بانگەشەی هه‌ڕه‌شه‌ی سەربڕینی دەنگدەرانی یەکێتی تاوانە!

Wednesday, 16/10/2013, 12:00

1620 بینراوە


عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی رایده‌گه‌یه‌نێت "ئەو یەكێتییەی دەنگی داوەتە گۆڕان هەقە نەك نانبڕاو بكرێت، بەڵكو دەبێت سەری لەلاشەی جیابكرێتەوە". ئەمە چەند ڕۆژێکە ئەم ئەندامە باڵایەی یەکێتی ئەم لێدوانەی بۆ "ڕوداو" داوە و تائێستا نەقسەکەری یەکێتی و نەهیچ ئۆرگانێکی ئەم حزبە فزەی لێوەنەهاتوە لەسەر ئەم بانگەشەی بەڕێخستنی قەسابخانەیە بۆ ئەو ئەندامانەی یەکێتی کە وەک هەر هاوڵاتیەک مافی دەنگدانی خۆیان بەکارهێناوە و دەنگیان بەو لایەنە داوە کە بەباشیان زانیوە. 
هەڕەشەی کوشتار و پاکتاوکردنی دەنگدەران تاوانێکە و دەبێ سەراوی دادگایی بکرێ لەسەر ئەم بانگەشەی کوشتار و سەربڕین و نان بڕینە . نابێ هیچ حزبێک لە کوردستان ئەندامانی خۆی بە کۆیلەی خۆی بزانێ و وەک سەراوی هەڕەشەی سەربڕینیان لێبکا لەبەرئەوەی دەنگیان بەحزبەکەیان نەداوە. ئەو ئەندامانه‌ی یەکێتی هاوڵاتیانێکن کە هیچ حزبێک حەقی ئەوەی نیە کە وەک دەنگدەر مافیان لێ بسەنێتەوە و لەسەر دەنگدانیان بەهەرکەس و لایەنێک سزا بدرێن. پێویستە مافی ئەم ئەندامانە وەک هاوڵاتی بپاریزرێت لەهەر دەستدرێژیەک
. دیارە ئەم قسانەی سەراوی قسەی دڵی سەرانی دەسەڵاتێکی میلیشیایە، کە چارەسەری شکستی سیاسی خۆی لەتۆڵەکردنەوە بەچەک و بەکارهێنانی دەسەڵاتی چەکداری خۆیدا دەبینێتەوە. بێدەنگی سەرکردایەتی یەکێتی لەم بانگەشەیەی سەراوی بۆ کوشتاری دەنگدەران ئەو ڕاستیە دەردەخا کە ئیدعای قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژادنەکان نەک لە بەر پابەندبونیان بە دیموکراسی پەرلەمانیەوەیە، بەڵکو ناتوانن ولە شکستی زیاتر دەترسن بۆیه‌ بەم شێوەیە ده‌کەونە پاکتاوکردنی ڕیزەکانی خۆیان. هەرچەندە کار وا بڕوا تا بەستنی کۆنگرە پاکتاوکردن و هەرەشەی نان بڕین و سەربڕین سەرکەوتنی لیستی خاوەن هێزە دەمامکدارەکان مسۆگەر دەکەن لە یەکێتیدا. 
ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان نەتەوەیەکگرتوەکان و پەرلەمانی ئەوروپی و ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سوشیال ئەنتەرناسیونال لەم بانگەشەیەی سەراوی وەک بانگه‌وازی ئەندامی ئۆرگانێکی باڵای یەکێتی ئاگاداردەکاتەوە تافشار بخەنە سەر یەکێتی و سەرکۆنە و لێپرسینەوەی یاسایی لەسەراوی بکەن و ئەم بانگەشەیە وەک بەڵگەیەک ڕوی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی میلیشیایی و بێناوەرۆکی ئیدعای دیموکراسی و مافی هاوڵاتیان له‌لایه‌ن دەسەڵاتدارانی کوردستانه‌وه‌ بسەلمێت.
رێکخراوی ده‌ره‌وه‌ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
15-10-2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە