هەلێكیتر لەبەر دەستە

Saturday, 14/06/2014, 12:00

1853 بینراوە





ئێمە بەدرێژایى مێژوو چەندین هەلى زێڕینمان بۆ سەربەخۆیى لەدەست داوە، هەرچەندە زۆربەى ئەو هەلانەى كە هاتونەتە پێشەوە ئێمە یاریزانێكى سەرەكى نەبوین لە دروستكردنیدا، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندى ئێمە سوڕاوەتەوە، كەچى چ خەتاى ئێمە بوبێت بەوەى كە یاریزانێكى كارامە و لێهاتوى ئەو گۆڕەپانە نەبوین، یان دۆست و یارەكانمان لێمان هەڵگەڕاونەتەوە و هەموو خواست و هیواكانمانیان لەگۆڕناوە، وەك سەردەمى شێخ مەحمود و سەردەمى قازى محەمەد و سەردەمى شۆڕشى ئەیلول و پاشانیش جەنگى دووەمى كەنداو و دواى هەموو ئەوانەش روخانى ڕژێمى بەغدا و داگیركرنى عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە، وەك لە سەرەتاوە وتم هۆكارى لەدەستدانى هەموو ئەو هەلانە هۆكارەكانى زاتى بوبن یان بابەتى یان هەردوو هۆكارەكە پێكەوە ، ئەوا تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت دەستمان نەگەشتووە بەهەموو خواستە نەتەوەییەكانمان.
ئەوا ئەمڕۆ بەجۆرێكیتر هەڵكیترى لەبەردەستە هەرچەندە ئەجێنداى ئەو شەڕەى ئەمڕۆى دەوروبەرى هەرێمەكەمان هێندە ئاڵۆزە كەس ناتوانێت شیكاریەكى تەندروستى بۆبكات، كەس نازانێت یارو نەیارەكانى ئەوجەنگە كێن!، سەركەوتو و سەرنەكەوتوەكانى ئەو جەنگە كێن! كێ لەپەناى كێدا دەجەنگێت، ئەو جەنگە بۆ چییە و بۆ كێیە؟! ئەمانە كۆمەڵە كێشە و هاوكێشەیەكن بەرۆكى ئەم ناوچەیەیان گرتووە و كەسێكیدەوێت بتوانێت سەری لێدەركات و چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە، هەمولایەك یەكترى تاوانبار دەكەن، لەلایەك بەدەستى ئێران و سوریە و عێراقى دەزانن و لایەكیتریش بە دەستى توركیە و سعودی و قەتەرى دەزانن، لەو نێوەندەشدا ئەمریكا لەتەماشاكەرێك زیاترنییە.
بە بڕواى بەندە لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزیانەدا شوكر بۆخوا تائێستە هەڕەشەى جدى ڕوى لەهەرێمى كوردستان نەكردووە، بەڵام تەنها ئەوە بەس نییە دەبێت بەرپرسانى هەرێم لەو پەڕى ئامادە باشیدابن و دەستكراوەبن بۆ هەموو ئەگەرێك دەبێت كوڕى خۆمان نەكەین بەقوربانى كچى خەڵكى، دەبێت تەنها و تەنها بیر لە بەرژەوەندیەكانى گەلى كورد و كوردستان بكەینەوە، وە هەلێكى گەورە و چانسێكى باشیشمان لە پێشە بۆ ئەوەى جارێكیتر دەستبگرینەوە بەسەر ناوچە جێناكۆكەكاندا، بەڵام ئەمجارە بە وریاییەوە،دەبێت هەر هیچ نەبێت بیكەین بەكارتێك بۆ جێبەجێكردنى مادەى 140ى دەستورى عێراق، تەنانەت ئەگەر خوانەخواستە جەنگ بەردەرگاى لێگرتین دەبێت بەلامانەوە ئاسایى بێت كەداواى هاوكارى لە پارچەكانى ترى كوردستان بكەین، چونكە دەمێك ساڵە ئەوەمان بۆ سەلماوە كە كەس دۆست و یارى كوردنییە جگە لە خۆى و خاكەكەى نەبێت ، وەك دەزانن لەماوە ئەم دەساڵەى ڕابردوشدا ئەمیركا و ئەوروپا و هاوپەیمانانیشمان بۆ تاقی بویەوە كە ئەوانیش تەنها و تەنها لەبەرژەوەندى خۆیان دەگەڕێن، نابێت ئیتر هەڕەشە و كارتى فشارى ئەوانیش كارمان لێ بكات.
ڕەوشەكە ئاڵۆز و هەستیارە و پێویستى بە تێڕامان و یەكگرتویى و پرس و ڕا و خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناغێكى نوێ هەیە، با ئەم هەلەش وەك ئەوانى پێشو بەهەدەر نەدەین، هەر هیچ نەبێت با ئەم قۆناغە بەسەركەوتویى ببڕین، نەیارەكەى بەغدامان لاوازبووە، تكایە دەستى مەگرن بۆ هەستانەوە.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە