ڤاڵەنتاین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا

Friday, 15/02/2013, 12:00

3301 بینراوە








وەک ئەوەی باوە ڤاڵەنتاین له‌ جیهاندا به ‌رۆژی خۆشه‌ویستیی ناسراوه‌ جا خۆشه‌ویستیی نێوان کچ و کور بێ یان هەر مرۆڤێکی نێر و مێ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ له‌ نێوان خێزانه‌کاندا هه‌یه‌ تا بگاته‌ نێوان کچان و کوڕان یان ته‌نیا خۆشه‌ویستییه‌کی نەریتییە و بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئەوەیە کە تا چه‌ند زه‌مینه‌سازیی بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستییە کراوە، ئایه‌ ئێمه‌ تا چه‌ند ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ وه‌ک خودی خۆشه‌ویستیی وه‌رده‌گرین، خۆشه‌ویستیی تا چه‌ند له‌ نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌؟

دیارە خۆشەویستیی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لەدایکبوونی مرۆڤەوە چەکەرە دەکا و قۆناغ بە قۆناغیش بە پێی تەمەن دەگۆڕێ، بەڵام لە کۆمەڵگەی خۆمان هەر لە منداڵییەوە فێری ئەوە دەکرێین کە بترسین لەو خۆشەویستییەی کە لە تەمەنی هەرزەرکاریی لە نێوان کچان و کوڕان پەیدا دەبێ، هەر بۆیە کە گەورەش دەبین ئەو ترسە هەر لە دڵ و دەروونماندا دەمێنێ و دەبێ بە ناچاریی دان بەوەدا بنێین کە خۆشەویستیی بۆ رەگەزی بەرانبەر شتێکی ناشیرینه‌ چونکه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانین له‌به‌رده‌میدا خۆمان بگرین یان ره‌نگه‌ سه‌رنه‌که‌وین یان چۆن سه‌ربکه‌وین یان... به‌ڵام سەرەڕای ئەو هه‌موو ترس و دڵه‌راوکێیه‌ش وەک دەیبینین رۆژانه‌ خۆشه‌ویستییه‌کی شه‌رمن له‌ نێوماندا هەیە.. دیارە ئەو شه‌رمه‌ش لە سەرەتادا لە نێو خێزانەوە دەرخواردی منداڵ و هەرزەکار و لاوەکانمان دەدرێ و فێر دەکرێین کە ئەوە حەرامە و نابێ لەگەڵ ئەو کچە یان ئەو کوڕە خۆشەویستیی بکەین بەڵکە دەبێ هەمیشە بە چاوی خوشک و برا سەیری بەرانبەرەکانمان بکەین بۆ ئەوەی کچی باش و رووسوور بین یان کوڕێک بین بنه‌ماڵه‌که‌مان شانازییمان پێوه‌ بکه‌ن گه‌ر نا شه‌ره‌فیان دەبەین و سووک و ناشیرین دە‌بین.. دیارە ئەوە بۆ کوڕان هێندێک باشترە چونکە ئەوان بە هۆی چوونەدەرەوە تا درەنگانی شەو و گەڕان بە ئارەزووی خۆیان لە هەر شوێنێک کە دەخوازن دەتوانن بە دەرەوەی جیهانی داخراویشیان ئاشنا ببن به‌ڵام بۆ کچان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌وە نەک هەر رێگەی چوونەدەرەوەیان پێ نادرێ و بێجگە لە پەیوەندیی داخراوی نێو خێزان و بنەماڵە لە هیچ پەیوەندییەکی دیکە ئازاد نین بەڵکە هەردەم فێری ئەوەشیان دەکەن کە دەتوانن چی بکەن و ناتوانن چی بکەن.. هەر شتێک بە ئاستەم بۆنی خۆشەویستیی لێبێ ئەوە نابێ بیکەن چونکە لەگەڵ دین و دابونەریت ناگونجێ ئەگەر خوێندکاریش بن یان کارێک بکەن ئەوە لە کاتی دیارکراو و بە بێ دواکەوتن بگەڕێنەوە زیندانی ماڵ.

ژنان له ‌وڵاتی ئێمه‌دا خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی خۆیان نین..‌ خاوه‌نی بریاری خۆیان نین ته‌نانه‌ت خاوه‌نی له‌شی خۆشیان نین‌ چونکه‌ لای پیاوسالاران و کۆمه‌ڵێک دواکه‌وتووی دینیی ژن جگە لە (شه‌ره‌ف) هیچی دیکە نییە و دەبێ به‌ ویستی ئه‌وان بێ کە چی بکا و چی نه‌کا.. چ جۆرە پەیوەندییەکی هەبێ و چ جۆرێکی نەبێ.. چی لەبەر بکا و چۆن بە رێگەدا بڕوا و... هتد، بەڵام هیچ گەنجێک نییە حەز بەوە نەکا کە خۆی خاوەنی خۆی بێ و وەک مرۆڤێکی ئازاد هەلسووکەوت بکا، دیارە ئەو دوو شێوە ژیانەش وا لە کچان و کوڕان دەکا تووشی جۆرە بەرکەوتنێکی نەرێنیی ببن و سەریان لێ بشێوێ و خۆشەویستیی تەنیا لە سێکسکردن و بەتاڵکردنەوەی غەریزەکانیاندا ببینەوە.. ئیدی لە پاش ئەو شێوە هاوسەرگیرییە دواکەوتووەی کە لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە ئەو خۆشەویستییە کاڵ دەبێتەوە و وردە وردە بەرەو نەمان دەچێ و خێزانی نائاسوودە و پڕ لە گێرەوکێشمە دروست دەبێ.

هه‌روه‌ها له‌ لایه‌کی دیکەوە که‌لتووری خێڵەکیی که‌ هه‌میشه‌ بۆته‌ رێگرێکی گەورە له‌به‌رده‌م خۆشه‌ویستیی کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنیی هەیە له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌کرنێکی شه‌رمنانەی ئەوتۆ کە کچان و کوڕان نەتوانن تەنانەت داوای مافە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆشیان بکەن ئیدی لە هەڵسوکەوتدا کەسی ملکەچ و شەرمنیان لێ دەردەچێ و لە ناخیشدا کەسی تووڕە و دڕندە.

بۆیە گەنجی ئێمە چ کچ چ کوڕ هەر کاتێک کە دەکەوێتە خۆشەویستییەوە هه‌میشه‌ که‌سێکی شه‌رمنە و لەبەرئەوەی زۆر تینووی سێکسە تەنیا بە دوای حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی خۆیدا دەگەڕێ تەنانەت ئەگەر بە فرتوفێڵیش بێ.. نه‌وه‌ک که‌سێکی ته‌ندروست بێ و خۆشه‌ویستیی به واتا جوانه‌که‌ی ببینێ که‌ ئارامکردنه‌وه‌ی گیانە‌، هەر بۆیە گەنجە کوڕەکان کە ئەوانیش بەشێکن لە پیاوسالاریی کاتێک دەبینن کوڕێک دەیەوێ خۆشەویستیی لەگەڵ خوشکەکانیان بکەن یەکسەر رەوشتی خۆیان بە بیر دەکەوێتەوە و به ‌چاوێکی کوێرانە و زۆر بە توندیی رێگە لەو خۆشەویستییە دەگرن و زۆر جاریش کاره‌ساتی دڵته‌زێنی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

کۆمەڵگەی ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکا پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان بەرەو لاوازیی ببا و لەیەکیان جودا بکاتەوە بە تایبەتییش که‌سانێک که‌ به‌ناوی دینه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن له‌ مه‌لاکانی مزگه‌وته‌وه‌ بگره‌ تا دەگاتە ئه‌ندامانی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان وەک رۆژانە دەیبینین هەردەم لە هەوڵی ئەوە دان لە رێگەی دامودەزگایەکانی حکومەت ئەو کارە بکەن بە تایبەتییش لە رێگەی (‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌)وە کە دەیانەوێ کوڕان و کچان له ‌نێوه‌نده‌کانی خوێندن لە یەک جودا بکه‌نه‌وه‌.. ئەوە‌ خۆی له‌ خۆیدا کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ له‌و نێوەنداندانە که‌ شوێنی فێربوونی زانستن دروست دەکا‌.. ئه‌وان بەو بیانووەی ئەوەی کە تێکەڵبوونی کوڕان کچان لە نێوەندەکانی خوێندن گوایە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە خوێندن دوور بکەونەوە و تەنیا کاتەکانیان بە خۆجوانکردن و خۆدەرخستن و بەستنی پەیوەندیی حەرامەوە بەفیڕۆ بدەن و بێڕەوشتیی لە نێو کۆمەڵ بڵاوبکەنەوە بەڵام لە راستییدا ئەو قسانەیان زۆر بێ واتا و پووچن چونکە تاکە مەبەستی ئەوان هەر ئەوەیە کە لە یەکیان داببڕن و دوو جیهانی دوور لەیەک لە لایان دروست بکەن و نەهێڵن پێکەوە ژیانێکی جوان و سەربەرزانە دروست بکەن کە تێدا کەسایەتیی پتەویان هەبێ.

سەرەنجام زۆربەی پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە دەیانەوێ لە رێگەی کۆنەپەرستیی دینیی و دابونەریتە داڕزاوەکان ده‌ست به‌سه‌ر ژنان و سەرلەبەری ئەو جیهانە دابگرن کە لەسەری دەژین چونکه‌ خۆیان به ‌سالار و زاڵ ده‌زانن، ئەوە‌ سروشتی ژیانی تەواوی کۆمەڵگەکانی رۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاستە که‌ دین سالاریی و پیاوسالاریی ده‌ست و هۆش و گیانی ژنانی داگیر کردووه‌ و دەبێ تەنیا وەک کۆیلە لە ماڵ زیندانیی بن و خەریکی خزمەتکاریی بن.

کێشەیەکی دیکەی خۆشه‌ویستیی لەو وڵاتەی ئێمە نه‌بوونی ئارامیی و ئاسایشی گیانیی و جەستەیی دڵداران و دوڵبەرانە چونکه‌ شوێنێک نییه‌ ئه‌و دوو ره‌گه‌زه‌ کۆبکاته‌وه‌.. به‌ هه‌زاران چایخانه‌ و کافتریامان هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌بوونی شوێنێکی ئارام بۆ هه‌ردوو لا کە ببێتە ‌ساباتێک بۆ ئاشقان کە بتوانن ئازادانە هەست و نەستی خۆیان لەگەڵ یەکتر بگۆڕنەوە بۆتە هۆی ئەوەی هەرگیز نەتوانن بەرەو قوڵایی گیانی یەکتر شۆڕ ببنەوە و بە یەکتری ئاشنا ببن چونکه‌ خۆشه‌ویستی له‌ ئارامبونی گیانەوە سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و کەش و شوێنی ئارامی گەرەکە.

ئیدی ئەو رۆژی خۆشەویستییە کە لە رۆژائاواوە پەیدا بووە و ناوی ڤاڵەنتاینیان لێ ناوە هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا ئاشقان و خۆشەویستان لە وڵاتانی رۆژئاوا و زۆرێک لە وڵاتان چەپکە گوڵی خۆشەویستیی دەگۆڕنەوە بەڵام لە لای خۆمان زۆر بە شەرمنی ئەو یادە دەکەینەوە، خۆ ئەگەر کەسانێک لە لای خۆمان هەن ئەو رۆژە بە هی خۆمان دانانێن و بەلکە بە هی رۆژئاوای دادەنێن و پێیان وایە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە نامۆیە بەو شێوەیەی ئەوان.. ئەوە کەس رێگەی لێ نەگرتوون رۆژێکی دیکە دابنێن بۆ نموونە رۆژیک لە نێو داستانە خۆشەویستییەکانی وەک داستانی (شیرین و فەرهاد) یان (مەم و زین) یان رۆژی بەردبارانکردنی (دوعا) یان هەر رۆژێکی دیکە کە پەیوەستە بە خۆشەویستیی دیار بکەن بۆ ئەوەی خۆشەویستانی کۆمەڵگەی ئێمەش لەو رۆژە بێبەش نەبن، بەڵام وا دیارە کێشەکە ئەوە نییە بەڵکە ئەوەیە کە (پیاوسالاریی و دین و دابونەریت) هەر لە بنچینەدا لە هەموو رۆژەکاندا دژ بە خۆشەویستیین و خۆشەویستییان هەر لە رەگەوە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمە دەرکێشاوە.


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە