قەیرانی رۆشنبیری لە كەركوك بەرەو كوێ؟

Friday, 12/04/2013, 12:00

1183 بینراوە





دیارە قەیرانی رۆشنبیری لەم شارەدا لەو ساتەوەختەوە سەری هەڵداوەو بۆتە وێردی سەر زمان، كە بەشێك لە قەڵەم بە دەستانی ئەم شارە كەوتنە هەڵوەداو تەقللایان كرد لە پێناو خۆنووسین بە پلەی مولازم و نەقیب و سەرجەم پلەكانی دیكە لەو بوارى سەربازیدا، خانەنشین كران و بە پارەیەكی باش و بوون بە پیاوی دەسەڵات، هەر بۆیە قەیرانی رۆشنبیری لەم شارەدا لەو كاتەوە سەری هەڵدا كە نووسەرو رۆشنبیرانى بەو جۆرە لە لایەن دەسەڵاتەوە واتا لە لایەن حزبە باڵا دەستەكانەوە قۆرخكران و لەو نێوەندا مانەوە بە بێ هیچ جۆرە هەنگاونانێك لە ژێر ئەو چوارچێوە ئەندازە بۆكێشراوەدا، بە بێ ئەوەی بتوانن وەكو نووسەرو رۆشنبیری راستەقینە مامەڵەی راستەقینە بكەن لەگەڵ سەرجەم بوارو كایە جۆربەجۆرەكاندا، بە بێ ئەوەی بتوانن وەكو تەمسیلكەری رۆشنبیری لە نێو ئەم كۆمەڵگە هەنسك لێبڕاوەدا جارێك لە جاران بوونی واقعی نمایشبكەن و پەنجە بخەنە سەر ئەو شتانەی كە لە قاڵبدراون لە لایەن ئەو دەسەڵاتەی كە لە هەنووكەدا مۆنۆپۆلی تەواوی گرتۆتە دەست،لە كاتێكدا مافی تاك و كۆمەڵە لە ئێستادا، ئیدی دەبێت ئەمانە لە كوێی رۆشنبیریدا بونیان دیاری بكرێت و مانایەكیان لەو كایەدا پێ بدرێت، بە شێوەیەكی دیكە ئەو نووسەرو رۆشنبیرانە بونەتە بارگرانیەك بۆ سەر تاك و خەڵكی ئەم كۆمەڵگەیە لە بەر ئەوەی ئامرازێكن بۆ ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، واتا ئەو دەسەڵاتەی كە لەئێستادا حكومڕانی دەكەن بەو شێوەیە خوێندنەوە دەكەن بۆ تاك و خەڵكی ئەم كۆمەڵگەیە كە پێشكەشی دەكرێت لەلایەن ئەو جۆرە نوسەرو رۆشنبیرە نشوستخواردووانە، بە شێوازێكی دیكە هەمان ئەو نووسەرو رۆشنبیرانە بونەتە بارگرانییەك بە سەر كایەی رۆشنبیری لەم شارەدا واتا ئەوەندی دەستیان هەیە لە پشت ناشرینكردنی كایەی رۆشنبیری لەم شارەدا نیو هێندە دەستیان نەبووە لە بەرەوپێشبردنی كایەی رۆشنبیری بە مانا زانستییەكەی، هەر بۆیشە بەردەوام بەو هۆیەوە لێرەو لەوێ قسە لەسەر پەشێوی كایەی رۆشنبیری دەكرێت، واتا بەو مانایەی كە كایەی رۆشنبیری لە كەركوكدا نەیتوانیوە بونی خۆی بسەلمێنێت و شوێن و ناوچەكانی دیكە ببڕێت، دیارە خودی ئەمەش بە هەمان شێوە هەر پشكی ئەوانی بەردەكەوێت بە مانا باوەكەی!! هەر بۆیە لە هەنووكەدا لە نێو خانەی ئەو نووسەر رۆشنبیرانەدا هەموو شتەكان ئاوەژوو كراون و جگە لە جیهانێك لە ناشریتن هیچی دیكە نابینرێت، جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە چۆن گۆڕانكاری و بەرەوپێشبردن لەسەر بوونی ئەو نووسەرو رۆشنبیرانە دێتە بوون كە لە كاتێكدا بە پلەی ((مولازم و نەقیب)) خانەنشین كرابن!! هەر جۆرە قسەكردنێكی دیكەش بۆ خوێنەر بەجێدێڵم.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە