەرگەو کەم ئەندامی سەنگەر کە زۆرینەیان کوڕی بەقاڵ ، کوڕی حەماڵ ، کوڕی کرێکار ، کوڕی جوتیار بوون ، دەبێت هەر هەموویان بێنە خزمەت مەحمود سەنگاوی تا ئەویش بە ڕەحمەتی خۆی بڕە پارەیەکیان بۆ سەرف بکات تا بتوانن کەرەستەی خوێندن و جلوبەرگی شایستە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن ، پێشمەرگەی کەم ئەندامی سەنگەر هەیە لە هۆڵەندا دەزگای خزمەتگوزاری پیرو پەککەوتەکان وەک گوڵ بەخێویان دەکەن نەک قارەمانەکەی گەرمیان مەحمود سەنگاوی.
سێهەم: دڵنباین ڕەنجدەرانی بیرو بازو، بەشی زۆریان چارەنوسیان لە ڕێبازی یەکێتیدا دەبیننەوە.
- ڕەنجدەرانی بیروبازووی چی؟ مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە بەقاڵ دەکات ، بەقاڵ لای مەحمود سەنگاوی ئەو کەسە بێنرخەیە لە کۆمەڵگادا و وەک نموونەی چینێکی خاوەن بازوو ی ئاست نزم نموونەی لەسەر دێنێتەوە لە لێدوانەکەیدا.
من بەدەیان هاوڕێی شەهیدو زیندووی سەردەمی شاخم هەیە کە باوکیان بە پیشەی بەقاڵی ژیانی خێزانی و کوڕە پێشمەرگەکەشی لەسەردەمی بەعسدا دابین دەکرد ، من دایکی پێشمەرگەیەک دەناسم بە قازانجی سەبەتەیەک کەوەرو کەرەوەز لەبەر بەلەدیەکەی شاری سلێمانی جلی کەتافی و پێڵاوی ئەدیداسی بۆ کوڕەکەی دەنارد.
پێڵاوی بەقاڵێک کە بەڕەنجی شانی خۆی ژیانی دابین دەکات زۆر بەرنرخترە لەباڵای مەسئولێکی دز کە لە ژێر شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا سەروەت و سامانی خەڵک دەدزێت ، ئەم جۆرە خۆ بە شۆڕشگێڕ زانانە وەک جرجی تۆقیو وان غیرەتیان نییە وەک هەر تاکێکی سادەی کۆمەڵگا بە تەنها و بێ پاسەوان لە شەقامێکدا پیاسەیەک بکەن، زات ناکەن بە کامی دڵی خۆیان بە تەنها لای بەقاڵێک دوو کیلۆ خەیارو تەماتە بکڕن ، جەسارەتی ئەوەیان نیە بەتەنها بڕۆنە لای دەلاکێک و سەر وسمێلیان وەک قەترانی ڕەش بۆیاخ بکەنەوە.

ڕزگار ساڵح
٧-٧-٢٠١٣
هۆڵەندا ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە