"تۆپبارانەکان بەئاگاداری بەرپرسانی هەرێم ئەنجام دەدرێ" لێدوانی بێپەردەی سەرکونسوڵی ئێران لەهەولێر

Friday, 23/04/2010, 12:00

1273 بینراوە


سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر گوتی تۆپبارانی ناوچە سنوریەکان بەئاگاداری بەرپرسانی تەناهی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێ.

لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس، عەلی حوسێنی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کرد: حکومەتی ئێران و هەرێم و عێراق ناخۆشحاڵن بە تۆپبارانی ناوچەسنوریەکان، بەڵام بەهۆی چالاکی چەکدارانی پەژاک لەو ناوچانە، کە دۆخی تەناهی سنورەکە تێکدەدەن، ئەو تۆپبارانانە دەکرێ.

هەروەک گوتیشی "ئەو تۆپبارانانەى كە ناوە ناوە لە ناوچە سنوورییەكان ئەنجام دەدرێن بەئاگەدارى بەرپرسانی تەناهیی هەرێم ئەنجام دەدرێ، ئێستەش لێژنەیەكی سێ قۆڵی لە نێوان ئێران و هەرێم و بەغدا پێكهاتووە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، جگە لەوەش ئێمە و هەرێمی كوردستان رۆژانە زانیارى نوێ بەیەكتر دەدەین، بۆ باشتر كردنی پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەردوولا".

لەبەرامبەر ئەم قسانەی سەرکونسوڵگەری ئێران فایەق تۆفیق بریكارى وەزارەتی ناوەخۆى حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند"ئێران بەبێ ئاگەدارى ئێمە تۆپبارانی ناوچە سنووریییەكان دەكات، ئێمە چەندان جار ناڕەزاییمان دەربڕیووە و هیچ كەسێكیش حەز ناكات وڵاتەكەى تۆپباران بكرێ".

سەر لەبەیانی دوێنێ سێ شەممە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای چەند مانگ وەستان، سەرلەنوێ گوندو ناوچەکانی بناری قەندیلیان تۆپباران کردەوە. لە ئەنجامى ئەو تۆپبارانەدا هاووڵاتییەكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوى (كەریم رەحیمی) كە خەڵكى شارى سەردەشت و بەسەردان هاتبوە ئەو ناوچەیە بریندار بو و زیانێکی زۆری مادیش بەر خەڵکی دەڤەرەکە کەوت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە