كارەبا و قیرتاوكردن ... یا رۆنى خۆمان بۆ سمێڵى خۆمان ؟

Monday, 18/05/2009, 12:00

1586 بینراوە


ماوەى (4) چوار ساڵە و زیاتر لە 10 دە جار گرێبەست و پرۆژە و بودجەى كارەبا كرایە مانشێتى رۆژنامەكانى دەسەڵات و دەیان جار بەمقەستى دەستى بەرپرسان قردێلەى پرۆژەى بەرهەمهێنانى كارەبا بڕاوە ؟ تائێستا چەندین بەرپرس وەكو سەرۆكە مراهیقەى حكومەت و مەلا بەخ بەخ و عومەر نابێ فەتاح وعیماد جەلالى چەندین جار لە ناوەراستى ساڵدا سوێندو تەڵاقیان خواردوە كە ئەگەر كۆتایى ساڵ یا سەرەتاى ساڵى ئایندە كارەباو ئاو چارەسەر نەكەن ئەوا ئەوان ڕووى خۆیان ڕەش ئەكەن و تەڵاقیان كەوتبێ ، بەڵام وا چوار ساڵ تێ ئەپەڕێ و تازە بەتازە لە ترس ولە سایەى لیستى گۆڕانەوە كەوتوونەتە خۆ و پێكەنینە تاڵ و روخسارە قێزەونەكانیان نیشانى خەڵكى بەئاگاى كوردستان ئەدەنەوە. هێشتا حەوتانەى ئەو بڕەكارەبا زیادكراوە نەچوە كەچى بڕى پارەى كارەبایان لە هەندێ شوێن دوو قات و سێ قات و چوار قات كردوە بەپێى شوێنەكانى شار و ناوبازاڕ زیاد كردووە.، تۆ سەیرى ئەم حكومەتە دۆلار پەرست و دژ بەخەڵكە بكە لەلایەك نوقڵانەى زیادكردنى كارەبا لێئەدا و بەشانو باڵیا هەڵئەدا و لەلایەكى ترەوە لێمانى وەرئەگرێتەوە ،لەكاتێكا دەیان جار پارە بۆ باشكردنى وەزعى كارەباكەى هەرێم دانراوە و كۆمپانیا حوتەكەى تاڵەبانى حەپەلووشى كردوە ! ساڵى 2006 بڕیاردرا موەلیدەى گەورە و سەرچاوەى وزەى كارەبا دابین بكەن بۆ ئەوەى كارەبا باش بكرێ بەڵام لە بەرئەوەى كۆمپانیاى نۆكان بایی دەیان ملێۆن دۆلار موەلیدەى بچووكى لە چین و كۆریا كڕی بوو گیروگرفتى بۆ ئەو پرۆژەیە دروست كرد چونكە ئەو بڕە موەلیدەى كە ئەوان كڕیبوویان لە بازاڕدا سەرف نەئەبوو، بۆیە تاوەكو ئەو بڕە موەلیدانەى كۆمپانیاى نۆكان لە بازاردا ساغ نەكرایەوە یەكێتیی بیرى لە بەدیلى تر نەكردەوە ! ئێستاش ئەو بڕەكارەبایەی كەزیاد كراوە بەمەبەستى كارى خزمەتگوزارى و بەتەنگەوەهاتنیان بۆ میللەت نیە ؟ بەڵكو لەگەڵ ئەوەى ئەو كارەبایە لەسەر بودجەى داهاتى هەرێم كراوە ، بۆ ئایندەى خۆیان وەك پڕۆژەیەكى كەرتى تایبەت مامەڵەى پێوە ئەكەن و بەپارەیەكى باش بەخەڵكى ئەفرۆشنەوە گەرچى لەسەر بودجەش ئەنجامدراوە ! بەم جۆرە لەم بوارەشدا پارەیەكى خەیاڵى لەو پرۆژە گشتیە بۆ خۆیان بەدەست ئەهێنن و لە كڕینى دەنگى نەیاران و نەفس نزمەكاندا خەرجى ئەكەن بۆئەوەى دەنگیان بدەنێ ، قیرتاوكردنى جادە و بانەكانیش نابێ وەك موزایدە و تەنها كارێكى خزمەتگوزارى لێك بدرێتەوەوبۆ دەسەڵات یا منەت بكەن گوایە جادەكان قیر ئەكەن ، چونكە ساڵانە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى شار بڕێكى یەكجار زۆر داهاتى لە مامەڵەى دەرهێنانى مۆڵەتى شوفێرى و سەنەوى ئوتومبیل و سەرپێچى شوفێران و تازەكردنەوى سەنەوى و ئاڵوگۆڕى خاوەندارێتى ئوتومبیلدا دەست ئەكەوێت كە مەگەر ئەوانەى بۆ كارێك لەم كارانە رێى كەوتبێتە ئەو بەرێوەبەرایەتیە بزانێ چەندە ، كەپێویستە ئەو بەرێوەبەرایەتیە بەشێك لەو پارەیە بۆ پرۆژەو نوێكردنەوەو باشكردنى جادەكان بەكاربهێنێتەوە وەك ئەركێك لەبەرامبەر ئەو داهاتەى كەلەسایەى كاروبارى هاتوچۆو خاوەن ئوتومبیلەكانەوە دەستى ئەكەوێت !دڵنیام تەنها بەو بڕە پارەیە هەموو جادەو بان و كۆلانەكانى شاروشارۆچكەكانى كوردستانى پێ قیرتاو ئەكرێ ئەوەى زۆر دڵنیا نیە بارۆژێك سەردانێكى ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بكات ئەوجار تێ ئەگات لەو پارە خەیاڵیەى كە رۆژانە دەست ئەو بەرێوەبەرایەتیە ئەكەوێ! نەك ئەو بڕە پارەیە بكرێتە خەزێنە قوڵە بێ بنەكەى حزب و ئەوان جارێكى تر لوتف و خێر بەخەڵك و شوفێران بكەنەوەو منەتى قیرتاوكردنى جادەكانیان بەسەرابكەن ! گەلەكەمان ئەوەندە تاڵاوى داگیرو چەوساندنەوەى كراوە بەقورگا زۆربەمان كاس و وڕ بوین و دەسەڵاتیش هێندەى تر بە موزایدە نیشتمانى و نەتەوەییەكان گێژو وڕترى كردوین ، ئەگەرنا ئەوەى لەگەڵ ئێمە و لەبەرامبەر ئێمە ئەنجام ئەدرێ لەهەر شوێنێكى ترى ئەم دنیایە بایە ئێستا لێرسراوەكانى شاربەدەر و لە كونجى زیندانەكاندا ئەبوون ! هێشتا ئەگەر ترسیان لە هەڵبژاردن ولەبەر بوونى لیستى گۆڕان نەبوایە ئەوەشیان نەئەكرد و منەتیان بەكەس نەبوو ، چونكە بنەماڵەكان رێك ئەكەوتن وترسیان لە هەڵبژاردن نەبوو؟ بۆیە جێگەى خۆیەتى خەڵكى كوردستان ئاگاداربكرێتەوە لەو پیلان و مەرامانەى ئێٍستاى دەسەڵات كە هوشیارانە تێ بگەیەنرێن بەوەى دەسەڵات بەنیەتى كارى خزمەتگوزارى و بە پارەى حكومەت ئەو كارانە نەكراون بەڵكو ئەو كارانە بۆ مەبەستى چەواشەكردن و راكێشانى سەرنجى جەماوەر و بەو بڕە پارەیە كراوە كە پێِشتر و دواتر لێیان وەرگیراوە و لێیان وەرئەگیرێتەوە ؟ واتە ڕۆنى خۆمانە بەڵام بە منەتەوە لە سمێڵمان ئەدرێتەوە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە