موسەننا ئەمین یەكگرتو ناپارێزت، پارتی بێتاوان دەردەخات

Thursday, 15/12/2011, 12:00

2211 بینراوە


دواى روداوەكانى زاخۆ،راگەیاندنى یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان (یەكگرتو) و پارتى دیموكراتى كوردستان(پارتى)،دەستیان كرد بە تاوانباركردنى یەكترى،كەناڵەكانى ترى راگەیاندن،لە باتى سازكردنى بەرنامەى پرۆفیشناڵ و گشتى لە سەر روداوەكەى زاخۆ،چەند بەرنامەیەكی چەلەحانێیان بۆ بەرپرسانى پارتى و یەكگرتو سازدا،لە زۆربەى بەرنامەكاندا، لە لایەن یەگرتوەوە موسننا ئەمین بەشدارى دەكرد.
ئەوەى من دەمەوێت لەم نوسینەدا دەریببرم،شێوازى بەشداریكردنى موسەنایە،پێوەندى موسەنایە بە زانكۆوە و بە یەكگرتوى ئیسلامیەوە،كاریگەرى قسەكانى موسەنایە لە سەر سیاسەتى یەكگرتو،هەڵوێستە دوسەریەكانى موسەنایە بەرامبەر بە پارتى.
موسەنا ئەندامى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوە،داكۆكى لە سیاسەتى یەكگرتو دەكات و وشەیەك باسى زانكۆ و خوێندن و زانست ناكات،كەچى كەنالەكانى راگەیاندن بە مامۆستاى زانكۆ بە بینەرانى دەناسێنن؟
یەك لە كێشەكانى هەرێمى كوردستان، ئەو گەندەڵیەیە كە سەروسیماى حوكمرانى هەرێمى تەنیوە،پایەیەكى گرنگى گەندەڵی ئەوەیە، حزب دەستى خستۆتە بینقاقاى زانكۆ و زانست و بۆ مەبەستى حزبى بەكاریدەهێنێ، كاك موسەنا خۆى و حزبەكەى بە دژە گەندەڵ دەزانێت، كەچى دێت و پیشەى مامۆستایەكیەى لە زانكۆ بۆ خزمەتى حزبەكەى بەكاردەهێنێت.ئاخۆ ئەمە لەبەرچى بێت كاك موسەنا بە ناوى مامۆستاى زانكۆوە باس لە كێشەى حزبەكەى دەكات،ئایا لەبەر ئەوەیە كە بە خەڵكى نیشانبدات ئاستى خوێندنى بەرزى هەیە بۆ ئەوەى خەڵك باش گوێى لێبگرێت،یان لە ترسى پارتیە بۆ ئەوەى ئەگەر هێرشى توندى كردە سەر پارتى،لە سەر یەكگرتو نەكەوێت و بڵێن ئەو قسانە بە ناوى مامۆستاى زانكۆوە كراون.لە هەردو حاڵەتدا چەواشەكارى و خراب بە كارهێنانى پلە و پایە دەردەكەوێت و گەندەڵى لێدەكەوێتەوە.
موسەنا شەهادەى ماستەرى هەیە،كەچى لە سەر شاشەى كەناڵەكانى تەلەفزیۆن، وەك دكتۆر خۆى بە خەڵك دەناسێنێـت،مەرج نیە هەمو مامۆستایەكى زانكۆ دكتور بێـت،كەچى ئەو برا موسڵمانە بە لایەوە ئاساییە پلەیەكى زانستى بدەنێ خاوەنى ئەو پلەیە نەبێت،ئەم درۆكردنە لە گەڵ بینەر و خەڵكى كورستان،ڤایرۆسێكى ترى گەندەڵى دەسەڵاتى هەرێمە، كە كاك موسەناش لەخانەكانى لەشى خۆیدا هەڵیگرتوە.
كاك موسەنا لە بەرنامە تەلفزیۆنیەكانیدا،دەمێك توندە و دەمێك شلە،هێندێك جار وەك شێخ جەعفەر و مەحمود سەنگاى خۆى بەردەداتەوە،بەڵام كاتێك دێتەوە سەرخۆ و دەبینێت،پێشمەرگە و ئاسایشى لەگەڵ نیە، سەلاحەدین بەهادینى ئەمیندارى گشتى بیردەكەوێتەوە و شلى دەكاتەوە و پاشەكشێ دەكات.كاك موسەنا وەك بەرپرسەكانى ترى یەكگرتو،هێرش دەكاتە سەر بەرپرسە لۆكالەكانى پارتى و دەڵێت هەندێك بەرپرسى ئەو حزبە بەرژەوەندى حزبەكەیان نازانن و هەڵە دەكەن،لە هەمان كاتدا چەندان جار دەڵێََََََََـت كاك مەسعود و كاك نێچیر ئاگادارى روداوەكانى زاخۆ نین،كاتێكیش ئاژانسى پاراستنى كوردستان رایگەیاند كە مەسرور بەر زانیش ئاگادارى روداوەكانى زاخۆ نەبوە، حزبەكەى موسەنا هەڵوێستى نیشان نەدا،كەوابو هیچ كەس و لایەنێك وەك كاك موسەنا و حزبەكەى ،داكۆكى لە بێتاوانى و ئەستۆپاكى بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەى پارتى ناكەن لە روداوەكانى زاخۆدا،راى گشتى كوردستان پێیوایە پارتى لە پشتى سوتاندنى مەساج و دوكانى مەیفرۆشى و بارەگاكانى پارێزگاى دهۆكى یەكگرتوەیە،راى گشتى پێیوایە بەرپرسە حزبى و حكومیە لۆكاڵەكانى پارتى،بە بێ بریارى بنەماڵە دەست بە ئاودا ناكەن،بەڵام كاك موسەنا چەندان جار ئەستۆى مەسعود و نێچیرى بە پاك دەرخست و تاوانەكەى خستە ئەستۆى هەندێك خەڵكى بێدەسەڵاتى پارتى لە سنورى بادینان،كەوابو ئەوەى سەركردایەتى پارتى دەیەوێت موسەنا خستیە دەستیانەوە.
لە چەلەحانێكەى تەلەفزیۆنى گەلى كوردستاندا،كاك موسەنا، لە باتى مەساج، چەندان جار وشەى لەشفرۆشى بەكارهێنا،بەكارهێنانى ئەو وشەیە، تورەكردن و وروژاندن و هێرشكردنى خەڵكى دیندارى لێدەكەوێتەوە،ئەمە ئەو وشەیەیە كە پارتى دەیەوێت یەكگرتوى پێ تاوانبار بكات و ئۆباڵى سوتاندنى مەساج و دوكانى مەیفرۆشەكانى بخاتە ئەستۆ و دادگایى بكات،ئەو وشەیەش لە كەناڵى گەلى كوردستانى سەر بە یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە، لە دەمى ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى یەكگرتوەوە دەرچو و خزمەتێكى باشى بە پیلانەكەى پارتى كرد.
لە هەموى سەیرتر و دەڵتەزێن تر، كۆتایى بەرنامەكانى كاك موسەنا و بەرامبەرەكەى بو،كە بە تەوقە و پێكەنین كۆتایى دەهات .
ئەگەر كاك موسەنا و هاوشێوەكانى لە یەكگرتوى ئیسلامى،بەو شێوەیە خۆیان لە هێرش و تومەت داتاشینەكانى پارتى بپارێزن،نەك هەر ناتوانن خۆیان بپارێزن،تاوانەكە دەخەنە ئەستۆى خۆیان و پارتى بێتاوان دەردەخەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە