پەژاك: پەكەكە بە واتای وەرچەرخانی مەزنی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

Saturday, 28/11/2009, 12:00

2091 بینراوە


مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك بە بۆنەی 31ەمین ساڵڕۆژی جەژنی ژیانەوە بەدەركردنی لێدوانێك دامەرزراندنی پەكەكەی پیرۆز كرد‌.
مەجلیسی‌ پەژاك پەیامەكەی بە كورتەیەك له سەر مێژووی پەكەكە وەها دەست پێدەكات: 31 ساڵ تیكۆشانی PKK و كاریگەریی ئەو سەر لە نوێ ژیانەوە و وەرچەرخانێكی گەورە لە مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلی كورد و رۆژهەڵاتی ناوەراست بەیان دەكات. PKK لە هەل و مەرجێك دا دامەزرا كە گەلی كورد شانسی مانەوە و هەبوونی لە بەرامبەر دەوڵەت ـ نەتەوەكاندا نەمابوو. دامەزراندنی PKK دژكردەوەی بەرفراوانی لێكەوتەوە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئەمرۆ، هێرشی بەرفراوانی هەمە لایەنە و گەلەكۆمەی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی، بە شێوازی جیاجیا لە سەر ئەم بزاڤە و رێبەرەكەی پێكهاتووە. گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی ساڵی 1999 لە سەر رێبەر ئاپۆ كە بە مەبەستی تەسلیم وەرگرتن و داسەپاندنی چارەنووسی تێكشكان بە سەر گەلی كورددا پێكهات، نەك تەنیا نەیتوانی ئەم بزاڤە دووچاری ئەم چارەنووسە بكات، بەڵكوو تێكۆشانی بێوێنەی رێبەر ئاپۆ و فیداكاری گەلی كورد و، قارەمانیەتی شەهیدان، ئەم تێكۆشانەیان گەیاند بە ئاستێك، كە هەم لە ئاستی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست و، هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا PKK بوو بە ئەلتەرناتیڤی ئەم سیستەمانە و، رێبازی سیاسی و چەمكی ئایدۆلۆژیكی رێبەر ئاپۆ و PKK، نەك تەنیا بۆ كێشەكانی كوردستان بەڵكوو چارەسەری كێشەكانی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا بوو بە وەڵام.

پەژاك لە درێژەی پەیامەكەیدا وەها ئاماژە بە دژوارتربوونی هێرشەكانی سەرتەڤگەری ئازادی و وەڵامی ئەو هێرشانە دەكات:
دوژمنانی گەلی كورد دوای ئەوەی كە هەستیان بەم راستیە كرد، دەستیان بە پیلانێكی نوێ لە دژی گەلی كورد كرد‌. گوشاری بەرفراوان لە زیندانەكان و بەتایبەتی لە زیندانەكانی دەوڵەتانی سووریە و ئێران، رووی لە زیادبوون كردووە كە فراوان بوونی ئاستی ئەشكەنجەكان، لە زیندانەكانی سوریە و ئیعدامی لاوانی كورد وەك ئیحسان فەتاحیان و مەترسی جیدی لە سێدارەدانی چالاكی سیاسی زەینەب جەلالیان رەهەندی پراكتیكی ئەم سیاسەتانە ئاشكرا دەكەن. لەو چوارچێوەدا و لە دژی ئەم پیلانە نوێیە PJAK لە رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەرای هەموو هێرش و پیلانەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی، بە كەلك وەرگرتن لە روانگەی فەلسەفی و چەمكی ئایدۆلۆژیایی رێبەر ئاپۆ، بێوچان خەبات و تێكۆشان بەرێوە دەبات و، لە هەموو گۆرەپانەكاندا، بە شێوەیەكی چالاك بەشداری دەكات.
لە كۆتاییدا مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاك وەها دەدوێ‌: لە ساڵرۆژی دامەزراندی پارتی كرێكارانی كوردستان بانگ لە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، بە هەڵسەنگاندنی ئەم رۆژە و گرینگی دامەزراندنی بزاڤی ئاپۆچی و، كاریگەریی ئەم تەڤگەرە لە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان، سوورتر لە جاران پەرە بە تێكۆشان و رێكخستنی خۆی بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە