25 کورسی و فەرهەنگێکی سەقەت!

Wednesday, 19/08/2009, 12:00

2053 بینراوە


هەندێ جار پێناسەیەکی سەقەت دەبێتە ئەمری واقیع و ڕووبەرێکی فیکری بەرفراوانی کۆمەڵگە دادەپۆشێت و هەر خودی ئەو پێناسەیە لە ڕووی لۆژیکەوە لەگەڵ تێفکرینی فەرهەنگە ڕاستەقینەکەیدا یەک ناگرێت و بۆشاییەکی گەورە لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت هێڵێ تەماسیشی لێدەبڕێت بۆئەوەی بەیەکیان بگەیەنێت . ئەمەش یەکێکە لەو دیاردە مەترسیدارانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەبێتەوە و دەبێتە بەربەستێکی بەستەڵەکی و ڕی لە جوڵەی گۆڕانکاریە خێرا یەک لەدوا یەکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەگرێت ئیرادەکانی زەوت سست و لاوازو دەکات و ئەوسا بە سەقەتی خۆی دەسەپێنێ تەسلیم بە ئەمری واقیعی دەکات جا کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگە پێشەنگانەی کە لە فەزای ئەو پێناسە سەقەتانەدا بەبێ لۆژیکی فەرهەنگێکی ڕاستەقینە لەبەر دەم ئەو بەستەڵەکەدا بە دابڕاوی چەقی بەستوە ، لێرەدا من نامەوێت زۆر بچمە قوڵایی ئەم باسانەوە تەنها دەمەوێت هەندێ نمونەی کورتی پەیوەست بەو پێناسە سەقەتانە لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردیدا دەست نیشان بکەم .
نمونەکان :
(1) هونەر مەند : پێناسەی هونەرمەند لە کاتی دەربڕینیدا هیچ جیاوازیەک لە نێوان چینەکانیدا ناخوێنێتەوە ، وەک کەسێکی تازە بە دنیای هونەری و کەسێکی کامڵی گەیشتو بەلوتکەی هونەری ئەو پێناسەیە بەیەکسانی بەسەریاندا دابەش دەبێت . واتە پێناسەیەکی شمولی یە ، ئەوەش لەبەر هۆکاری نەبوونی فەرهەنگێکی زانستیانە کە بتوانێ مافی جودایی لە نێوانیاندا دروست بکات . کەواتە ئەو پێناسەیە سەقەتە .
(2) تاوان : لە ڕووی تێفکرینەوە تاوان یەک فاکتەری شمولیە و ڕەچاوی هیچ جۆرە کەسایەتیەک ناکات لە کاتی ئەنجامدانی ، هەر کەسێ ئەنجامدەر بێت پێناسەکە دەیگرێتەوە بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم پێناسەیە قۆرخکراوە لە لایەن دەسەڵاتی باڵا دەستەوە و بەپێ ی بەرژەوەندیەکانی خۆی ڕێکخستنی بۆ دەکات تا ڕادەی ئەوەی ئەتوانێ لەکاتی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خۆیەوە بە یاسا شەرعیەتی بێتاوانی بۆ خۆی بنوسێ و تەنهاش تاوان چێنەکانی خوارەوە بگرێتەوە واتە لە شمولی دایببڕێ ، بۆیە ئەو پێناسەیە نەک فەرهەنگی نیە بەڵکو زوڵمیشی لێ بکات . ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی فەرهەنگ .. لە ڕووی شیکاریشەوە دەبوایە ئەم پێناسەیە شمولی بوایە .
(3) کوردایەتی : ووشەی کوردایەتی لە لایەن هێزی عەسکەرتایەتی حزبی کوردیەوە داگیر کراوە و هەر ئەو پێناسەیە دەکرێتەوە بە چەکێک بۆ لێدانی کوردایەتی واتە ئەمیش فەرهەنگێکی خۆی نیە تا بتوانێ تەحریمی ئەوە بکات کە دۆخی نەگۆڕدرێت بۆ لێدانی خۆی و لە چنگی عەسکەرتاریەت دەریبهێنێ و لەسنوری پێناسەی شمولی بیهێڵێتەوە چونکە زۆرینەی ئەوانەی کوردایەتی دەکەن لە دەرەوەی هێزی عەسکەرتاریەتن و لە ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی خوێندنەوەی بۆ دەکەن . بەڵام هێزی عەسکەرتاریەت ئەوەی لەدەرەوەیی سنوری خۆی بێت مافی کوردایەتی لێ دەبڕێت . پێناسەی کوردایەتی سەقەت نیە بەڵام ئەویش سەقەت کراوە . بۆیە مەرجە کار لەسەر شمولی بوونی بکرێت ئەوەش بەفەرهەنگێکی پوخت دەکرێت .
(4) خەبات: خەباتکردن تەنها لە دروشمی چوارچێوەی دەسەڵاتی حزبیدا پێناسەی بۆ دەکرێت وە هەر دەسەڵاتەش بەپێ ی ڕێکەوتەکانی دروشمی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات هەوڵیش دەدات ئەو پێناسەیە تەنها لەژێر سێبەری چەتری دروشمەکانی خۆیدا بهێڵێتەوە ، ئەوەشی لەو دروشمانەی لابدات پێناسەی خەباتکردنی لێدەسەنێتەوە و دەرگای هەموو جۆرە خەباتەکانی تر بە ڕووی کۆمەڵگە دادەخات .هەندێ جار قودسیەتی خەباتی خەباتکارانی تریش دەشکێنێ ئەمەش لەبەر فرسەت هێنانیەتی لە نەبوونی فەرهەنگێکی دیاری کراو واتە پێناسەی خەباتکردن سەقەت کراوە .
(5) ماندوو بوون: ماندوو بوون لە ڕوانگەی حورمەتیەکانەوە دەخرێتە بەر دیدی پاداشت و پێزانینەکان و لەڕوی تێفکرینێکی عەقڵانیشەوە دەبێت تەنها لە زاتە بەرهەم هێنەرەکاندا دیاری بکرێت و پێوەر و جۆری کەفائەتی ماندوو بوون ئاشکرا بکرێت ، وە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهاندا لەم ڕووەوە کامڵ بوون و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن بەڵام بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەی کوردی ئەم پێناسەیە حورمەتی حەقیقی شکاوە لە لایەن ڕوحی هەیمەنەی ئینتهازیەتی حزبیەوە پاداشتی حورمەت و پێزانینی بۆ دیاری دەکرێت و لەسەر ئەساسی مەحسوبیەت دابەش دەکرێت جا ئیتر ئەو مەحسوبیەتە چ حزبی بێت یان تاکی کەسایەتی بێت گوێنادرێت بە دیاری کردنی پێوەر .
(6) شەهید: پێناسەکەی لەسەر وەلائی حزبی و ئاینی و لایەنی دیاری کراوە لەبەر ئەوە کەس ناتوانێ ئاماژە بە پێناسەیەکی ڕاستەقینەی بدات و لە چوارچێوەی شمولی نەتەوەیی دیاری بکات کە زوربەی گەلانی جیهانی توانیویانە پێناسەی نەتەوەیی خۆیانی بۆ دابین بکەن . واتە ئەمیش لەبەر نەبوونی فەرهەنگە . کەواتە ئەو پێناسە ڕەهایە لەت لەت و سەقەت کراوە .
(7) شەرەف: ئەم پێناسەیەش بەهەمان شێوە لەلایەن چینی هێزی عیلمانی و ئایینی و کەلتوری و تا دەگات بە ناوچەیی کاری هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت ئەمیش لەبەر بێ فەرهەنگی یە کە ناتوانرێ لەسەر ڕێچکەیەکی زانستی شمولی پێناسەیەکی تۆکمەی بۆ دیاری بکرێت .
جا لێرەدا خوێنەری خۆشەویشت بۆ تیشک خستنە سەر ڕوونکردنەوەی ناسین و تێفکرینێکی تەواوی ئەکادمیانە بۆ هەر یەکێ لەم پێناسانە هەڵبەتە پێویستی بەکاتی زۆر و دەیان لاپەڕە ڕەش کردنەوە دەبێت، بەڵام من تەنها مەبەستم دەرخستن و چاوپیاخشاندنی ئەو دیاردە کەلێنیەی کۆمەڵگای کوردییە بۆیە پەنام بردە بەر ئەو روونکردنەوەیە بەشێوەی ئەم کورتە هێماییانە و وە هەر لەم ڕێگەیەشەوە ویستم لەدەرگای مەبەستە سەرەکیەکەمەوە بچمە ژوورەوە و بۆ چوونی خۆم بدەم بەدەستەوەو ڕوونکردنەوە و پێناسەیەکی کورت لەسەر (بەناو پەڕلەمانی کوردستان) بدەم .
لێرەدا من نامەوێت ئاماژە بە پێناسەی خودی پەڕلەمان بدەم چونکە ئەو پێناسەیە لای زوربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرایەو چەند بارە کراوەتەوە ، تەنها دەمەوێت هەندێک تیشکی توڕە بخەمە سەر ئەو بەناو پەڕلەمانەی کوردستان .
بۆیە سەردەقەکەشی (بە ناو پەڕلەمان) دەشکێنم چونکە ناتوانم بڵێم پەڕلەمان .... ! وە هەر زۆر بە ئاشکراش دەیڵێم ڕۆژێ لە ڕۆژان هەرگیز لە هزری مندا بە پەڕلەمان تێڕوانینم بۆ نەکردوە چ لە ڕووی شکل و شێوە و چ لە ڕووی یاسایی و شەرعیەتەوە . هەمیشە بە (ئەنجومەنێکی پارێزەری بەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتی و بنەماڵەیی) ناوزەندم کردوە . دەشێت یەکێک هەڵوێستەیەکی هەبێت و بڵێ وانیە .! بەڵام بەمەرجێ لەدەرەوەی ئەو دەسەڵاتە بن چونکە دەزانم ئەوانەی لە ناو ئەو دەسەڵاتەدان حەتمەن دەڵێن وانیە ... بەڵام لە وەڵامدا منیش دەڵێم ! ئەوە فەرهەنگی یاسایی و کەسایەتیەکانیان هەمووی لەبەردەستایە بیخوێنەرەوە ئەسا وەڵامت دەدەمەوە . ئەوجا دڵنیام نایەتەوە خۆی وەڵامەکەی لەو خوێندنەوەیەدا دەست دەکەوێت . ئاخر کێ هەیە بتوانێ لە ڕوانگەی تێڕوانینێکی عەقڵانیەوە خوێندنەوەی لەسەر بکات و ئەوسا باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەوە پەڕلەمانێکی حەقیقیە و خۆی خاوەنی پەڕلەمان بزانێ . ... بەڕاستی من لە لای خۆمەوە دەڵێم هەر ئیعتراف کردنێکی بەو پەڕلەمانە تەنها لە گەمژەییدا دەیبینمەوە .. لەساڵ 1992 ی دروست بونی ئەو بینایەی بەناە پەڕلەمان تەنها مۆڵگەیەکی بە پیت و بەرەکەت بووە بۆ خیانەتکاری و لێدانی ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردی و تێکشکانی کەرامەتی تاکی کورد ، هەروەها مۆڵگەی شەرعیەت دان بەدزی سەروەت و سامانی میلله‌ت لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە و مۆڵگەی سەقەتکردنی ئەخلاقیەت و ڕوحیەت و هەرەس هێنانی جورئەتی مقاومە بەرامبەر دژو دوژمن بوە ، مۆڵگەی سەرخستنی کەسانی بوردەڵەو بێکەفائەت بوە بەسەر فەقەراتی هەموو ئینسانەکانی کورد و دەیان و دەیانی تر .. لەساڵی 1992 لەو شوێنەی بەناو پەڕلەمان دەنگی من و ئەو و ئەوان و دەیان و هەزارانی تریشی تیا نەبووە لە غەیری خۆیان زیاتر دەنگی هیچ کەسێکی تری تیا نەبووە ... ئیتر پەڕلەمانی چی و چی بوە و هی کێ و کێ بوە ؟ جا لێرەدا با ڕوویەک وەرگێڕمە سەر 25 کورسەکەی سەرگردەکە و بڵێم : پێش هەموو شتێک لەو هەڵە گەورەیەی هەر لەسەرەتاوە کە لێ ی ڕوودان ئەبورێم ... چونکە ئێوەش نەدەبوو هەر لە یەکەم هەنگاوتانەوە هەمان فاکتەرە تەقلیدیەکە پیادە بکەن و هەوڵی قۆرخکردن و تاپۆکردن بدەن .. دەبوایە ئەوەتان ڕەچاو بکردایە کە ئەو 25 کورسیە بە تەنها موڵکی سەرگردەکە نەبوو . نەدەبوو یەکسەر 25 کەسی بۆ دیاری بکەن دەبوایە بەدوای خاوەنەکانیا بگەڕەنایە و پێتان بوتنایە ئەوە کورسیەکانتانە بە ئەمانەت لای ئێمەیە و کەسانی خۆتانی بۆ دیاری بکەن .. وە هیواداریشم ئەم بۆچوونەی منتان لا سەیر نەبێت .. زۆر بەڕاشکاوانە دەیڵێم چونکە ناتوانم دان بەو ڕاستیانەدا نەنێم لەبەر ئەوەی ئەو کورسیانە دابەشکردنی خۆی هەیە بەم نمونانە دیاری دەکەم... ئەو کورسیانە یەکێکی هی(سۆرانی مامە حەمەیە) ئەمەیان دەکرێت کورسیەکی خۆی هەبێت بە بەتاڵی و لێ ی بنوسرێ (نەخێر) بۆ ئەوەی هەرشتێک لە پەڕلەمانەوە دەرچی ڕوحیانەتی بڵێ نەخێر ... بەخوێنی گەشی خۆی ڕووی ڕەشی ئەوانەی نیشان داو هەزاران دەنگی بۆ دروست کردن . دوا جاریش دەبوایە بە گەنجەکانی گەرمیانتان بوتایە وەرن کورسی خۆتان بەرن . بە بنەماڵەی ئەنفالتان بوتایە ئێوەش کورسیەکەتان هەیە و وەرن کەسی خۆتانی لەسەر دانێنن. بەهەمان شێوە بە هەڵەبجەش . بە گەنجە قارەمانەکانی ڕانیە و بەو دەنگە دلێرو قەڵەمە ئازایانەی تاراوگە و پێشمەرگە دێرینەکانو خانمان و قوتابیانی زانکۆ ..... چونکە ئەوانەش هەمووی مافی شەرعی خۆیان هەیە بەڕاستی نەدەبوو خۆتان بکەن بەوەلی ئەمری ئەو هەموو دەنگانە .. بەهەر حاڵ ئەم هەڵەیەش بۆ ئێوە لەبەر ئەوەی ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت گۆڕان بکەن بەڵام کەم ئەزموونن . جا لێرەدا دەمەوێت چەند پرسیارێکتان ئاڕاستە بکەم هەڵبەتە دڵنیاشم بەلەنگی لێم وەرناگرن .... ئایا ئێوە باوەڕتان بەو بەناو پەڕلەمانە هەیە ؟ئایا دەتوانن ئەو مافانە بگەڕێننەوە .. یاخود دەتوانن ئەو فەرهەنگانەی سەرەوە بەتۆکمەیی داڕێژن ... ئایا دەتوانن یاسای شمولی تاوان کارا بکەن ... ئەی ئەگەر نەتان توانی ئەو ئەرکانە جێ بەجێ بکەن لەبەر دەنگی ئەو دەنگانە چی دەڵێن کە دەنگیان پێدان و کورسیەکانی خۆشیان پێبەخشیون . من هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بەڵام دەبوایە ئۆپۆزسیۆنێکی کارای حەقیقی بونایە نەک لەسەر کورسی ئەوان و ببنە ڕەخنەگرو بە ئۆپۆزسیۆنی بزانن ... ئەمجارەش دەڵێم بەو هیوایەی لەو بەرمۆدایەدا وون نەبن ... و ئەو 25 کورسیە تێکەڵ بەفەرهەنگی سەقەت نەبێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە