ئەنفالی (٩).....ئەنفالی یاسا

Sunday, 24/04/2011, 12:00

1508 بینراوە






پێشکەش بەو پۆلیسە بە جەرگەی گەرمیان کە گیانی خۆی خستە مەترسیەوە و پەلاماری چەکی ئەنفالچیە تازەکانی یاسای دا. پاشان خەڵاتی ئاشتی پێ بەخشرا.



کوڕە بێ نازەکەی گەرمیان

ئە م جارە تۆ

هەڵۆ ئاسا

وەک پێشمەرگەی کۆنی گەرمیان

چەکت بە میلیشیا دانەوان

تا نەکوژرێن گشت(بیلالەکانی) گەرمیان

بویتە قەڵغان

لە دژی ئەنفالچی یاساکان

***************

کوڕە هەژارەکەی گەرمیان

وەچەی نۆێی دوای ئەنفالەکان

باش بزانە

لە هۆڵێکدا کە یاسا ئەنفالکراو بێت

نیوەی زۆری ئەندامەکان

دەمیان بە قەیتان دوورا بێت

لەو لاشەوە

لە سەرتاسەری کوردستان

کۆنە ئەنفالچی ووڵاتمان

پۆستاڵیان هەر لە پێدا بێت

دڵنیا بە

لە جێی بوتڵ ئەم جارەیان

غەزەبی هەموو شارەکان بە سەر سەریاندا دەبارێت

***************************

کوڕە سەربەرزەکەی گەرمیان

بڕۆ بۆ هەولێری زیندان

خەڵاتی پیرۆزی ملت

ببە بۆ هۆڵی پەرلەمان

لە جێ ی تەرازووە لارەکەی

پشتی سەری سەرۆکەکان

هەڵیواسە،با فێرببن

پارێزگاری لە یاساکان

لە چنگی ئەنفالچیەکان.




 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە