کام یەکێتی ، کام نیشتیمان و کام کوردستان؟

Saturday, 16/05/2009, 12:00

1816 بینراوە


جەلال تاڵەبانی کە کوردستانی لا خەوی شاعیرانە ئەی بۆ سەرۆکی پارتێکە کە ناوەکەی کوردستانی تیایە ، نیشتیمانی تیایە ، یەکێتی تیایە . بۆ واز لە سەرۆکایەتی ئەو رێکخراوە ناھێنێ یان ناوەکەی ناگۆڕێ . مەبەست لە وشەی کوردستان لە ناوی یەکێتیا کوێیە ؟ ئایا ئەو کوردستانەی جەلال تاڵەبانی لە ناوی یەکێتیا ئەیبینێ گەڕەکێکە لە ناوچەی سەوزی بەغا؟ ئەی مەبەست کام نیشتیمانە؟ خوا ھەڵناگرێ جەلال تاڵەبانی وەک قەرەج و جاش لە ھەموو وڵاتێ ژیاوە و ھەستی بۆ وشەی نیشتیمان نەماوە . لای ئەو نیشتیمان یەعنی عێراق . ئەی یەکێتی یانی چی ھەی جەلال تاڵەبانی موحتەرەم؟ یانی تەفرەقە خستنە ناو کوردی بەشەکانی کوردستان؟ ھەقە یەکێتی ناوەکەی خۆی بگۆڕی چونکە سکرتێری گشتیەکەی باوەڕی بە بنەمای ناوەکە نیە . ئەم جەلال تاڵەبانیە بێ ئەخلاقە ماوەیێ لەمەوبەر لەگەڵ مەحمود عەباسی فەلەستینیا کۆ بۆیەوە و پشتگیری بۆ دروستبونی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەربڕی بەڵام بە کورد رەوا نابینێ خاوەنی وڵاتی خۆی بێ . ١

جەلال تاڵەبانی بۆچی نایەوێت کوردستانێکی گەورە دروست ببێ؟ دروستبوونی کوردستانی گەورە مانای ئەوەیە کە سەرکردە و پارتەکانی بەشەکانی تری کوردستان ئەبن بە بەشێ لە ململانێی سیاسی و داوای دەسەڵات ئەکەن . بەم کارەش ئەبێ ھەریەک لە پارتی و یەکێتی (بەم سەرکردایەتیەی ئێستایانەوە) بەربەرەکانی سیاسی لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستانا بکەن . پارتی و یەکێتی باش ئەزانن کە بەم بێ بەرنامەیی و بەڕەڵاییەی کە لە کوردستانی باشورا پیادەی ئەکەن ناتوانن لە ململانێی سیاسیا لە ھەنێ لە پارتەکانی تری کوردستانی ببەنەوە و ھەموو سەروەت و سامانی کوردستانیان لە کیس ئەچێ . بۆیە تاڵەبانی و بارزانی دژی یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستانن . ھەرچەنە مەسعود بارزانی چەن جارێک ئەو شەکرەی شکانوە کە گوایا باوەڕی بە دەوڵەتی کوردی ھەیە ، بەڵام لە راستیا ئەو تەسریحانە تەنیا بۆ ئیزعاج کردنی تورکیا بوە کە دەستی بەسەر بڕێکی زۆر پارەی بارزانیا گرتوە . ئەگینا بارزانی و بنەماڵەکەی لە راو و روت و دژایەتی مافی کورد زیاتر ھیچ کارێکی تر نازانن . ئەوە شەکرەی جەلال تاڵەبانیش لە تورکیا شکانی دەمێکە بنەماڵەی بارزانی بە فیعلی کردوویانە . کەشفکردنی بەرنامەکەی میتێران بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە لایەن ھۆش یار زێباریەوە بۆ تورکەکان یەکێکە لە سەدان بەڵگە زیندوەکان. ئەگەر مەسعود پشتگیری دەوڵەتی کوردیە ئەی بۆ نوتقی لێوە نەھات کاتێ جەلال تاڵەبانی لە بەردەم ناحەزانی کوردا ئەو شەکرە گەوەرەیەی شکان . با مەسعود تەسریحێکی بدایە و بیوتایە ئەوە ڕای شەخسی جەلالە . مەسعود ئەوە ناڵێ چونکە یەکەم خۆی باوەڕی بە دەوڵەتی کوردی نیە و دوەم ئەزانێ نانی ئەبڕن . ا



کاتێ جەلال تاڵەبانی دەوڵەتی کوردی واتە کوردستان بە خەو ناو ئەبا ئەوا گوێڕایەڵی ئەو بڕیارە ئینتەرناسیوناڵییە کە دەربارەی کورد دراوە بە رەزامەندی سەرانی کورد. ئەو بڕیارە لە دوای شەڕی کەنداوی یەکەمەوە دراوە . بڕیارەکە بریتیە لەوەی کە چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئیحتیمالی بەکارھێنانی مەسەلەی کورد دژ بە بەرژەوەندی رۆژاوا نەمێنێ . ا

پاش شەڕی کەنداوی یەکەم و کۆچڕەوی ملیۆن و نیوێک کورد بۆ چیاکان ، رۆژئاوا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەبێ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە . ھەموو ئیحتیمالەکان حسابیان بۆ کرا لە دەوڵەتی سەربەخۆوە بۆ مانەوە لە ناو سنووری جوگرافی ئەو وڵاتانەی ئێستا کوردستانیان دابەش کردوە . دیارە یەکێک لە ئیحتیمالەکان دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو بە ناوی کوردستان . بەڵگەش بۆ ئەوە ھەوڵەکانی میتێرانی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا بوو بۆ ئەو مەبەستە . میتێران کە سیاسیەکی کارامەی ئەوروپا بوو و یەکێک بوو لە کەسانەی کە نەخشەی دروستکردنی یەکێتی ئەوروپی کێشا ، وا بەبێ بنەما نە ئەکەوتە بیری پشتگیری دروستکردنی دەوڵەتێکی کورد ئەگەر ھەستی نەکردبێ جۆرە لایەنگیریەک بۆ ئەو بیرۆکەیە لەلایەن چەن لایەنێکی رۆژئاواوە ھەیە . سەرەڕای ئەوەش میتێران و ئەو سەرۆکانەی تر کە لایەنگری ئەو بیرۆکەیە بوون دڵنیا بوون کە کوردیش وەک ھەموو میللەتێکی تری ئەم جیھانە ئەیەوێ سەربەخۆ لە وڵاتی خۆیا بژی . ئەوەی میتێران و رۆژئاوا نەیان ئەزانی ئەوە بوو کە کورد سەرانی تا ئەم رادەیە خۆ فرۆش و بێ مەبدەئیان ھەبێ و خۆیان دژی سەربەخۆیی میلەتەکەیان بن. بۆیە ھەر زوو دەستیان لەو بیرۆکەیە شۆرد و ئەمڕۆ لە ھیچ وڵاتێکی رۆژئاوادا پشتگیری بۆ ئەو بیرۆکەیە نییە . لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئۆباما لە تورکیا بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ رۆژئاوا ، بە رەزامەندی بەناو نوێنەرانی کورد ، بڕیاریان داوە بەھیچ شێوەیەک لاینی سەربەخۆیی کرد نەبن و ھەوڵ بدەن لە وڵاتەکانی ئێستایانا بمێننەوە و تۆزێ ئازادی کولتوریان بدرێتێ . سیاسەتمەدارانی ئەوروپا ئەمڕۆ لە روانگەی حکومەتی بەناو ھەرێمی کوردستانەوە لە دۆزی کوردی گەیشتوون و باش ئەزانن کە سەرانی کوردی باشوور نەک ھەر ھەوڵ نایەن بۆ ئەوەی کوردستان ببێ بە دەوڵەت بەڵکو دژی ھەموو ھەوڵێکی لەو جۆرە ئەوەستنەوە . ئەوەی ئاشکراشە ئەوەیە کە بۆ سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا زۆر ئاسانترە پشتگیری چارەسەرێک بکەن بۆ کورد کە نابێتە دروستکردنی کێشەی نوێ لەگەڵ وڵاتانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا . بۆیە ئەمڕۆ رازیبوونێکی بە بێدەنگ ھەیە لە رۆژئاوا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناو سنووری ئەو چوار وڵاتەدا بێ ئەوەی ناچارببن سنوورەکان جارێکی کە بکێشنەوە ئەو وڵاتانە بە تایبەتی تورکیا لە خۆیان بکەن کێشەیان لەگەڵ دروست بکەن. ئەمە لە کاتێکایە کە گرنگی تورکیا بۆ رۆژئاوا بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رۆژ بە رۆژ لە زیابوونایە. حکومەتی ئۆباما ئەیەوێ رۆڵێکی زیاتر با بە تورکیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستا و بیکا بە دەسە راستی خۆی لە ناوچەکەیا . زۆریشتان پێ سەیر نەبێ ئەگەر تورکیا رۆڵێکی گەورەتری لە عێراقا پێ درا . ئەمریکا ئەیەوێ ژمارەی سەربازەکانی لە عێراقا کەم بکاتەوە و تەنیا وڵات کە ئامادەیە جێی ئەمریکا بگرێتەوە و ئەمریکا ئەو متمانەیەی داوەتێ تورکیایە . ئەمریکا ئەیەوێ بە کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە عێراق مەترسی زیادبونی دەسەڵاتی ئێرانی کامبکاتەوە . پاڵپشتی ئەمریکا بۆ تورکیا لە عێراق بۆ ئەو مەبەستەوە . نەرمبوونی ھەڵوێستی تورکیاش بەرامبەر ھەرێمە شەقوشڕەکەی کوردستان بە ئیعازی ئەمریکا بوو دەنا تورکیا ئەوەنە دڵی خۆش نیە بە بوونی تەنانەت پەرلەمانێکی کارتۆنیش بە ناوی کوردستانەوە . جا با حکومەتە نابلیمەتەکەی ھەرێم (حریم) و کەڕلەمانی کوردستان (کەڕن لە ئاستی داخوازی خەڵکی کوردستان) زۆر دڵیان بەوە خۆش نەبێ کە گوایە تورکیا نرخیان بۆ دائەنێ و حسابیان بۆ ئەکا . تورکیا بە سەرۆک خێڵ ناویان ئەبا و وەک مورتەزەقە بەکاریان ئەھێنێ دژی پکک لەبتی ئەوەی سەربازی خۆی بخاتە مەترسیەوە . بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا تورکیا پێگەیەکی پتەوە و لەگەڵ پلانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەراستا دێتەوە بۆیە ئامادە نیە بۆ جەلال و مەسعود تورکیا لە خۆی بکا . سەردانی دوا بە دوای نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی ئەمریکا، ئۆباما ، ئەو راستیە ئەسەلمێنن . بۆیەش ئۆباما لەم سەردانەیا بە رەزامەندی تورکیا بۆ ماوەیەکی کورت چاوی بە ئەحمەد تورکی سەرۆکی پارتی دتپ کەوت بۆ ئەوەی بەکورتی و بە ئینگلیزی لە کوردی بگەیەنێ کە لەتبوونی تورکیا لەم بارودۆخەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستا لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکایا یەک ناگرێتەوە. پەیامەکەی ئۆباما بۆ دتپ ئەوەیە کە لە سنووری تورکیادا کورد ئەتوانێ مافە کولتوریەکانی پیادە بکات بەڵام بیر لە جیا بوونەوە نەکا بۆیەش پکک بە تێرۆریست لە قەڵەم ئەدەین چونکە جیا خوازە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە پرۆژەی دتپ بۆ ئۆباما بریتی بوو لە دروستبوونی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ناو دەوڵەتی تورکیایا نەک جیا بوونەوە . وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاگاشن لەو راستییەی سەرانی کوردی باشور لایەنگری ئەم جۆرە چارەسەرەن و ھیچی کەیان ناوێ . من لێرەیا ناڵێم وڵاتانی ئەوروپا بە دڵ خوازیاری دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆن . بەڵام ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەگەر سەرانی کورد پێیان لەسەر ئەو دابگرتایە کە کوردیش وەک میللەتانی تری جیھان مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێ ، ئەو کاتە رۆژئاواش بە چێوێکی جدیترەوە تەماشای مەسەلەی کوردی ئەکرد و ھیچ نەبێ حسابێکی بۆ داخوازی خەڵکی کورد ئەکرد . ئەمانە ھەمووی ئەوە ئەسەلمێنن کە ھەتا کورد خاوەنی ئەم جۆرە نوێنەر و سەرکرداە بێ ھەرگیز لە سوکایەتی زیاتر ھیچی تری پێ نابڕێ. کورد پێوستی بە سەرکردەیەک ھەیە کە داکۆکی لە مافی رەوای بە دەوڵەتبوونی بکا نەک مرۆڤی بێ مەبدەئی وەک تاڵەبانی و بارزانی و موھتەدی و فڵان و فیسارەکان . ا



جا ئەگەر ئەتەوێ نوێنەرێکی بە نرخت ھەبێ کە ھەم نرخ بۆ خۆی و ھەم بۆ تۆش دانێ، نوێنەرێک کە لەبەر شەوێکی سور دەست لە مافی میلەتێ ھەڵناگرێ، نوێنەرێ کە بۆ دەفتەرێ دۆلار نابێ بە پیاوی خەڵکی ، نوێنەرێ کە کۆمەڵگای کوردی و داب و نەریتی کوردی لا بە نرخە ، نوێنەرێ کە ھەر ھیچ نەبێ ئەتوانێ ئەلف و بێی ئەخلاق بخوێنێتەوە ، ئەوا دەنگ بە ھیچ گروپ و لایەن و حیزب و پارت و دەستە و ھاوپەیمانی و یەکێتیەک مەیە کە سەر بە خێزان و دەستوپێی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بێ . ا


ھۆنراوەیەک لێرەیا دوبارە ئەکەمەوە<




لەسەر لوتکەی ئەزمڕەوە

ئەبینم مام

ئەبینم خەڵکی چواردەوری

من نازانم ئەم ئاپۆڕە

بۆ وا ئەکەن

ھەر مام دەست را بوەشێنێ

ئەمان یەکسەر سەر دائەخەن

ئەگەر مام دەم بکاتەوە

خەڵکی دەوری گوێ ھەڵ ئەخەن

مام کە چاو بز بکاتەوە

خەڵکی دەوری

لە ترسانا چاو دائەخەن

ئەگەر جنێوشیان پێ با

ئەمان ھێشتا دەست ماچ ئەکەن

من تێناگەم

ئا ئەم خەڵکە بۆ وا ئەکەن

ھەتاکو کەی

وەکو کۆیلەکڕنووش ئەبەن؟

ئا ئەم خەڵکە

لەم سەرکردە بێ ناوانە

لەم سەرکردە خەساوانە

چی شک ئەبەن؟

پاش ھەژدەساڵ

چاوەڕێی چیان لێ ئەکەن


-٠٠-


بچیتە بەری ئەو بەریش

لەوێش خەڵکی ھەر وا ئەکەن

لەوێ ناوی

سەرکردەیەکی تر ئەبەن

من نازانم

تا کەی ئەم خەڵکە نازانێ

مامە و کاکە

مەسەلەی کورد

بۆ ھەڵدێری حەتمی ئەبەن؟

من تێناگەم

تا کەی ئەم خەڵکە تێناگەن

ئەگەر دەنگ بە ئەمانە بەن

ئەمجارەیان

ملکەچیی ھەتا ھەتایی

بۆ ئەم دوانە و سەدانی کەی وەکو ئەمان

ئیمزا ئەکەن! م

من تێناگەم

ئا ئەم خەڵکە بۆ وا ئەکەن

بۆچی ئاوا بەبێ مەرج

کڕنوش بۆ مام و کاک ئەبەن؟

-٠-٠-٠-٠-

!ھۆ خەڵکینە

تکا و رجاتان لێ ئەکەم

تاکەی خۆتان بێ دەنگ ئەکەن؟

ئەگەر بەدڵ ئەتانەوێ

مناڵتان داھاتوی ھەبێ

گەر نەخۆش بوون خەستەخانە و دکتۆر ھەبێ

یاسا ھەبێ

شەرەف نەروا

ئاوتان ھەبێ

کارەبا بەڵگەنەویست بێ

ھەر وەکو میللەتانی کە

سەربەرز بن

ژیانیشتان مانای ھەبێ

ھەر ھیچ نەبێ

ئاسودە بێ

ئەگەر ئەمانەتان ئەوێ

ئیتر توخوا کڕنوش مەبەن

بۆ ھەڵبژاردنی داھاتو

تکا ئەکەم

دەنگ بۆ کاکە و مامە مەدەن

لەباتی وەی دەنگیان بۆ بەن

رەوانەی زبڵدانیان کەن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە