ئافرەتى كورد وزمانى نەتەوەیی سەبارەت بە لێدوانى ئەو توركەى داواى كردبوو هەر توركێك ژنێكی كورد بێنێت

Friday, 31/12/2010, 12:00

1341 بینراوە




لەوەتى هەم ودەنوسم لە توندتڕەوترین قۆناغی فیكریمدا هەردەم بەرگریم لە كێشەى ئافرەتان كردوە وبە تایبەتى ئافرەتى كورد، ئەوەى لە نزیكەوە دەمناسن ئەو حەقیقەتە دەزانن، لەو ڕێگایەوە دەیەها نوسین وبەژداریم هەیە وهەر بەردەوامیشم لەو ڕێگایەدا، ئەو سەرەتایەم بۆیە باسكرد چونكە وەك چۆن من هەردەم بەرگریم لە كێشەكانى ئافرەت كردوە، وچاوپۆشیشم لە زۆربەى خاڵە لاوازەكانى كەسایەتى ئافرەتى كورد كردوە چونكە پێم وایە خاڵە لاوازەكانى لە ئەنجامى ئەو بارە قورس ونادادوەرییە كە تێیدایە نەك شتى بنچینەیی بن لە كەسایەتیاندا، هۆی سەرەكى ئەو باسەم دەگەڕیتەوە بۆ ئەو لێدوانەى ئەو دواییەى سەرۆك شارەوانیەكى سەر بە حزبی ئەردۆگان داواى كردبوو هەر توركێك ژنێكى كورد بێنێت وەك ژنى دووەم تا كێشەى كورد نەمێنێت وهەموومان ببینە تورك وئەو كاتە مومان بە بەینى وەناچیت! ئەو قسەیە سەیرەم لە وتارێكى the Economist خوێندەوە، كەسانێك پێیان وایە كە ئەو قسەیە قسەى كەسێكى نەژاد پەرستى كەم عەقڵە وتەنها وڕێنەیەكەو وبەس! بەڵام من وەك نوسەرێك وتاڕادەیەك شارەزاى ئەو بوارى ئافرەتانی كورد پێموایە زۆر لە مێژیشە كە ئەو سەرۆك شارەوانیە دەستى خستۆتە سەر برینێكى قوڵ ویەكێك لە هەرە خاڵە لاوازەكانى ئافرەتى كورد، خۆزگە دەمزانى كام ئەهریمەن ئەو پلانە دۆزەخیەى چرپاندۆتە گوێی! من زۆر دەمێكە ئەو خاڵە لاوازەى ئافرەتى كوردم دەستنیشان كردبوو بەڵام لەبەر ئەوەى هەردەم ئافرەتم بە بەرەى چەوساوە حسێب كردوە وكۆمەڵگا ئیسلامیەكانیش بە چەوسێنەر وحەزیشم لێیە هەردەم لە بەرەى چەوساوە بم وبەرگریان لێبكەم بە هەموو توانایەكم هەر لەو ڕوانگەوەش بەرگریم كردوە لە ئافرەتى موسڵمانانی كوێت وسعودیە وپاكستان ودارفۆر وبۆسنیا چەندین وڵاتانى تر، بەڵام كاتێك ئەو لێدوانەم خوێندەوە تازە كاتى خۆی هات منیش لەسەرى بدوێم. با لە ئافرەتانی غەیرە كورد دەست پێبكەین زۆربەى ئەگەر نەلێین هەموو ژنانى عەرەب وتوركمان وعەجەم وفارس كە شو دەكەن بە پیاوێكى دەرەەى نەتەوەى خۆیان بە حوكمى پایەى ئافرەت وەك قوتابخانەى یەكەمى زمانى وپەروەردەى منداڵ بێ یەك ودوو فێری زمانى خۆیانى دەكەن ولەپاش ماوەیەكى سەردانیان بكە دەبینى منداڵەكە كە دایكى توركە وباوكى عەرەبە یان كوردە یان هەر شتێكە، بە توركیەكى ڕەوان قسە دەكات لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر ژنە توركەكە لەناو نەتەوەى باوكەكە بژیت زمانى دایك بە چاكى قسە دەكات ودەبێتە زمانى دایك mother tongue وزمانى باوكیش بەسەقەتى فێری دەبێت وەك دەستى دوو بەكارى دەهێنێت، دەیان نمونەى ئافرەتى كورد دەزانم چۆن خۆیی منداڵەكانى بونەتە توركمان یان عەرەب یان هەر شتێكى تر! بڕواننە خێزانە كوردەكانى بەغدا وموسڵ ودیالا وگەلێك شوێنى تر. ژنە كوردێكى موسڵاویم دیت منداڵەكانى یەك دوو وشەى كوردیان نەدەزانى زۆریشیان حەز لێبوو فێری ببن بە كاریگەرى برادەرانیان وئینتەرنێت كەچی دایكیان هەر گوێشی لێنەبوو، ژنى كوردم دیوە منداڵەكانى تەنیا فارسی قسەیان دەكرد چونكە مێردی بە فارسێك كردبوو، ژنێكى تری كوردی فەیلیم دیت خۆیی وكچەكەى شیعەیەكى توندڕەو هەر هاتە ئەو ئۆفیسەى كە من كاری تێدا دەكەم یەكسەر دڵی تەنگ بوو بە دیتنى ئاڵاى كوردستان وگوتى ئێوەى كورد چەند دەمارگرژن خۆ منیش كوردم بەڵام وا نیم!! گوتم دیارە خانم چۆن كوردێكى خۆت وكچەكەت بە عەرەبی قسە دەكەن لەبەر خاترى مێردت زمانى خۆشت ونەتەوایەتى خۆشت لە دەست داوە، ئینجا دەستى كرد بە گاڵتە كردن بە دیموكراسیەتى كوردستان وەك عەرەبەكان دەیگوت ئێوە نا هێڵن عەرەب بە كەیفی خۆی بێنەتە كوردستان! منیش گوتم دیموكراسیەت لەگەڵ ئەو عەرەبە توندڕەوە ووەحشیانە دەیانەوێت بارى كوردستان وەك بەغدا لێبكەن؟ هەر كە ئەوەم گوت كچەكەى وەك نەژاد پەرسترین عەرەب وەڵامى دامەوە ویەك زەڕە هەستى كوردایەتى نەبوو لە سایەى بەرەكاتى پەروەردەى ئافرەتە كوردەكە كە لە دواییدا بە كوردیەكى چاك لەگەڵم قسەى كرد! بێگومان نمونەیەكى زۆرمان دیوە لەناو كوردەكانى توركیا بە تایبەتى چۆن هەموو شتێكى كوردییان لە دەستداوە وناكرێت هەمووى باسبكرێت.
بەڕاستى ئەو ڕێكخراوانەى هەوڵ وخەبات دەكەن لە پێناو مافەكانى ئافرەت پێویستە ئەو خاڵە لاوازانەش چارەسەر بكەن، چۆن دەبێت ئافرەتى كورد كە میللەتەكەى لە هەموو میللەتانى دەوروبەر چەوساوەتربن ولە كاتێكدا خەڵكانى چەوساوە زیاتر بەرگرى ودەستگرتنیان بە پێناسى خۆیان توندتر دەبێت كەچی ئافرەتى كورد بیگومان هەموویان نا، بەڵام لە زۆربەى حالەتدا ئەگەر ببنە هاوسەرى غەیرە كوردێك هەموو پیناسەى نەتەوایەتى خۆیان لە دەست دەدەن؟! بێگومان من ئەو قسانە لە مەنزورێكى پیاوانەدا ناكەم بەڵام پیاوان رۆژانە ڕەخنە باران دەكرێن لەلایەن فێمینستەكان وژنانى تریش دەبا كەمێك باسی خاڵە لاوازەكانى خۆشیان بكەن وەك ئەو خاڵەى من باسم كرد لەو نوسینەدا.
هەر بۆیەش دەڵێم ئەگەر ئەو پلانەى سەرۆك شارەوانیە جێبەجێ بكرێت لەلایەن حزبێكى خاوەن عەقڵیەتێكى سیستیماتیكى دۆزەخى ودووربینى وەك حزبەكەى ئەردۆگان بە گومانى نازانم لە ماوەیەى چەند نەوەیەك بتوانن بە یەكجاری كورد حەل بكەن، هەرچەندە جێبەجێ كردنى ئەو پیلانە هێندە ئاسان نیە، بەڵام وەك مالیك بن نبی دەڵێت: ئەوەى قابیلیەتى ئیستعماری تێدا نەبێت ئیستعمارناكرێت!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە