ئۆپزسیۆن و دەسەڵات دوو دیوی یەك دراون

Friday, 08/07/2011, 12:00

1492 بینراوە






لەئێستادا شەقامی كوردی لە باشوری كوردستاندا دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا ،بەرەی ئۆپزسیۆن كە لە دەرەوەی حكومەتی كوردستان كارو چالاكیەكانیان ئەنجام ئەدەن پێك دێت لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی ،هەرچی بەرەی دەسەڵاتیشەكە حكومەتیان پێكهێناوە یەكێتی وپارتییە.
ئەگەر بمانەوێت تێڕوانینێكی ئەقڵانی بۆ ئەم دوبەرەیە بكەین ئەوا بۆ مان دەرئەكەوێت كە هەر یەكەیان بە شێوازێك میللەت ئەخەڵەتێنێت .
ئۆپزسیۆن ئەڵێت ئێمەین داكۆكیكار و بەدیهێنەری مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان لە بەرامبەریشدا دەسەڵات ئەڵێت بەدیهاتنی داواكاری خەڵك بە دراو ئەكرێت ودراویش لای ئێمەیە .
خەڵكی لەنێوان دوڕیانێكدا تیاماوە و نازانێت بەدوعای كامیان بڵێت ئامین .
ڕوداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەی سلێمانی و ناجێگیری هەڵوێستی ئۆپزسیۆن لە ئاست گۆڕانكاریەكاندا ،خەڵكی بێ ئومێد كرد بەتایبەتی دوای ئەوەی كە دەسەڵات بەبەرچاوی ئۆپزسیۆنەوە و بە هێزی سەربازی ناڕەزاییەجەماوەریەكانی شەقامی دامركانەوە ،ئۆپزسیۆنیش جگە لە هاشەو هوش هیچی دیكەی لەدەست نەهات .
سەرباری ئەوەش گۆڕان و یەكگرتو كۆمەڵ چەند جارێك سازشیان لە داواكاریەكانی خۆیان كرد .بۆنمونە سەرەتا بڕیاربوو دانیشتنەكانی نێوان هەردوبەرە لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت بەوەی كە ناڕەزاییەكان لەو ناوچەیەدا سەری هەڵداوە ،بەڵام هەربەزویی ئەو داخوازییەیان لەلایەن مەسعود بارزانیەوە ژێرپێ خراو كۆبونەوەكان گواسترایەوە بۆ ناو شاری هەولێر ولە ئاپارتمانی پەرلەمان یەكەم دانیشتن گرێدرا،دواتریش لایەنی دەسەڵات هەربۆخۆیان بەگاڵتە جاڕیەوە ئەیان ووت ئەو شوێنەی كە ئۆپزسیۆن داوای ڕوخاندنی ئەكرد ئێستا كۆبوونەوەی تێدا ئەنجام ئەدەن.
ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا ئۆپزسیۆن نەیتوانیوە هیچ كام لە داخوازیەكانی شەقام بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێت تەنانەت نەشیتوانیوە بكوژێكی ڕوداوەكانی حەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی پەلكێشی دادگا بكات.
ئەنجامی كۆبونەوەكانییش وەك شەوقی مانگە شەو دیارە كە دەسەڵات تەنها درێژە بە كات ئەدات . دەنا بەتەما نییە هیچ جۆرە داخوازیەكی نەشەقام و نە ئۆپزسیۆن جێبەجێبكات.
لەهەمووی سەیرتر ،دەنگۆی ئەوە هەیە كە دەسەڵات لەهەوڵدا یە بۆئەوەی ئۆپزسیۆن ڕازی بكات تاوەكو بەشدار بێت لە حكومەتە ئیفلیجەكەیاندا ، هەركاتێكیش ئەوە ڕوبدات ئەوا میللەت وەك هەموو جارێك هەناسەسارد و ماڵ وێرانی بۆ ئەمێنێتەوە .
كورد ئەڵێت گوریس بە یەكلایەنە بە قەدی دارەكەدا نە ئەهاتەوە جا نۆرەی دوو لایەنەیە ،
منیش ئەڵێم میللەت لە دەست یەكێتی و پارتی دادوبێدادێتی جا ئەكەر گۆڕان و یەكگرتو كۆمەڵیشی بێتە پاڵ ئەوا ئەبێت بڵێین سەد ڕەحمەت لە كفن دز.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە