ئاگاداربن ... هەڵەبجە ئاماژەیە بۆ نەتەوەیەك ... نەك دەسكەوتێكی دارایی

Saturday, 25/01/2014, 12:00

1571 بینراوە


هەرچۆن بەخشندە بوو لە بەخەشینی شەهیدا بەهەمان شێوە پێشەنگ دەبێت لەسەرخستنی دۆزی نەتەوەكەمان، سیاسیەكانمان لە كۆتا ساتەكانی بڕیاری بوون بەپارێزگای شاری شەهیداندا متقیان لە خۆیان بڕی بەجۆرێك بەقەد چاوپێكەوتنێكی مالیكی گرنگیان بەم بڕیارە نەدا و راگەیاندنی كوردیش بەدەرەوە و ناوەوە زۆركەمتەرخەمبوون لە ئاست ئەم بڕیاری بەپارێزگابوونەی هەڵەبجەدا بەجۆرێك مەسەلەی خەتەنەكردنی ئافرەتان لەكاتی خۆیدا ووروژێنرا و لایەنی نەگەتیف و پۆزەتیفی دەخرایە ڕوو لەبەرهوشیاركردنەوەی هاونیشتمانیان؛ بەڵام بەداخەوە بۆ هەڵەبجە وەكو هەرهەواڵێكی ئاسایی تر گوزەری بەسەرداكرا؟.
تەنها ئەوانەی كە بیری نەتەوەییان بەئامانج گرتووە دەتوانن لە ئازاری هەڵەبجە بگەن. هەڵبجە ڕووی ڕاستەقینەی ڕژێمێكی فاشی وەكو بەعسی بەهەموو جیهان ناساند كە ئێمەی كورد نەتێكدەرین و نە شاخاوین؛ بەڵكو نەتەوەیەكین تەنها تاوانمان كوردبوون بووە، بۆیە ئەو شەرعیەتەی وڵاتانی سەردەست وەریانگرتبوو بۆ جینۆساید و لەناو بردنی كوردان هەڵەبجە توانی لەسەرشانۆی نێودەوڵەتی پەردەی لابدات. هەڵبجە توانی بەجیهان بیسەلمێنێت كە كورد لە روانگەی فیداكاری منەوە بناسن ئەگەر دەتانەوێت مرۆڤدۆستی خۆتان بۆ ئێمە بسەلمێنن. لە دوای ناوی هەڵەبجە كورد مەزڵومیەتی بەدەركەوت؛ چونكە لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی سەربازیدانە بوو؛ بەڵكو ئەو شارە ژیانی ئاسایی لێسەنرایەوە بە بێ‌ پرس بۆیە جیهان خاڵی دەستپێكی بۆ ئاوڕدانەوە لە كورد لە دوای هەڵەبجەوە بوو ئیتر بۆ دەبێت هەڵەبجە موزایەدەی سیاسی پێوە بكرێت؟؟.
هەڵەبجە لە ژێناوەكەیدا زۆر شوێنی كوردستانی پێ ئاوەدان كرایەوە؛ بەڵام وەكو پێویست ئاوڕ لەخۆی نەدرایەوە. بەرپرسانی هەرێم تەنانەت ئێراقیش كاتێك دەست بە وتارخویندنەوە دەكەن ڕاستەوخۆ ناوی هەڵەبجە دێنن بۆ ئەوەی زۆرترین گوێگر بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن لە كۆڕە نێونەتەوەیەكاندا، لێرەوە بێنازی هەڵەبجە بەدەردەكەوێت كە تەنها سوود لەناوەكەی وەردەگیردرێت بۆ مەرامی سیاسی!!.
بەڕێزانی هاونیشتمانیانم هەڵەبجە شانازیە بۆ نەتەوەیەك، بۆیە دەبێت هەمووان لە هەوڵی خزمەتكردنیدا بین لە ناوەوە هەتا بتوانین پێگەی دەرەوەمان بەهێزتر بكەین. دوای چارەكە سەدەیەك لە دەستەڵاتی خۆماڵی من پرسیار لە دەسەڵات دەكەم ئایا ئەو ئیمتیازانەی بەهەڵەبجەیەكان دراوە لە هەرێمدا چییە؟؟.
با من پێتان بڵێم دەكرا خوێندكارانی هەڵەبجە بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا نمرەی تایبەتیان هەبوایە یاخود لە وەزارەتی خوێندنی باڵادا ساڵانە چەند كورسێكی تایبەت بەهەڵبجە دابین بكرایە؛ چونكە من دڵنیام كاتێك لە وڵاتان كورسی خوێندن دابین دەكرێت بەرپرسان دەڵێن ئێمە خاوەنی هەڵەبجەین، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بەپەراوێزخستنی سیمبولی نەتەوەیی كورد شاری شەهیدان.
بۆیە دیسانەوە لەم سەروبەندی بەپارێزگابوونەیدا هەڵەبجە وەكو كارتێك بەكار دەهێنرێتەوە بەرامبەر بەخودی هەڵەبجە. حكومەتی مالیكی بڕیارەكەی پەسەند كردووە؛ بەڵام بە بێ‌ دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بەو پارێزگایە. بۆیە من وای دەبینم ئەگەر بەرپرسانی كورد بەجددی هەوڵێك نەدەن ئەوا لە دایكبوونی پارێزگای هەڵەبجە بە ئیفلیجی وەكو نەبوونی وایە. بۆیە پێویستە لە بودجەی (2014) پارێزگای هەڵەبجە دابین بكرێت نەك لەڕێی شوێنەكانی ترەوە خێروبەخشینی بۆ كۆ بكرێتەوە.
هەڵەبجە زۆر بەخشندە بوو لە بەخشینی شەهیدەكانی بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی كورد، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی كوردی زۆر بەخشندەبێت بەرامبەر بەو پارێزگایە وەگەر نا ئەوا دەكەوێتە ژێر پرسیاری مێژووییەوە؛ چونكە بڕیاری بوون بەپارێزگای لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە دەرچووە، بەڵام بەهۆی پێگەی جوگرافی ئەوشارەوە لە هاوكاری خەباتی چەكداری كوردیدا بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا هاوتا بە دهۆك كە هەمان بڕیاری بۆ دەرچو بوو. بۆیە دژایەتیكردنی بوون بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە لایەن هەرلایەنێكەوە باڵانسی دڵسۆزی بوونی بۆ كوردستانی گورە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەبێت دەستەڵاتی كوردی لە ئەولەویاتی كارەكانیدا بێت كە هەڵەبجە بكاتە پارێزگا؛ چونكە هەرێمەكەمان لە بڕی سێ‌ پارێزگا دەبێتە چوار پارێزگا و ئەمەش خۆی لە خۆیدا كوردستان لەڕووی داهاتەوە دەوڵەمەندتر دەكات هەروەك پێگەی سیاسی هەرێم لەڕووی سیاسی و ڕاپرسیەوە بەهێزتر دەكات. بۆیە بوون بەپارێزگای هەڵەبجە پێویستی بەڕاپرسی ناوچەكە نییە؛ بەڵكو بڕیارێكی كۆماریە و ئێستا ئەگەر سەرۆكی ئێراق ئامادەبوایە هەر زوو واژۆدەكرا و پیرۆزبایی خۆی بەكوردان ڕادەگەیاند.
هەڵەبجە نابێت بخرێتە گرەوی سیاسیەوە لە لایەن سیاسیەكانەوە؛ بەڵكو دەبێت برینەكانی ساڕێژ بكرێت؛ چونكە هەڵەبجە شەهیدی بەنیشتمان بەخشی نەك لایەنی سیاسی بۆیە دەبێت هەموو لایەكمان دوور بگرین لە گێژەڵوكەی حزبی لەبەر ئەوەی هەڵەبجە ناسنامەی نەتەوەیەكە نەك لایەنێك. لە كۆتایدا دەڵێم تكایە هەڵەبجە گەورەیە، بچوكی مەكەنەوە بەكایەی حزبی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە